راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عه‌بادی‌ فه‌یسبوكی‌ پڕ كردووه‌ له‌نوكته‌
كورد به‌گاڵته‌‌و گه‌پ شكسته‌ سیاسیه‌كانی‌ ده‌شارێته‌وه‌

مەعاز فەرحان
ئه‌و شكست‌و پاشه‌كشه‌یه‌ی‌ ئه‌مدواییه‌ به‌سه‌ر كورددا هات، راسته‌ به‌شی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ نیگه‌رانكردووه‌، به‌ڵام كه‌سانێكیش هه‌ن ده‌یانه‌وێت له‌رێی‌ نوكته‌و ته‌نزه‌وه‌ ئه‌و دۆڕانه‌ بشارنه‌وه‌.
9.11.2017  |  سلێمانی
یەکێک لەنوکتەکان
یەکێک لەنوکتەکان

"حه‌یده‌ری‌ عه‌بادی‌ ده‌ڵێت: هه‌ر گه‌نجێك دوو كه‌پڵی‌ هه‌بێت، به‌ده‌ستوور مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ین‌و ده‌بێت یه‌كێكیان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ فیدڕاڵی‌"، ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌و نوكتانه‌ی‌ ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌ربڵاو له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌كوردستان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كرێت، وه‌ك هێمایه‌ك بۆ باڵاده‌ستی‌ عه‌بادی‌ كه‌ ده‌یه‌وێت هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌كوردستان بسه‌نێته‌وه‌و بیخاته‌وه‌ ژێر ركێفی‌ به‌غدا.

 

هه‌ر كه‌ حكومه‌تی‌ عێراق رێوشوێنی‌ نوێی‌ گرته‌به‌ر به‌رامبه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ده‌ستی‌ به‌سه‌ر بیره‌ نه‌وته‌كاندا گرت‌و گه‌شتی‌ فرۆكه‌خانه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ راگرت‌و داوای‌ داهاتی‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌كانیشی‌ كرد، ده‌رگای‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ له‌نوكته‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك كرایه‌وه‌.

 

رووداوه‌كانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر ئه‌گه‌ر بۆ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مایه‌ی‌ شكستی‌ حكومڕانی‌‌و به‌لای‌ به‌رپرسانی‌ به‌غداشه‌وه‌ واتای‌ سه‌ركه‌وتن بێت، ئه‌وا بۆ به‌شێكی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌دیوێكی‌ دیكه‌دا خوێندنه‌وه‌یان بۆ كرا‌و به‌نوكته‌‌و ته‌نز به‌شێك له‌ئازاری‌ له‌ده‌ستدانی‌ خاك كه‌مكرایه‌وه‌.

 

شێخه‌ ره‌سوڵ، به‌شدارێكی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌، له‌پۆستێكدا قسه‌ی‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردبوو هه‌رچه‌نده‌ كوردبوون پڕ له‌ئازار‌و ناڕه‌حه‌تیه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵیشیدا خه‌نده‌‌و پێكه‌نینی‌ تێدایه‌، ئه‌و له‌گه‌ڵ نوسینه‌كه‌یدا وێنه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی‌ دیاری‌ كوردی‌ دانابوو كه‌ چه‌ندین كچه‌ گۆرانیبێژی‌ پێگه‌یاندووه‌، له‌سه‌ر وێنه‌كه‌شی‌ نوسیبوو گوایه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ داوای‌ له‌و هونه‌رمه‌نده‌ كردووه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی‌ پێی‌ گه‌یاندوون راده‌ستی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ بكاته‌وه‌و ته‌نیا یه‌ك دانه‌ لای‌ خۆی‌ بهێڵێته‌وه‌.

 

شێخه‌ ره‌سوڵ ده‌ڵێت "هه‌ر شتێكی جدی بڵێی ئه‌گه‌ر شیكارییه‌كی جوانیش بێت، ده‌چێته‌ ناو ئه‌و ده‌نگه‌ده‌نگه‌وه‌ كه‌ كه‌شه‌ سیاسیه‌كه‌ دروستیكردوه‌".

 

شێخه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "نرخی قسه‌ی جدی نه‌ماوه‌و كه‌س گوێی بۆ ناگرێت، بۆیه‌ به‌دیلی ئه‌وه‌ بریتیه‌ له‌ باس كردنی ئه‌و بابه‌تانه‌ به‌شێوه‌ی ته‌نزو كۆمیدیاو گاڵته‌جاڕی، ئه‌وه‌یان لانی كه‌م وه‌ك نوكته‌ ده‌چێته‌ ناو خه‌ڵك".

 

له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك به‌ده‌یان په‌یج هه‌ن، كه‌ تایبه‌تن به‌پۆستی‌ كۆمیدی‌‌و نوكته‌‌و به‌هه‌زاران هه‌واداریان هه‌یه‌، ئه‌وان رووداوه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌ی‌ كوردستانیان به‌ده‌رفه‌ت زانی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ نوكته‌ی‌ جۆراوجۆر دروستبكه‌ن.

 

"عه‌بادی داوای داهاتی گه‌راجی به‌غداو تێرمیناڵی شاره‌زور ده‌كات – دوو وێستگه‌ی‌ گواستنه‌وه‌ی‌ نه‌فه‌رن له‌سلێمانییه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان‌و عێراق-"، یاخود "ئه‌وه‌ی ژنی عه‌ره‌بی هه‌یه‌ ده‌بێت ڕاده‌ستی به‌غدای بكاته‌وه‌"، ئه‌مانه‌ دوو له‌و پۆستانه‌ی‌ په‌یجی‌ "سیخورمه‌"ن كه‌ له‌كاتی‌ بارگرژییه‌كانی‌ نێوان به‌غدا‌و هه‌ولێردا پۆستی‌ كردن.

 

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌یجه‌كه‌ _په‌یجێكی‌ كۆمیدی‌‌و ته‌نز ئامێزه‌‌و له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك زیاتر له‌ 300 هه‌زار فان‌و فه‌له‌وه‌ری‌ هه‌یه‌_، له‌باره‌ی‌ ئه‌م دوو پۆسته‌وه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "یه‌كه‌میان مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت سیاسیه‌كان تا زووه‌ فریای خۆیان كه‌ون خه‌ڵكه‌كه‌ چیتر پشتگیری كه‌سه‌ هه‌ڵه‌كان ناكات ده‌بێت به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌، ته‌نزیی‌ دووه‌میش مه‌به‌سته‌كه‌ی‌ مه‌سوله‌كانه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌وێ ژنی عه‌ره‌بیان هێناوه‌".

 

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌یجی‌ سیخورمه‌ كه‌ خۆی‌ داوایكرد ناوی‌ بڵاونه‌كرێته‌وه‌ به‌تێكه‌ڵه‌كه‌یه‌ك له‌جدیه‌ت‌و گاڵته‌وه‌ قسه‌ی‌ بۆ "نیقاش" كردو وتی‌ "ئێمه‌ هه‌ین بۆ نێوه‌ندگیری‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگاوی بونی حیزبایه‌تی له‌سه‌ر ئه‌م خه‌ڵكه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ین شكستی لایه‌نه‌كان به‌كۆمیدیایه‌كی مه‌به‌ست پێشكه‌ش بكه‌ین، ئه‌و ته‌علیق‌و قسانه‌ی ئێمه‌ به‌رامبه‌ر به‌رپرس‌و لێپرسراوه‌كان ده‌یكه‌ین كه‌ بیخوێننه‌وه‌ ده‌بی كۆڵێ ته‌ریق ببنه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ پێده‌كه‌نن‌و خۆیان لێ گێل ده‌كه‌ن".

 

ئه‌گه‌رچی‌ فانه‌كانی‌ په‌یجی‌ سیخورمه‌، واده‌زانن په‌یجه‌كه‌ بۆ گاڵته‌كردن‌و كات به‌سه‌ربردنه‌، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه‌ی‌ كاره‌كه‌یان "به‌شۆڕشێك" ناوده‌بات بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ گه‌نجان.

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی‌ "به‌رده‌وام ده‌بین له‌م شۆڕشی به‌ئاگا هاتنه‌وه‌ی گه‌نجان‌و به‌خۆ هێنانه‌وه‌یان تا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌نجام، نابێ گه‌نجان چیتر بڕوا به‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌ فریوی داون‌و خۆی له‌خۆشترین ژیان‌و سه‌فه‌ر ده‌ژی ئه‌میش پێنج هه‌زاری له‌گیرفانیدا نیه‌".

 

ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم له‌25ی‌ ئه‌یلولدا درزی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نێوان حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و حكومه‌تی‌ عێراقی‌ فراوانكرد، به‌غدا كۆمه‌ڵێك رێوشوێنی‌ گرته‌به‌ر تا كار گه‌یشت به‌وه‌ی‌ له‌ 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر‌و ڕۆژانی‌ دواییدا ده‌ست به‌سه‌ر كه‌ركوك‌و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كاندا بگرێت كه‌ زۆربه‌ی‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌و سنورانه‌دان، پێش ئه‌وه‌ش به‌غدا گه‌شتی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ فرۆكه‌خانه‌كانی‌ هه‌ولێر‌و سلێمانی‌ راگرتبوو.

 

ئه‌م رووداوانه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆیی‌ كوردستان، كاردانه‌وه‌ی‌ جۆراوجۆریان به‌دوای‌ خۆیاندا هێنا‌و هێزه‌ سیاسیه‌كان تۆمه‌تی‌ خیانه‌ت‌و شكستی‌ حكومڕانیان خسته‌ پاڵ یه‌كتر، به‌ڵام قسه‌‌و باسی‌ نێو شه‌قام‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌جۆرێكی‌ دیكه‌ بوو.

 

عومه‌ری‌ كه‌ریم ئاغا كه‌ ده‌یان ساڵه‌ له‌بواری‌ نواندندا كار ده‌كات‌و ئه‌كته‌رێكی‌ دیاری‌ كۆمیدیه‌ له‌كوردستان، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و نوكتانه‌ی‌ دروستكراون په‌یوه‌ندی‌ به‌حكومڕانی‌ خراپی‌ ئێره‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌گه‌ربه‌رپرسانی‌ هه‌رێم ئه‌وان باشبونایه‌ ئاوها نوكته‌یان له‌سه‌ر نه‌ده‌كرا".

 

ئاغا، وتیشی‌ "هه‌موو شتێك‌و كۆمیدیاش له‌كاتی‌ ئاشتیدا دێته‌ به‌رهه‌م، له‌كاتی‌ شه‌ڕ‌و ئاشوبدا شته‌كان هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌".

 

ئه‌م بۆچوونه‌ له‌لایه‌ن زۆربه‌ی‌ زۆری‌ ئه‌كته‌رو كه‌سه‌ كۆمیدییه‌كانی‌ دیكه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرێت، ئه‌وان پێیان وایه‌ سیاسه‌تمه‌دارانی‌ كورد سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌بڕیاره‌كانیدا بۆیه‌ ئاوها خه‌ڵكی‌ سه‌ری‌ كردووه‌ته‌ سه‌ریان.

 

زانیار جومعه‌، ئه‌كته‌رێكی‌ كۆمیدیی شاری‌ كه‌ركوكه‌و چه‌ند ساڵێكه‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك له‌ڕێگه‌ی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ گرته‌ ڤیدیۆی‌ كۆمیدیه‌وه‌ كه‌ هه‌ر خۆی‌ كار ده‌رهێنان‌و نواندنیان بۆ ده‌كات، ره‌خنه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم ده‌گرێت.

 

زانیار جومعه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "بۆیه‌ به‌م شێوه‌یه‌ كار ده‌كه‌م، چونكه‌ خۆم ئه‌كته‌رێكی كۆمیدیام، كۆمیدیاش ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تیه‌كانی خه‌ڵك نه‌بێت گوێی بۆناگیرێت".

 

ئه‌و پێداگری‌ كرد له‌وه‌ی‌ "ئه‌م شێوازه‌ كاریگه‌رتره‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كێشه‌ی رۆژانه‌ی خه‌ڵكدایه‌، ئه‌وه‌تا مێژوی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌شێوازی كۆمیدی كاریان كردووه‌ تائێستا ناویان هه‌ر ماوه‌".

 

زانیاری‌ جومعه‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌ش به‌شداری‌ فیستیڤاڵێكی‌ سه‌ر شه‌قامی‌ كرد، له‌شارۆچكه‌ی‌ ده‌ربه‌ندیخانی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ سلێمانی‌ به‌ڕێوه‌چوو، ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ هه‌رێم‌و توانجی‌ له‌ده‌ستدانی‌ كه‌ركوكی‌ تێگرتبوون.

 

جگه‌ له‌نوكته‌ دروستكردن له‌سه‌ر بریاره‌كانی‌ حه‌یده‌ری‌ عه‌بادی‌، به‌شێكیش نوكته‌كانیش توانج گرتن بوو له‌به‌رپرسه‌ باڵاكانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی‌ به‌شداربوون له‌پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆمدا.

 

گۆران عه‌لی‌ كه‌ریم مامۆستای‌ په‌یمانگای‌ هونه‌ره‌ جوانه‌كانی‌ سلێمانی‌ بۆ "نیقاش"ی‌ رونكرده‌وه‌ "ئه‌مه‌ی‌ كه‌ هه‌یه‌ جۆرێكه‌ له‌گاڵته‌كردن به‌دیمه‌نێك یان ڕووداوێك، ئه‌مه‌ له‌ زۆر شوێنی‌ دونیادا هه‌یه‌ ئه‌م شێوازی‌ گاڵته‌كردنه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ناچێته‌ ناو قاڵبی‌ كۆمیدیای‌ ته‌واوه‌تیه‌وه‌".

 

وتی‌ "هه‌ندێكجار كۆمیدیا دیوێكی‌ دیكه‌ی‌ ڕووداوه‌كان پیشانده‌دات، جاری‌ واهه‌یه‌ دیمه‌نێك زۆر تراژیدیه‌ به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی‌ كۆمیدی‌ ته‌عبیر ده‌كرێت".

 

"وه‌كو به‌سه‌رهاتی‌ پیاوه‌ كه‌ركوكیه‌كه‌ كه‌ وتی‌ مه‌شروب نیه‌، به‌قه‌د ئه‌و ڕووداوه‌ ناخۆشه‌ی‌ به‌سه‌ر كه‌ركوكدا هات چووه‌ ناو خه‌ڵكه‌وه‌، ئه‌مه‌ دیوێكی‌ تری‌ ڕووداوه‌كه‌یه‌‌و پێشبینی‌ نه‌كراوه‌، كۆمیدیا به‌رده‌وام دیوه‌ هه‌ڵگه‌ڕاوه‌كه‌ی‌ واقیعه‌". گۆران عه‌لی‌ وای‌ وت.

 

له‌دوای‌ كۆنترۆڵكردنی‌ كه‌ركوك له‌لایه‌ن سوپای‌ عێراق‌و حه‌شدی‌ شه‌عبیه‌وه‌، ده‌ركه‌وتنی‌ پیاوێكی‌ كه‌ركوكی‌ له‌یه‌كێك له‌كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كاندا كه‌ باسی‌ له‌وه‌ده‌كرد دۆخی‌ شاره‌كه‌ ئارامه‌، به‌ڵام كێشه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌ به‌وه‌ی‌ "مه‌شروبی‌" ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌.

 

ئه‌م گرته‌یه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌نگدانه‌وه‌ی‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێنا‌و هێنده‌ی‌ له‌ده‌ستدانی‌ كه‌ركوك قسه‌ی‌ له‌سه‌ر كرا.

 

خه‌ڵكی‌ كوردستان ئه‌گه‌رچی‌ خه‌میان بۆ له‌ده‌ستدانی‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان خوارد، به‌ڵام پێده‌چێت به‌نوكته‌ گوزارشتكردن له‌دۆخه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌وه‌ بێت ماوه‌یه‌كی‌ زۆره‌ ره‌خنه‌یان له‌ئیداره‌دانی‌ هه‌رێمه‌كه‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌.

 

رایان عوسمان توێژه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌، پێیوایه‌ له‌ناو كوردا هه‌رچه‌ند دۆخه‌كه‌ش تراژیدی بێت، به‌ڵام بۆ ده‌ربڕین خه‌ڵكی‌ په‌نا بۆ كۆمیدیا ده‌به‌ن.

 

به‌وته‌ی‌ ئه‌و توێژه‌ ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی‌ به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كورد نه‌هامه‌تی‌ زۆری‌ به‌سه‌ر هاتووه‌و ده‌یه‌وێت له‌رێی‌ ته‌نزه‌وه‌ كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی‌ سه‌ر شانی‌ كه‌م بكاته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌