راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌كوردستان باڵاده‌ست‌و له‌ده‌ره‌وه‌ په‌نابه‌ر
كۆچی‌ ئه‌مجاره‌ به‌رپرس‌و په‌رله‌مانتارو رۆژنامه‌نووسانی‌ گرتووه‌ته‌وه‌

دەشتی عەلی
جێهێشتنی‌ كوردستان‌و داواكردنی‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌ ته‌نیا به‌خه‌ڵكی‌ ئاساییه‌وه‌ نه‌وه‌ستاوه‌، به‌ڵكو چه‌ندین به‌رپرس‌و په‌رله‌مانتارو كه‌سانی‌ باڵاده‌ست ژێر به‌ژێر كوردستانیان جێهێشتووه‌.
21.12.2017  |  سلێمانی
فڕۆکەخانەی سلێمانی ( :وێنه Sulaymaniyah Airport)
فڕۆکەخانەی سلێمانی ( :وێنه Sulaymaniyah Airport)

زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ی‌ له‌كوردستان ده‌ستیان ده‌ڕوات، خاوه‌نی‌ ره‌گه‌زنامه‌ی‌ وڵاتێكی‌ دیكه‌ن‌و ساڵانه‌ زیاد له‌جارێك بۆ كات به‌سه‌ربردن یاخود راپه‌ڕاندنی‌ كاروبار كوردستان جێده‌هێڵن، ئه‌وانه‌شی‌ ته‌نیا ره‌گه‌زنامه‌ی‌ عێراقیان هه‌یه‌، له‌وه‌ ده‌چێت بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ پێش خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌كه‌ كوردستان جێبهێڵن.

 

ماوه‌ی‌ رابردوو میدیا كوردییه‌كان ناوی‌ چه‌ند به‌رپرسێكی‌ باڵای‌ هه‌رێمیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌رێی‌ پاره‌وه‌ مافی‌ مانه‌وه‌ له‌چه‌ند وڵاتێكی‌ ئه‌وروپی‌ ده‌ستبه‌ر بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ "نیقاش" راست‌و دروستی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ بۆ پشتڕاست نه‌كرایه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ زانیوه‌ كه‌ چه‌ند په‌رله‌مانتارێك‌و ژماره‌یه‌ك له‌كه‌سوكاری‌ به‌رپرسه‌كان روویان له‌وڵاتانی‌ ئه‌مه‌ریكاو كه‌نه‌دا كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌ بكه‌ن.

 

گۆران ئازاد، په‌رله‌مانتارێكی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بوو له‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌ماندا، بۆ ساڵێك ده‌چێت كوردستانی‌ جێهێشتووه‌و زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌وڵاتی‌ كه‌نه‌دا له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی‌ داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتییان كردووه‌.

 

دوای چه‌ند مانگێك به‌سه‌ر ئاماده‌نه‌بوونی له‌دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان، نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی فراكسیۆنه‌كه‌ی كردووه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ دلێر ماوه‌تی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ منداڵێكی هه‌یه‌ كه‌ باری ته‌ندروستی جێگیر نییه‌،‌ بۆیه‌ چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی داوه‌ته‌ فراكسیۆنه‌كه‌یان".

 

سیروان زه‌هاویی راوێژكاری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و په‌رله‌مانتاری‌ پێشووی‌ كورد له‌به‌غدا یه‌كێكی‌ تره‌ له‌و كه‌سانه‌ی‌ كوردستانی‌ جێهێشتووه‌، ماوه‌یه‌كیش به‌رله‌وه‌ی‌ بڕوات له‌ئه‌كاونتی‌ خۆی‌ له‌فه‌یسبووك نوسیبووی‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر گیانی‌ هه‌یه‌ خۆی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ هه‌یه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی‌ كه‌رتی‌ ته‌ندروستی‌ لیژنه‌یه‌كی‌ پێ سپاردبوو.

 

بۆ ده‌ستكه‌وتنی‌ زانیاری‌ زیاتر په‌یامێری‌ "نیقاش" له‌رێی‌ ماسنجه‌ری‌ فه‌یسبووكه‌وه‌ نامه‌ی‌ له‌گه‌ڵ سیروان زه‌هاوی گۆڕیه‌وه‌، سه‌ره‌ڕای‌ جه‌خت كردنه‌وه‌ی‌ له‌وه‌ی‌ كوردستانی‌ جێهێشتووه‌، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو هۆكاری‌ جێهێشتنه‌كه‌ی‌و ورده‌كاری‌ زیاتر باس بكات.

 

جاران زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌كوردستان كۆچیان ده‌كرد كه‌سانی‌ ئاسایی‌ بوون كه‌ له‌به‌ر خراپی‌ گوزه‌ران یان بوونی‌ مه‌ترسی‌ ده‌ڕۆیشتن، زۆربه‌ی‌ ئه‌وانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌ ده‌چوونه‌ توركیاو له‌وێوه‌ به‌ڕێی‌ قاچاغ خۆیان ده‌گه‌یانده‌ وڵاتانی‌ ئه‌وروپا، به‌ڵام جیاوازی‌ كۆچی‌ كه‌سه‌ ناسراوه‌كان ئه‌وه‌یه‌ زۆربه‌یان به‌فه‌رمی‌ فیزای‌ ئه‌مه‌ریكا وه‌رده‌گرن‌و له‌وێوه‌ ده‌چنه‌ كه‌نه‌دا داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتی‌ ده‌كه‌ن.

 

هه‌ر له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند مانگی‌ رابردوودا چه‌ند رۆژنامه‌نووسێك پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌گه‌شتێكی‌ ره‌سمی‌ به‌ناوی‌ كاری‌ رۆژنامه‌نووسییه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌مه‌ریكا، به‌قاچاغ خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ کەنەداو داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتیان كردووه‌.

 

له‌رێی‌ ماسنجه‌ری‌ فه‌یسبووكه‌وه‌، په‌یامنێری‌ "نیقاش" قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌و رۆژنامه‌نووسانه‌ كرد كه‌ له‌حیزبێكی‌ كوردیش كارده‌كات، ئه‌وه‌ی‌ پشت راستكرده‌وه‌ كه‌ له‌كه‌نه‌دا داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتیان كردووه‌، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو زانیاری‌ زیاتر بدات.

 

وانه‌بێ‌ ئه‌م شه‌پۆله‌ ته‌نیا به‌رپرس‌و په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ گرتبێته‌وه‌، به‌ڵكو زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كه‌سوكاری‌ زۆرێك له‌و به‌رپرسانه‌ له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتیان كردووه‌.

 

ئاری جه‌لال كه‌ فیدراسیۆنێكی‌ پێكهێناوه‌و زانیاری‌ له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ كه‌ عێراق‌و كوردستان جێدێڵن به‌ناوی‌ "فیدراسیۆنی په‌نابه‌رانی عێراق" بۆ "نیقاش"ی‌ باسكرد كه‌ داتای‌ وردیان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ی‌ له‌وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتیان كردووه‌، به‌ڵام ئاگادارن كه‌ كه‌سوكاری‌ چه‌ندین به‌رپرس كوردستانیان جێهێشتووه‌.

 

ئاری‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌لایه‌ن چه‌ندین به‌رپرسان‌و كوڕو كچه‌كانیانه‌وه‌ داوامان لێكراوه‌ پشتگیریی‌و رێنماییان بكه‌ین بۆ چۆنێتی داواكردنی مافی په‌نابه‌رێتی به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی‌و مسۆگركردنی وه‌رگرتنی ئه‌و مافه‌".

 

وتیشی‌ "به‌پێی‌ ئه‌و زانیاریانه‌ی‌ ئێمه‌ كۆمانكردووه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2017ه‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌سێسه‌د هه‌زار هاوڵاتی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراقه‌وه‌ داوای‌ مافی‌ په‌نابه‌رێتیان له‌وڵاتانی‌ دیكه‌ كردووه‌".

 

ئه‌وه‌ی‌ به‌لای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌ سه‌یره‌ كۆچكردنی‌ به‌رپرس‌و په‌رله‌مانتاره‌كانه‌، چونكه‌ ئه‌وان له‌چاوی‌ خه‌ڵكی‌ دیكه‌ له‌گوزه‌رانێكی‌ زۆر باشدان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ له‌ده‌ست ئه‌وان هه‌ڵدێت، به‌ڵام نازانرێ‌ ئه‌وان له‌ده‌ست چی‌ هه‌ڵدێن.

 

ره‌نگبێ‌ رۆیشتنی‌ به‌رپرس‌و په‌رله‌مانتار هیچ شتێكی‌ ئه‌وتۆ نه‌گۆڕێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ بووه‌ته‌ مه‌ترسی‌ رۆیشتنی‌ خاوه‌ن پیشه‌و بڕوانامه‌كانن، به‌تایبه‌تی‌ پزیشك‌و كادیرانی‌ ته‌ندروستی‌.

 

د.خاڵس قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌ی بۆ "نیقاش" ئاشكرا كرد، له‌ ساڵانی 2014 بۆ 2017 دا  (1759) پزیشك‌و ده‌رمانسازو پزیشكی ددان به‌ شێوه‌ی مۆڵه‌تی درێژخایه‌ن‌و دابڕان‌و خانه‌نشین‌و ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ له‌خزمه‌تكردن دابڕاون، به‌شێكی زۆر له‌و ژماره‌یه‌ش چوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

 

وته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم، خراپی بارودۆخی ئابووریی‌و قه‌یرانی دارایی‌و ناسه‌قامگیری به‌هۆكاری چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی پزیشك‌و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی زانی‌و وتی‌ "چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی پزیشك‌و كارمه‌ندانی ‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی توانای مرۆیی هه‌بووه‌".

 

به‌به‌راورد به‌به‌رده‌وامی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ خراپه‌، پێده‌چێت كۆچی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ر درێژه‌ بكێشێت‌و خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ده‌رفه‌تێك بگه‌ڕێن بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌وڵاتێكی‌ دیكه‌ داوای‌ مافی‌ مانه‌وه‌ بكه‌ن.

 

ئاری جه‌لال سه‌رپه‌رشتیاری‌ گشتی‌ فیدراسیۆنی‌ په‌نابه‌رانی‌ عێراق وتی‌ "زانیاریمان لایه‌ زۆرێك له‌خێزانه‌كان چاوه‌ڕوانی هه‌ڵگرتنی ئه‌و گه‌مارۆ ئاسمانییه‌ن‌ كه‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێرو سلێمانییه‌، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ گه‌شته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا، لێشاوی چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ش ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌