راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئاینده‌ی حه‌شد شه‌عبی
كوده‌تا به‌سه‌ر فه‌تواكه‌ی‌ سیستانیدا ده‌كرێت

موسته‌فا حه‌بیب
دوای ئه‌وه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ركه‌وتنی راگه‌یاند، په‌رده‌ له‌سه‌ر جه‌نگ دژی داعش دادرایه‌وه‌، ئێستاش كاتی راسته‌قینه‌ی گرووپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی هاتووه‌.
14.12.2017  |  به‌غدا

شه‌ممه‌ی رابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی داعشی له‌عێراق راگه‌یاند‌و بڕیاری دا رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو بكرێته‌ پشوو كه‌ تێیدا ئاهه‌نگی ره‌سمی‌و میللی به‌بۆنه‌ی سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ رێكخرا ئه‌ویش دوای سێ ساڵ له‌و شه‌ڕانه‌ی قوربانی‌و كاولكاریه‌كی زۆریان له‌ وڵاتدا لێكه‌وته‌، عه‌بادی له‌و وتاری سه‌ركه‌وتنه‌دا كه‌ بۆ عێراقییه‌كانی خوێندیه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌بیر نه‌چوو سوپاسگوزاری پێشكه‌ش به‌ عه‌لی سیستانی مه‌رجی شیعه‌ بكات.

 

ئه‌مڕۆ چاوه‌كان له‌سه‌ر سیستانین كه‌ خاوه‌نی فه‌توا به‌ناوبانگه‌كه‌ی شه‌ڕكردن له‌دژی داعشه‌، له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی شه‌ڕه‌كانیش له‌دژی توندڕه‌وان هه‌مووان ده‌پرسن ئایا ئه‌و پیاوه‌ی له‌ خانوویه‌كی ساده‌دا له‌ نه‌جه‌ف كه‌نارگیره‌، بڕیارێك بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فه‌تواكه‌ ده‌دات یاخود رایه‌كی تری هه‌یه‌؟.

 

چه‌ند رۆژێكه‌ به‌سه‌دان عێراقی ده‌چنه‌ ماڵه‌كه‌ی سیستانی‌و سوپاسگوزاری پێشكه‌ش ده‌كه‌ن‌و دڵسۆزی بۆ ده‌رده‌بڕن، چونكه‌ ئه‌و پیاوه‌ی جه‌ماوه‌رێكی به‌رفراونی له‌ نێو عێراقییه‌كاندا هه‌یه‌، حه‌ز به‌ ده‌ركه‌وتن له‌ میدیادا ناكه‌ت‌و ده‌ستوه‌ردانی دامه‌زراوه‌ی ئایینی له‌ سیاسه‌تدا ره‌تده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام ئاماده‌یی به‌هێزی هه‌بووه‌ له‌ چه‌ند قه‌یرانێكی نیشتمانیدا كه‌ به‌درێژایی 10 ساڵی رابردوو رووبه‌ڕووی وڵات بوونه‌ته‌وه‌.

 

له‌راپرسیه‌كدا كه‌ سایتی "نیقاش" بۆ ده‌ستنیشانكردنی باشترین كه‌سایه‌تی عێراق له‌ ساڵی 2015دا ئه‌نجامی دابوو، سیستانی پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا‌و رێژه‌ی 41%ی ده‌نگی به‌شداربووانی راپرسییه‌كه‌ی به‌ده‌ستهێنا كه‌ نۆ كه‌سایه‌تی سیاسی عێراقی تێیدا به‌شداربوون.

 

له‌ 10ی حوزه‌یرانی ساڵی 2014دا‌و پاش سێ رۆژ له‌و هێرشه‌ تێكشكێنه‌ره‌ی توندڕه‌وان كردیانه‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌‌و گه‌یشتنه‌ ده‌وروبه‌ری به‌غدای پایته‌خت دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی سوپای عێراق هه‌ره‌سیانهێنا، سیستانی بڕیارێكی مێژوویی بۆ مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه‌ له‌ عێراق به‌درێژایی 100 ساڵی رابردوو ده‌ركرد‌و داوای له‌ عێراقییه‌كان كرد خۆبه‌خشانه‌ رێ له‌ به‌رفراوانبوونی "داعش" بگرن، چه‌ند سه‌عاتێك دوای ئه‌وه‌ به‌ هه‌زاران كه‌س به‌ده‌نگ بانگه‌وازه‌كه‌یه‌وه‌ چوون‌و به‌خۆخۆبه‌شی چوونه‌ ریزی چه‌ند گرووپێكه‌وه‌، به‌ڵام دواتر بڕیاره‌كه‌ چه‌ند رێچكه‌یه‌كی جیاوازی گرته‌به‌ر كه‌ له‌ مه‌زه‌نده‌ی خودی سیستانیدا نه‌بوون.

 

فه‌تواكه‌ی سیستانی زیاتر له‌ 40 گرووپی چه‌كدای شیعه‌ی لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان به‌ نزیكه‌ی 100 هه‌زار چه‌كدار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت‌و له‌سایه‌ی ده‌سته‌یه‌كدا رێكخراون كه‌ حكومه‌ت ناوی "حه‌شدی شه‌عبی" لێناوه‌ تا ببێته‌ دامه‌زراوه‌كی ئه‌منی شانبه‌شانی هێزه‌كانی سوپا‌و پۆلیس‌و یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیشی هه‌یه‌، ئه‌م گرووپانه‌ش رۆڵێكی گه‌وره‌یان گێڕا له‌ شكستپێهێنانی توندڕه‌واندا.

 

چه‌ند مانگێكه‌ مشتومڕ له‌باره‌ی چاره‌نووسی ئه‌م گرووپانه‌ گه‌رم بووه‌‌و بووه‌ته‌ ئاڵنگارییه‌ك بۆ وڵات، له‌كاتێكیشدا حكومه‌ت هه‌وڵده‌دات رێكیانبخات‌و بیانگۆڕێت بۆ هێزێكی ره‌سمی سه‌ر به‌ده‌وڵه‌ت، چه‌ند هێزێكی شیعه‌ ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌‌و هه‌وڵ ده‌ده‌ن هێزێكی سه‌ربه‌خۆ بن، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌مووان بێپه‌روا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی سیستانی ده‌كه‌ن.

 

كوده‌تا به‌سه‌ر فه‌تواكه‌ی سیستانیدا

بیرۆكه‌ی دروستكردنی هێزی چه‌كداری شیعه‌ بۆ ساڵی 2003 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌م درزی ئاینی شیعه‌ی عێراقی له‌ چه‌ند ده‌یه‌یه‌ی رابردوودا به‌خۆوه‌ بینی، چونكه‌ سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌ی عێراق ئه‌و گوشارانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن پیاوانی ئاینی ئێرانه‌وه‌ ده‌كرانه‌سه‌ری بۆ ده‌ركردنی فه‌توایه‌كی ئاینی بۆ دژایه‌تیكردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌وپێیه‌ی به‌ هێزی داگیركه‌ر داده‌نرێن.

 

به‌ڵام ئێران گوێی به‌ سیستانی نه‌دا‌و "سوپای مه‌هدی" به‌سه‌ركردایه‌تی موقته‌دا سه‌دری پیاوی ئاینی گه‌نجی خوێنگه‌رمی ئه‌و كاته‌ دروستكرد، ئه‌م هێزانه‌ش به‌ باوكی روحی گرووپه‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ ئێستادا داده‌نرێن هه‌رچه‌نده‌ موقته‌دا سه‌در دوای چه‌ند ساڵێك ده‌ستبه‌رداربوونی له‌ پشتیوانی ئێران راگه‌یاند.

 

به‌ڵام سیستانی له‌ژێر گوشاری مه‌ترسی داعشدا ناچاربوو بڕیاری خۆبه‌شی‌و یارمه‌تیدانی سوپا‌و پۆلیس ده‌ربكات، به‌ڵام بڕیاره‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی سیستانی ده‌یویست جێبه‌جێ نه‌كرا‌و گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێران چه‌ند گرووپێكی چه‌كداریان دامه‌زراند كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ده‌جه‌نگن، ئه‌ویش به‌پێی قسه‌ی پیاوی ئاینی جابر محه‌مه‌داوی.

 

محه‌مه‌داوی كه‌ پیاوێكی ئاینی سه‌ربه‌خۆیه‌‌و وانه‌ی مه‌زهه‌بی شیعه‌ له‌ نه‌جه‌ف ده‌ڵێته‌وه‌، به‌ "نیقاش"ی وت: "سیساتی ده‌یویست خۆبه‌خشه‌كان له‌ژێر فه‌رمانی حكومه‌ت‌و سوپادا بن، به‌ڵام ئه‌و فه‌وزایه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سی سوپادا حكومه‌تی گرتبووه‌وه‌، بواری بۆ پێكهێنانی گرووپی سه‌ربه‌خۆ ره‌خساند".

 

 وتیشی: "فه‌توای جیهادی كه‌فائی له‌دژی داعش روونه‌‌و مانای وایه‌ كاتیه‌‌و هه‌میشه‌یی نییه‌‌و له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی مه‌ترسی توندڕه‌واندا كۆتایی دێت، چونكه‌ سیستانی بوونی هێزێكی سه‌ربازی له‌ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت ره‌تده‌كاته‌وه‌‌و به‌شداریكردنی چه‌كداره‌كانیش له‌ سیاسه‌ت‌و هه‌ڵبژاردندا ره‌تده‌كاته‌وه‌، هه‌روه‌ك ئه‌و گه‌رموگوڕیه‌شی نه‌بوو بۆ بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی حه‌شدی شه‌عبی بۆ هێزێكی سه‌ربه‌خۆ".

 

له‌ تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوودا فراكسیۆنی شیعه‌ له‌ په‌رله‌مان، سه‌ره‌ڕای بایكۆتكردنی هه‌موو فراكسیۆنه‌كانی سوننه‌، یاسای "حه‌شدی شه‌عبی" تێپه‌ڕاند، یاساكه‌ش ته‌نیا سێ مادده‌ی یاسایی له‌خۆگرتبوو كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ورد سروشتی ئه‌ركه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌و هێزانه‌ روون ناكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ یاساكه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حه‌شد هێزێكی ئه‌منی ره‌سمیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ روون ناكاته‌وه‌ ئایا هێزی سه‌ربازی هاوشێوه‌ی هێزه‌كانی سوپان كه‌ تایبه‌تن به‌ شه‌ڕی به‌ره‌یی، یان هێزێكی پۆلیسی تایبه‌تن به‌ پاراستنی ئاسایش له‌ناو شاره‌كاندا؟

 

به‌قسه‌ی محه‌مه‌داوی پێده‌چێت رۆژی هه‌ینی داهاتوو سیستانی له‌میانی نوێژی هه‌ینیدا هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌گرووپه‌ شیعه‌كان‌و ئه‌و فه‌توا كه‌فائیه‌ی سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ریكرد، رابگه‌یه‌نێت، به‌ڵام گوشاره‌كان له‌سه‌ر سیستانی زۆرن‌و ره‌نگه‌ خۆی له‌ باسكردنی ئه‌و بابه‌ته‌ ببوێرێت.

 

حه‌شدی شه‌عبی‌و ئێران

كێشه‌ی حكومه‌ت له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گرووپه‌ شیعه‌كان له‌وه‌دایه‌ كه‌ گرووپی پێكه‌وه‌ نه‌گونجاون، چونكه‌ ناكۆكی عه‌قائیدی‌و سیاسی گه‌وره‌ له‌نێوانیاندا هه‌یه‌ كه‌ پۆلێن ده‌كرێن بۆ سێ به‌ش.

 

به‌شی یه‌كه‌م ئه‌وانه‌ن كه‌ نزیكن له‌ ئێران‌و له‌ڕووی ئاینیه‌وه‌ په‌یوه‌ستن به‌ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێران‌و ژماره‌یان زیاتر له‌ 20 گرووپی چه‌كداره‌ كه‌ دیارترینیان رێكخراوی "به‌در"‌و "عه‌سائیب ئه‌هللحه‌ق"‌و "كه‌تائیب حزبوڵڵا"‌و سه‌رایا خۆراسانی"‌و "نوجه‌با"‌و كه‌تائیب ئیمام عه‌لی"‌و كه‌تائیب سه‌یدولشوهه‌دا"ن كه‌ له‌ نێو گرووپه‌كانی دیكه‌دا به‌هێزترین‌و پڕچه‌كترینیانن‌و زۆریش رێز له‌ بڕیاره‌كانی حكومه‌ت ناگرن‌و هه‌ندێك جاریش ره‌خنه‌ی لێده‌گرن.

 

"سوپای پاسدارانی ئێران" به‌فه‌رمانده‌یی قاسم سلێمانی سه‌رپه‌رشتی ئه‌م گرووپانه‌ ده‌كات به‌ یارمه‌تی عێراقییه‌ نزیكه‌كانی ئێران كه‌ دیارترینیان هادی عامری سه‌ركرده‌ی رێكخراوی "به‌در"‌و قه‌یس خه‌زعه‌لی سه‌ركرده‌ی "عه‌سائیب ئه‌هللحه‌ق"‌و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس سه‌ركرده‌ی "كه‌تائیب حزبوڵڵا"ن، ئه‌م گرووپانه‌ش عێراق‌و سوریا به‌ یه‌ك گۆڕه‌پانی جه‌نگ داده‌نێن‌و خواستی سیاسیان هه‌یه‌‌و خۆشیان بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو ئاماده‌ ده‌كه‌ن.

 

به‌شی دووه‌می گرووپه‌ شیعه‌كانیش ئه‌وانه‌ن كه‌ عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌ دایمه‌زراندوون‌و هه‌ر خۆیشی یارمه‌تی داراییان بۆ دابین ده‌كات، دیارترینیشیان "فیرقه‌ی جه‌نگی عه‌باس"‌و لیوای گه‌وره‌ی عه‌لی"‌و "سه‌رایا ئه‌لعه‌ته‌به‌ لعه‌باسیه‌"‌و "سه‌رایائه‌لعه‌ته‌ لعه‌له‌ویه‌"‌و "سه‌رایا ئه‌لعه‌ته‌به‌ لحسێنیه‌"ن.

 

ئه‌م گرووپانه‌ش خواستی سیاسیان نییه‌‌و چه‌كدارانیان خستووه‌ته‌ ژێر فه‌رمانی حكومه‌ته‌وه‌، ئه‌ركیشیان یارمه‌تیدانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بوو له‌ شه‌ڕی دژ به‌ "داعش"‌و پاراستنی ئه‌و شارانه‌ی ئازاد ده‌كران له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی توندڕه‌وان، ئه‌م گرووپانه‌ش به‌وه‌ جیاده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ ژماره‌ی چه‌كدارانیان كه‌مه‌‌و پڕچه‌ككردنیشیان لاوازه‌، رازیش نه‌بوون به‌شداری له‌و شه‌ڕه‌دا بكه‌ن كه‌ له‌سوریا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌روه‌ك رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ دوای كۆتاییهاتنی قۆناغی "داعش" هێزه‌كانیان هه‌ڵده‌وه‌شێننه‌وه‌.

 

به‌شی سێیه‌می گرووپه‌ شیعه‌كانیش ئه‌وانه‌ن كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ حزبه‌ شیعه‌ ته‌قلیدیه‌كانه‌وه‌، دیارترینیشیان "سه‌رایا لجیهاد ‌وه‌لبینا"‌و "سه‌رایا عاشورا"‌و "سه‌رایا ئه‌نسارولعه‌قیده‌"ی سه‌ر به‌ "ئه‌نجومه‌نی باڵا"‌و "سه‌رایا سه‌لام"ی سه‌ر به‌ ره‌وتی سه‌درن كه‌ نزیكن له‌ حكومه‌تی عێراقه‌وه‌.

 

گرووپه‌كانی نزیك له‌ ئێران له‌به‌رده‌م كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندندا دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ رێز له‌ حكومه‌ت ده‌گرن، یه‌كشه‌ممه‌ی رابردووش "عه‌سائیب ئه‌هللحه‌ق"‌و "كه‌تائیب ئه‌بولفه‌زڵ لعه‌باس" ئاماده‌ییان پیشاندا بۆئه‌وه‌ش چه‌كدارانیان بخه‌نه‌ ژێر فه‌رمانی حكومه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ واقیعدا به‌رهه‌ڵستی بڕیاره‌كانی حكومه‌ت ده‌كه‌ن‌و رووداوه‌كانی سێ ساڵی رابردووش ئه‌وه‌ دووپات ده‌كه‌نه‌وه‌.

 

بۆ نموونه‌ له‌ شوباتی ساڵی 2016دا حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران فه‌رمانێكی ده‌كرد بۆ دانانی فه‌ریق روكن موحسین كه‌عبی (فه‌رمانده‌یه‌كی پێشووی پۆلیسی فیدراڵیه‌) له‌بری ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس ئه‌ویش له‌ هه‌وڵێكی حكومه‌تدا بۆ كۆنترۆڵكردنی به‌ڕێوه‌بردنی حه‌شد.

 

به‌ڵام گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران به‌توندی بڕیاره‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه‌‌و "كه‌تائیب حزبوڵڵا" هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ حكومه‌ت كرد‌و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا وتی: "گرووپه‌كانی مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی‌و حه‌شد گرووپی عه‌قائیدی جیهادین‌و چوارچێوه‌ی ئیداری‌و رێكخستنی خۆیان هه‌یه‌ كه‌ جیاوازه‌ له‌ چوارچێوه‌ كلاسیكیه‌ په‌یڕه‌كراوه‌كانی دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كان".

 

له‌ ئازاری 2015یشدا گرووپه‌ شیعه‌كان رازی نه‌بوون هێزی ئاسمانی "هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی" به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی ئازادكردنی تكریتدا بكات هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌ت‌و سوپا پشتگیری به‌شداری "هاوپه‌یمانی نێوده‌ڵه‌تی" ده‌كات، ناكۆكیش له‌نێوان هادی عامری سه‌ه‌ركرده‌ی گرووپه‌ شیعه‌كان‌و فه‌ریق عه‌بدولوه‌هاب ساعیدی فه‌رمانده‌ی سوپا دروست بوو، عه‌بادیش ناچار بوو له‌سه‌ر داوای "حه‌شدی شه‌عبی" فه‌ریق ساعیدی له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ربازیه‌كه‌ی دووربخاته‌وه‌.

 

له‌ ته‌مموزی 2015یشدا حكومه‌ت بڕیاری دا شاری رومادی له‌ ئه‌نبار ئازاد بكات، به‌ڵام "حه‌شدی شه‌عبی" ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه‌‌و پێی باشبوو سه‌ره‌تا فه‌لوجه‌ ئازاد بكرێت، ئه‌م ناكۆكیه‌ش بووه‌هۆی دواكه‌وتنی ئازادكرنی هه‌ردوو شاره‌كه‌ بۆ ماوه‌ی هه‌شت مانگ.

 

به‌ڵام هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی "حه‌شدی شه‌عبی" رووبه‌ڕووی زه‌حمه‌تێكی زۆر ده‌بێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی كه‌ نزیكه‌ی 100 هه‌زار چه‌كدار له‌خۆده‌گرێت كه‌ ده‌رفه‌تێكی كاریان له‌ خۆبه‌خشیدا بینیوه‌ته‌وه‌ له‌سایه‌ی قه‌یرانێكی داراییدا كه‌ حكومه‌تی ناچار كردووه‌ له‌ سێ ساڵی رابردوودا رێژه‌ی دامه‌زراندن بۆ سێیه‌ك كه‌م بكاته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌مرٍۆش حكومه‌ت له‌ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری جێگره‌وه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌‌و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانیش رایگه‌یاند كه‌ "حه‌شدی شه‌عبی" وه‌ك هێزێكی ئه‌منی ده‌مێنێته‌وه‌.

 

په‌رله‌مانتار عه‌باس به‌یاتی له‌ "هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا" كه‌ نزیكه‌ له‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت، به‌ "نیقاش"ی وت: "حه‌شدی شه‌عبی هێزێكی ره‌سمیه‌ سه‌ر به‌ ده‌وڵه‌ته‌‌و نابێت هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌، به‌ڵام پێویستی به‌ رێكخستنه‌وه‌یه‌ تا ببێته‌ هێزێكی ئه‌منی شانبه‌شانی سوپا‌و پۆلیس‌و ته‌نیا بڕیار له‌ سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێت، ئه‌وه‌ش ئه‌زموونێكه‌ له‌ زۆر ده‌وڵه‌تدا هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پاسه‌وانی نیشتمانی هه‌یه‌ شانبه‌شانی سوپا‌و پۆلیس هه‌روه‌ها له‌ شانشینی عه‌ره‌بی سعودیه‌ش".            

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌