راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ترس له‌بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن
دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی له‌عێراق... ناوی گه‌وره‌‌و دێی وێران

موسته‌فا حه‌بیب
له‌م رۆژانه‌دا گه‌نده‌ڵی كارگێڕی‌و دارایی عێراقییه‌كانی سه‌رقاڵكردووه‌، هه‌موو شتێك به‌ئاڕاسته‌ی‌ دژایه‌تی‌ گه‌نده‌ڵییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی رووده‌دات له‌و په‌نده‌ زیاتر نییه‌ كه‌ ده‌ڵێت "ناوی گه‌وره‌‌و دێی وێران".
7.12.2017  |  به‌غدا

هه‌فته‌ی رابردوو حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وتی ره‌نگه‌ جه‌نگی دژ به‌ گه‌نده‌ڵی له‌ عێراق له‌ جه‌نگی دژ به‌ رێكخراوی "داعش" قورستر بێت، له‌وه‌شدا راست ده‌كات، چونكه‌ گه‌نده‌ڵی كه‌ به‌درێژایی ده‌یه‌ی رابردوو جومگه‌كانی ده‌وڵه‌تی داڕزاندووه‌‌و زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌شداره‌كانی حكومه‌ت‌و په‌رله‌مانی تێوه‌گلاوه‌ كه‌ جڵه‌وكردنیان ئاسان نییه‌.

 

هاوئاواز له‌گه‌ڵ هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تدا، په‌رله‌مانیش ده‌ستیكردووه‌ به‌ لێپرسینه‌وه‌ په‌رله‌مانییه‌كانی كه‌ وه‌زیران‌و گه‌وره‌ به‌رپرسانی گرتووه‌ته‌وه‌‌و پێشبینی ده‌كرێت بابه‌تێكی گه‌رم‌وگوڕ بێت‌و ململانێ‌و رێككه‌وتنی نوێی نێوان كوتله‌ سیاسییه‌كانی لێبكه‌وێته‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ رێچكه‌ی لێپرسینه‌وه‌كانی دژایه‌تی گه‌نده‌ڵی به‌ره‌و هاوپه‌یمانیی نوێ ببه‌ن.

 

ئه‌و پرۆسه‌ سیاسییه‌ی له‌ دوای ساڵی 2003وه‌ به‌پێی سیستمی به‌شبه‌شكاری تایفی بنیاتنراوه‌ خۆی له‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌ حكومییه‌كان به‌سه‌ر حزبه‌ عێراقییه‌كاندا ده‌بینێته‌وه‌ به‌پێی سیستمێكی ورد كه‌ پشتی به‌ دوو بنه‌ما به‌ستووه‌، یه‌كه‌میان قه‌باره‌ی ئه‌و هێزه‌یه‌ كه‌ پۆسته‌كه‌ ده‌یبه‌خشێت، دووه‌میشیان به‌های ئه‌و داهاته‌ داراییانه‌یه‌ كه‌ پۆسته‌كان په‌یدای ده‌كه‌ن.

 

به‌گوته‌ی به‌رپرسێكی گه‌وره‌ی حكومه‌ت ئه‌مڕۆ هه‌ر حزبێكی به‌شدار له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ناوه‌ندێكی هه‌یه‌ پێی ده‌وترێت "نووسینگه‌ی ئابووری" كه‌ ئه‌ركی كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌یه‌ بۆ حزبه‌كه‌ له‌ ڕێی ئه‌و پۆسته‌ حكومیانه‌ی خودی ئه‌ندامانی حزب وه‌ریان گرتووه‌، ئه‌وانیش ئه‌ركیان ئه‌نجامدانی سه‌ودانامه‌یه‌ له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ بۆ دابه‌شكردنی گرێبه‌سته‌كانی به‌ڵێنده‌رایه‌تی‌و وه‌به‌رهێنان له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دیكه‌دا.

 

ئه‌و به‌رپرسه‌ كه‌ داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی لێداونی نییه‌، بۆ "نیقاش"ی ئاشكرا كرد كه‌ "هه‌ڵمه‌تی جكومه‌ت له‌دژی گه‌نده‌ڵی سێ دۆسێی سه‌ره‌كی كردووه‌ته‌ ئامانج، یه‌كه‌میان گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و پارانه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵانی رابردوودا براونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌‌و به‌هاكه‌یان به‌ نزیكه‌ی 100 ملیار دۆلار مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت ئه‌ویش له‌ڕێی ده‌ركردنی یاداشتی ده‌ستگیركردن بۆ چه‌ندین تۆمه‌تبار‌و گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تان به‌مه‌به‌ستی كارئاسانیكردن بۆ ده‌ستگیركردنی كه‌سایه‌تیه‌ تۆمه‌تباركراوه‌كان، دووه‌میش ئه‌و گرێبه‌ست‌و پرۆژه‌ شكستخواردووانه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یان به‌ زیاتر له‌ 6028 پرۆژه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت‌و نزیكه‌ی 250 ملیار دۆلار تێچوونیان بووه‌ له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ت، سێیه‌میشیان زیادكردنی فرۆشتنی دراوه‌ كه‌ بانكی ناوه‌ندی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات‌و گومانی بوونی گه‌نده‌ڵی تێدا ده‌كرێت كه‌ چه‌ند حزب‌و كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی ده‌ستڕۆیشتووی تێدا تێوه‌گلاون".

 

هه‌روه‌ها وتی: "حزبه‌ عێراقییه‌كان له‌ به‌رده‌م میدیادا ململانێ له‌سه‌ر دۆسێ سیاسی‌و ئه‌منییه‌كان ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌پشتی په‌رده‌وه‌ رێككه‌وتنی دارایی له‌ڕێی ئه‌و نووسینگانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆ نموونه‌ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان له‌ حكومه‌تی فیدراڵی‌و پۆسته‌ خۆجێییه‌كانی دیكه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌خرێنه‌ زیادكردنه‌وه‌‌و به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك ده‌كڕدرێن".

 

ئه‌و به‌رپرسه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی باڵای حكومی بۆ بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی روونیده‌كاته‌وه‌ "پرۆسه‌ی گه‌نده‌ڵی زۆر له‌وه‌ زیاتره‌، چونكه‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ی پۆستێك وه‌رده‌گرێت به‌ڵێن ده‌دات كار بۆ پاره‌داركردنی حزبه‌كه‌ی بكات له‌ رێی بودجه‌ی ده‌وڵه‌ته‌وه‌، ئه‌ویش له‌ڕێی به‌خشینی گرێبه‌ستی وه‌به‌رهێنا به‌ كۆمپانیاكانی سه‌ر به‌ حزبه‌كه‌ی، زۆربه‌ی حزبه‌كانیش ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ كه‌س ناوێرێت سكاڵا له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی له‌ وه‌زاره‌ته‌كان بكات، چونكه‌ ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ حزبه‌كانی دیكه‌ش سكاڵای هاوشێوه‌ بكه‌ن".

 

 ئامرازی شكستخواردوو بۆ بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی

ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ یه‌كێكه‌ له‌و ده‌زگایانه‌ی بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵیان پێ سپێردراوه‌، ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌ دوای ساڵی 2003 دامه‌زراوه‌، به‌ڵام پێده‌چێت توانای جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی نه‌بێت، سه‌ره‌ڕای تێوه‌گلانی ده‌یان به‌رپرسیش له‌ سه‌ودانامه‌كانی گه‌نده‌ڵی به‌درێژایی چه‌ندین ساڵی رابردوو، به‌ڵام ده‌سته‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ به‌رپرسێك تاوانبار بكات تا ئه‌ كاته‌ی هه‌ڵاتووه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات، بۆ نموونه‌ عه‌بدولفه‌لاح سودانی وه‌زیری پێشووی بازرگانی كه‌ له‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ گلابوو ده‌سته‌كه‌ نه‌یتوانی ده‌ستگیری بكات، پێش ئه‌ویش ئه‌یهه‌م سامه‌ڕائی وه‌زیری كاره‌با‌و حازم شه‌علان وه‌زیری به‌رگری.

 

نووسینگه‌ی پشكنه‌ره‌ گشتییه‌كان كه‌ ده‌زگایه‌كی دیكه‌یه‌ بایه‌خ به‌ رێگریكردن له‌ گه‌نده‌ڵی ده‌دات، ئه‌ویش له‌دوای ساڵی 2003 وه‌ دامه‌زراوه‌، به‌ڵام ئه‌ویش شكستی هێناوه‌ له‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا، چونكه‌ زۆرجار وه‌زیره‌كان‌و بریكاره‌كانیان ده‌توانن ئه‌و نووسینگانه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ بینای وه‌زاره‌ته‌كاندان.

 

ته‌نانه‌ت هه‌ندێك پشكنه‌ریش له‌ سه‌ودانامه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ گلاون‌و رێگه‌یان نه‌داوه‌ ده‌زگا دادوه‌ری‌و په‌رله‌مانییه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسێكانی گه‌نده‌ڵی بكه‌ن، بۆ نموونه‌ تێوه‌گلانی عادل موحسین پشكنه‌ری گشتی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ سه‌ودانامه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ سه‌لماوه‌ ئه‌ویش دوای شاردنه‌وه‌ی چه‌ند دۆسێیه‌ك، دواتریش په‌رله‌مان ناچار بوو ره‌وانه‌ی ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی بكات، به‌ڵام ئه‌ویش هه‌ڵات بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات.

 

له‌ 20ی تشرینی دووه‌می رابردووشدا دواجار په‌رله‌مان ده‌نگی له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی نووسینگه‌كانی پشكنه‌ره‌ گشتییه‌كان دا كه‌ ئه‌وه‌ش دانپێدانانێكی ره‌سمییه‌ به‌ شكستهێنانیان له‌ ئه‌ركه‌كانیاندا.

 

له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ش حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران پشتی به‌ دوو تیمی نێوده‌وڵه‌تی به‌ست بۆ یارمه‌تیدانی حكومه‌ته‌كه‌ی له‌ ئاشكراكردنی گه‌نده‌ڵیدا ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی شكستی ئه‌و ده‌زگایانه‌ سه‌لما كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخانكرابوون، تا ئێستاش زانیاری له‌باره‌ی سروشتی ئه‌و تیمانه‌ له‌به‌رده‌ستدا نییه‌‌و حكومه‌تیش رازی نییه‌ ورده‌كاری ئاشكرا بكات، به‌ڵام زانیارییه‌ دزه‌پێكراوه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ تیمه‌كان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ گرێبه‌سته‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌ ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا ده‌كه‌ن‌و ساڵی داهاتووش ده‌ست به‌كاره‌كانیان ده‌كه‌ن.

 

به‌ وته‌ی په‌رله‌مانتار حه‌نان فه‌تلاوی هه‌فته‌ی رابردوو په‌رله‌مان هه‌ڵمه‌تی لێپرسینه‌وه‌ی له‌ ژماره‌یه‌ك وه‌زیری تۆمه‌تباركراو به‌ گه‌نده‌ڵی ده‌ستپێكرد‌و سه‌ره‌تاش به‌ حه‌سه‌ن راشد وه‌زیری په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌ستیپێكرد به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌بێت، هاوكات په‌رله‌مانتاران شكستیان هێنا له‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ قاسم فه‌هداوی وه‌زیری كاره‌با پاش كشانه‌وه‌ی فراكسیۆنه‌كه‌ی له‌ دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ش بووه‌ هۆی تێكدانی رێژه‌ی یاسایی ئه‌ندامان، بۆیه‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان له‌ڕێی هاوپه‌یمانی به‌ستن له‌گه‌ڵ كوتله‌كانی دیكه‌ وه‌زیره‌كانیان ده‌پارێزن یاخود به‌ته‌نیا له‌ڕێی په‌كخستنی لێپرسینه‌وه‌كه‌ به‌هه‌ر نرخێك بێت.

 

فه‌تلاوی به‌ "نیقاش"ی وت: "ده‌بووایه‌ لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیری كاره‌با بكرایه‌، به‌ڵام ئه‌و فراكسیۆنه‌ی وه‌زیره‌كه‌ سه‌ر به‌ خۆیه‌تی "هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقییه‌كان" له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن بایكۆتی دانیشتنه‌كه‌ بكه‌ن تا رێژه‌ی یاسایی تێك بده‌ن".

 

بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن

دیارترین ئه‌و ئاڵنگاریانه‌ی له‌ دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵیدا رووبه‌ڕووی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عێراق ده‌بنه‌وه‌، نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌، چونكه‌ بانگه‌شه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ گه‌نده‌ڵی داراییدا چڕ ده‌بێته‌وه‌ نه‌ك جه‌نگی دژ به‌ توندڕه‌وان یاخود دۆسێ سیاسییه‌كانی دیكه‌.

چه‌ند مانگێكیشه‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌خۆ‌و خۆیان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ن، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا  سه‌ركرده‌ی ئاینی موقته‌دا سه‌در ده‌یان ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌كه‌ی ده‌ركرد له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵ بوون، هاوكات حزبی "ده‌عوه‌" ده‌ركردنی یه‌كێك له‌ ئه‌ندامه‌ دیاره‌كانی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاند كه‌ ئه‌ویش سه‌ڵاح عه‌بدولڕه‌زاق پارێزگاری پێشووی به‌غدا بوو.

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ زۆرینه‌ی كوتله‌ سیاسییه‌كان پشتیوانی خۆیان بۆ هه‌وڵه‌كانی عه‌بادی بۆ دژایه‌تیكردنی گه‌نده‌ڵی راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام ترسی خۆیان نه‌شاردووه‌ته‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ ته‌نیا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بن بۆ خۆی تا ویلایه‌تێكی دیكه‌ به‌ده‌ست بهێنێت، هاوكات چه‌ند حزبێكی دیكه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌ هه‌ڕشه‌كردن له‌ عه‌بادی به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی چه‌ند دۆسێیه‌كی گه‌نده‌ڵی له‌دژی كاتێك وه‌زیر‌و په‌رله‌مانتاری پێشوو بوو.

 

په‌رله‌مانتار سه‌ڵاح جبوری له‌ "هاوپه‌یمانی هێزه‌ عیراقییه‌كان" به‌ "نیقاش"ی وت: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵیداین، به‌ڵام له‌وه‌ ده‌ترسین ئه‌م بابه‌ته‌ بكرێته‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و رێگه‌یه‌ك بۆ خستنی ركابه‌ره‌كان‌و شێواندنی ناوبانگیان پێش هه‌ڵبژاردن، ده‌بێت راوه‌دوونانی گه‌نده‌ڵكاران به‌پێی رێوشوێنی یاسایی به‌ڕێوه‌بچێت كه‌ هه‌مووان بگرێته‌وه‌".

 

جبوری وتیشی: "كێشه‌ی گه‌نده‌ڵی ته‌نیا له‌ حكومه‌ت‌و وه‌زاره‌ته‌ فیدراڵییه‌كان‌و ته‌نانه‌ت له‌ ئه‌نجومه‌نی خۆجێیی پارێزگاكانیشدا نییه‌، چونكه‌ له‌ 10 ساڵی رابردوودا پاره‌یه‌كی زۆر له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كانه‌وه‌ خه‌رج كراوه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌ره‌پێدان‌و گه‌شه‌سه‌ندن به‌دیبهێنێت".

 

به‌ڵام ئه‌یاد عه‌لاوی جێگری سه‌رۆك كۆمار راشكاوانه‌تر بوو كاتێك وتی: "قسه‌كردن له‌سه‌ر بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی گرێدراوه‌ به‌ تای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، هیچ كه‌سێك به‌ته‌نیا ناتوانێت ئه‌م ئه‌ركه‌ ئه‌نجام بدات، هه‌روه‌ك یه‌كه‌م هه‌نگاوی له‌ناوبردنی گه‌نده‌ڵی بریتیه‌ له‌ وه‌لانانی به‌شبه‌شكاری سیاسی‌و حزبی".

 

ئه‌ركی حكومه‌تی عێراق له‌ بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵیدا ئاسان نابێت، چونكه‌ زۆرینه‌ی هێزه‌ سیاسیه‌ فه‌رمانڕه‌واكان تێوه‌گلاون، بۆ نموونه‌ بڕیاره‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ تشرینی دووه‌مدا سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌ی نه‌جه‌ف به‌هۆی تێوه‌گلانی له‌ گه‌نده‌ڵی، جێبه‌جێ نه‌كرا، چونكه‌ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كه‌ له‌ حزبه‌كانی "ده‌عوه‌"‌و "به‌در"‌و "ره‌وتی سه‌در"‌و "حیكمه‌" پێكهاتووه‌، رازی نییه‌ به‌رٍێوه‌بردنی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ راده‌ست بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی داهاتی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ ده‌چێته‌ خه‌زێنه‌ی ئه‌و حزبانه‌وه‌.

 

له‌ به‌رامبه‌ریشدا حزبه‌كان چه‌كێك دژی عه‌بادی به‌كارده‌هێنن‌و به‌ تێوه‌گلان له‌ سه‌ودانامه‌ی گه‌نده‌ڵی تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن ئه‌و كاته‌ی وه‌زیری دارایی بووه‌ له‌ یه‌كه‌م حكومه‌تی عێراقدا كه‌ له‌ دوای ساڵی 2003 دامه‌زرا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند سه‌ودانامه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵی وه‌به‌رهێنان كاتێك سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئابووری‌و وه‌به‌رهێنان بووه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ ساڵی 2006‌و سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی بووه‌ له‌ په‌رله‌مان له‌ ساڵی 2010.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌