راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

رۆژ رۆژی عەبادییە
رووداوه‌كانی‌ كوردستان گورزیان له‌هه‌رێمی‌ به‌سره‌ وه‌شاند

سه‌لیم وه‌ززان
ریفراندۆمی كوردستان‌و رووداوه‌كانی‌ دوای‌ ئه‌و وایكردووه‌ به‌شێكی‌ خه‌ڵكی‌ به‌سره‌ بیرۆكه‌ی‌ هه‌رێمی‌ به‌سره‌ زیندوو بكه‌نه‌وه‌، به‌شێك له‌ترسه‌كه‌ش باڵاده‌ستی‌ به‌غدایه‌.
25.10.2017  |  به‌سره

سه‌میر ره‌حیم مالیكی ئه‌ندامی لیژنه‌ی سیاسی‌و به‌رپرسی نووسینگه‌ی ئه‌میندارێتی گشتی كوتله‌ی بنیاتنان‌و چاكسازی پێی وایه‌ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ له‌ئێستادا زیاتر زه‌حمه‌ت بووه‌‌و ئه‌وه‌ش ره‌تكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی داواكاری پێكهێنانی هه‌رێمه‌كه‌ی له‌لایه‌ن هه‌موو حزبه‌ ده‌ستڕۆیشتووه‌كانه‌وه‌ پته‌وتركردووه‌.

 

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت "پێكهێنانی هه‌رێم له‌به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كاندا نییه‌، به‌ڵكو زیان به‌ هه‌ژموونیان له‌ به‌سره‌ ده‌گه‌یه‌نێت، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژایه‌تی بیرۆكه‌كه‌یان كرد، رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ش بیانوویه‌كی نوێی دانه‌ده‌ست، دواكارییمان بۆ پێكهێنانی هه‌رێم روون بوو، پشتیوانی جه‌ماوه‌ریشمان به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران فه‌رامۆشی كرد‌و وه‌ك ده‌وترێت خستیه‌ ژێر مێزه‌وه‌".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێ "وه‌ك ئاشكرایشه‌ به‌تێه‌ڕبوونی كات جموجوڵی جه‌ماوه‌ر ساردوسڕی تێده‌كه‌وێت، چونكه‌ ئه‌م داواكاریانه‌ پێویستیان به‌ درێژه‌پێدان‌و هه‌ماهه‌نگییه‌، له‌ كاتێكیشدا هه‌وڵی كاراكردنی بانگه‌شه‌ی دامه‌زراندنی هه‌رێممان ده‌دا كه‌ مافێكی ده‌ستووری‌و یاساییه‌، داواكاری مه‌سعود بارزانی بۆ ریفراندۆمی جیابوونه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵدا كه‌ وای لێكردین په‌له‌ نه‌كه‌ین".

 

سه‌میر مالیكی پێی وایه‌ رێگای گه‌یشتن به‌ پێكهێنانی هه‌رێم ته‌نیا له‌ڕێی داواكاری جه‌ماوه‌ری‌و بزاوتی مه‌ده‌نییه‌وه‌ به‌دینایه‌ت، بۆیه‌ پێویسته‌ كوتله‌یه‌كی سیاسی به‌سره‌یی پێكبهێنن پشتیوانی بۆچوونه‌كانیان بكات، ده‌شڵێت "كوتله‌ی بنیاتنان‌و چاكسازی له‌دایك بوو كه‌ به‌ره‌سمی له‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن تۆمار كراوه‌‌و ده‌چینه‌ شه‌ڕی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی باوه‌ڕمان وایه‌ داواكارییه‌كانمان بۆ پێكهێنانی هه‌رێم ده‌بێت ئه‌ندام‌و په‌رله‌مانتاری هه‌بێت له‌ پارێزگا‌و په‌رله‌ماندا پشتیوانی بكه‌ن".

 

خه‌ڵكی به‌سره‌ هه‌ستێكی ناخۆشیان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌فیڕۆدانی پاره‌ی ئه‌و بودجه‌ زۆروزه‌وندانه‌ی له‌ واقیعدا هیچ شتێكی جێبایه‌خیان لێ نه‌هاتۆته‌دی، ئه‌وه‌ش كه‌ زیاتر توڕه‌ی كردوون ئه‌وه‌یه‌ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی خۆجێییان گرتووه‌ته‌ده‌ست سه‌ر به‌ پارێزگاكانی تر بوون‌و حزبه‌ براوه‌كانیان له‌ هه‌ڵبژاردندا هێناویانن‌و زۆربه‌شیان به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ یاخود زیندانیكردن كۆتاییان هاتووه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌مدواییانه‌ به‌سه‌ر ماجید نه‌سراوی پارێزگاری به‌سره‌‌و سه‌باح به‌زونی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا روویدا كه‌ به‌ تۆمه‌تی گه‌نده‌ڵی خرایه‌ زیندانه‌وه‌.

 

چالاكوان حه‌یده‌ر حاته‌م پێی وایه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌ سامانی نه‌وتی به‌سره‌ كه‌متریان هه‌یه‌‌و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌رێمی خۆیان به‌ده‌ستهێناوه‌ كه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانی ئاوه‌دانی‌و خزمه‌تگوزاریدا زۆر پێشكه‌وتووه‌ به‌ به‌راورد به‌ پارێزگای به‌سره‌ كه‌ ژماره‌ی دانیشتووانی له‌ 3 ملیۆن كه‌س زیاتره‌‌و گرنگترین سامانی نه‌وتی عێراق‌و به‌نده‌ره‌كانی له‌خۆده‌گرێت هاوكات به‌ده‌ست فه‌وزا‌و هه‌ژاری‌و وێرانكارییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.

 

ئه‌و له‌باره‌ی پرۆژه‌كه‌یان به‌ "نیقاش"ی وت: "ئێمه‌ بیر له‌ سه‌ربه‌خۆبوون له‌ عێراق ناكه‌ینه‌وه‌ وه‌كو خواسته‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام پێمان وایه‌ باشترین رێگا بۆ بنیاتنانی به‌سره‌‌و له‌ناوبردنی گه‌نده‌ڵی به‌ربڵاو له‌ چومگه‌كانی پارێزگاكه‌دا خۆی له‌ دامه‌زراندنی هه‌رێم‌و راده‌ستكردنی ئیداره‌كه‌ی به‌ خه‌ڵكی به‌سره‌ ده‌بینێته‌وه‌".

 

به‌ڵام بانگه‌شه‌كه‌رانی دامه‌زارندنی هه‌رێم هه‌ست ده‌كه‌ن لێكه‌وته‌كانی ئه‌م دواییه‌ پێویستیان به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ئێستادا په‌له‌ نه‌كه‌ن، چونكه‌ مه‌زاجی گشتی پشتیوانی له‌ جموجوڵه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی ده‌كات له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ حاته‌م ده‌ڵێت: "ده‌مانه‌وێت ده‌رفه‌ت له‌ده‌ست ئه‌وانه‌ بده‌ین كه‌ بانگه‌شه‌ بۆ فه‌وزا ده‌كه‌ن له‌ پارێزگاكانی عێراق له‌ژێر ناونیشانی پێكهێنانی هه‌رێم‌و ئه‌و شتانه‌دا، به‌ڵام كاتێك ئاڵۆزییه‌كانی باكوور كۆتاییان دێت به‌روونی ده‌كه‌وینه‌ جموجوڵ".

 

بانگه‌شه‌كانی دامه‌زارندنی هه‌رێم رووبه‌ڕووی ئاڵنگاری گه‌وره‌ بوونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی داوای دواخستنی دامه‌زراندنی هه‌رێمه‌كان ده‌كه‌ن پاساوی خۆیان له‌ لێكه‌وته‌كانی رووداوه‌كانی كوردستاندا دۆزیوه‌ته‌وه‌، دكتۆر جه‌واد به‌زونی به‌رپرسی ره‌وتی حیكمه‌ت له‌ به‌سره‌ (ره‌وته‌كه‌ی عه‌ممار حه‌كیم) ده‌ڵێت ئه‌زموونی كوردستانی عێراق به‌ هه‌رێمێك ده‌ستیپێكرد‌و به‌ كۆنفیدراڵییه‌ك كۆتاییهات كه‌ داوای جیابوونه‌وه‌ی ده‌كرد ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌رێنی هه‌بوو له‌سه‌ر قازانجه‌كانی پێكهێنانی هه‌رێمه‌كان له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بێته‌ هۆی دابه‌شبوونی عێراق.

 

سه‌باره‌ت به‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و رووداوانه‌ش له‌سه‌ر ره‌وشی گشتی ئه‌و بۆ "نیقاش"ی روونكرده‌وه‌ "كورد هه‌موو ده‌وڵه‌تیان تووشی شڵه‌ژان كرد‌و چیتر وێنه‌ ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ روون نییه‌، ئایا ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵییه‌ كه‌ پێویسته‌ چه‌ند هه‌رێم یان كۆنفیدراڵییه‌ك بێت یاخود ده‌وڵه‌تێكی ناوه‌ندییه‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی فراوانی پارێزگاكانه‌وه‌؟ له‌به‌رئه‌وه‌ پێده‌چێت راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له‌لایه‌ن كورد‌و لێكه‌وته‌كانی ئه‌م دواییه‌، عێراق بگێڕنه‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌تێكی ناوه‌ندی به‌ده‌سه‌ڵاتی فراوانی پارێزگاكانه‌وه‌ به‌ پارێزگا كوردییه‌كانیشه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ مانه‌وه‌یان له‌ چوارچێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر ئه‌و رێوشوێنه‌ حكومیانه‌دا بێت كه‌ به‌مدواییانه‌ رویاندا وه‌ك كۆنترۆڵكردنی فڕۆكه‌خانه‌كان‌و ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان‌و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت‌و سوپا‌و كاروباره‌ سیادییه‌كانی دیكه‌".

 

شێخ جه‌لیل ساڵحی ئه‌مینداری گشتی دامه‌زراوه‌ی عه‌شایره‌كانی عێراق له‌ به‌سره‌  داواكارییه‌كانی پێكهێنانی هه‌رێم ره‌تده‌كاته‌وه‌‌و پاساوی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یشی بۆ "نیقاش" ده‌هێنێته‌وه‌‌و ده‌ڵێت: "ئێمه‌ وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی عه‌شایری قایلین به‌وه‌ی ده‌ستوور بڕیاری لێده‌دات‌و ئه‌وه‌ی مه‌رجه‌عیه‌تی ئایینی سه‌باره‌ت به‌ مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌یڵێت".

 

ده‌شڵێت: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داوا ده‌كه‌ین ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ پارێزگاكانی باشوور به‌تایبه‌تی به‌سره‌ بدرێت تا ره‌وشی خزمه‌تگوزاری‌و ئاوه‌دانیان به‌ره‌وپێش ببه‌ن‌و له‌ ئاستی هه‌رێمی كوردستاندا بن له‌ڕووی سوودوه‌رگرتن له‌ سامان‌و داهاته‌كان‌و له‌بری بانگه‌شه‌ بۆ پێكهێنانی هه‌رێمه‌كان پێویسته‌ ته‌ركیز بخرێته‌ سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسای 21ی تایبه‌ت به‌ پارێزگاكان".

 

له‌ ساڵی 2008دا هه‌وڵه‌كانی په‌رله‌مانتاری پێشوو دادوه‌ر وائیل عه‌بدولله‌تیف بۆ پێكهێنانی هه‌رێمی به‌سره‌ شكستیان پێهێنرا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و راپرسییه‌ی سه‌باره‌ت به‌ هه‌رێمه‌كه‌ ئه‌نجام درا رێژه‌ی پێویست ده‌نگی نه‌هێنا.

 

عه‌بدولله‌تیف پێی وایه‌ ناكرێت پرۆژه‌ی هه‌رێمی به‌سره‌‌و ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان روویدا پێكه‌وه‌ گرێبدرێن‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "بانگه‌شه‌ی راگه‌یاندنی هه‌رێمی به‌سره‌ داواكارییه‌كی یاسایی‌و ده‌ستوورییه‌ له‌كاتێكدا ریفراندۆم له‌ باكووری عێراق پێچه‌وانه‌ی یاسا‌و ده‌ستووره‌".

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا تاو ناتاوێك چه‌ند ده‌نگێك له‌ حكومه‌تی خۆجێی به‌سره‌دا به‌رزده‌بنه‌وه‌‌و داوای دامه‌زراندنی هه‌رێمی به‌سره‌ ده‌كه‌ن كه‌ دوایینیان وه‌لید گیتان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بوو، هاوكات چالاكوان سه‌میر ره‌حیم مالیكی ئه‌و بانگه‌شانه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌ "كارتی گوشارن، هه‌روه‌ك پێشتر سه‌باح به‌زونی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا به‌كاریهێنا بۆ تێپه‌ڕاندنی هه‌ندێك بڕیار كه‌ سوودیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان‌و به‌رژه‌وه‌ندی كوتله‌كانیان هه‌بوو".

 

ده‌شڵێت: "دوور له‌ موزایه‌ده‌ ئێمه‌ داوای هه‌رێمێكی ئیداری ده‌كه‌ین كه‌ مافه‌كانی به‌سره‌ دابین بكات به‌پێی ده‌ستوور، ئه‌وه‌ش پاشكه‌وته‌ییمان بۆ ناوه‌ند‌و ئه‌و حزبانه‌ كۆتایی پێدێنێت كه‌ له‌ ململانێدان له‌سه‌ر ده‌ستكه‌وت، بڕیاره‌كه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیانی به‌سره‌دا ده‌بێت، چونكه‌ هه‌رێم له‌وه‌ تێپه‌ڕ نابێت كه‌ به‌ڕێوه‌بردنی داهاته‌كانی به‌سره‌یه‌ له‌ڕێی وه‌زاره‌ته‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌، له‌كاتێكدا وه‌زاره‌ته‌ سیادییه‌كان به‌ده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه‌ ده‌مێننه‌وه‌".

 

مالیكی پێی وایه‌ ئه‌وه‌ی له‌ كوردستان روویدا شتێكی ئه‌رێنییه‌‌و له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پێكهێنانی هه‌رێمه‌كاندایه‌‌و ده‌ڵێت: "ئه‌مڕۆ ده‌توانین هه‌مووان دڵنیابكه‌ینه‌وه‌ له‌وه‌ی ترس له‌ پێكهێننانی هه‌رێم نییه‌، چونكه‌ حكومه‌تی ناوه‌ند به‌رپه‌رچی هه‌ر كه‌سێك ده‌داته‌وه‌ بیر له‌ جیابوونه‌وه‌ بكاته‌وه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌