راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

چاویان له‌ده‌ستی‌ سیاسییه‌كانه‌
په‌رله‌مانتارانی‌ كورد ته‌نیا سه‌یری‌ رووده‌وه‌كان ده‌كه‌ن

مەعاز فەرحان
سێ‌ ساڵه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ كوردستان‌و به‌غدا به‌خراپترین ئاستیدا ده‌ڕوات، له‌م ماوه‌یه‌شدا رۆڵی‌ په‌رله‌مانتاران له‌هه‌ولێرو به‌غدا ته‌نیا ته‌ماشاكردنه‌‌و هیچیان له‌ده‌ست نایه‌ت.
7.12.2017  |  سلێمانی
 ( :وێنه موقع برلمان كردستان على الفيسبوك )
( :وێنه موقع برلمان كردستان على الفيسبوك )

له‌كاتێكدا ده‌بێت په‌رله‌مان باڵاده‌سترین ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسادانان‌و چاودێری‌ بێت له‌كوردستان‌و له‌عێراقیش كه‌چی‌ په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كان به‌بێده‌سه‌ڵاتی‌ چاویان له‌ده‌می‌ حیزبه‌كانیانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵوێست بنوێنن.

 

په‌رله‌مانتارانی‌ كورد به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ حزبه‌كانیانه‌وه‌ ئه‌وانیش دابه‌شبون‌و له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی‌ ناته‌بایی‌ سیاسیدا به‌په‌رته‌وازه‌ی‌ ده‌ركه‌وتون‌و به‌ده‌گمه‌ن بووه‌ له‌پرسێكدا پێكه‌وه‌ هاوهه‌ڵوێست‌و یه‌كده‌نگ بن.

 

كاتێك به‌غداد له‌كۆتایی‌ ساڵی‌ 2014 موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێمی‌ بڕی‌، هاوڵاتیان چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌بوون نوێنه‌ره‌كانی‌ له‌به‌غداد ئه‌م پرسه‌ به‌قازانجی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان یه‌كلایبكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام نه‌بونی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ بریاردان له‌لای‌ په‌رله‌مانتاران وایكرد ئه‌م پرسه‌ بۆ سیاسیه‌كان به‌جێبهێڵرێت‌و به‌چاره‌سه‌رنه‌كراوی‌ ماوه‌ته‌وه‌.

 

له‌كێشه‌كانی‌ په‌یوه‌ست به‌نه‌وت‌و گاز‌و پێشمه‌رگه‌، چه‌ندینجار وه‌فد له‌هه‌رێمه‌وه‌ چونه‌ته‌ به‌غداد، به‌ڵام په‌رله‌مانتاران له‌مه‌شه‌دا ته‌نیا له‌ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه‌ ئاگاداری‌ چونی‌ وه‌فده‌كان بوون.

 

له‌پرسی‌ ریفراندۆمیشدا كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بریاری‌ له‌سه‌ردرا، په‌رله‌مانتارانی‌ بێ‌ ئاگابوون له‌و وه‌فدانه‌ی‌ كه‌ بۆ قه‌ناعه‌تپێكردنی‌ به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ ده‌چونه‌ به‌غداد.

 

حكومه‌تی‌ عێراق، له‌بودجه‌ی‌ 2018 پشكی‌ له‌سه‌دا 12ی‌ بۆ كورد دیاریكردبوو له‌كاتێكدا پێشتر سه‌دا 17 بوو، هه‌رچه‌نده‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كورد ناڕه‌زاییان دژی‌ ئه‌مه‌ ده‌ربڕی‌، به‌ڵام تا حكومه‌ت‌و به‌رپرسانی‌ هه‌رێم نه‌هاتنه‌ سه‌رخه‌ت پرۆژه‌كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ نه‌گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران.

 

هه‌موو ئه‌م حاڵه‌تانه‌ نموونه‌ی‌ زه‌قن بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌به‌غدا به‌ردیان بۆ ناخرێته‌ سه‌ر به‌ردێك‌و ته‌نیا سیاسییه‌كان ده‌توانن كێشه‌ بخولقێنن‌و هه‌ر خۆیشیان چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ن.

 

زانا رۆستایی‌، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، بێ‌ كاریگه‌ری‌ په‌رله‌مانتاران ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌وه‌ی‌ هه‌وڵینه‌داوه‌ هیچ سود له‌توانای‌ په‌رله‌مانتاران وه‌ربگرێت‌و هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ بكات.

 

رۆستایی‌، باسی‌ له‌و هه‌وڵانه‌ كرد كه‌ چه‌ندینجار ویستویانه‌ مه‌سعود بارزانی‌ ببینین كه‌ ئه‌و كاته‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بووه‌، به‌ڵام ئاماده‌ نه‌بوو له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م خوله‌دا یه‌كجار له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتاران كۆببێته‌وه‌.

 

ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "چه‌ندین شاند هاتنه‌ به‌غدا یه‌كجار ئاماده‌نه‌بوون په‌رله‌مانتاران به‌شداری‌ پێبكه‌ن له‌كۆبونه‌وه‌كاندا، ماوه‌یه‌ك حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنه‌كان كۆده‌بونه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی‌ داخستنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ش به‌بێ‌ بیانوو دواخران، ئیتر په‌رله‌مانتاران كورد نه‌یانتوانیوه‌ له‌كێشه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند رۆڵ بگێڕن، له‌لایه‌ن هه‌ولێره‌وه‌ فه‌رامۆشكراون".

 

هه‌ر كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند به‌ره‌و ئاڵۆزی‌ زیاتر ده‌چوون، په‌رله‌مانتارانی‌ كورد په‌نایان بۆ بایكۆت ده‌برد، دواتر كه‌ گرژییه‌كان له‌نێوان به‌رپرسانی‌ هه‌ولێر‌و به‌غداد به‌ره‌و هێوربونه‌وه‌ ده‌چوون ئه‌مانیش ده‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌مان به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ بایكۆته‌كه‌یان به‌رهه‌می‌ هه‌بوبێت.

 

له‌و ماوه‌یه‌ی‌ كوردستان به‌چه‌ندین قه‌یراندا تێپه‌ڕیووه‌، به‌شێك له‌په‌رله‌مانتاران كه‌مترین ده‌ركه‌وتن‌و قسه‌یان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كان‌و ڕه‌خنه‌ش له‌هه‌ندێكیان گیراوه‌ كه‌ له‌دانیشتنه‌كانی‌ په‌رله‌ماندا كه‌متر ئاماده‌ییان هه‌بووه‌‌و به‌شێكیشیان به‌وه‌ تۆمه‌تباركراون كه‌ ته‌نانه‌ت زمانی‌ عه‌ره‌بی‌ به‌باشی‌ نازانن.

 

نه‌وزاد ره‌سوڵ، په‌رله‌مانتاری‌ كورد له‌ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، به‌"نیقاش"ی‌ وت "په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێر‌و به‌غداد له‌سێ‌ ساڵی‌ رابردودا به‌رده‌وام له‌هه‌ڵكشان‌و داكشان‌و دۆخێكی‌ خراپدا بووه‌، بۆیه‌ زۆرجار ده‌نگ‌و ڕه‌نگی‌ په‌رله‌مانتاران ده‌رنه‌كه‌وتووه‌".

 

نه‌وزاد ڕه‌سوڵ، پێیوایه‌ له‌رابردودا هه‌نگاوه‌كانی‌ كورد به‌ئاراسته‌ی‌ جیابونه‌وه‌ بووه‌ له‌ عێراق ئه‌وه‌ش وایكردوه‌، بێ متمانه‌ی‌ له‌لایه‌ به‌رپرسانی‌ عێراقه‌وه‌ دروستبێت ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌زیانی‌ خه‌ڵك‌و موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان شكاوه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌گه‌ر خراپی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان هه‌رێم‌و ناوه‌ند كاریگه‌ری‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كه‌مكردبێته‌وه‌، حاڵی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كوردستان له‌وان باشتر نیه‌، بۆ ماوه‌ی‌ دوو ساڵ ده‌رگای‌ په‌رله‌مان داخرا، به‌درێژایی‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ په‌رله‌مانتاران چاوه‌ڕوانی‌ ئۆكه‌ی‌ به‌رپرسه‌ حزبیه‌كان بوون تا ده‌ست به‌كاره‌كانیان بكه‌نه‌وه‌، دوای‌ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان له‌ 15ی‌9ی‌2017، په‌رله‌مانتاران به‌ڵێنیاندا یه‌كه‌م كاریان باشكردنی‌ بژێوی‌ خه‌ڵك‌و لابردنی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ ده‌بێت به‌ڵام هیچیان پێنه‌كرا.

 

له‌پرسی‌ موچه‌‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌وه‌زیره‌كان‌و چاودێری كاره‌كانی‌ حكومه‌ت شكستیان هێنا‌و له‌پرسی‌ ریفراندۆمیشدا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ كورد ئه‌و ناوچانه‌ی‌ له‌ده‌ستدا كه‌ له‌دوای‌ 2003ه‌وه‌ حكومی‌ ده‌كردن پرس نه‌ به‌ په‌رله‌مانتاران كرا نه‌ په‌رله‌مان رۆڵی‌ هه‌بوو.

 

ئه‌و دۆخه‌ش له‌دوای‌ ڕووداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هاتوه‌ته‌ ئاراوه‌ دیسان كه‌مترین رۆڵ به‌ په‌رله‌مانتاران دراوه‌، ئێستا كه‌ خولێكی‌ نوێی‌ دانوستان‌و گفتوگۆ له‌نێوان حكومه‌ت‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بۆ ده‌ربازبون له‌قه‌یرانه‌كه‌ ده‌ستپێكردوه‌‌و له‌مه‌شدا ده‌نگ‌و ڕه‌نگی‌ په‌رله‌مانتاران دیار نیه‌.

 

فه‌رحان جه‌وهه‌ر، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "په‌رله‌مانی‌ كوردستان، تاوه‌كو ئێستا نه‌یتوانیوه‌ رۆڵی‌ خۆی‌ بگێڕێت، هه‌روه‌ها نه‌یتوانی‌ ببێته‌ ده‌زگایه‌كی‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ بڕیاره‌ چاره‌نوسازه‌كان، ئه‌مه‌ش به‌هۆی‌ به‌هۆی‌ ده‌ستێوه‌ردانی‌ حزبه‌كانه‌وه‌یه‌".

 

به‌ڵام عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی‌، بریارده‌ری‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان، به‌رگری‌ له‌په‌رله‌مانتاران ده‌كات‌و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان ویستویانه‌ خولی‌ چواره‌می‌ په‌رله‌مان، بكه‌نه‌ دادگایه‌ك بۆ دادگایكردنی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ سه‌روه‌ت‌و سامانی‌ ئه‌م میلله‌ته‌یان به‌هه‌ده‌ربردوه‌، به‌ڵام رێگرییان لێكراوه‌.

 

به‌ "نیقاش"ی‌ وت "له‌وڵاتێكدا حكومه‌ت زاڵبێت به‌سه‌ر په‌رله‌مان‌و حزبیش به‌سه‌ر هه‌ردوكیاندا هه‌رگیز چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێ ناكرێت یاسا تێیدا سه‌روه‌ر بێت‌و ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات ڕووبدات، به‌هۆی‌ داخستنی‌ په‌رله‌مانیشه‌وه‌ نه‌مانتوانی‌ له‌ئاستی‌ داخوازییه‌كانی‌ خه‌ڵكدا بین".

 

به‌شێك له‌هۆكاری‌ بێده‌سه‌ڵاتی‌ په‌رله‌مانتاران ره‌نكه‌ به‌هۆی‌ كه‌م شاره‌زاییانه‌وه‌ بێت له‌كاری‌ په‌رله‌مانی‌، هه‌رئه‌وه‌ش وای‌ له‌ جه‌رجیس گوڵیزاده‌، نوسه‌ره‌و چاودێری‌ سیاسی‌ كردوه‌ به‌ "هه‌رزه‌كاری‌ سیاسی‌" ناویان ببات.

 

گوڵیزاده‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "رۆڵی‌ ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ زیاتر بووه‌ته‌ ئه‌كته‌ری‌، ده‌یانه‌وێت خۆیان له‌سه‌ر شاشه‌ پیشانبده‌ن زیاتر رۆڵی‌ بێژه‌ری‌ ته‌له‌فزیۆن ده‌بینن، رۆڵی‌ سیاسی‌ ناگێرن". هه‌روه‌ها حزبه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كاتبه‌وه‌ی‌ "پێوه‌ر دانانێن بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ كه‌سه‌كان، زیاتر مه‌حسوبیه‌ت‌و مه‌نسوبیه‌ت رۆڵی‌ هه‌یه‌".

 

وتیشی‌ "ئه‌وه‌ بووه‌ته‌ په‌یڕه‌و له‌لای‌ حزبه‌كان ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ناو حكومه‌ت جێی‌ نه‌بوه‌وه‌ ئه‌وا له‌ناو په‌رله‌مان جێی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش واده‌كات ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ هیچ پێوه‌رێكیان نه‌بێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌