راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

حه‌وت هه‌زار بینا خاپوور بوون
بێجی.. شارێكی لێقه‌وماوو خاڵی له‌دانیشتووان

غه‌زوان حه‌سه‌ن جبوری‌
پاش دوو ساڵ له‌ ئازادكردنی، قه‌زای بێجی به‌هۆی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی نێوان داعش‌و هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ بووەته‌ شارێكی كاره‌ساتبارو لێقه‌وماو.
2.11.2017  |  تكریت

بێجی‌ به‌هۆی‌ شه‌ڕه‌وه‌ 80%ی خاپوور بووه‌، به‌شی هه‌ره‌زۆری دانیشتووانه‌ ئاواره‌بووه‌كه‌شی تائێستا نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا بێهیوان نه‌بوون له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ژیان.

 

ئوم ئه‌حمه‌د قه‌یسی (69 ساڵ) پێیوانه‌بوو ماڵه‌كه‌ی له‌ نزیك كه‌ناری روباری دیجله‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی قه‌زای بێجی له‌ باكووری سه‌ڵاحه‌دین (40 كم له‌ باكووری تكریت) به‌جێده‌هێڵێت‌و باڵاده‌ستبوونی داعش ناچاری ده‌كات له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ 1400 خێزان ئاواره‌ بێت كه‌ زۆربه‌یان په‌نایان بۆ كامپه‌كان یاخود ئه‌و خانووه‌ ته‌واو نه‌كراوانه‌ بردووه‌ كه‌ ساده‌ترین هۆكاری ژیانیان تێدا نییه‌، به‌ڵام هێشتا ئومێدی هه‌یه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌‌و عه‌سران له‌گه‌ڵ به‌ته‌مه‌نه‌كان له‌ كه‌ناره‌كه‌ پێكه‌وه‌ دابنیشن.

 

ئه‌وه‌ی مه‌رگه‌ساتی خۆی‌و خێزانه‌كه‌شی زیاتر كردووه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌حمه‌دی كوڕی له‌دوای ئازادی سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ی كردووه‌‌و بینیویه‌تی خانووه‌كه‌یان‌و زیاتر له‌ 4000 خانووی دیكه‌ش به‌ته‌واوی یان به‌شیكێیان خاپوور بوون، هه‌روه‌ك پاڵاوگه‌ی نه‌وتی بێجی كه‌ كاری تێدا ده‌كرد بووه‌ته‌ داروپه‌ردو‌و زه‌حمه‌ته‌ ژیانی به‌به‌ردا بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ دڵته‌نگی دایگرتووه‌‌و بۆ دره‌خته‌كانی باخچه‌كه‌شی ده‌گری كه‌ به‌هۆی تینوێتی‌و دابڕانیان له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی، وشك بوون.

 

ته‌نیا یه‌ك گه‌شت به‌سه‌ بۆ ئاشنابوون به‌ قه‌باره‌ی كاولكاری‌و وێرانكاری له‌ ناوچه‌‌و كۆڵانه‌كانی باشوور‌و باكوور‌و خۆرهه‌ڵات‌و خۆرئاوای بێجی، چونكه‌ ئه‌و شاره‌ بووه‌ته‌ پارچه‌یه‌ك له‌ داروپه‌ردو‌و به‌هۆی ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی نێوان رێكخراوی داعش كه‌ بۆ ماوه‌ی دووساڵ كۆنترۆڵی كردبو‌و هێزه‌ عێراقییه‌كان كه‌ زیاتر له‌ ساڵێك شه‌ڕی سه‌ختیان كرد بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی رێكخراوه‌كه‌‌و وێرانكارییه‌كی لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ زیاتر له‌ 80%ی شاره‌كه‌ی گرتۆته‌وه‌.

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ماوه‌ی زیاتر له‌ دوو ساڵه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان شاره‌كه‌یان كۆنترۆڵكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام شاره‌كه‌ خاڵیه‌ له‌ دانیشتووان‌و تا ئه‌مڕۆش هه‌وڵه‌كانی ئه‌نجومه‌ن‌و پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دانیشتووانی ناوه‌ندی شاره‌كه‌‌و باكووری‌و دانیشتووانی ناحیه‌ی سینییه‌ی خۆرئاوای.

 

كامیل عه‌باس ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین به‌ "نیقاش"ی وت: "قه‌زای بێجی به‌ده‌ست خاپووربوونی ژێرخانه‌كه‌ی به‌هۆی تاوانبارانی داعش‌و ئه‌و جه‌نگه‌ی له‌ماوه‌ی ئازادكردنیدا به‌رده‌وامبوو، ده‌ناڵێنێت" داوایشی له‌ له‌ حكومه‌ت كرد "بڕه‌ پاره‌ی به‌په‌له‌ بۆ سه‌رله‌نوێ بنیتنانه‌وه‌ی قه‌زاكه‌ ته‌رخان بكات".

 

وتیشی: "قه‌زاكه‌ پێویستی به‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌‌و بنكه‌ ته‌ندروستییه‌كان هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی ئاماده‌ بكرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌ ماوه‌ی داهاتوودا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌‌و زۆربه‌ی ئاواره‌كانیش هیواخوازن ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌ت بیانگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كانیان له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ هه‌لومه‌رجێكی سه‌ختدا ده‌ژین".

 

به‌پێی ئاماره‌ ره‌سمییه‌كان به‌ر له‌ رووداوه‌كانی ساڵی 2014 ژماره‌ی دانیشتووانی بێجی زیاتر له‌ 205 هه‌زار كه‌س بووه‌‌و دوای كۆنترۆڵكردنی قه‌زاكه‌ش له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ دانیشتووانه‌كه‌ی راگواست كه‌ ئێستا رووبه‌ڕووی بارودۆخێكی سه‌خت بوونه‌ته‌وه‌ له‌ چه‌ندین كامپدا له‌ هه‌رێمی كوردستان‌و شاره‌كانی دیكه‌ی هه‌ردوو پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین‌و به‌غدا.

 

محه‌مه‌د مه‌حمود قایمقامی بێجی به‌ "نیقاش"ی وت: "قه‌زاكه‌ كاره‌ساتباره‌، چونكه‌ به‌گوێره‌ی خه‌مڵاندنی سه‌ره‌تایی تیمه‌كانی رووپێوی كه‌ سه‌ردانی قه‌زاكه‌یان كردووه‌ 80%ی ژێرخانه‌كه‌ی به‌ته‌واوی خاپوور بووه‌‌و زیاتر له‌ حه‌وت هه‌زار فه‌رمانگه‌‌و خانو‌و دووكان‌و بازاڕ  وێران بوون".

 

وتیشی: "شاره‌كه‌ له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی خزمه‌تگوزاری‌و ژێرخان‌و ره‌وشی ته‌ندروستییه‌وه‌ كاره‌ساتباره‌‌و پێویستی به‌ ده‌ستوه‌ردانێكی گه‌وره‌ی حكومی هه‌یه‌‌و ده‌بێت رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش رۆڵیان هه‌بێت له‌ سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی".

 

محه‌مه‌د مه‌حمود میكانیزمی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانیشی خسته‌ڕوو كه‌ له‌ مانگی شوباتی ساڵی 2017وه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی 100 خێزان بۆ گونده‌كانی باشووری قه‌زاكه‌ له‌وانه‌ مالیحه‌‌و بعێجی‌و مه‌زره‌عه‌  ده‌ستیپێكردووه‌ پاش وردبینیكردنیان له‌ بینای سایلۆی دانه‌وێڵه‌ی بێجی كه‌ هه‌رخێزانێك له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی‌و هه‌واڵگری‌و ئاسایشی نیشتمانی‌و پۆلیسی خۆجێیی‌و ئۆپراسیۆنه‌كانی سه‌ڵاحه‌دینه‌وه‌ وردبینی ئه‌منییان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت‌و پاشان چه‌ند مانگێكیش به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك ده‌درێته‌ سه‌رۆكی خێزانه‌كه‌ بۆ چوونه‌ نێو قه‌زاكه‌.

 

به‌گوێره‌ی قسه‌ی چاودێران گه‌ڕانه‌وه‌ی خێزانه‌كان له‌ حوزه‌یرانی رابردووه‌ ئاسته‌نگی بۆ دروست بووه‌‌و له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ به‌چه‌ند هۆكارێكی نادیار راگیراوه‌‌و تا مانگی ئابی 2017 ته‌نیا 500 خێزان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ بێجی كه‌ ته‌نیا له‌ دانیشتووانی گه‌ڕه‌كی عه‌سری بوون.

 

تا ئێستاش كۆی ئاواره‌ گه‌ڕاوه‌كان بۆ قه‌زای بێجی به‌ گونده‌كانی باشووری قه‌زاكه‌شه‌وه‌ له‌وانه‌ مه‌زره‌عه‌‌و حه‌جاج‌و ئه‌لبوتوعمه‌‌و گه‌ڕه‌كه‌كانی تر‌و ناوه‌ندی قه‌زاكه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر له‌ 55 هه‌زار كه‌س له‌ كاتێكدا نزیكه‌ی 145 هه‌زار كه‌سی دیكه‌ له‌ دانیشتووانه‌كه‌ی به‌ ناحیه‌ی سینییه‌‌و باكووری قه‌زاكه‌شه‌ ئاواره‌ن‌و دابه‌شبوون به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان‌و شاره‌كانی دیكه‌ی سه‌ڵاحه‌دیندا.

 

قایمقام دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ره‌وشی خزمه‌تگوزاری خراپه‌ به‌تایبه‌تی كاره‌با‌و ئاو به‌هۆی بوونی سه‌دان شوێنی مه‌ترسیدار كه‌ داعش مینی تێدا چاندوون، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌ نه‌ته‌قیوانه‌ی له‌خانووه‌كاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ك نه‌خۆشی جۆراوجۆریش بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ به‌تایبه‌تی بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی پێست له‌نێو منداڵاندا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو.

 

 پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین رایگه‌یاندووه‌ كه‌ زیاتر له‌ 7 هه‌زار خانو‌و دامه‌زراوه‌ی مه‌ده‌نی‌و خزمه‌تگوزاری حكومی‌و ئه‌هلی به‌هۆی كرده‌وه‌ سه‌ربازییه‌كان ته‌نیا له‌ قه‌زای بێجی خاپوور بوون، ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ش له‌ دانیشتنێكدا قه‌زاكه‌ی به‌ "ناوچه‌یه‌كی لێقه‌وماو" له‌قه‌ڵه‌مدا.

 

 بێجی به‌یه‌كێك له‌ ناوچه‌ بیاباناوییه‌ لمینه‌كان داده‌نرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ دانیشتووانه‌كه‌ی پشت به‌و دامه‌زراوه‌ پیشه‌سازیانه‌ ده‌به‌ستن كه‌ حكومه‌تی ناوه‌ند له‌ ساڵانی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا دروستی كردن‌و گرنگترینیان پاڵاوگه‌ی نه‌وتی بێجیه‌ كه‌ گه‌وره‌ترین پاڵاوگه‌یه‌ له‌ عێراق‌و چوار پاڵاوگه‌‌و كارگه‌یه‌كی دروستكردنی رۆنی رووه‌كی‌و كارگه‌یه‌كی دروستكردنی په‌ین‌و دوو وێستگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی كاره‌با‌و وێستگه‌یه‌كی غاز له‌خۆده‌گرێت ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ پاڵاوگه‌ی سینییه‌ (7 كم له‌ خۆرئاوای بێجی).

 

ئاماره‌ ره‌سمییه‌كانیش دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ كۆی توانای پاڵاوتن له‌ پاڵاوگه‌كانی بێجی 350 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌یه‌ كه‌ پێداویستی زیاتر له‌ 10 پارێزگای له‌ به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان دابین ده‌كرد، له‌دوای چوونه‌ناوه‌وه‌ی داعش بۆ پاڵاوگه‌كه‌‌و كۆنترۆڵكردنی بۆماوه‌ی شه‌ش مانگ، پاڵاوگه‌كه‌ زیانی زۆری به‌ركه‌وت‌و پسپۆرانی وه‌زاره‌تی نه‌وت قه‌باره‌ی زیانه‌كانیان به‌ زیاتر له‌ 80% مه‌زه‌نده‌كرد كه‌ پاره‌یه‌كی زۆری تێده‌چێت‌و له‌ ئێستادا ناتوانرێت بنیاتبنرێته‌وه‌.

 

شێخ خالید عه‌لی جه‌نابی به‌ "نیقاش"ی وت: "نائومێد بووین له‌ زۆری داواكاری‌و بانگه‌وازه‌كان‌و وه‌فده‌كان‌و دیدار له‌گه‌ڵ بڕیار به‌ده‌ستدان له‌ به‌غدا بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی دانیشتووانی بێجی بۆ ناوچه‌كانیان‌و سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی پاڵاوگه‌كه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی بژێوی زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌‌و گه‌یشتووینه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی چه‌ند شتێك كه‌ نایانزانین‌و چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك له‌سه‌روو نه‌هامه‌تی خه‌ڵك‌و له‌سه‌روو ئابووری وڵاته‌وه‌، كۆنترۆڵی ئه‌م بابه‌ته‌یان كردووه‌".

 

به‌ڵام ئوم ئه‌حمه‌د بێ هیوا نه‌بووه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنه‌و ژیان له‌ نزیك دیجله‌‌و دراوسێكانی كه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ زۆربه‌یاندا ماوه‌‌و له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ده‌ڵێت:"چه‌نده‌ بخایه‌نێت هه‌ر ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ ماڵه‌كانمان، چونكه‌ هیچ په‌یوه‌ندیمان به‌و رووداوانه‌وه‌ نه‌بوو كه‌ روویانداوه‌‌و رووده‌ده‌ن، به‌رپرسیارانی ئه‌و رووداوانه‌ سیاسیه‌كانن‌و ئێمه‌ش بووینه‌ته‌ قوربانی".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌