راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رۆڵی ژنان له‌پاشه‌كشه‌دایه‌
به‌یاساییكردنی هاوسه‌رگیری كچانی منداڵ عێراقییه‌كان توڕه‌ ده‌كات

موسته‌فا حه‌بیب
نوشستی ژنانی عێراق، ئه‌و ناونیشانه‌ دیاره‌یه‌ كه‌ ناوه‌نده‌ سیاسی‌و میللییه‌كانی عێراقی داگیركردووه‌ له‌دوای بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان بۆ هه‌مواركردنی ئه‌و یاسا كۆنه‌ی كاروباری هاوسه‌رگیری رێكده‌خات.
9.11.2017  |  به‌غدا
 ( :وێنه احمد فلاح )
( :وێنه احمد فلاح )

ده‌نگدانی په‌رله‌مانی عێراق بۆ بڕیاری هه‌مواركردنی یاسای باری كه‌سێتی له‌وڵات له‌ 30ی تشرینی‌ یه‌كه‌می رابردوودا، شه‌پۆلێك توڕه‌یی توندی له‌نێو عێراقییه‌كاندا هێنایه‌ ئاراوه‌ كه‌ له‌به‌رده‌م هه‌موو ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بیدا شانازی به‌م یاسایه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌وپێیه‌ی باشترین یاسایه‌ مافی زۆری دابێت به‌ژنان له‌مه‌سه‌له‌كانی هاوسه‌رگیری‌و میرات‌و له‌خۆگرتنی منداڵاندا.

 

یه‌كه‌م یاسای باری كه‌سێتی مه‌ده‌نی له‌ عێراق له‌ ساڵی 1959 به‌ ژماره‌ 188ده‌رچووه‌‌و تا ئه‌مڕۆش به‌ركاره‌‌و پشت به‌چه‌ند حوكمێك ده‌به‌ستێت كه‌ له‌شه‌ریعه‌تی ئاینییه‌كان‌و یاسا شارستانییه‌كان وه‌رگیراوه‌‌و به‌بێ لایه‌نگیری مه‌زهه‌ب‌و ئاینه‌كانی تێكه‌ڵ كردووه‌.

 

له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌دام حسێنی سه‌رۆكی كۆچكردوویش ئه‌نجومه‌نی حوكم كه‌ له‌دوای هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌شێك له‌ به‌رێوه‌بردنی عێراقی گرته‌ده‌ست، بڕیاری ژماره‌ 137ی ده‌كرد كه‌ داواده‌كات ئه‌م یاسایه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌‌و سه‌رله‌نوێ كار به‌ دادوه‌ری مه‌زهه‌بی بكرێت، به‌ڵام دوای ده‌رچوونی بڕیاره‌كه‌ به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ ساڵی 2004دا هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌ ئه‌ویش له‌دوای ئه‌و خۆپیشاندانه‌ به‌رفراوانانه‌ی ئه‌و داوایه‌یان ده‌كرد.

 

حزبه‌ ئیسلامییه‌ شیعه‌‌و سوننه‌كان دواتر ده‌یانجار هه‌وڵی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاساكه‌یان دا‌و هه‌موویان به‌هۆی گوشاری رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌رێی خۆپیشاندانی جه‌ماوه‌ری به‌رفراوانه‌وه‌، شكستیان هێنا، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مجاره‌ سه‌ركه‌وتووبووبن له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌م بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاساكه‌، هه‌رچه‌نده‌ ره‌نگه‌ هه‌مواركردنی چه‌ند مانگێكی دوور‌ودرێژ بخایه‌نێت.

 

شروق عه‌بایچی په‌رله‌مانتاری "ره‌وتی مه‌ده‌نی" له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "خواستی حزبه‌ ئیسلامییه‌كان بۆ هه‌مواركردنی یاساكه‌ سه‌رپێچی ده‌ستووری‌و یاسایی مه‌ترسیدار له‌خۆده‌گرێت، چونكه‌ هه‌مواركردنی یاسای باری كه‌سێتی كه‌ له‌ده‌ستووردا هاتووه‌ له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و بڕگانه‌دایه‌ كه‌ كوتله‌ سیاسییه‌كان چه‌ند ساڵێكه‌ له‌سه‌ر هه‌مواركردنیان رێككه‌وتوون، پێویستیشه‌ به‌رله‌ ده‌ركردنی یاسایه‌كی نوێ، هه‌مواره‌كان یه‌كلابكرێنه‌وه‌".

 

له‌مادده‌ی (41)ی ده‌ستووردا هاتووه‌ "عێراقییه‌كان ئازادن له‌ پابه‌ندبوونیان به‌ باری كه‌سێتیانه‌وه‌، به‌پێی ئاینیان یاخود مه‌زهه‌بیان یان بیروباوه‌ڕیان یان هه‌ڵبژاردنیان، ئه‌مه‌ش به‌ یاسا رێكده‌خرێت" به‌ڵام كوتله‌ سیاسییه‌كان له‌ساڵی 2005دا بڕیاریان دا ده‌ستوور هه‌موار بكه‌ن، ئه‌م مادده‌یه‌ش یه‌كێك بوو له‌و هه‌موارانه‌ی ده‌بووایه‌ په‌رله‌مان یه‌كلایان بكاته‌وه‌ له‌ پاڵ چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی گه‌وره‌ی دیكه‌ی كێشه‌له‌سه‌ردا، له‌وانه‌ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگای كه‌ركوك‌و دابه‌شكردنی نه‌وت‌و ده‌سه‌ڵات له‌نێوان حكومه‌تی فیدراڵی‌و هه‌رێم‌و پارێزگاكاندا.

 

عه‌بایچی ئاماژه‌ بۆ سه‌رپێچییه‌كی یاسایی دیكه‌ ده‌كات ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ "یاسا نوێیه‌ پێشنیاركراوه‌كه‌ مه‌سه‌له‌كانی هاوسه‌رگیری‌و جیابوونه‌وه‌‌و له‌خۆگرتنی منداڵ‌و میرات ده‌داته‌ ده‌سته‌ی ئه‌وقافی ئاینی سه‌ر به‌ حكومه‌ت نه‌ك دادگا مه‌ده‌نییه‌كانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كه‌ ئه‌مه‌ش دژبه‌یه‌كه‌ له‌گه‌ڵ بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان‌و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ‌و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ پاراستنی مافی ژنان، چونكه‌ رێكخستنی ئه‌م جۆره‌ مه‌سه‌لانه‌ پێویسته‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی دادگاكاندا بێت نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له‌ڕێی فه‌رمانگه‌كانی ئه‌وقافی ئاینی شیعه‌‌و سوننه‌‌و ئاینه‌كانی تر".

 

به‌ به‌راوردێكی ساده‌ش ئه‌وا ئه‌و یاسا به‌ركاره‌ی له‌ سه‌رده‌می عه‌بدولكه‌ریم قاسم یه‌كه‌م سه‌رۆكی رژێمی كۆماری له‌وڵاتدا په‌سه‌ند كراوه‌، رێگری ده‌كات له‌ فره‌ژنی‌و هاوسه‌رگیری كچانی منداڵ به‌ چه‌ند مه‌رجێكی دیاریكراو نه‌بێت، هه‌روه‌ها مافی له‌خۆگرتنی منداڵ ده‌داته‌ دایك‌و مافیش ده‌داته‌ ژن میراتی مێرده‌كه‌ی وه‌ربگرێت له‌كاتی مردنیدا به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌ندێك بۆچوونی فیقهی ئاینیه‌وه‌ كه‌ میراتی خانووبه‌ره‌‌و زه‌وی ناده‌نه‌ ژن‌و مه‌یلیشیان به‌لای ئه‌وه‌دایه‌ مافی له‌خۆگرتنی منداڵ بده‌نه‌ باوك.

 

به‌ڵام دیارترین بڕگه‌ی ئیستیفزازی كه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی عێراقی توڕه‌كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ته‌مه‌نی یاسایی هاوسه‌رگیرییه‌وه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ یاسای مه‌ده‌نی مه‌رجی ئه‌وه‌ی داناوه‌ هه‌ردوو هاوسه‌ركه‌ گه‌یشتبنه‌ ته‌مه‌نی باڵق بوون (18 ساڵ) له‌ كاتێكدا مه‌زهه‌بی ئیسلامی هه‌یه‌ ته‌مه‌نی باڵق بوون به‌ 9 ساڵ داده‌نێت، هه‌ندێكیشیان به‌ 12 ساڵی داده‌نێن، ئه‌مه‌ش ترسی زیادبوونی دیارده‌ی هاوسه‌رگیری كچانی منداڵ دێنێته‌ ئاراوه‌.

 

په‌رله‌مانتار رێزان شێخ دلێر ئه‌ندامی لیژنه‌ی ژنان‌و خێزان له‌ په‌رله‌مان پێیوایه‌ هه‌مواركردنی یاسای باری كه‌سێتی نشوستێكه‌ بۆ مافه‌كانی ژنان له‌ عێراق‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "پێشنیاری یاسا نوێیه‌كه‌ هانی هاوسه‌رگیری كچانی منداڵ ده‌دات‌و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی رێكخراوی داعشمان به‌بیر دێنێنێته‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كچان كه‌ كچانی منداڵی ناچار ده‌كرد شوو به‌ ئه‌ندامانی بكه‌ن ئه‌و كاته‌ی له‌ موسڵ‌و ره‌قه‌ بوون".  

 

چه‌ند رۆژێكه‌ به‌ده‌یان رێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی‌و چالاكوانانی بواری مافه‌كانی ژنان ده‌نگی خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ رێگریكردن له‌ په‌سه‌ندكردنی یاسا نوێیه‌كه‌، عێراقییه‌كانیش له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هاشتاگی #نا - بۆ هاوسه‌رگیری - كچانی منداڵ، یان ده‌ستپێكردووه‌‌و چه‌ندین په‌یجیش له‌ فه‌یسبووك دروستكراون بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه‌ی به‌ سته‌مكار به‌رامبه‌ر به‌ ژنانی داده‌نێن.

 

زۆرێك له‌ عێراقییه‌كان له‌م رۆژانه‌دا باس له‌ پاشه‌كشه‌ی رۆڵی ژنان له‌ كۆمه‌ڵگه‌‌و سیاسه‌تدا ده‌كه‌ن، چونكه‌ به‌گوته‌ی چالاكوانی مه‌ده‌نی هه‌نا ئه‌دوه‌ر سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی "ئه‌مه‌ل" جه‌نگ‌و قه‌یرانه‌كان به‌ردێژایی 10 ساڵی رابردوو كاریگه‌ری نه‌رێنیان له‌سه‌ر به‌شداری سیاسی ژنان له‌ حكومه‌ت‌و په‌رله‌مان‌و دامه‌زراوه‌ ره‌سمییه‌كاندا هه‌بووه‌.

 

ئه‌دوه‌ر به‌ "نیقاش"ی وت: "هه‌وڵی حزبه‌ ئیسلامییه‌كان بۆ ده‌ركردنی یاسایه‌كی نوێی باری كه‌سێتی هاوكات بوو له‌گه‌ڵ پاشه‌كشه‌ی رۆڵی ژنان له‌ ژیانی سیاسیدا، چونكه‌ له‌ساڵی 2004دا ژنان له‌ زۆر پۆستی حكومیدا بوون، به‌ڵام ئه‌و به‌شدارییه‌ دوای 10 ساڵ به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك كه‌مبووه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌ بۆ به‌رجه‌سته‌بوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پیاوسالاری له‌ وڵاتدا".

 

بۆ نموونه‌ چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر رێژه‌ی ژنان له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی دارایی‌و په‌روه‌رده‌‌و ته‌ندروستی زیاتر له‌ 50%ی كارمه‌نده‌كانیان بوو، به‌ڵام ئه‌م رێژه‌یه‌ زۆر پاشه‌كشه‌ی كردووه‌، هه‌روه‌ك سێ مانگ له‌مه‌وبه‌ر په‌رله‌مان رازی نه‌بوو ده‌نگ له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی خزمه‌تی فیدراڵی بدات، چونكه‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌‌و جێگره‌كه‌ی له‌ ژنانی سه‌ربه‌خۆ بوون‌و سه‌ر به‌ حزبه‌كان نه‌بوون، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتاران چه‌ند ساڵێكه‌ رازی نابن یاسای بنبڕكردنی توندوتیژی خێزانی ده‌ربكه‌ن وه‌ك ئه‌دوه‌ر ده‌ڵێت.

 

له‌ یه‌كه‌م حكومه‌تی عێراقدا كه‌ له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌دام حسێن له‌ ساڵی 2004دا پێكهات‌و به‌سه‌رۆكایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی بوو، ژماره‌ی وه‌زیره‌ ژنه‌كان شه‌ش وه‌زیر بوو، ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ساڵی 2006دا كه‌مبووه‌وه‌ بۆ چوار وه‌زیر، له‌ ویلایه‌تی دووه‌می مالكیشدا له‌ ساڵی 2010 ژماره‌كه‌ كه‌مبووه‌وه‌ بۆ یه‌ك وه‌زیر، به‌ڵام له‌م حكومه‌ته‌ی ئێستادا دوو وه‌زیری ژن هه‌ن كه‌ ئه‌وانیش عه‌دیله‌ حمود وه‌زیری ته‌ندروستی‌و  ئان نافع ئه‌وسی وه‌زیری نیشته‌جێكردن‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌.

 

به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی پۆسته‌ باڵاكان ئه‌وا له‌ ساڵی 2005دا هه‌شت ژن پۆستی جێگری وه‌زیریان وه‌رگرتووه‌، ئه‌و ژماره‌یه‌ش له‌ ساڵی 2013دا پاشه‌كشه‌ی كرد بۆ ته‌نیا یه‌ك ژن، ئه‌مڕۆش ته‌نیا دوو بالًَیۆزی ژن هه‌ن كه‌ ئه‌وانیش سه‌فیه‌ سهێل باڵیۆزی عێراق له‌ ئوردن‌و ئامال موسا باڵیۆزی عێراقه‌ له‌ عومان.

 

مانگی رابردوو په‌رله‌مان ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی كۆمسیۆنی نوێی هه‌ڵبژاردنی ده‌ستنیشان كرد كه‌ له‌ نۆ كه‌س پێكهاتووه‌، بۆ یه‌كه‌م جاریشه‌ ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هیچ ژنێكی تێدا نییه‌، چونكه‌ یه‌كه‌م ئه‌نجومه‌نی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌ ساڵی 2005دا دامه‌زرا‌و دوو ژنی تێدابوو، له‌ كۆمسیۆنی ساڵی 2009یشدا یه‌ك ژنی تێدا بوو.

 

هه‌نا ئه‌دوه‌ر ده‌ڵێت: "ئه‌م ژمارانه‌ زه‌نگێكی مه‌ترسیه‌ بۆ رۆڵی ژنان له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقیدا، چونكه‌ پیاوان ده‌ست به‌سه‌ر پۆسته‌كاندا ده‌گرن‌و ئه‌و یاسایانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پشتیوانی ژنان ده‌كه‌ن" هه‌روه‌ها ده‌شڵێت: "ئه‌گه‌ر ئه‌و مادده‌ ده‌ستووریه‌ نه‌بووایه‌ كه‌ ده‌یسه‌پێنێت رێژه‌ی ژنان له‌ په‌رله‌مان‌و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا 25% بێت، ئه‌وا كاره‌سات رووی ده‌دا".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌