راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

عێراقی‌ دوای‌ داعش
گۆڕه‌پانێك بۆ ململانێی‌ ئه‌مریكاو ئێران

موسته‌فا حه‌بیب
نیشانه‌كانی ململانێیه‌كی نوێ له‌نێوان ئه‌مریكا‌و ئێران له‌عێراق ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی واشنتۆن هێرشی كرده‌ سه‌ر گرووپه‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌تاران‌و سه‌ركرده‌كانی ئه‌و گرووپانه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ له‌ئه‌مریكا ده‌كه‌ن.
2.11.2017  |  به‌غدا
ئەبو مەهدی موهەندیس یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی حەشدی شەعبی
ئەبو مەهدی موهەندیس یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی حەشدی شەعبی

ئێستا حكومه‌تی عێراق له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكی قورسدایه‌ بۆ پاراستنی وڵات له‌وه‌ی ببێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێی نێوان دوو وڵاتی‌ ده‌ستڕۆیشتوو كه‌ به‌روونی‌ هه‌ژمونیان به‌سه‌ر به‌غداوه‌ دیاره‌.

 

دوای ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ مێژووییه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران‌و شا سه‌لمان كوڕی عه‌بدولعه‌زیز پاشای سعودیه‌ی كۆكرده‌وه‌ كه‌ ریكس تیلرسۆن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ئاماده‌یبوو، تیلرسۆن له‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی: "چه‌ند میلیشیایه‌كی ئێرانی له‌ عێراقدان‌و پێویسته‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ وڵاتی خۆیان به‌تایبه‌تی كه‌ جه‌نگی دژ به‌داعش له‌ كۆتایی نزیك ده‌بێته‌وه‌".

 

ئه‌مه‌ش له‌لایه‌ن قه‌یس خه‌زعه‌لی سه‌ركرده‌ی "عه‌سائیب ئه‌هه‌للحه‌ق" وه‌ڵامدرایه‌وه‌ كه‌ دڵسۆزی ئایینی بۆ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێران هه‌یه‌، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ له‌ ئه‌كاونتی تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر وتی: "بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، پێویسته‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانتان له‌ ئێستاوه‌ ئاماده‌بن بۆئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی‌و به‌بێ دواخستن له‌ عێراقی نیشتمانمان بچنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌دوای نه‌مانی بیانووی بوونی داعش".

 

دوای چه‌ند رۆژێكیش عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێران له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی عه‌بادی بۆ تاران له‌ چوارچێوه‌ی گه‌شتێكی هه‌رێمیدا كه‌ سعودیه‌‌و میسر‌و ئوردن‌و توركیای گرته‌وه‌، به‌ عه‌بادی وت: "نابێت گرووپه‌ شیعه‌كان هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه‌‌و پێویسته‌ وریای فێڵی ئه‌مریكا بن".

 

له‌كاتێكیشدا پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی "تیرۆریسته‌"، موهه‌ندیس له‌ بیابانی ئه‌نبار له‌نزیك بنكه‌ی سه‌ربازی "عه‌ین لئه‌سه‌د" هاتووچۆی ده‌كرد كه‌ گه‌وره‌ترین بنكه‌ی سوپای ئه‌مریكایه‌ له‌ عێراق‌و سه‌دان راوێژكار‌و سه‌ربازی مارێنز له‌خۆده‌گرێت.

 

زۆرینه‌ی حزب‌و گرووپه‌ شیعه‌كان ئیدانه‌ی هێرشه‌ زاره‌كییه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی به‌رپرسانی ئه‌مریكایان كرد به‌تایبه‌تی له‌قه‌ڵه‌مدانی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس به‌ "تیرۆریست" كه‌ سه‌ركرده‌ی مه‌یدانی گرووپه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی"یه‌‌و دڵسۆزی ئایینی بۆ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێران هه‌یه‌.

 

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی دژ به‌داعش له‌ كۆتاییه‌كه‌ی كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو هێزه‌كانی سوپای عێراق هێرشێكیان بۆسه‌ر دوا مۆڵگه‌ی توندڕه‌وان له‌ شارۆچكه‌ی "قائیم" له‌و په‌ڕی خۆرئاوای ئه‌نبار ده‌ستپێكرد، پێده‌چێت عێراق به‌ره‌و ئاڵنگارییه‌كی نوێ بچێت كه‌ خۆی له‌ ململانێیه‌كی ئه‌مریكی – ئێرانیدا ده‌بینێته‌وه‌ پێشتریش عێراقییه‌كان له‌ ساڵانی رابردوودا باجێكی قورسیان له‌پێناودا داوه‌.

 

به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ چه‌ند مانگی داهاتوودا رووبه‌ڕووی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌بێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ چاره‌نووسی هێزه‌كانی ئه‌مریكا‌و گرووپه‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران له‌پاش كۆتاییهاتنی قۆناغی داعش چی ده‌بێت؟‌و ئایا سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له‌ سازانی ئه‌و دوو هێزه‌دا؟

 

عه‌باس به‌یاتی په‌رله‌مانتاری "هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا" نزیك له‌ سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ "نیقاش"ی وت: "قبوڵی ناكه‌ین عێراق ببێته‌وه‌ به‌ گۆڕه‌پانی ململانێی ئه‌مریكا‌و ئێران‌و ئێمه‌ به‌شێك نابین لێی، له‌دوای له‌ناوبردنی داعش ئاڵنگاری گه‌وره‌مان له‌به‌رده‌مدایه‌‌و پێویستمان به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌ له‌دوای ساڵانێك له‌ شه‌ڕی سه‌خت له‌دژی تیرۆریستان".

 

حكومه‌تی عێراق نایه‌وێت ده‌ستبه‌رداری هاوپه‌یمانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بێت‌و پێویستی به‌ مه‌شقپێكردنی هێزه‌ عێراقییه‌كان‌و رێگرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانی رێكخراوی تیرۆریستی له‌وڵاتدا هه‌یه‌ له‌ ئاینده‌دا، هه‌روه‌ك هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی"یش بوونه‌ته‌ ره‌گه‌زێكی گرنگ له‌ سیستمی ئه‌منی‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌یان زه‌حمه‌ته‌ دوای ئه‌وه‌ی به‌شداریان كرد له‌ شه‌ڕی دژ به‌ "داعش"‌و فه‌رمانده‌كانیشی قبوڵی ناكه‌ن به‌ئاسانی ده‌ستبه‌رداری جه‌نگاوه‌رانیان ببن.

 

به‌یاتی وتیشی: "حه‌شدی شه‌عبی هێزێكی ئه‌منی عێراقی خاوه‌ن شه‌رعیه‌ته‌‌و سێیه‌م هێزی وڵات پێكده‌هێنێت له‌پاش سوپا‌و پۆلیس‌و قبوڵی ناكه‌ین ده‌ستدرێژی بكرێته‌ سه‌ر، به‌ڵام ئه‌م هێزه‌ پێویستی به‌ رێكخستن‌و دوورخستنه‌وه‌یه‌تی له‌ حزبه‌كان‌و كاری سیاسی به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌ حه‌شدی شه‌عبی په‌سه‌ندی كردووه‌".

 

هه‌روه‌ها حكومه‌تی عێراق هه‌وڵده‌دات سوپای عێراق به‌هێز بكات له‌ڕێی ئه‌و مه‌شقپێكردن‌و پڕچه‌ككردنه‌ی "هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی" پێشكه‌شی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ مانای ناردنی هێزی وشكانی ئه‌مریكا نییه‌، به‌ڵكو پشتیوانی هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌ تا بتوانن له‌ ئاینده‌دا رێ له‌ هه‌ڕه‌شه‌كان بگرن، به‌پێی قسه‌كانی به‌یاتی.

 

عێراقییه‌كان له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆكه‌ی ململانێی ئه‌مریكا‌و ئێران ده‌ترسن ئه‌و كاته‌ی چه‌ند گرووپێكی شیعه‌ به‌ پشتیوانی ئێران شه‌ڕیان له‌ دژی هێزه‌كانی ئه‌مریكا راگه‌یاند به‌ر له‌ كشانه‌وه‌یان له‌ عێراق له‌ ساڵی 2011دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌مریكا كه‌ ئێستا له‌ عێراقدان ژماره‌یان له‌ پێنج هه‌زار تێناپه‌ڕێت‌و زۆربه‌یان ئه‌ركی راوێژكاری ده‌كه‌ن، به‌ڵام پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان پێیان باشه‌ بمێننه‌وه‌ بۆ پاراستنیان‌و مه‌شقپێكردنی جه‌نگاوه‌ره‌ خۆجێییه‌كانیان.

 

له‌ بنكه‌ی "عه‌ین لئه‌سه‌د" له‌وپه‌ڕی خۆرئاوای ئه‌نبار هێزه‌كانی ئه‌مریكا ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ مه‌شق به‌ چه‌ند هێزێكی عه‌شایری ده‌كه‌ن له‌وانه‌ هێزه‌كانی "ساعیقه‌"‌و "كه‌تائیب حه‌مزه‌"، هه‌روه‌ك بنكه‌كه‌شیان فراوان كردووه‌‌و ئاماده‌یان كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی ببێته‌ گه‌وره‌ترین بنكه‌ی سوپای ئه‌مریكا له‌ عێراق به‌هۆی پێگه‌ ستراتیجییه‌كه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ پارێزگای ئه‌نباری سوننه‌نشینی دوور له‌ پارێزگا شیعه‌نشینه‌كان‌و نزیك له‌ سنووری سوریا.

 

ره‌شید مه‌حلاوی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ جه‌نگاوه‌رانی هێزه‌كانی "ساعیقه‌" كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سه‌حوه‌ی عه‌شایری كاری كردووه‌ كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی رێكخراوی قاعیده‌ له‌ ساڵی 2007دا پێكیانهێنان، به‌ "نیقاش"ی وت: "به‌راشكاوی حكومه‌تی فیدراڵی ده‌ستبه‌ردارمان بووه‌، له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی حه‌شدی عه‌شایری كارم ده‌كرد، حكومه‌ت به‌ڵێنی پێدابووین پڕچه‌كمان بكات‌و مووچه‌مان بداتێ وه‌كو جه‌نگاوه‌رانی حه‌شدی شه‌عبی گرووپه‌ شیعه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ رووینه‌دا، چونكه‌ گرووپه‌ شیعه‌كان چه‌كی باش‌و مووچه‌ی به‌رده‌وامیان هه‌یه‌".

 

مه‌حلاوی ده‌شڵێت: "هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌باشی مه‌شقمان پێده‌كه‌ن هه‌رچه‌نده‌ ژماره‌مان كه‌مه‌، به‌شداریمان كردووه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانی حه‌دیسه‌‌و هیت‌و چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ریش له‌و شه‌ڕه‌ی له‌ شارۆچكه‌ی قائیم به‌رٍێوه‌ده‌چێت، به‌هۆی باش پڕچه‌ككردنمانه‌وه‌ به‌شدارییه‌كانمان له‌ شه‌ڕه‌كه‌دا باش بوو، پێشمان باشه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ دوای له‌ناوبردنی داعش له‌ ئه‌نبار بمێننه‌وه‌".

 

به‌ڵام به‌پێی قسه‌ی عه‌باس حسێنی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ جه‌نگاوه‌رانی گرووپی "كه‌تائیب سه‌ید لشوهه‌دا" كه‌ دڵسۆزی ئایینی بۆ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێران هه‌یه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌ داگیركاری وڵات ده‌زانن‌و به‌دووری نازانن له‌دوای له‌ناوبردنی داعش شه‌ڕیان له‌دژ رابگه‌یه‌نن.

 

حسێنی به‌ "نیقاش"ی وت: "ئه‌مریكا خۆی رێكخراوی تیرۆریستی داعشی دروست كرد‌و له‌ چه‌ندین به‌ره‌دا یارمه‌تی دا، ئه‌مڕۆش وڵاته‌كه‌مان خه‌ریكه‌ تیرۆریستان له‌ناوده‌بات له‌دوای ئازادكردنی هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی كۆنترۆڵیان كردبوون، دوای ئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌و رێكخراوه‌ به‌ته‌واوی له‌ناو ده‌برێت، پێویسته‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ وڵات بكشێنه‌وه‌ ئه‌گه‌رنا به‌ هێزی داگیركه‌ریان ده‌زانین".

 

گرووپه‌ شیعه‌كان دابه‌شبوون بۆ سێ به‌ش، یه‌كێكیان سه‌ر به‌ ئێرانه‌‌و له‌ڕووی ئایینیه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری شۆڕشی ئێران، به‌شێَكی دیكه‌شیان سه‌ر به‌ عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌یه‌ له‌ نه‌جه‌ف، به‌شه‌كه‌ی تریش سه‌ر به‌ حزبه‌ شیعه‌كانی عێراق، ره‌وتی سه‌در به‌سه‌ركردایه‌تی موقته‌دا سه‌در‌و "ره‌وتی‌ حیكمه‌" به‌ سه‌ركردایه‌تی عه‌ممار حه‌كیمه‌.

 

گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران به‌وه‌ جیاده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ به‌هێزتر‌و پڕچه‌كترن‌و پێیانوایه‌ عێراق‌و سوریا یه‌ك به‌ره‌یه‌، دووپاتیشی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌دوای له‌ناوبردنی داعشیش بوونیان به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌رچی گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ سیستانیشه‌ له‌ پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ "فیرقه‌ی جه‌نگی عه‌باس"‌و گرووپی "سه‌رایا سه‌لام"ی سه‌ر به‌ پیاوی ئایینی موقته‌دا سه‌در، میانڕه‌ون‌و رێز له‌ بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عێراق ده‌گرن‌و په‌یوه‌ندییان به‌ ئێرانه‌وه‌ نییه‌.

 

حكومه‌تی عێراق له‌به‌رده‌م ئاڵنگارییه‌كی گه‌وره‌دایه‌ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ ئێران، به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌و گرووپانه‌ حكومه‌ت له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی‌و به‌تایبه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا ئیحراج ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك پێویسته‌ حكومه‌ت باوه‌ڕ به‌ باڵێكی به‌رفراوانی شیعه‌ بهێنێت كه‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا بمێننه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌