راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت له‌كوردستان بڤه‌یه‌
كه‌س ناوێرێت ببێته‌ میراتگری‌ حكومه‌تێكی‌ قه‌رزدار

هه‌ستیار قادر
سه‌ردانه‌ ماراسۆنییه‌كانی‌ وه‌فدی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بۆ لای‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان نه‌یتوانیوه‌ تائێستا هیچ له‌داواكاری‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ یان گۆڕینی‌ ئه‌و حكومه‌ته‌ بگۆڕێت‌و دیسانه‌وه‌ سیناریۆكان ناڕۆشنن.
7.12.2017  |  هه‌ولێر

له‌دوای‌ ریفراندۆمه‌كه‌ی‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ رابردووه‌وه‌ له‌كوردستان ته‌وژمێكی‌ به‌هێز په‌یدابووه‌ كه‌ داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ كابینه‌ی‌ ئێستای‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كات به‌و پێیه‌ی‌ به‌هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ "شكست"ی‌ دوای‌ ریفراندۆم‌و كێشه‌كانی‌ پێشتری‌ ده‌زانێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان هیچ گه‌رموگوڕییه‌كیان بۆ ئه‌م داواكارییه‌ نییه‌و له‌دژی‌ وه‌ستاونه‌ته‌وه‌.

 

لایه‌نگرانی‌  هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت پێیان وایه‌ حكومه‌تی‌ ئێستا له‌ئاستی‌ ئاڵۆزی‌ قه‌یرانه‌ ئابوریی‌‌و سیاسیه‌كاندا نییه‌و نه‌یارانی ئه‌و داواكارییه‌ش كاتی‌ به‌رده‌م پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ تر به‌كه‌م ده‌زانن‌و له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریی رێژه‌یین له‌كابینه‌كه‌دا.

 

له‌وانه‌یه‌ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ گۆڕینی‌ حكومه‌تیش نه‌توانێت ئاوێك بكات به‌ئاگری‌ ئه‌و قه‌یرانانه‌ی‌ به‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ گرتووه‌، به‌وپێیه‌ی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ له‌لایه‌ك بۆشایی یاسایی‌ به‌ر له‌هه‌ڵبژاردنی‌ نوێ دروست ده‌كات‌و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ هیچ كاره‌كته‌رێك سیاسی‌ ئاماده‌ نابێت ببێته‌ میراتگری‌ حكومه‌تێك كه‌ نوقمی‌ قه‌رزی‌ ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كی‌ بووه‌.

 

له‌ 23ی‌ تشرینی‌ دووه‌مدا بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پاكێجێكی‌ داواكاری‌ راگه‌یاند كه‌ راده‌ستی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ كردبوو كه‌ دیارترین خاڵه‌كانی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ كاتی‌ بوو له‌بری‌ حكومه‌تی‌ ئێستا تا هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو.

 

به‌ر له‌و داواكارییه‌ش به‌مانگێك هه‌مان بزوتنه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان‌و قه‌واره‌ی‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ریی‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح جێگری‌ سكرتێری‌ پێشوی‌ یه‌كێتی‌ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ رزگاریی‌ نیشتیمانیان كرد.

 

دانا عه‌بدولكه‌ریم ئه‌ندامی‌ ژووری‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ وه‌فدی‌ حكومه‌ت پێیان وتین پێمان باشه‌ حكومه‌تی‌ ئێستا بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام بیرۆكه‌ی‌ حكومه‌تی‌ كاتیش ره‌تناكه‌ینه‌وه‌و له‌پاش تاوتوێكردنی‌ وه‌ڵامتان ده‌ده‌ینه‌وه‌".

 

دانا عه‌بدولكه‌ریم وتیشی‌ "هه‌ست ده‌كه‌ین پارتی‌ كاتی‌ پێوه‌ ده‌كوژێت‌و ئێمه‌ش تا ماوه‌یه‌ك له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی‌ حكومه‌تی‌ كاتی‌ به‌رده‌وام ده‌بین‌و دواتر هه‌ڵمه‌تی‌ راگه‌یاندن ده‌كه‌ین دژ به‌حكومه‌ت".

 

حكومه‌تی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پارتی‌ پۆستی‌ سه‌رۆك‌و یه‌كێتی‌ پۆستی‌ جێگره‌كه‌ی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، ئه‌و دوو لایه‌نه‌ زۆربه‌ی‌ وه‌زارته‌كانیان هه‌ژموونكردووه‌‌و پێده‌چێت ئاوها به‌ ئاسانی‌ نه‌یانه‌وێت بچنه‌ژێر باری‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ نوێوه‌.

 

له‌ 20ی‌ تشرینی‌ دووه‌مدا نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا له‌ هه‌ولێر وتی‌ "ئه‌م حكومه‌ته‌ی‌ ئێستا خۆی‌ كاتییه‌‌و پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ نوێ كاتێكی‌ زۆری‌ ده‌وێت".

 

له‌ 24ی‌ تشرینی‌ دووه‌مدا په‌رله‌مانی‌ كوردستان ته‌مه‌نی‌ خۆی‌ بۆ ماوه‌ی‌ هه‌شت مانگ درێژكرده‌وه‌ كه‌ هاوكات له‌گه‌ڵیدا ته‌مه‌نی‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ی‌ حكومه‌تیش بۆ هه‌مان ماوه‌ درێژده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئێستا نزیكه‌ی‌ شه‌ش مانگ ته‌مه‌نی‌ ماوه‌.

 

درێژكردنه‌وه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت له‌كاتێكدا بوو له‌ كۆی‌ 20 وه‌زیره‌كه‌ی‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ چواریان كه‌ سه‌ر به‌گۆڕانن دوورخراونه‌ته‌وه‌و دوانی تریشیان كه‌ له‌پشكی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و مه‌سیحییه‌كانن ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌.

 

عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری‌ كشتوكاڵ‌و سه‌رچاوه‌كانی‌ ئاو له‌پشكی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ ئاشكرایكرد كه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیراندا پرسی پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ كاتی‌ جوڵاندووه‌.

 

ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت"بیرۆكه‌كه‌ ره‌ت نه‌كرایه‌وه‌، به‌ڵام بڕیاردا له‌پاش گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بڕیاری‌ له‌سه‌ر بدرێت".

 

له‌ماوه‌ی‌ سێ هه‌فته‌ی‌ رابردوودا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكایه‌تی‌ تیمێكی‌ حكومه‌ته‌كه‌ی‌ كرد بۆ لای‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كه‌ پرسی پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ كاتی‌ یه‌كێك بوو له‌بژارده‌كانی‌ تاوتوێكردنی‌.

 

سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ حكومه‌ت كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاری‌ پرسه‌كه‌ نه‌یویست ناوی‌ بهێندرێت به‌"نیقاش"ی وت "نێچیرڤان بارزانی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ پێنج قۆڵی‌ پرسی حكومه‌تی‌ كاتی‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌".

 

ئاسان نییه‌ تۆپی‌ كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ وه‌ك چاره‌نوسی‌ حكومه‌ت هه‌ڵبدرێته‌ گۆڕه‌پانی كۆبوونه‌وه‌ی‌ پێنج قۆڵی‌ كه‌ مه‌به‌ست لێی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌‌و گۆڕان و كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامییه‌.

 

هه‌رێمی‌ كوردستان‌و كێشه‌كانی‌ ئه‌زمونێكی‌ باشیان له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره‌ كۆبونه‌وه‌یه‌دا نییه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ له‌ساڵی‌ 2015 دا نۆ كۆبونه‌وه‌ی‌ پێنج قۆڵی‌ له‌و جۆره‌ له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌نجامدرا، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ رێنه‌كه‌وتن، قه‌یرانه‌كه‌شی ئه‌وه‌ندی‌ تر ئاڵۆز كرد.

 

له‌ساڵی‌ 1992 ه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌م كابینه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پێكهاتووه‌و تائێستا هه‌شت كابینه‌ی‌ جیاوازی‌ تێپه‌ڕاندووه‌ به‌ڵام هیچ كامیان هه‌ڵنه‌وه‌شاونه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ هه‌رێم له‌ماوه‌ی‌ 24 ساڵی‌ ته‌مه‌نیدا به‌ قه‌یرانی‌ قورسدا تێپه‌ڕبووه‌ كه‌ دیارترینیان شه‌ڕی‌ ناوخۆو قه‌یرانی‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوو بوو به‌هۆی‌ توند بوونه‌وه‌ی‌ ناكۆكییه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌.

 

به‌درێژایی (12) ساڵ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌نجامنه‌درا كه‌ كابینه‌ی‌ حكومه‌تیش گرێداروه‌ به‌ خولێكی‌ په‌رله‌مانیه‌وه‌ كه‌ چوار ساڵه‌.

 

له‌ ساڵی‌ 1994 كاتێك شه‌ڕی‌ ناوخۆ سه‌ری‌ هه‌ڵدا، هه‌رێمی‌ دابه‌ش كرد به‌سه‌ر دوو زۆنی‌ ئیداریدا، حكومه‌ت له‌هه‌ولێر هه‌ڵنه‌وه‌شایه‌وه‌و به‌ده‌ستی‌ پارتیه‌وه‌ مایه‌وه‌و له‌ سنوری‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانیش یه‌كێتی‌ حكومه‌تێكی‌ تری‌ پێكهێنا. 

 

تا ئێستا‌و له‌پاش ئه‌و قه‌یرانه‌ی‌ له‌دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆه‌وه‌ دروست بووه‌ تێڕوانی دوو لایه‌نه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت زۆر نه‌گۆڕاوه‌.

 

دلێر ماوه‌تی‌ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی وت "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دانین ئه‌م حكومه‌ته‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌ به‌ڵكو باشتره‌ گۆڕانكاریی‌ له‌وه‌زیره‌كاندا بكرێت‌و به‌شێك له‌ ده‌موچاوه‌كان بگۆڕدرێن".

 

له‌نێوان پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ كاتی‌‌و به‌رده‌وام بوونی‌ حكومه‌تی‌ ئێستای‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا بۆشایی نێوان لایه‌نه‌كان وه‌ك خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌، له‌وه‌ ده‌چێت كه‌لتوری‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا هێشتا سه‌وز نه‌بووبێت، ئه‌و پرسه‌ بۆته‌ هیڵی‌ سور بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ 25 ساڵه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدان.

 

پێشتر له‌ ساڵی‌ 2011  بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ ئه‌و كات ئۆپۆزسیۆن بوو له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا داوای‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت و په‌رله‌مان وسه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ كردو ئه‌وكات یه‌كێتی‌ و پارتی‌ كه‌ پشكی‌ شێریان له‌ده‌سه‌ڵاتدا هه‌بوو داواكه‌یان به‌ "كوده‌تا" ناوبرد.

 

له‌پاش شه‌ش ساڵ هێشتا داواكاری‌ هه‌وه‌ڵشاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌  به‌ هه‌ستیاری‌ وه‌رگیراوه‌.

 

له‌دوای‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ نێوان وه‌فدی‌ حكومه‌ت و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانیش له‌ هه‌ولێر له‌ 28ی‌ تشرینی‌ دووه‌مدا، مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی‌ پارتی‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانیدا وتی‌ "له‌گه‌ڵ  ئه‌وه‌ نین حكومه‌ت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و ئه‌وه‌ كێشه‌ی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌".

 

تێبینی‌ پارتی‌ له‌سه‌ر داواكاری‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت وه‌ك عه‌لی حوسێن به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ كوردستانییه‌كانی‌ ئه‌و حزبه‌ ده‌ڵێت په‌یوه‌ندی‌ به‌ كاته‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌و وتی‌"داواكاریه‌كه‌ نا واقعی‌ و نا لۆژیكیه‌، هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ی‌ حكومه‌ت وپێكهێنانه‌وه‌ی‌ ئاسان نییه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ ته‌مه‌نی‌ حكومه‌ت خۆی‌ چه‌ند مانگێكی‌ كه‌می‌ ماوه‌".

 

عه‌لی حوسێن به‌"نیقاش"ی‌ وت " ئه‌و داواكاریانه‌ گره‌و كردنه‌ له‌سه‌ر ده‌نگی‌ شه‌قام بۆ  هه‌ڵبژاردن".

 

پێده‌چێت به‌دیوێكی‌ تردا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت یان پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ راگوه‌زه‌ر بۆ ئه‌وانه‌ش ئاسان نه‌بێت كه‌ داوای ده‌كه‌ن.

 

هه‌ر كاره‌كته‌رێكی‌ سیاسی‌ هه‌رێم بیه‌وێت ببێته‌ میراتگری‌ حكومه‌تی‌ ئێستا ده‌كه‌وێت به‌سه‌ر قه‌یرانی‌ چه‌ندین ملیار دۆلاری‌ قه‌زاری موچه‌خۆران‌و قه‌زری‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان.

 

 سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان هاورای‌ ئه‌و مه‌ترسیه‌یه‌و ده‌ڵێت"كه‌س ناوێرێت حكومه‌تێك وه‌ربگرێت كه‌ ئه‌وه‌نده‌ قه‌رزار بێت".

 

ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تی ئێستا بێ رێكه‌وتنی‌ پێشوه‌خته‌ ره‌نگه‌ چه‌ندین خولی‌ دانوستانی‌ نێوان لایه‌نه‌كان به‌دوای‌ خۆیدا بهێنێت بۆ رێكه‌وتن له‌سه‌ر كارنامه‌‌و پێكهاته‌و كاره‌كته‌ر و پشكی‌ لایه‌نه‌كان و تیایدا .

 

د. ئه‌حمه‌د وه‌رتێ په‌رله‌مانتاری‌ پێشووی‌ كوردستان‌و پسپۆری‌ یاسایی‌ دڵنیایه‌ له‌وه‌ی‌ به‌بێ رێكه‌وتنی‌ پێشوه‌خته‌ بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تێكی‌ نوێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ بۆشایی یاسایی‌ دروست ده‌كات به‌وپێیه‌ی‌ جگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ خودی‌ حكومه‌ت به‌پێی‌ بڕیارێكی‌ په‌رله‌مان چه‌ند ده‌سه‌ڵاتێكی‌ تری‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمیشی‌ بۆ گواستراوه‌ته‌وه‌ له‌پاش هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ له‌ 29ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌مدا.

 

وه‌رتێ به‌"نیقاش"ی وت "هیچ ده‌قێكی‌ یاسایی‌ نییه‌ له‌ هه‌رێم رێ به‌دریژكردنه‌وه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ حكومه‌ت بدات ئه‌وه‌ی‌ كراوه‌ عورفێكی‌ سیاسیه‌ به‌پێی‌  یاسا هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ی‌ حكومه‌ت به‌سێ رێگا ده‌بێت، یان نیوه‌ كۆیه‌كی‌ وه‌زیره‌كانی‌ ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه‌ یان نیوه‌ كۆ یه‌كی‌ په‌رله‌مانتاران په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌و ئه‌و خوله‌ كۆتایی دێت به‌ حكومه‌ته‌وه‌، یان خودی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت ده‌ست له‌كار بكێشێته‌وه‌".

 

 ئاینده‌ی‌ هاوكێشه‌ی‌ ئه‌و ململانێیه‌ رون نییه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر پرسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت هه‌رێم دروست بووه‌.

 

له‌وه‌ ده‌چێت یه‌كێك له‌ سیناریۆكانی‌ پشت جوڵاندنی‌ پرسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌تیش نزیك بوونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان بێت كه‌ هه‌ر حزبه‌و به‌شێوازێك كار له‌سه‌ر هه‌ڵمژینی‌ ناڕه‌زایی شه‌قام ده‌كات.

 

د.شۆرش حه‌سه‌ن مامۆستای‌ زانسته‌ سیاسییه‌كان له‌زانكۆی‌ سلێمانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت"یه‌كێتی‌ و پارتی‌ نایانه‌وێت له‌ ده‌سه‌ڵاتدا په‌راوێز بخرێن بۆیه‌ قایل نین به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت، لایه‌نه‌كانی‌ تریش جدی‌ نین له‌و داواكارییه‌ ئه‌گه‌رنا وه‌زیره‌كانیان به‌ته‌واوی‌ ده‌كشانده‌وه‌، چونكه‌ له‌ سیستمی‌ په‌رله‌مانیدا به‌رپرسیارێتی‌ شكسته‌كان ده‌سته‌جه‌معییه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌