راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌عدی‌ ئه‌حمه‌د پیره‌ بۆ نیقاش:
له‌ریفراندۆم‌و فرۆشتنی‌ نه‌وتدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووین

ئاواره حه‌مید
وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ عێراق‌و ئێران‌و توركیا به‌ئاگاداری‌ ئه‌مه‌ریكا دژی‌ كورد جموجۆڵیان كردووه‌ بۆیه‌ پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆم نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌نجام.
25.10.2017  |  هه‌ولێر
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی‌و وته‌بێژی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان

سه‌عدی‌ ئه‌حمه‌د پیره‌ كه‌ هاوكات ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌‌و ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ باڵای‌ ریفراندۆم بوو، له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ "نیقاش"دا ئومێد ده‌كات هه‌موو كێشه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌گفتوگۆ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، باس له‌وه‌ش ده‌كات سڕكردنی‌ ریفراندۆم مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ به‌یه‌كجاری‌ كۆتایی‌ هاتووه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌گه‌نه‌ ئه‌نجام ئه‌وا زیندوو ده‌كرێته‌وه‌.

 

كاتێك رۆژی‌ 16ی‌ ئه‌م مانگه‌ سوپای‌ عێراق‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌زه‌بری‌ هێز ده‌ستیان گرته‌وه‌ به‌سه‌ر كه‌ركوك‌و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانی‌ تر، به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ حزبه‌كه‌ی‌ سه‌عدی‌ پیره‌ تۆمه‌تباركران به‌وه‌ی‌ ده‌ستیان له‌گه‌ڵ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ تێكه‌ڵكردووه‌و شاری‌ كه‌ركوك كه‌ جێنفوزی‌ یه‌كێتییه‌، بێ‌ به‌رگری‌ راده‌ستی‌ حه‌شدی شه‌عبییان كردووه‌، سه‌عدی‌ پیره‌ له‌چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا وه‌ڵامی‌ بۆ ئه‌و قسانه‌و بابه‌تی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌سه‌ربه‌خۆ هه‌یه‌.

 

نیقاش: حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌دره‌نگانێكی‌ چوارشه‌ممه‌ بڕیاری‌ سڕكردنی‌ ریفراندۆمیدا، بۆچی‌ ئه‌م بڕیاره‌ درا؟

سه‌عدی‌ پیره‌: بۆ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌رگای‌ گفتوگۆ بوو له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر داوای‌ دۆسته‌كانی‌ كوردستان كه‌ ناتوانین قسه‌كانیان ره‌ت بكه‌ینه‌وه‌، به‌ڵام ریفراندۆم سڕبكه‌ین یاخود نا ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌زهنیه‌تی‌ خه‌ڵك جێگیربووه‌و ئه‌م ژماره‌یه‌ ره‌ش نابێته‌وه‌.

 

نیقاش: به‌ڵام هه‌فته‌ی‌ پێشوو كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆبوونه‌وه‌ سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ریفراندۆم ده‌بێ‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ وه‌ك خۆی‌ بمێنێت‌و كاری‌ پێبكرێ‌، چی‌ گۆڕا وا ئه‌و بڕیاره‌تاندا؟

سه‌عدی‌ پیره‌: ریفراندۆم له‌كاتی‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عێَراق كاری‌ پێناكرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتینه‌ ئه‌نجام ریفراندۆم هه‌یه‌و كاری‌ پێده‌كرێت.

 

نیقاش: 92% خه‌ڵكی‌ كوردستان داوای‌ جیابوونه‌وه‌یان كردووه‌ له‌عێراق ئێستا چی‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌وان ده‌درێته‌وه‌؟

سه‌عدی‌ پیره‌: ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگای‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌‌و بارودۆخه‌كه‌ له‌بار نه‌بێت خه‌ڵك باجی‌ زیاتر بدات‌و به‌ره‌و چاره‌نووسی‌ زیاتر ببرێت هه‌ڵه‌یه‌.

 

نیقاش: ئه‌م بڕیاره‌ چی‌ له‌بارودۆخه‌كه‌ ده‌گۆڕێ‌ هه‌م له‌ناو كوردستان‌و هه‌م بۆ په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ عێراق؟

سه‌عدی‌ پیره‌: خۆشه‌ویستی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان پیشان ده‌دات بۆ ئاشتی‌‌و دیالۆگ‌و ئه‌وه‌ی‌ له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان كرا دژ به‌ده‌ستوری‌ عێراق بوو كه‌ نابێت سوپا بۆ یه‌كلای‌ كردنه‌وه‌ی‌ ململانێی‌ سیاسی‌ به‌كار بهینرێت.

 

نیقاش: سڕكردنی‌ ریفراندۆم به‌مانای‌ ئه‌وه‌ دێت ته‌واو ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كۆتایی‌ هات یان ئه‌شێ‌ له‌سه‌رده‌مێكی‌ تردا سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌؟

سه‌عدی‌ پیره‌: سڕكردن یه‌كجاریی‌ نییه‌و هه‌روه‌ها بڕیارێكی‌ ئیداری‌ نییه‌، به‌ڵكو ئیدی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ سیاسیی‌ كوردستان راسپێردراوه‌ كه‌ گفتوگۆ بكات‌و نه‌وتراوه‌ ئه‌مڕۆ یا سبه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ رابگه‌یه‌نرێت، بۆیه‌ گفتوگۆ به‌رده‌وام ده‌بێت‌و له‌ئه‌گه‌ری‌ رێكنه‌كه‌وتن ریفراندۆم هه‌یه‌.

 

نیقاش: كه‌ ئه‌گه‌ری‌ سڕكردنی‌ ریفراندۆم له‌ئارادابوو بۆچی‌ به‌دیلی‌ وڵاتانی‌ جیهان پێش پرۆسه‌كه‌ قبوڵنه‌كرا؟

سه‌عدی‌ پیره‌: نامه‌یه‌ك له‌وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا هاتبوو ده‌ڵێ واز له‌ریفراندۆم بێنن‌و ئێمه‌ پشتیوانتانین، ئه‌گه‌ر متمانه‌تان نییه‌ ئێمه‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كه‌ین كه‌ گفتوگۆكان سه‌ربكه‌ون‌و رێكه‌وتن بكرێت‌و جێبه‌جێبكرێت، ئه‌گه‌ر قبوڵنه‌كرا، به‌ڵێنی‌ ده‌بوو بیر له‌به‌دیلی‌ تر بكه‌ینه‌وه‌، ئێمه‌ له‌رووی‌ یاسایی‌ مافی‌ خۆمانه‌، به‌ڵام له‌رووی‌ سیاسی‌‌و جوگرافی‌ كێشه‌مان هه‌بوو، ئه‌گه‌ر سنورمان له‌گه‌ڵ ئێران‌و توركیا نه‌بوایه‌ سنوری‌ ده‌ریاییمان هه‌بوایه‌ بارودۆخمان باشتر ده‌بوو.

 

نیقاش: كه‌سانێك هه‌ن ئێوه‌ وه‌ك لیژنه‌ی‌ باڵای‌ ریفراندۆم تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، ئێوه‌ خۆتان به‌هه‌ڵه‌ ده‌زانن یان نا؟

سه‌عدی‌ پیره‌: ئێمه‌ ده‌بێت ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ قبوڵ بكه‌ین‌و ده‌بێت به‌خه‌ڵك بڵیین كه‌ پێشبینیمان وا نه‌بوو، به‌تایبه‌ت كاردانه‌وه‌ی‌ ئێران‌و توركیا زۆر توند بوو به‌جۆرێك هه‌ڵویستیان زۆر توندتر بوو له‌هه‌ڵوێستی‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق.

 

نیقاش: به‌غدا داوای‌ فرۆكه‌خانه‌و خاڵه‌ سنورییه‌كان ده‌كات، هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌وانیش راده‌ست ده‌كات؟

سه‌عدی‌ پیره‌: فرۆكه‌خانه‌و خاڵه‌ سنوریه‌كان ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌نده‌ به‌پێی‌ ده‌ستور، بۆیه‌ له‌ده‌ست ئه‌وانه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی‌ تر بێنن له‌شوێنی‌ تر بۆ به‌ڕێوه‌بردنیان ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌، واباشتره‌ فه‌رمانبه‌ره‌كان هه‌ر خه‌ڵكی‌ كوردستان بن، یا داوا له‌كوردستان بكات كه‌ فه‌رمانبه‌ری‌ زیاتر یا كه‌متری‌ لێبێت‌و به‌غداش چاودێری‌‌و وربینی‌ بكات.

 

نیقاش: به‌كورتی‌ چی‌ له‌ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان روویدا، ئه‌و گرژییه‌ بۆ له‌پڕ سه‌ریهه‌ڵداو پێشمه‌رگه‌ چۆڵیكردن؟

سه‌عدی‌ پیره‌: ئه‌وه‌ی‌ رویدا هه‌ڵه‌یه‌ك بوو، هه‌ڵه‌یه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ بوو، به‌پێی‌ مادده‌ی‌ 9 له‌ده‌ستوری‌ عێراق نابێت سوپا به‌كار هێنرێت بۆ كێشه‌ سیاسیه‌كان، ئه‌وه‌ی‌ كرا به‌كار هێنانی‌ سوپای‌ عێراق بوو بۆ كێشه‌ی‌ سیاسی‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌كه‌ركوك‌و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان رویدا بۆ پاراستنی‌ كه‌ركوك بوو له‌وێرانی‌‌و پاراستنی‌ ژیانی‌ خه‌ڵك بوو بۆیه‌ كشانه‌وه‌ هه‌بوو، هێزی‌ پێشمه‌رگه‌و سوپای‌ عێراق دوو هێزی‌ زۆر نابه‌رامبه‌ربوون.

 

نیقاش: ئایا رێككه‌وتنی‌ پێشوه‌خته‌ هه‌بوو بۆ ئه‌و چۆڵكردنه‌ یان نا؟

سه‌عدی‌ پیره‌: رێكه‌وتنی‌ پێش وه‌خت كرابوو، له‌نێوان توركیاو ئێران‌و عێراق بۆبه‌كارهێنانی‌ هێز، له‌كۆبوونه‌وه‌ی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان بڕیارمانداوه‌ كه‌  لیژنه‌یه‌كی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ دوور له‌مزایه‌ده‌و به‌تایبه‌ت  له‌سه‌ر ریفراندۆم‌و  كاره‌سه‌ته‌كانی‌ دوایی‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكات‌و به‌شێوه‌یه‌كی‌ وردو ئه‌نجامه‌كه‌شی‌ رابگه‌ین كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ یه‌كێتی‌ خۆشیه‌تی‌.

 

نیقاش: تۆ ده‌ڵێیت پیلانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌بوو له‌وه‌ی‌ كه‌ركوكدا؟

سه‌عدی‌ پیره‌: به‌ڵێ  پیلانی‌ هه‌رێمی‌ بوو به‌جۆرێك رێكه‌وتنه‌كه‌ توركیاو عێراق‌و ئێران به‌ئاگاداری‌ ئه‌مه‌ریكا كردبوویان بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ بیره‌ نه‌وته‌كان‌و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، ئه‌و هێزه‌ سه‌ره‌تا 48 كاتژمێری‌ داناو دواتر 24 كاتژمێر، بۆیه‌ پێشمه‌رگه‌ كشایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ماڵوێرانی‌ رونه‌دات‌و ئه‌و شوێنانه‌ی‌ كه‌ رێكه‌وتنه‌كه‌یان پێنه‌گه‌یشتبوو شه‌هیدو برینداریشی‌ لێكه‌وته‌وه‌.

 

نیقاش: راسته‌ ئێران فشاری‌ له‌یه‌كێتی‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ شه‌ڕ نه‌كات؟

سه‌عدی‌ پیره‌: ئێران‌و توركیاو عێراق كۆكبوون كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ وه‌ربگرنه‌وه‌، به‌ڵێ‌ ئاگاداری‌ ئێمه‌و پارتیشیان كرد كه‌ به‌ بێ شه‌ڕ بكشێنه‌وه‌.

 

نیقاش: قاسم سوله‌یمانی‌ به‌دۆستی‌ یه‌كێتی‌ ناسراوه‌، حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش ده‌ڵێت ئه‌و سه‌رپه‌رشتی‌ هێرشه‌كانی‌ كه‌ركوكی‌ كردووه‌، بۆچی‌ دۆسته‌كه‌تان ئێستا له‌دژتان وه‌ستاوه‌ته‌وه‌؟

سه‌عدی‌ پیره‌: له‌هه‌رێمی‌ كوردستان به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ دادوه‌ر ده‌وری‌ خۆی‌ نابینێ‌‌و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ تۆمه‌ت ده‌خه‌نه‌ پاڵ كه‌سی‌ تر لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ناكرێت هه‌موو شتێك ده‌وترێت، ئه‌گه‌ر قسه‌كه‌ وابوو ئه‌وا ده‌ڵێن قسه‌كه‌مان راست بوو ئه‌گه‌ریش راست نه‌بوو هه‌ر هیچ، ئێستاش كاتی‌ ئه‌وه‌یه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ین‌و یه‌كێتی‌ جدیه‌و لیژنه‌ی‌ بۆ پێكهێناوه‌.

 

نیقاش: سێ‌ هێزی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ بڕیاری‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مانتاندا، ئایا ده‌كرێ‌ بڵێین دوای‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ دامه‌زراوه‌كان دیموكراسی‌ له‌كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسیدایه‌؟

سه‌عدی‌ پیره‌: ناكرێت له‌واقیع رابكه‌ین، یه‌ك ملیۆن پێنج سه‌د هه‌زار ئاواره‌ هه‌یه‌، شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌‌و ناتوانین هه‌ڵبژاردن بكه‌ین‌و بارودۆخ له‌بار نییه‌، تاوه‌كو ئه‌من‌و ئاسایش ده‌گێرێته‌وه‌ ئینجا هه‌ڵبژاردن بكرێت، ئێستا ده‌ڵێن هه‌شت مانگ به‌بڕوای‌ من كه‌مه‌و ساڵێكی‌ پێویسته‌.

 

نیقاش: چه‌ندجارێك به‌رپرسانی‌ پارتی‌ وتویانه‌ بارزانی‌ ده‌ست له‌كار ده‌كێشێته‌وه‌، ئه‌مه‌ تا چه‌ند راسته‌؟

سه‌عدی‌ پیره‌: زانیاریم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌دونیادا بووه‌ كه‌ كه‌سێك پڕۆژه‌یه‌كی‌ پێیه‌و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌وه‌، بۆ نمونه‌ جه‌مال عه‌بدولناسری‌ سه‌رۆكی‌ میسر ده‌ستی‌ له‌كار كێشایه‌وه‌، به‌ڵام ئایا بارزانی‌ ئه‌مه‌ ده‌كات یا نا، نازانین‌و پارتی‌ خۆیان ده‌توانن وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌.

 

نیقاش: دۆخی‌ ناوخۆی‌ كوردستان به‌كوێ‌ ده‌گات؟

سه‌عدی‌ پیره‌: ده‌بێت دابنیشین كه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئێستا یه‌كێتی‌ په‌نجا كێشه‌ی‌ تێدایه‌ ناكرێت هه‌ریه‌ك حزبێك دروست بكه‌ین، بۆ یه‌كێتی‌ غیابی‌ مام جه‌لال هۆكاری‌ سه‌ره‌كییه‌ بۆ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانیش غیابی‌ كاك نه‌وشیروان، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ كوردستانیش پێویستمان به‌گفتوگۆی‌ جدی‌ هه‌یه‌.

 

نیقاش: حكومه‌تی‌ هه‌رێم توانای‌ دارایی‌ ئه‌وه‌نده‌ ماوه‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران بدات؟

سه‌عدی‌ پیره‌: حكومه‌تی‌ هه‌رێم قه‌رزه‌كانی‌ داوه‌ته‌وه‌و ته‌واو بووه‌، ئه‌وه‌ی‌ ماوه‌ مووچه‌یه‌، به‌ڵام بیره‌ نه‌وته‌كان له‌ده‌ست حكومه‌تی‌ عێراقه‌و پێم وایه‌ هاوڵاتی‌ زیانی‌ پێ ناگات.

 

نیقاش: به‌رای‌ تۆ ئاكامی‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا چی‌ ده‌بێت؟

سه‌عدی‌ پیره‌: باش ده‌یبینم، عێراق له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردندایه‌و مه‌له‌سه‌ی‌ كورد بۆ ده‌نگ په‌یداكردن به‌كارده‌هێن، ئه‌وه‌ی‌ له‌میدیا ده‌وترێت شتێكه‌، به‌ڵام له‌پشت ده‌رگا داخراوه‌كان قسه‌ی‌ تر هه‌یه‌.

 

نیقاش: دوای‌ ئه‌و شكسته‌ی‌ تووشی‌ پێشمه‌رگه‌ هات، باری‌ كوردستان له‌گفتوگۆكاندا لاواز نه‌بووه‌، واته‌ ده‌توانن به‌هه‌مان هێزی‌ جارانه‌وه‌ دانوستان بكه‌ن؟

سه‌عدی‌ پیره‌: كاریگه‌ری‌ نابێت‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ناتوانێت ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ركان بپارێزێت، چونكه‌ ئه‌وان بۆ ئه‌ركی‌ شه‌ڕی‌ داعش دروستكران نه‌ك بۆ شه‌ڕی‌ كورد كه‌ له‌خزمه‌تی‌ شیعه‌و عێراقدا نییه‌.

 

نیقاش: ئه‌مه‌وێ‌ رای‌ تۆ بزانم، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ روویدا، هه‌نگاوی‌ فرۆشتنی‌ نه‌وت به‌سه‌ربه‌خۆ هه‌نگاوێكی‌ راست بوو یان نا؟

سه‌عدی‌ پیره‌: به‌ ڕای‌ من سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌و فرۆشتنی‌ نه‌وت كاری‌ وڵاتێكه‌و بازاڕو شێوه‌ی‌ خۆی‌ هه‌یه‌، كه‌ توركیا ده‌ڵاڵه‌ پاره‌ی‌ ده‌وێت، ئه‌گه‌ر بۆ هه‌ر به‌رمیلێك 10 دۆلار بێ زۆره‌، بۆچی‌ له‌رێگه‌ی‌ سۆمه‌وه‌ نه‌یفرۆشین، بۆیه‌ من ئێستاو پێشترین زۆرم پێ باشتر بووه‌ نه‌وته‌كه‌ له‌رێگه‌ی‌ سۆمۆوه‌ بێت‌و ئه‌وانیش بودجه‌مان پێ بده‌ن‌و مووچه‌ بده‌ین.

 

نیقاش: ئه‌ی‌ ریفراندۆم هه‌نگاوێك بوو له‌جێی‌ خۆیدا بوو یان نا؟

سه‌عدی‌ پیره‌: ده‌رچوو كاته‌كه‌ی‌ گونجاو نه‌بوو ریفراندۆم له‌رووی‌ یاساییه‌وه‌ كێشه‌ی‌ نه‌بوو، به‌ڵام ته‌نیا یاسایی‌ نییه‌، به‌ڵكو لایه‌نی‌ سیاسیشی‌ هه‌یه‌ له‌رووی‌ سیاسی‌‌و جوگرافیا پێویستی‌ به‌وردبوونه‌وه‌ی‌ زیاترو زه‌مانه‌تی‌ زیاتر هه‌بوو.

 

نیقاش: نه‌جمه‌دین كه‌ریم كه‌ له‌سه‌ر لیستی‌ ئێوه‌ پارێزگاری‌ كه‌ركوك بوو له‌پۆسته‌كه‌ی‌ لابرا، ئێستا باس له‌دیاریكردنی‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌كی‌ سه‌ربازی‌ ده‌كرێت بۆ كه‌ركوك ئه‌مه‌یان چییه‌؟

سه‌عدی‌ پیره‌: ئه‌مه‌ نه‌ قسه‌ی‌ له‌سه‌ر كراوه‌و رێی‌ تێ ناچێت،  بابه‌تی‌ دانانی‌ دادوه‌ری‌ عه‌سكه‌ری‌ گوێم لێ نه‌بوه‌، به‌ڵكو كه‌سێك هه‌یه‌ به‌رپرسی‌ هێزه‌كانی‌ دژه‌ تیرۆره‌ له‌پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ ره‌نگه‌ بمێنێته‌وه‌ بۆ هاوكاری‌ پۆلیسی‌ نه‌ك حكومڕانی‌، خۆ ئه‌گه‌ر تۆ باسی‌ ده‌كه‌یت هه‌بێت كاردانه‌وه‌ی‌ خراپی‌ ده‌بێت.

 

نیقاش: یه‌كێتی‌ دوای‌ مام جه‌لال چی‌ به‌سه‌ردێ‌، مه‌ترسی‌ په‌رته‌وازه‌بوونی‌ نییه‌؟

سه‌عدی‌ پیره‌: یه‌كێتی‌ له‌وه‌ی‌ ئێستای‌ خراپتری‌ به‌سه‌ر نایه‌ت‌و له‌داهاتوویه‌كی‌ نوێ كۆنگره‌ ده‌كات‌و نوێبوونه‌وه‌ی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ خۆی‌ ده‌كات، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ نه‌كات كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نابن.

 

نیقاش: كێ‌ شوێنه‌كه‌ی‌ مام جه‌لال پڕ ده‌كاته‌وه‌؟

سه‌عدی‌ پیره‌: شوێنه‌ی‌ مام جه‌لال به‌و بیركردنه‌وه‌ ئێستا نا، به‌ڵكو ره‌نگه‌ بۆ ئه‌وكاتی‌ كه‌ پۆستی‌ سكرتێر دانراوه‌ گرنگ بوه‌، به‌ڵام بۆ ئێستا پێویست نه‌بێت.

 

نیقاش: جیابوونه‌وه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح یه‌كێتی‌ لاواز ناكات؟

سه‌عدی‌ پیره‌: به‌ڵێ كاریگه‌ری‌ ده‌بێت و دكتۆر به‌رهه‌م كادیرێكی‌ كاراو جێگری‌ دووه‌می‌ سكرتێر بووه‌، به‌ڵام دكتۆر به‌رهه‌م له‌ناو یه‌كێتی‌ جیاوازه‌ له‌دكتۆری‌ به‌رهه‌می‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌