راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كوردو حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ دیارترینیانن
عه‌بادی‌ چوار زەحمەتیی گەورەی لەپێشە

موسته‌فا حه‌بیب
كۆتایی ویلایه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌كو سه‌ره‌تاكه‌ی پڕیه‌تی له‌دۆسێی سیاسی‌و ئه‌منی‌و ئابووری ئاڵۆز، چوار زه‌حمه‌تی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌پێشه‌ به‌ر له‌وه‌ی‌ ویلایه‌ته‌كه‌ی‌ كۆتایی‌ بێت.
23.11.2017  |  به‌غدا

ته‌نیا شه‌ش مانگ ماوه‌ له‌ویلایه‌تی حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌دوای سێ ساڵی پڕ له‌ رووداو كه‌ تێیدا سه‌رقاڵ بوو به‌ جه‌نگ له‌دژی داعش‌و دواجار گه‌یشته‌ سه‌ركه‌وتن له‌پاش كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و شار‌و شارۆچكانه‌ی داعش له‌ هاوینی ساڵی 2014وه‌ كۆنترۆڵی كردبوون.

 

به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌یه‌ ئاسان نابێت، چونكه‌ عه‌بادی كه‌ فه‌رمانڕوایی به‌ میراتێكی قورسه‌وه‌ له‌ نوری مالیكی هاوكاری له‌ حزبی "ده‌عوه‌" وه‌رگرتووه‌، رووبه‌ڕووی كێشه‌ی دیكه‌ بووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ به‌مدواییانه‌ ئاستی جه‌ماوه‌ری هه‌ڵكشاوه‌ تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی به‌ "پیاوی ئه‌ركه‌ قورسه‌كان" ناوده‌برێت، كه‌واته‌ ئایا له‌م تاقیكردنه‌وه‌ نوێیه‌دا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟

 

كاتێك عه‌بادی له‌ ئابی 2014دا ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرت له‌ بارێكدا نه‌بوو ئیره‌یی پێببرێت، سه‌ره‌تای حوكمڕانیه‌كه‌ی به‌ ناكۆكییه‌كی قووڵ له‌گه‌ڵ نوری مالیكی هاوكاری‌و سه‌رۆكی حزب‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو ده‌ستپێكرد كه‌ دوورخستنه‌وه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵات به‌ خیانه‌ت وه‌سفكرد، له‌كاتێكدا سێیه‌كی وڵات له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی توندڕه‌واندا بوو كه‌ گه‌یشتبوونه‌ ده‌وروبه‌ری به‌غدای پایته‌خت، هاوكات خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌تیش خاڵی بوو له‌پاره‌‌و نرخی جیهانیی نه‌وتیش بۆ كه‌متر له‌ 20 دۆلار دابه‌زیبوو له‌ وڵاتێكدا 95%ی داهاته‌ نیشتمانییه‌كه‌ی پشت به‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت ده‌به‌ستێت.

 

به‌ڵام ئه‌مڕۆ، قه‌یرانی سیاسی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌دوای ریفراندۆمی جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق‌و رێكخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان‌و خۆجێیی‌و په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی وڵات له‌سایه‌ی قه‌یرانێكی دارایی خنكێنه‌ردا، هه‌روه‌ها ئاینده‌ی "حه‌شدی شه‌عبی" له‌ دیارترین ئه‌و ئاڵنگاریانه‌ن كه‌ رووبه‌ڕووی عێراق ده‌بنه‌وه‌.

 

قه‌یران له‌گه‌ڵ كورد

ئه‌و قه‌یرانه‌ی له‌ نێوان به‌غدا‌و هه‌ولێر سه‌ریهه‌ڵدا له‌ده‌ره‌وه‌ی پێشبینی عێراقییه‌كان بوو، چونكه‌ سووربوونی كورد له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی جیابوونه‌وه‌ له‌ وڵات له‌ كاتێكی خراپدابوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌تی فیدراڵی پشتیوانییه‌كی هه‌رێمی‌و نێوده‌وڵه‌تی دیاری لێ ده‌كرا، له‌ ئه‌نجامیشدا قه‌یرانێكی سیاسی‌و سه‌ربازی لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ بووه‌هۆی له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر شاری كه‌ركوكی دڵی كوردان‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.

 

سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌ دوو مانگیش به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كه‌دا دواجار حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خواستی خۆی بۆ دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كان ده‌ربڕی، به‌ڵام پێده‌چێت حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران زۆر مكوڕ نه‌بێت‌و هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی كات بدات تا له‌سه‌ر زه‌وی ده‌ستكه‌وت چنگ بخات‌و بیكاته‌ لایه‌نی به‌هێز له‌ دانوستانه‌كاندا.

 

تا ئێستا عه‌بادی دوو مه‌رجی سه‌ره‌كی بۆ ده‌ستپێكردنی دیالۆگ داناوه‌، یه‌كه‌میان ده‌رچوونی راگه‌یاندنێكی راشكاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كه‌ ره‌زامه‌ندی 92%ی كوردی به‌ده‌ستهێناوه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانش هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی ئه‌و داوایه‌ ده‌دات له‌ڕێی رایگه‌یاندنی ئه‌وه‌ی رێز له‌ راڤه‌كردنی دادگای فیدراڵی ده‌گرێت سه‌باره‌ت به‌ ناده‌ستووریبوونی ریفراندۆم، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ سیاسییه‌كان له‌ به‌غدا ده‌ڵێن راگه‌یاندنی رێزگرتن جیاوازه‌ له‌ راگه‌یاندنی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌.

 

هه‌رچی مه‌رجی دووه‌میشه‌ ئه‌وا بریتییه‌ له‌ سووربوونی حكومه‌تی فیدراڵی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ توركیا‌و ئێران‌و سوریا‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزی فیدراڵی به‌درێژایی پشتێنه‌ی سنووری، ئه‌مه‌ش مایه‌ی نیگه‌رانی كورده‌ له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ڕه‌شه‌ لێكردنیان له‌ ئاینده‌دا له‌ڕێی ئابڵووقه‌یه‌كی ئابوورییه‌وه‌، چونكه‌ به‌شێكی زۆری داهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و ده‌روازه‌ سنووریانه‌وه‌ دێت.

 

له‌و باره‌یه‌وه‌ عه‌بدوڵڵا حاجی سه‌عید كادری باڵای "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان" ده‌ڵێت: "قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ توركیا گه‌یشتووه‌ته‌ 20 ملیار دۆلار‌و له‌گه‌ڵ ئێرانیش 7 ملیار دۆلاره‌" ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ قه‌باره‌ی ئه‌و زیانه‌ی ره‌نگه‌ به‌ر هه‌رێم بكه‌وێت له‌كاتی ده‌ستبه‌رداربوونی له‌ ده‌روازه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حكومه‌تی فیدراڵی.

 

له‌چه‌ند رۆژی رابردووشدا هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كان هه‌ندێك گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، چونكه‌ كاتێك قه‌یرانه‌كه‌ ده‌ستیپێكرد پشتیوانی عه‌بادییان ده‌كرد‌و ره‌خنه‌یان له‌ كورد ده‌گرت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ زیادبوونی كاردانه‌وه‌ی زیاده‌ڕه‌وانه‌ی به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانه‌كه‌‌و گه‌یشتنی هێزه‌ فیدراڵییه‌كان‌و "حه‌شدی شه‌عبی" بۆ ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر‌و په‌رۆش نه‌بوونی عه‌بادی بۆ دیالۆگ، ده‌وڵه‌ته‌ گه‌وره‌كان به‌تایبه‌تیش وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و یه‌كێتیی ئه‌وروپا ده‌ستیانكرد به‌ گوشاركردن له‌ به‌غدا بۆ دیالۆگ‌و راگرتنی رێوشوێنه‌كان له‌دژی هه‌رێم.

 

به‌رپرسێكی باڵای حكومه‌تی فیدراڵی كه‌ پێی باش بوو ئاماژه‌ به‌ ناوی نه‌كرێت، به‌ "نیقاش"ی وت: "به‌مزووانه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێده‌كات، به‌ڵام گفتوگۆیه‌كی ئاسان نابێت ئه‌گه‌ر كورد هه‌ڵوێستی توندیان هه‌بێت، سه‌ره‌تاش گفتوگۆكان دۆسێی سه‌ربازی‌و دانانی نه‌خشه‌یه‌ك بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی هێزی فیدراڵی‌و پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر ئه‌و سنووره‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ له‌سه‌ری رێكده‌كه‌ون".

 

به‌ڵام به‌گوێره‌ی قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌، مه‌سه‌له‌كانی دیكه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌ به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت‌و به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان‌و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان‌و شێوازی حوكمكردنی كه‌ركوك ره‌نگه‌ هه‌ندێك كاتی بووێت.

 

رێكخستنی هه‌ڵبژاردن

بڕیاربوو له‌نیسانی رابردوودا هه‌ڵبژاردنی خۆجێیی له‌ وڵاتدا به‌ڕێوه‌بچێت، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق نه‌یتوانی رێكیبخات‌و حزبه‌كانی شیعه‌‌و سوننه‌‌و كوردیش رازی بوون به‌ دواخستن‌و یه‌كخستنی له‌گه‌ڵ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا كه‌ بڕیاره‌ له‌ ئایاری ساڵی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچێت.

 

دوای چه‌ند مانگێكیش له‌ مشتومڕی توند له‌ ناو په‌رله‌ماندا، په‌رله‌مانتاران توانیان كۆمسیۆنێكی نوێی هه‌ڵبژاردن ده‌ستنیشان بكه‌ن كه‌ وه‌ك هه‌میشه‌ ئه‌ندامه‌كانی سه‌ر به‌ حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وڵاتن، به‌ڵام كۆمسیۆن ره‌گه‌زی سه‌ره‌كی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو نییه‌، چونكه‌ ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ نوێیه‌ی له‌دوای جه‌نگی دژ به‌ داعش سه‌ری هه‌ڵداوه‌، ئاڵنگاریه‌كی نوێیه‌.

 

پێناچێت حزبه‌ سوننه‌كان په‌رۆش بن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ به‌هاری داهاتوودا، هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و شارانه‌ی به‌ پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری ئه‌و حزبانه‌ داده‌نرێن، به‌هۆی شه‌ڕه‌كانی دژ به‌ توندڕه‌وان به‌درێژایی سێ ساڵی رابردوو وێرانكراون‌و نیوه‌ی دانیشتووانه‌كه‌یان تا ئه‌مڕۆش ئاواره‌ی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كانیان بوون به‌هۆی فه‌وزای ئه‌منی‌و ترس له‌ ده‌ستگیركردنی زۆردارانه‌‌و هه‌ره‌سهێنانی خزمه‌تگوزاری‌و ژێرخانه‌وه‌.

 

په‌رله‌مانتار لقا وه‌ردی له‌ "هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقییه‌كان" (سوننه‌) به‌ "نیقاش"ی وت: "ده‌بێت حكومه‌ت پێداویستییه‌كانی هه‌ڵبژاردنێكی دیموكراتی دابین بكات ئه‌گه‌ر سووربێت له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دوای شه‌ش مانگی دیكه‌، مه‌عقول نییه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ پارێزگا سوننه‌ نشینه‌كان رێكبخرێت كه‌ هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی"یان تێدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌‌و ملیۆنان كه‌س له‌ دانیشتووانه‌كه‌شیان تا ئێستا له‌ كامپه‌كانی ئاواره‌یی له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كانیان ده‌ژین".

 

هه‌روه‌ك جه‌نگ له‌دژی داعش ته‌رازووی هێزی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی گۆڕیوه‌‌و چه‌ند پێكهاته‌یه‌كی چه‌كدار كه‌ به‌شداریان له‌ شه‌ڕه‌كاندا كردووه‌ ده‌یانه‌وێت ئاستی جه‌ماوه‌رییان بقۆزنه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ سیاسه‌تدا، وه‌ك ئه‌و گرووپه‌ شیعانه‌ی له‌ژێر سایه‌ی دامه‌زراوه‌ی "حه‌شدی شه‌عبی"دا كۆبوونه‌ته‌وه‌‌و پێكهاته‌ عه‌شایرییه‌كانی سوننه‌ كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن خۆیان وه‌ك جێگره‌وه‌ی حزبه‌ ته‌قلیدییه‌كان بناسێنن.

 

هه‌رچه‌نده‌ یاسای حزبه‌كان كه‌ ساڵی 2015 له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌‌و بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا جێبه‌جێ ده‌كرێت، رێگه‌ نادات پێكهاته‌ چه‌كدارییه‌كان به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌و گرووپانه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌ فێڵكردن له‌ یاسا ئه‌ویش له‌ڕێی خۆناونووسكردنیان وه‌ك حزب‌و به‌ناوی نوێوه‌، ئه‌وه‌ش مایه‌ی نیگه‌رانی حكومه‌ت‌و حزبه‌ ته‌قلیدییه‌كانه‌ كه‌ له‌ له‌ده‌ستدانی پێگه‌ی سیاسییان ده‌ترسن.

 

سه‌ره‌نجامیش هه‌ڵبژاردنی داهاتوو گرنگترین هه‌ڵبژاردن ده‌بێت بۆ وڵات له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ پاش له‌ناوبردنی داعش به‌ڕێوه‌ده‌چێت، هه‌رچه‌نده‌ شه‌ممه‌ی رابردوو عه‌بادی رایگه‌یاندبوو كه‌ هه‌ڵبژاردن له‌ واده‌ی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام حزبه‌ شیعه‌كان به‌ هه‌وڵدان بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردن‌و درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی كاری حكومه‌ت بۆ دوو ساڵ تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن.

 

قه‌یرانی دارایی‌و گه‌نده‌ڵی

دوای یه‌ك رۆژ له‌ راگه‌یاندنی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی راوه‌ له‌ ئه‌نبار دوا مۆڵگه‌ی داعش له‌ وڵاتدا له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقه‌وه‌، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران وتی: "شه‌ڕی داهاتوو له‌دژی گه‌نده‌ڵی ده‌بێت"، به‌ڵام ئه‌م شه‌ڕه‌ له‌ وڵاتێكدا كه‌ گه‌نده‌ڵی به‌درێژایی ده‌یه‌ی رابردوو چووه‌ته‌ هه‌موو جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ت، ئاسان نابێت، له‌كاتێكدا وڵات رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی دارایی خنكێنه‌ر بووه‌ته‌وه‌ به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت‌و ئه‌و زیانه‌ ماددییه‌ زۆره‌ی وڵات له‌ جه‌نگی دژ به‌داعش لێی كه‌وتووه‌.

 

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ پارێزگای كه‌ربه‌لا كه‌ رۆژی 11ی ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌چوو، وتی: "زیانی عێراق له‌ جه‌نگ دژی داعشدا گه‌یشتووه‌ته‌ 100 ملیار دۆلار".

 

عه‌بادی له‌هه‌موو كه‌س زیاتر قه‌باره‌ی ئه‌و ئاسته‌نگه‌ ئابوورییه‌ ده‌زانێت كه‌ رووبه‌ڕووی حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌ به‌ خه‌زێنه‌ی به‌تاڵی ده‌وڵه‌ته‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایی گرته‌ده‌ست‌و ئه‌وه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌ره‌سهێنانی نرخی جیهانیی نه‌وت له‌وڵاتێكدا داهاتی نیشتمانی به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی پشت به‌نه‌وت ده‌به‌ستێت، باش ده‌زانێت كه‌ كێشه‌ی ئابووری مه‌ترسیدارترینه‌.

 

سه‌رقاڵبوونی هه‌مووان به‌ جه‌نگ له‌دژی داعش بواری نه‌دا رۆشنایی بخرێته‌ سه‌ر ئه‌و قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ نهێنییه‌ی رووبه‌ڕووی وڵات بووه‌ته‌وه‌‌و كه‌س پرسیاری ئه‌وه‌ی نه‌كرد چۆن حكومه‌ت توانیویه‌تی به‌درێژایی سێ ساڵی رابردوو كاروباری وڵات رایی بكات، سه‌ره‌ڕای تێچووی زۆری جه‌نگ.

 

له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی جه‌نگیش به‌پرسانی عێراق ده‌ستیان كردووه‌ به‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌‌و هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌حمه‌د حاجی ره‌شید ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان رایگه‌یاند "عێراق 120 ملیار دۆلار قه‌رزداره‌‌و چاره‌نووسی وڵات له‌ مه‌ترسیدایه‌" هاوكات ئه‌یاد عه‌لاوی جێگری سه‌رۆك كۆمار رایگه‌یاند كه‌ قه‌باره‌ی قه‌رزه‌كان له‌وه‌ زیاتره‌و ده‌گاته‌ 133 ملیار دۆلار.

 

هه‌فته‌ی رابردووش حكومه‌تی عێراق ره‌شنووسی یاسای بودجه‌ی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان كرد كه‌ به‌گوته‌ی په‌رله‌مانتار هیلال سه‌هلانی كورتهێنانه‌كه‌ی ده‌گاته‌ 20%، له‌كاتێكدا ده‌نگۆی ئه‌وه‌ دزه‌ی كردووه‌ كه‌ حكومه‌ت به‌نیازه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت كه‌م بكاته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان 4 ملیۆن فه‌رمانبه‌ره‌.

 

هه‌روه‌ك حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ره‌خنه‌ی له‌ ره‌شنووسی بودجه‌كه‌ گرتووه‌ به‌هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی پشكه‌كه‌ی بۆ 12% كه‌ له‌ ساڵانی رابردوودا 17% بوو، ئه‌مه‌ش وای كرد په‌رله‌مانتارانی كورد كه‌ بایكۆتی په‌رله‌مانیان كردبوو، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دانیشتنه‌كان تا رێگه‌ بگرن له‌ ده‌نگپێدانی به‌و شێوه‌یه‌ به‌تایبه‌تی پاش ئه‌وه‌ی هه‌رێم ئه‌و داهاته‌ داراییه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ی له‌ده‌ستچوو كه‌ له‌ڕێی فرۆشتنی نه‌وتی كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وت.

 

هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتارانی سوننه‌ش به‌ تاسه‌وه‌ چاویان له‌ ته‌رخانكردنی ده‌رماڵه‌یه‌ بۆ پارێزگا وێرانكراوه‌كانیان كه‌ پێویستیان به‌ پاره‌ی ته‌رخانكراوی زیاتر له‌ جاران هه‌یه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان‌و دڵنیاكردنه‌وه‌ی دانیشتوانه‌ توڕه‌كانیان پێش هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ گفتوگۆكانی نێوان په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت سه‌باره‌ت به‌ بودجه‌ گه‌رم ده‌بێت.

 

ئاینده‌ی گرووپه‌ شیعه‌كان

چه‌ند رۆژێكه‌ باسی ئاینده‌ی گرووپه‌ شیعه‌كان كه‌ به‌ "حه‌شدی شه‌عبی" ناسروان، زیادیكردووه‌، چونكه‌ ده‌بێت عه‌بادی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هێزێكی چه‌كداری عه‌قایدی بكات كه‌ ژماره‌یان زیاتر له‌ 100 هه‌زار چه‌كداره‌، ئه‌گه‌ر سوپاش بچێته‌ سه‌نگه‌ره‌كانی‌و پۆلیسیش بۆ بنكه‌كانی له‌ ناوچه‌كاندا، كه‌واته‌ گرووپه‌ شیعه‌كان بۆ كوێ ده‌چن‌و ئه‌ركی نوێیان چی ده‌بێت؟

 

گرووپه‌ شیعه‌كان دابه‌شبوون بۆ سێ به‌ش، ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ ئێرانن‌و له‌ڕووی ئاینییه‌وه‌ په‌یوه‌ستن به‌ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێران‌و ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌ عه‌لی سیستانین له‌ نه‌جه‌ف‌و ئه‌وانه‌ش كه‌ سه‌ر به‌ حزبه‌ عێراقییه‌ شیعه‌كانن وه‌ك ره‌وتی سه‌در به‌ سه‌ركردایه‌تی موقته‌دا سه‌در‌و "ره‌وتی‌ حیكمه‌" به‌ سه‌ركردایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم.

 

گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران جیاوازن له‌وانی دیكه‌ به‌وه‌ی به‌هێزتر‌و پڕچه‌كترن‌و له‌ سه‌ر ئاستی میللی به‌ "حه‌شدی وه‌لائی" ناسراون واته‌ ئه‌وانه‌ی دڵسۆزییان بۆ رژێمی ویلایه‌تی فه‌قیهه‌ له‌ ئێران‌و پێشیانوایه‌ عێراق‌و سوریا یه‌ك به‌ره‌یه‌‌و دووپاتیشی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ بوونیان به‌رده‌وام ده‌بێت، ئه‌مانه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی 20 پێكهاته‌ی سه‌ربازییه‌ كه‌ دیارترینیان رێكخراوی "به‌در"‌و "عه‌سائیب ئه‌هل لحه‌ق"‌و "كه‌تائیب حزبوڵڵا"‌و "سه‌رایا خۆراسانی"‌و "نوجه‌با"‌و "كه‌تائیب ئیمام عه‌لی"‌و "كه‌تائیب سه‌یدولشوهه‌دا"‌و "كه‌تائیب ته‌یار لریسالی"‌و "لیوا ئه‌سدوڵڵا ئه‌لغالب"‌و "قوات ئه‌بو فه‌زڵ لعه‌باس"ن.

 

ئه‌و پێشنیارانه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی گرووپه‌ شیعه‌كان رایگه‌یاندووه‌ به‌ وه‌رگرتنی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی خوازیارن بچنه‌ ریزی سوپا‌و پۆلیس‌و ئه‌وانی دیكه‌ش پاداشت بكرێن‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ژیانی مه‌ده‌نی، له‌لایه‌ن گرووپه‌كانی نزیك له‌ ئێران به‌ته‌واوی ره‌تده‌كرێنه‌وه‌، هاوكات وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كان گوشار له‌ عه‌بادی ده‌كات بۆ كۆتاییهێنان به‌و دۆسێیه‌.

 

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌وه‌شه‌وه‌ گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ مه‌رجه‌عی شیعه‌ عه‌لی سیستانی كه‌ دیارترینیان "فیرقه‌ی جه‌نگی عه‌باس"‌و گرووپی "سه‌رایا سه‌لام"ی سه‌ر به‌ پیاوی ئاینی موقته‌دا سه‌دره‌، رێز له‌ بڕیاره‌كانی حكومه‌ت ده‌گرن‌و به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری كارده‌كه‌ن‌و ئاماده‌ییان راگه‌یاندووه‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خۆیان له‌دوای له‌ناوبردنی داعش، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ مانگی ته‌مموزی رابردوو یه‌كه‌م فیرقه‌ی سه‌ربازی سه‌ر به‌ سیستانی تێكه‌ڵ به‌ سوپای عێراق كرا.

 

عه‌بادی كه‌ له‌ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌واییدا سه‌ركه‌وتووبوو له‌وه‌ی له‌ دۆسێ ئاڵۆزه‌كاندا داره‌كه‌ له‌ ناوه‌ڕاسته‌وه‌ بگرێت‌و خۆی به‌دووربگرێت له‌ ناكۆكی له‌گه‌ڵ كوتله‌ سیاسییه‌كان‌و خواسته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ ناكۆكه‌كان به‌تایبه‌تی له‌نێوان ئه‌مریكا‌و ئێراندا، ئێستا ده‌چێته‌ قۆناغی یه‌كلاكردنه‌وه‌‌و پێویسته‌ به‌ر له‌ كۆتاییهاتنی ویلایه‌ته‌كه‌ی بڕیاری چاره‌نووسساز بدات، ره‌نگه‌ ئه‌و بڕیارانه‌ش به‌دڵی هه‌مووان نه‌بن، له‌كاتێكدا ئه‌و هه‌وڵی پارێزگاریكردن له‌ ئاستی جه‌ماوه‌ری خۆی ده‌دات بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌ده‌ستهێنانی ویلایه‌تێكی نوێ.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌