راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

31ی‌ ئاب‌و 16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر
هێزه‌ كوردییه‌كان رۆژو مانگ بۆ یه‌كتری‌ ده‌ژمێرن

مەعاز فەرحان
ناكۆكییه‌كانی‌ نێوان به‌غداو هه‌رێم ده‌رگای‌ ناكۆكییه‌كی‌ تری‌ له‌ناو كوردستاندا كرده‌وه‌ كه‌ ره‌نگه‌ سه‌ر بكێشێ‌ بۆ په‌رته‌وازه‌یی‌ زیاترو قوڵبوونه‌وه‌ی‌ گرفته‌كان.
25.10.2017  |  سلێمانی
 ( :وێنه موسوعة ويكوبيدبا لوفي كلانسي )
( :وێنه موسوعة ويكوبيدبا لوفي كلانسي )

ئێستا به‌نزیكه‌یی‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان ده‌زانن ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی‌ له‌رابردوودا هه‌ڵیانهێناوه‌ هه‌مووی‌ شكستی‌ هێناوه‌، به‌ڵام هیچ یه‌كێكیان راسته‌وخۆ دان به‌و راستییه‌دا نانێت‌و ده‌سته‌ چه‌وره‌كه‌ به‌یه‌كتری‌ ده‌سڕن، ئه‌م جۆره‌ نوشوستانه‌ش ده‌كه‌نه‌ بۆنه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی‌ برینه‌ كۆن‌و نوێیه‌كان بكولێننه‌وه‌.

 

كاتێك رۆژی‌ 16ی‌ ئه‌م مانگه‌ سوپای‌ عێراق‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و پۆلیسی‌ فیدراڵی‌ ئۆپه‌راسیۆنێكیان بۆ سه‌ر كه‌ركوك ده‌ستپێكردو پێشمه‌رگه‌ بێ‌ هیچ به‌رگرییه‌كی‌ ئه‌وتۆ له‌و پارێزگایه‌ كشایه‌وه‌، زۆربه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و ته‌نانه‌ت مه‌سعود بارزانیش به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانیان تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی‌ "خیانه‌ت"یان كردووه‌و ده‌ستیان له‌گه‌ڵ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ تێكه‌ڵكردووه‌و كه‌ركوكیان ته‌سلیم كردوون.

 

به‌رپرسانی‌ پارتی‌ پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی‌ روویداوه‌ به‌شێكی‌ پیلانگێڕانه‌ له‌دژی‌ ئه‌وان، چونكه‌ به‌هۆی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و سوپای‌ عێراقییه‌وه‌ هه‌موو هێزه‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌كه‌ركوك ده‌ركراون، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌ له‌شوێنی‌ خۆیان ماون.

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسانی‌ یه‌كێتی‌ سه‌ره‌ڕای‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و قسانه‌، رایانگه‌یاند هه‌موو ئه‌وه‌ی‌ روویداوه‌ به‌هۆی‌ "بڕیاره‌ هه‌ڵه‌كانی‌" پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بووه‌و سه‌ركێشیان كردووه‌ له‌وه‌ی‌ ریفراندۆمیان بۆ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردستان ئه‌نجامداوه‌.

 

ئه‌م بێنه‌و به‌رده‌و یه‌كتری‌ تۆمه‌تباركردنه‌ له‌ناو هێزه‌ كوردییه‌كاندا نابڕێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره‌ش یه‌كێتی‌ بۆ راده‌ستكردنی‌ كه‌ركوك له‌گه‌ڵ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ رێككه‌وتبێت، ئه‌وا له‌مێژووی‌ ئه‌و هێزانه‌دا شتێكی‌ تازه‌ نییه‌و چه‌ندین جار لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانیشیان ده‌ستیان تێكه‌ڵكردووه‌ بۆ ملشكاندنی‌ یه‌كتری‌.

 

له‌مێژووی‌ شۆڕشه‌ كوردییه‌كاندا به‌تایبه‌تی‌ له‌ساڵانی‌ شه‌سته‌كانی‌ سه‌ده‌ی‌ رابردووه‌وه‌ هه‌تا راپه‌ڕینی‌ ساڵی‌ 1991 كه‌ دواتر به‌هۆیه‌وه‌ حكومه‌تی‌ كوردی‌ دامه‌زرا، چه‌ندینجار لایه‌نه‌ كوردییه‌كان به‌جیا له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانی‌ عێراق‌و ئێران‌و توركیاو ته‌نانه‌ت سوریاش رێككه‌وتوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كتری‌ له‌ناو ببه‌ن.

 

دوای‌ راپه‌ڕینیش ئه‌مه‌ هه‌ر به‌رده‌وام بوو، ساڵی‌ 1993 هه‌ردوو حیزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كه‌ی‌ كوردستان (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان) له‌گه‌ڵ سوپای‌ توركیا رێككه‌وتن بۆ لێدانی‌ گه‌ریلاكانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان، دوای‌ ئه‌وه‌ش له‌كاتی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆی‌ هه‌ردوو حیزبه‌كه‌ دیسان په‌نایان بۆ وڵاتانی‌ ده‌رودراوسێ‌ برد.

 

گه‌وره‌رترین ئه‌و ده‌ست تێكه‌ڵكردنانه‌ش ئه‌وه‌یان بوو كه‌ له‌ 31ی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 1996 پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان په‌نای‌ بۆ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێن بردو له‌رێی‌ ده‌بابه‌ی‌ سوپای‌ عێراقییه‌وه‌ ده‌ستی‌ گرته‌وه‌ به‌سه‌ر هه‌ولێری‌ پایته‌ختداو یه‌كێتی‌ ده‌ركرد، به‌ر له‌وه‌ش یه‌كێتی‌ بۆ لێدانی‌ پارتی‌ په‌نای‌ بۆ سوپای‌ پاسدارانی‌ ئێرانی‌ بردبوو.

 

هه‌ر كه‌ باسی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ ده‌كرێت یه‌كسه‌ر لایه‌نگرانی‌ یه‌كێتی‌ ناوی‌ (31ی‌ ئاب) ده‌هێنن‌و وه‌ك رۆژی‌ "خیانه‌ت"ی‌ پارتی‌ ده‌یناسێنن، به‌ڵام ئێستا لایه‌نگرانی‌ پارتیش رۆژێكیان ده‌ستكه‌وتووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ وه‌ڵامی‌ یه‌كێتی‌ پێ بده‌نه‌وه‌، ئه‌وانیش ناوی‌ (16ی‌ ئۆكتۆبه‌ر) ده‌هێنن‌و وه‌ك رۆژی‌ "خیانه‌ت"ی‌ یه‌كێتی‌ ده‌یناسێنن كه‌ ده‌ستی‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ئێستا عێراقدا تێكه‌ڵكردووه‌.

 

له‌وه‌ ناچێت ئه‌م جۆره‌ پاشقولانه‌ له‌ناو هێزه‌ كوردییه‌كاندا ببڕێته‌وه‌، هه‌ریه‌ك له‌هێزه‌كانیش ئه‌م جۆره‌ قه‌یرانانه‌ به‌ده‌رفه‌ت ده‌زانن بۆ لۆمه‌كردنی‌ یه‌كتر، به‌ڵام ترسی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌مه‌ترسییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان نییه‌، به‌ڵكو له‌وه‌ ده‌ترسن ناكۆكی‌ هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كان سه‌ر بكێشێ‌ بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی‌ چه‌كداری‌، بۆیه‌ داوای‌ یه‌كڕیزیان لێده‌كه‌ن.

 

سه‌ره‌تای‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ژماره‌یه‌ك له‌رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی‌و هونه‌رمه‌ندان‌و رۆژنامه‌نووسان له‌شاری‌ سلێمانی‌ كه‌مپینی "یه‌كریزی نه‌ك لێكترازان"یان راگه‌یاندو داوایان له‌هه‌موو لایه‌نه‌كان كرد رێگری بكرێت له‌بانگه‌شه‌ی دووبه‌ره‌كی‌و هه‌موو وتارێكی ئاراسته‌كراو بۆ تێكدانی یه‌كڕیزی.

 

ئه‌وه‌ی‌ تائێستا هه‌یه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ له‌سه‌ری‌ ئاستی‌ لێدوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ده‌میه‌وه‌ چوون، به‌ڵام هیچ هه‌نگاوێكی‌ كرداره‌كیان بۆ نه‌ناوه‌.

 

فازل به‌شاره‌تی‌، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، به‌ "نیقاش"ی‌ وت "نه‌هاتنه‌دی‌ یه‌كڕیزی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ كه‌سییه‌وه‌ هه‌یه‌و هه‌موو لایه‌نه‌كانیش ئه‌وه‌نده‌ی‌ پێویسته‌ پابه‌ندی‌ بابه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌یی‌‌و نیشتمانیه‌كان بن، زیاتر پابه‌ندی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبی‌‌و تایبه‌تیه‌كان ده‌بن".

 

سه‌ره‌ڕای‌ لێكترازانه‌كانی‌ ئه‌مدواییه‌، به‌ڵام به‌شاره‌تی‌ ئومێدی‌ زۆرتره‌ یه‌كڕیزی‌‌و یه‌كبونه‌كه‌ بێته‌دی‌، به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌وه‌ خواستی خه‌ڵكه‌.

 

ئه‌م بۆچوونه‌ عه‌دنانی‌ حه‌مه‌ی‌ مینا، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان پشتگیری‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت  "هه‌ر كه‌س له‌ئه‌جێندای‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌و حزبایه‌تیه‌وه‌ كار ده‌كات‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ فه‌رامۆش ده‌كات".

 

عه‌دنانی‌ حه‌مه‌ی‌ مینا به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌مووان قسه‌ ده‌كه‌ن‌و داوای‌ یه‌كڕیزی‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام كاری‌ بۆ ناكه‌ن‌و زیاتر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبیه‌كانی‌ به‌لاوه‌ گرنگه‌، پێویسته‌ ئیتر بیر له‌به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ میلـله‌ته‌كه‌مان بكه‌ینه‌وه‌‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ حزبی‌ تێپه‌ڕێنین، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ میلله‌ت‌و وڵاته‌كه‌مان له‌مه‌ترسیدایه‌".

 

قسه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ هیچی‌ له‌و هه‌ڵمه‌ته‌ كه‌منه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ لایه‌نگرانی‌ هه‌ردوو حیزب له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دژی‌ یه‌كتر به‌رپایان كردووه‌‌و رۆژو مانگه‌كانی‌ "خیانه‌تكردن" بۆ یه‌كتر ده‌ژمێرن، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ چاودێران پێیان وابێت زه‌حمه‌ت بێت له‌م قه‌یرانه‌ی‌ ئه‌مجاره‌شدا هێزه‌ كوردییه‌كان په‌ند وه‌ربگرن، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زیاتر یه‌كتری‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

 

ماجید خه‌لیل، مامۆستای‌ به‌شی‌ مێژوو له‌زانكۆی‌ سلێمانی‌، پێی‌ زه‌حمه‌ته‌ هێزه‌ كوردییه‌كان بگه‌نه‌ ته‌بایی‌‌و ده‌ڵێت "یه‌كڕیزی‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان زیاتر له‌خه‌و ده‌چێت".

 

ئه‌و كه‌ شاره‌زایه‌كی‌ وردی‌ مێژووی‌ كورده‌ چه‌ندین نموونه‌ی‌ ناكۆكی‌‌و پشتكردنه‌ یه‌كتری‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی‌ لایه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "شكست‌و خیانه‌ته‌كان وایكردووه‌ كه‌ كورد هێشتا شیرینی سه‌ركه‌وتن‌و یه‌كڕیزی‌ نه‌چه‌شتووه‌".

 

خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌زانن قه‌یرانی‌ ئه‌مجاره‌ش تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام زه‌حمه‌ته‌ تێپه‌ڕبوونی‌ رۆژگار ئه‌م جۆره‌ رۆژانه‌ له‌مێژووی‌ هێزه‌ كوردییه‌كاندا بسڕێته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌