مه‌سعود بارزانی رۆژی یه‌كی ئه‌م مانگه به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی ده‌ستبه‌رداری پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بوو، به‌مه‌ش دوا سومبولی شاخ له‌نێو كۆڵه‌كه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی كوردستاندا كۆتایی هات.
له‌كوردستان "نه‌وه‌ی شاخ" به‌و سه‌ركرده سهربازیو سیاسیانه ده‌وترێت كه له‌ساڵانی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه‌وه له‌نێو كایه‌ی خه‌باتدا بوون‌و دوای راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 جڵه‌وی فه‌رمانڕه‌واییان له‌كوردستان گرتووه‌ته ده‌ست، ئه‌مانه دیارترینیان جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكۆماری پێشوتری عێراق‌و مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ههرێمو نه‌وشیروان مسته‌فای رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوون كه گه‌وره‌ترین بزوتنه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن بوو له‌كوردستان، یهكهمو سێهه‌میان به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه كۆچی دواییان كردوو دوههمیشیان هێشتا له‌ژیاندایه‌و خۆی ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بوو.
له‌ماوه‌ی 26 ساڵی فه‌رمانڕه‌وایی كوردیدا سه‌ره‌داوی هه‌موو بڕیاره‌كان به‌ده‌ست ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی شاخه‌وه بووه، به‌ڵام ئه‌مساڵ جه‌لال تاڵهبانیو نه‌وشیروان مسته‌فا كۆچی دواییان كرد‌و مه‌سعود بارزانی وه‌ك تاكه فه‌رمانڕه‌وای ئه‌و نه‌وه‌یه مایه‌وه.
بارزانی كاتێك بڕیاری وازهێنانیدا، له‌باڵاترین پۆستی ئیداریی‌و سیاسی‌و سه‌ربازی هه‌رێمی كوردستاندا بوو، هه‌رچی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی هه‌بوو دابه‌شیكرد به‌سه‌ر حكومه‌تی ههرێمو پهرلهمانو ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریدا، كه دوانی یه‌كه‌میان "نه‌وه‌ی شار" به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن.
ده‌سته‌واژه‌ی "نه‌وه‌ی شار" به‌و گروپه سیاسییه ده‌وترێت كه راسته‌وخۆ به‌شداری شۆڕشه‌كانی كوردستان نهبوونو زیاتر لهشارهكانو له‌ده‌ره‌وه‌ی عێراق گه‌وره‌بوون، ئه‌مانه به‌شێكیان هه‌ر نه‌وه‌و خزم‌و كهسو كاری سه‌ركرده‌كانی شاخن، به‌ڵام به‌شێكی تریان بارودۆخی سیاسی جیاواز به‌و پۆسته‌ی گه‌یاندوون.
نه‌وه‌ی دووه‌می دوای مه‌سعود بارزانی له‌ناو پارتی دیموكراتی كوردستان، بریتین لهنێچیرهڤان بارزانی برازا‌و مه‌سرور بارزانی كوڕی مه‌سعود بارزانی، ئه‌مانه یه‌كه‌میان سه‌رۆكی حكومهتو دووهه‌میان سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی كوردستانه.
به‌هه‌مان شێوه نه‌وه‌ی دووه‌می دوای جه‌لال تاڵه‌بانی بریتین لهقوبادو پاڤێڵ تاڵه‌بانی كوڕی مامجهلالو لاهوری شێخ جه‌نگی برازانی تاڵه‌بانی، ئه‌مانه‌ش یه‌كه‌میان جێگری سه‌رۆكی حكومهتو دوانه‌كه‌ی تریش لهسلكه ئه‌منییه‌كاندا باڵاده‌ستن.
كه‌واته ئێستا به‌فیعلی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی حوكمداریی كه‌وتووه‌ته ده‌ست ئه‌م نه‌وه نوێیه كه ره‌نگه له‌بیركردنه‌وه‌و دنیابینیدا جیاوازی له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی یه‌كه‌م هه‌بێت.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كه خۆی له‌سه‌ر "نه‌وه‌ی شاخ" حیسابه به"نیقاش"ی وت "خه‌ریكه نزیك ده‌بینه‌وه له‌قۆناغی كۆتاییهاتنی سه‌ركرده كاریزماییه‌كان ئه‌و سه‌ركردانه‌ی له‌مه‌دوا په‌یدا ده‌بن ناكاریزمایینو پێویسته سیاسهتو حزبایهتیو گه‌نده‌ڵی لێك جیابكه‌نه‌وه، ئه‌گه‌ر توانیان ئه‌و كاره بكه‌ن خه‌می سه‌ره‌كی ئه‌م نه‌وه نوێیه بریتی ده‌بێت لهخۆشگوزهرانیو ئاشتیخوازی به‌ده‌ستهێنانیشی ئاشتیانه ده‌بێت".
له‌ئێستادا هاوه‌ڵانی "نه‌وه‌ی شاخ" زۆربه‌یان له‌نێو حیزبه كوردییه‌كاندا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی‌و قسه رۆیشتوون، به‌ڵام به‌فیعلی بڕیاری حوكمڕانی كه‌وتووه‌ته ده‌ست نه‌وه‌ی دووه‌م.
ئه‌م نه‌وه نوێیه راسته له‌به‌شێكی گرنگی "سهركهوتنو شكست"ی نه‌وه كۆنه‌كه‌دا به‌شداره، به‌ڵام هه‌ندێجار له‌كوردستان هیوای ئه‌وه‌یان لێده‌بینرێت كه گۆڕانكارییه‌ك له‌بیركردنه‌وه‌ی سیاسی‌دا بكهنو ده‌ستبه‌رداری نه‌ریتی "عینادی سیاسی" ببن كه هۆكاری به‌شێكی دیاری كێشه‌كانی كوردستانه.
جیاوازییه‌كی دیكه‌ی نێوان ئه‌م دوو نه‌وه‌یه ئه‌وه‌یه كه نه‌وه‌ی یه‌كه‌م بانگه‌شه‌ی گرنگیدا به"پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان" دهكهنو نه‌وه‌ی دووه‌میش "خزمه‌تی خه‌ڵك"یان كردووه‌ته دروشم‌و كه‌متر پێداگرن له‌سه‌ر بابه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
ئاری هه‌رسین ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان كه ئه‌میان له‌سه‌ر "نه‌وه‌ی شار" حیسابه به"نیقاش"ی وت "گرنگ نییه ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر حوكمه كوڕی شاخه یان شار، گرنگ سیستمی بیركردنه‌وه‌یه‌تی، نه‌وه‌ی دوای راپه‌رینیش هه‌یه سیستمی بیركردنه‌وه‌ی پوچه‌ڵه".
ئاری هه‌رسین وتیشی "پرسی نهتهوهییو خزمه‌تكردنی خه‌ڵك له‌یه‌كتر جیاناكرێته‌وه‌و ده‌بێت ته‌ریب به‌یه‌ك بن، مامه‌ڵه‌كردنی نه‌وه نوێكهش له‌گه‌ڵ واقعی كوردستان‌و كێشه‌كانی ئه‌ركێكی قورسه".
ره‌نگبێ یه‌كێك له‌وانه‌ی سه‌رقافڵه‌ی ئه‌م گۆڕانكارییه بووبێت، نه‌وشیروان مسته‌فای رێكخه‌ری گشتی گۆڕان بێت، چونكه ئه‌و له‌ساڵی 2009ه‌وه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌ستپێكرد كه پایه‌ی حوكمڕانی ده‌بێت بدرێت به‌گه‌نجانو "نه‌وه‌ی شار"، هه‌ر به‌فیعلیش چه‌ندین وه‌زیری گه‌نجی برده حكومه‌ته‌وه‌و یوسف محه‌مه‌دی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان‌و ئارام شێخ محه‌مه‌دی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق كه هه‌ردوكیان سه‌ر به‌و بزوتنه‌وه‌یان، له"نه‌وه‌ی شار"ن.
ورده ورده هه‌رچی حیزبه‌كانی تره هه‌مان شوێنپێیان هه‌ڵگرته‌وه‌و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی گهنجو نه‌وه‌ی شار له‌باقی حیزبه‌كانی تری كوردستانه‌وه ده‌ركه‌وتن.
رێبوار حه‌مه‌د وته‌بێژی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به"نیقاش"ی وت "ئێستا سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامی تێكه‌ڵه‌یه‌كه لهسهكردهكانی شاخ‌و نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین، ئه‌و نه‌وه‌یه له‌ناوه‌نده‌كانی بڕیارداندانو وه‌زیرو په‌رله‌مانتاریشیان هه‌یه، ئه‌وه به‌شێكه له‌تێڕوانینی ئێمه بۆ ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات".
هه‌رچه‌نده ئه‌و نه‌وه نوێیه‌ی ئێستا پۆسته ئیداریی‌و سیاسییه‌كانی هه‌رێمی گرتووه‌ته ده‌ست، به‌ته‌واوی نه‌چووه‌ته تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌م قۆناغه‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌به‌شێكی گرنگی بڕیاره‌كانی نه‌وه‌ی پێشوودا به‌شداربوون، بۆیه لۆمه‌ی ئه‌وه ده‌كرێن كه ئه‌وانیش خه‌تابارن له‌مه‌ینه‌تییه‌كانی كوردستاندا.
ئه‌م نه‌وه‌یه "نه‌وه‌ی شار" هه‌شت مانگی له‌به‌رده‌ستدایه تا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی داهاتوو بۆ ئه‌وه‌ی توانا‌و لێوه‌شاوه‌یی خۆی پیشان بدات‌و به‌بێ وجودی "نه‌وه‌ی شاخ" بڕیار بدات، به‌ڵام ئه‌مانیش له‌به‌رده‌م دوو تاقیكردنه‌وه‌ی قورسدان، یه‌كه‌میان دابینكردنی بژێوی‌و موچه‌ی هاوڵاتیانو دووه‌میشیان رێگری له گوشاری زیاتری به‌غدا بۆ بچوككردنه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان.
د ئه‌مین فه‌ره‌ج مامۆستای زانسه سیاسیه‌كانی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له‌هه‌ولێر پێیوایه "نه‌وه‌ی شاخ" به"شه‌رعیه‌تی شۆرشگێڕی"ه‌وه ده‌ستكه‌وتی سیاسی ده‌ویست، به‌ڵام نه‌وه‌ی نوێ ده‌بێت به پڕۆژه خزمه‌ت به هاوڵاتیان بكات.
ئه‌و بۆ "نیقاش" وتی "گرنگ ئه‌وه‌یه هاوڵاتیانی هه‌رێم گه‌یشتبنه ئه‌و ئاسته رۆشنبیریهی بتوانن نه‌وه كلاسیكیه‌كه‌ی پێشوو له‌رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه تێبپه‌ڕینن، چونكه ئێستا خه‌ڵكی خۆشگوزه‌رانیان ده‌وێت".
هه‌ردوو نه‌وه‌كه له‌كوردستان پشكی سهركهوتنو دۆڕانیان پێده‌بڕێت، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵكی چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن بزانن ئاخۆ نه‌وه تازه‌كه‌ی شار ده‌توانێت گۆڕانكارییه‌ك له‌كوردستاندا بكات كه به"نه‌وه‌ی شاخ" نه‌چووه سه‌ر؟