راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

یاریزانێك له‌كێشی‌ قورس
به‌رهه‌م ساڵح ده‌یه‌وێت گۆمی‌ سیاسی‌ كوردستان بشڵه‌قێنێت

هونەر حەمەرەشید
هێشتا په‌تای‌ ریفراندۆم له‌كوردستان هێور نه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ بابه‌تێكی‌ دیكه‌ به‌گه‌رموگوڕی‌ خۆی‌ خزانده‌ ناو باسه‌كانی‌ رۆژ، ئینجا نۆره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌ یاریزانی‌ نوێی‌ تیا ده‌رده‌كه‌وێت.
5.10.2017  |  سلێمانی
بەرهەم ساڵح ( :وێنه Anadolu Agency)
بەرهەم ساڵح ( :وێنه Anadolu Agency)

 

شه‌وی‌ دووشه‌ممه‌ی‌ رابردوو (2ی‌ ئۆكتۆبه‌ر) به‌رهه‌م ساڵح له‌رێی‌ په‌یامێكی‌ ڤیدیۆییه‌وه‌ لیستێكی‌ نوێی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتووی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان راگه‌یاند به‌ناوی‌ "هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپه‌روه‌ری"، ئه‌م هه‌نگاوه‌ش ره‌نگه‌ كه‌م تا زۆر گۆمی‌ مه‌نگی‌ سیاسی‌ كوردستان بشڵه‌قێنێت.

 

به‌رهه‌م ساڵح ئه‌گه‌رچی‌ له‌كوردستان دۆست‌و نه‌یاری‌ زۆرن، به‌ڵام هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ شایه‌دی‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ ده‌ده‌ن كه‌م سیاسه‌تمه‌دار هه‌بووه‌ به‌وێنه‌ی‌ ئه‌و بتوانێت له‌سه‌ر ئاستی‌ جه‌ماوه‌ری‌‌و له‌نێو حیزب‌و حكومه‌تیشدا یاریزانێكی‌ كاراو دیار بێت.

 

ئه‌و له‌ناو یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌حیزبه‌ هه‌ره‌ دیاره‌كان، ساڵانێكی‌ دوورو درێژه‌ جێگری‌ جه‌لال تاڵه‌بانییه‌، ته‌نانه‌ت دۆسته‌كانی‌ ده‌ڵێن له‌پاش تاڵه‌بانییه‌وه‌ هیچ كه‌سێك نییه‌ له‌ناو كورددا هێنده‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح تۆڕێكی‌ به‌رفراوانی‌ په‌یوه‌ندی‌ دیبلۆماسی‌ عێراقی‌‌و جیهانی‌ هه‌بێت.

 

له‌سه‌ر ئاستی‌ حوكمڕانیش بۆ ماوه‌ی‌ پێنج ساڵ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بووه‌، سێ‌ ساڵیان له‌ناوچه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و دوو ساڵی‌ دیكه‌ش له‌حكومه‌تی‌ یه‌كگرتووی‌ كوردستان، له‌به‌غداش گه‌یشتووه‌ته‌ به‌رزترین ئه‌و پلانه‌ی‌ به‌كورد بڕاوه‌، سه‌رده‌مێكی‌ جێگری‌ نوری‌ مالیكی‌ سه‌ره‌ك وه‌زیران‌و سه‌رده‌مێكی‌ دیكه‌ش وه‌زیری‌ پلان دانان بووه‌.

 

 

پێده‌چێت به‌رهه‌م ساڵح باش له‌هاوكێشه‌كان گه‌یشتبێت، چونكه‌ له‌كاتێكدا ئه‌و كارته‌ فڕێ‌ ده‌دات كه‌ ده‌زانێ‌ له‌زۆنه‌كه‌ی‌ ئه‌و (زۆنی‌ سلێمانی‌) هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی‌ زۆر دیارو كاریگه‌ر نه‌ماوه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سه‌ره‌ك كۆماری‌ پێشوو نه‌وشیروان مسته‌فای‌ رێكخه‌ری‌ گۆڕانیش كۆچی‌ دواییان كردووه‌و به‌وه‌ش بۆشاییه‌كی‌ گه‌وره‌یان له‌و زۆنه‌دا جێهێشتووه‌.

 

به‌رهه‌م ساڵح كه‌ هه‌میشه‌ خۆی‌ وه‌ك خوێندكاری‌ تاڵه‌بانی‌ ده‌ناسێنێت، له‌وه‌ ده‌چێت ئێستا بیه‌وێت له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ شوێنی‌ تاڵه‌بانی‌ بگرێته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یاره‌كانی‌ ده‌ڵێن ده‌ستی‌ داوه‌ته‌ به‌ردێكی‌ قورس كه‌ ئاسان ناهاویژرێت، چونكه‌ ساڵح نه‌ هێنده‌ی‌ تاڵه‌بانی‌ له‌هاوكێشه‌كان گه‌یشتووه‌، نه‌ به‌قه‌د ئه‌ویش بوێری‌ بڕیاردانی‌ هه‌یه‌.

 

هه‌رچۆنێك بێت له‌ناو ئه‌م گێرمه‌و كێشه‌و خوێندنه‌وه‌ جیاوازانه‌دا، به‌رهه‌م ساڵح به‌په‌یامه‌كه‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ژێر به‌ڕڕه‌ بوو هێنایه‌ سه‌ر به‌ڕڕه‌و ئه‌وه‌ی‌ یه‌كلایی‌ كرده‌وه‌ كه‌ لیستی‌ ده‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتووی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ بڕیاره‌ رۆژی‌ 1ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ بچێت.

 

ئه‌وه‌ی‌ له‌ڤیدیۆكه‌یدا وتی‌ پێده‌چێت ته‌نیا لیستێك نه‌بێت، به‌ڵكو هاوپه‌یمانێتییه‌ك بێت كه‌ بیه‌وێت هه‌موو هێزه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پارتی‌ دیموكرات‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ له‌سایه‌یدا كۆببێته‌وه‌، یه‌كه‌م هه‌نگاویشی‌ دیسان به‌ره‌و رووی‌ ئه‌و دوو هێزه‌یه‌، چونكه‌ به‌روونی‌ وتی‌ ده‌یه‌وێت سیسته‌می‌ حوكمڕانی‌ بگۆڕێت.

 

چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ لیسته‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌ له‌پۆستی‌ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان كێشاوه‌ته‌وه‌، سلێمان عه‌بدوڵا یونس به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كان‌و ڕێگه‌پێدراوی‌ قه‌واره‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌مانه‌وێت كه‌س‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ژێر چه‌ترێكدا كۆبكه‌ینه‌وه‌".

 

وتیشی‌ "به‌رهه‌م ساڵح له‌دوای‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ له‌یه‌كێتی‌ ده‌ستی‌ به‌دوو قۆناغ كردووه‌، كه‌ قۆناغێكی‌ بۆ ئه‌گه‌ری‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان‌و قۆناغی‌ دووه‌میش بۆ ئه‌گه‌ری‌ ئه‌نجامنه‌دانی‌ هه‌ڵبژاردنه‌".

 

له‌باره‌ی‌ ئه‌گه‌ری‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ ده‌ڵێت "ده‌ست به‌گفتوگۆیه‌كی‌ چڕكراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ند حیزب‌و لایه‌ن‌و كه‌سایه‌تییه‌ك له‌ده‌وری‌ هاوپه‌یمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپه‌روه‌ری‌ كۆبكرێنه‌وه‌، تا وه‌ك لیستێكی‌ گه‌وره‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو بكه‌ن".

 

سلێمانی‌ عه‌بدوڵڵا یونس باسی‌ قۆناغی‌ دووه‌می‌ كاركردنی‌ به‌رهه‌م ساڵحیشی‌ كرد، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌گه‌ری‌ ئه‌نجامنه‌دانی‌ هه‌ڵبژاردن‌و ئاشكرایكرد، كه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت، ئه‌وه‌ له‌كاری‌ رێكخراوه‌یی خۆیان به‌رده‌وامده‌بن، به‌و مانایه‌ی‌ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش نه‌كرێت حیزبێكی‌ سیاسی‌ دروست ده‌كات.

 

گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تی‌‌و لایه‌نه‌كان

به‌پێی‌ ئه‌و زانیارییانه‌ی‌ له‌چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادارو نزیك له‌به‌رهه‌م ساڵح ده‌ست "نیقاش" كه‌وتوون، ناوبراو راسته‌وخۆ كه‌وتووه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی‌ دیاری‌ عیلمانی‌‌و ئیسلامی‌ له‌كوردستان‌و هه‌ندێك له‌وانه‌ش رازی‌ بوون كاری‌ له‌گه‌ڵ بكه‌ن، له‌نموونه‌ی‌ محه‌مه‌د ره‌ئوف ئه‌ندامی پێشووی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌، ئارام قادر كه‌ ئه‌ویش پێشتر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بووه‌.

 

له‌و باره‌وه‌ محه‌مه‌د ره‌ئوف زانیارییه‌كانی‌ بۆ "نیقاش" پشتراستكرده‌وه‌و وتی‌ "چه‌ند گفتوگۆیه‌ك كراوه‌و گفتوگۆكانیش به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌ بۆ دروستكردنی‌ هاوپه‌یمانییه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌".

 

محه‌مه‌د ره‌ئوف وتیشی‌ "له‌ڕووی‌ سیاسی‌‌و ئابووری‌‌و چاكسازی‌‌و دادپه‌روه‌ری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كارده‌كه‌ین، نه‌ك ته‌نیا كاركردن بۆ دروستكردنی‌ حیزب، یان لیستێكی‌ دیاریكراو".

 

له‌وه‌ش بترازێ‌ به‌رهه‌م ساڵح ده‌یه‌وێت بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ به‌وه‌ رازی‌ بكات پێكه‌وه‌ له‌یه‌ك هاوپه‌یمانێتدا كاربكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش گفتوگۆی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رسێ‌ لایه‌نه‌كه‌ كردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ پارتی‌ كرێكارانیش كه‌ له‌كوردستان هه‌ندێ‌ جموجۆڵیان هه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌رهه‌م ساڵحه‌وه‌ به‌ئامانج گیراون.

 

شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا هه‌ڵسوڕاوی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان زانیارییه‌كانی‌ بۆ "نیقاش" پشتراستكرده‌وه‌و وتی‌ "نیازی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ هه‌یه‌و گفتوگۆ كراوه‌و به‌رده‌وامیشی‌ هه‌یه‌".

 

شه‌مال عه‌بدولوه‌فا، كه‌ كه‌سێكی‌ نێوانگیره‌، له‌نێوان به‌رهه‌م ساڵح‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان راشیگه‌یاند، "هه‌نگاوی‌ باش نراوه‌و لێكتێگه‌یشتنی‌ باشیش هه‌یه‌"، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو ورده‌كاری‌ زیاتر له‌و باره‌وه‌ بخاته‌ڕوو.

 

له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ حیزبه‌كانیش به‌رهه‌م ساڵح له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڵسوڕاوێكی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ كه‌وتووه‌ته‌ گفتوگۆ بۆ ئه‌وه‌ی‌ تۆڕه‌كه‌ی‌ فراوان بكات.

 

خانم ره‌حیم كه‌ چالاكوانێكی‌ بواری‌ ژنانه‌و سه‌رۆكی‌ رێكخراوێكه‌و بڕیاریداوه‌ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح كاربكات به‌"نیقاش"ی‌ وت "كۆمه‌لێك كۆبوونه‌وه‌ی فراوانمان له‌شارو شارۆچكه‌كان كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كۆده‌نگی دروستبكه‌ین له‌سه‌ر بڕیاردان له‌پشتیوانی ئه‌و لیست‌و لایه‌نانه‌".

 

گره‌و له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێم

نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ئێستا دابه‌شبووه‌ به‌سه‌ر پێنج حیزبی‌ سه‌ره‌كی‌ "پارتی‌ دیموكرات، یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌، گۆڕان‌و یه‌كگرتوو كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌" كه‌ زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

 

له‌په‌یامه‌ ڤیدیۆییه‌كه‌یدا به‌رهه‌م ساڵح وتی‌ مه‌به‌ستێكی‌ سه‌ره‌كییان تێكۆشانه‌ بۆ چه‌سپاندنی "حكم الرشید"و ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنی پاكو بێگه‌رده‌وه‌.

 

كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌، به‌رهه‌م ساڵح بۆ "نیقاش" ئاشكرایان كرد كه‌ ده‌یه‌وێت به‌پێكهێنانی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ فراوان‌و هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی‌ له‌به‌رانبه‌ر پارتی‌ دیموكرات‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ هاوكێشه‌ی‌ سیاسی‌ بگۆڕت، له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ زۆرینه‌یه‌كی‌ په‌رله‌مانی‌ دروستبكات‌و بتوانێت ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست، به‌و مه‌به‌سته‌ش په‌یامه‌كه‌ی‌ له‌هه‌ولێره‌وه‌ راگه‌یاندووه‌.

 

سلێمان عه‌بدوڵڵا یونس هه‌رچه‌نده‌ ره‌تیده‌كاته‌وه‌، ئه‌وان بۆ دژایه‌تی‌ هیچ حیزبێكی‌ دیاریكراو كاربكه‌ن، به‌ڵام نایشارێته‌وه‌ له‌ئێستا كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌پێكهێنانی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ فراوان ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ته‌واوی‌ بگرنه‌ ده‌ست.

 

ئه‌زموونی‌ دروستكردنی‌ هاوپه‌یمانی‌ فراوان، به‌تایبه‌تی‌ له‌پێش هه‌ڵبژكردن له‌كوردستان، جگه‌ له‌ئه‌زموونه‌كانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ هیچ ئه‌زموونێكی‌ تر نییه‌، یان ئه‌گه‌ر هه‌شبێت سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌و بۆ ماوه‌یه‌كی‌ درێژ به‌رده‌وام نه‌بووه‌، نازانرێ‌ ئاخۆ به‌رهه‌م ساڵح ئه‌مه‌ی‌ پێده‌كرێت، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هێشتا حیزبه‌كان وه‌ڵامێكی‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان نه‌داوه‌ته‌وه‌.

 

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، له‌و باره‌وه‌ بۆ "نیقاش" وتی‌ "ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ ده‌ستپێكراوه‌ هه‌نگاوێكی‌ باشه‌ بۆ گۆڕانكاری‌ له‌نه‌خشه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێم، وه‌ك یه‌كگرتوو له‌و باره‌وه‌ گفتوگۆمان كردووه‌و گفتوگۆكانیش به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌، ئه‌نجامه‌كانیشی‌ ماوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت یان نا".

 

هاوكات عه‌دنان عوسمان، هه‌ڵسوڕاوی‌ دیاری‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌ڵێت "ده‌رگامان به‌رووی‌ هیچ لایه‌نێكدا دانه‌خستووه‌ بۆ دروستكردنی‌ هاوپه‌یمانێتی‌ پێش هه‌ڵبژاردن‌و دوای‌ هه‌ڵبژاردنیش، له‌و پێناوه‌دا ده‌بێت كار بكرێت‌و هاوكاری‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ش بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هاوپه‌یمانییه‌كی‌ گه‌وره‌ دروستبكرێت، تا له‌به‌رانبه‌ر پارتی‌ بوه‌ستێته‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ لێوه‌ربگرێت".

 

ئه‌و چاودێرانه‌ی‌ گه‌شبینن به‌وه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح گۆڕانكاریی‌ پێبكرێت، گه‌شبینییه‌كه‌یان له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ گرتووه‌ كه‌ "ئه‌زموونێكی‌ جیاواز"ی‌ خستووه‌ته‌ روو.

 

كه‌مال ره‌ئوف نوسه‌رو رۆژنامه‌نووس كه‌ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری‌ جموجۆڵی‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵحه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌رێمی‌ كوردستان جگه‌ له‌گۆڕانكاری‌ له‌نه‌خشه‌ی‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ توانای‌ ده‌ربازبوونی‌ له‌م دۆخه‌ی‌ ئێستای‌ نییه‌‌و ئه‌م بارودۆخه‌ چه‌قبه‌ستووه‌ پڕ له‌كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ره‌كه‌ی‌ به‌تاكه‌ حیزبێك ناكرێت‌و هاوپه‌یمانێتی‌ ده‌وێت".

 

پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم.. هه‌نگاوه‌ قورسه‌كه‌

گه‌وره‌ترین ره‌خنه‌ كه‌ نه‌یاره‌كانی‌ به‌رهه‌م ساڵح لێی‌ ده‌گرن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌رووی‌ سیاسییه‌وه‌ كاراكته‌رێكی‌ بوێر نییه‌و له‌زۆربه‌ی‌ كێشه‌كاندا بۆ خۆده‌ربازكردن ناوه‌ڕاست هه‌ڵده‌بژێرێت، به‌ڵام نازانرێت ئاخۆ ئه‌مجاره‌ خۆی‌ له‌قه‌ره‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌دات كه‌ بڕیاره‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌مدا هه‌ڵبژاردنی‌ بۆ بكرێت؟

 

هه‌ندێ‌ سه‌رچاوه‌ ده‌یانوت ره‌نگه‌ به‌رهه‌م ساڵح‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كاندیدی‌ هاوبه‌شیان هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه‌شیان ئه‌گه‌رێكه‌ زۆر رێی‌ تێناچێت، چونكه‌ ئێستا گۆڕان به‌جیا كاندیدی‌ خۆی‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌یه‌.

 

زمناكۆ جه‌لال رێكخه‌ری‌ ژووری‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان بۆ "نیقاش" ئاشكرایكرد له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان گفتوگۆ كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌سێكی‌ به‌هێز دیاریبكه‌ن وه‌ك كاندید بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت ركابه‌ری‌ كاندیده‌كانی‌ تر بكات.

 

له‌دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵحیشه‌وه‌، دیسانه‌وه‌ مقۆمقۆی‌ ئه‌وه‌ گه‌رم بووه‌ته‌وه‌، ئایا به‌رهه‌م ساڵح هه‌نگاو به‌ئاراسته‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌نێت، به‌ڵام نه‌ خۆی‌‌و نه‌ كه‌سه‌ نزیكه‌كانی‌ وه‌ڵامه‌كه‌یان نه‌خستووه‌ته‌ روو.

 

ئه‌وانه‌ی‌ گه‌شبینن به‌هه‌نگاوه‌كه‌ی‌ به‌رهه‌م ساڵح پێیان وایه‌ كاری‌ باشی‌ پێده‌كرێت، یه‌ك له‌وانه‌ له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج، نوسه‌رو چاودێری‌ سیاسییه‌ كه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌رهه‌م ساڵح چه‌ند ئه‌زموونێكی‌ كاری‌ له‌ناو هه‌رێمی‌ كوردستان‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌رێمیش هه‌یه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ ئه‌زموونه‌كانی‌ بكرێت، به‌دڵنیایی به‌شێكی‌ زۆر له‌كاره‌كانی‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌بواری‌ ئیداره‌دان، به‌ڵام مه‌رجی‌ سه‌ره‌كی‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی‌ له‌م كاره‌ نوێیه‌ی‌ ئه‌وه‌یه‌، ئیش له‌سه‌ر هه‌ولێرو دهۆك بكات‌و ته‌نیا به‌سلێمانییه‌وه‌ نه‌وه‌ستێ‌.

 

له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌وانه‌شی‌ بڕوایان به‌م هه‌نگاوه‌ی‌ نییه‌، باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌رهه‌م ساڵح له‌ژێر عه‌باكه‌ی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستاندا گه‌وره‌ بووه‌و ساڵانێكیش كه‌سێكی‌ قسه‌ رۆیشتوو بووه‌و پشكی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ناڕێكییه‌كاندا به‌رده‌كه‌وێ‌، بۆیه‌ ئێستاش ناتوانێ‌ كارێكی‌ جیاواز بكات.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌