راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌دام حسێن له‌گۆڕه‌كه‌ی دێته‌ ده‌ره‌وه‌
عێراق له‌ململانێی‌ مه‌زهه‌بییه‌وه‌ باز ده‌دات بۆ نه‌ته‌وه‌یی‌

موسته‌فا حه‌بیب
بۆیه‌كه‌مین جار له‌ ماوه‌ی 14 ساڵی رابردوودا ململانێ له‌عێراقدا له‌ململانێیه‌كی مه‌زهه‌بی نێوان سوننه‌‌و شیعه‌وه‌ گۆڕا بۆ ململانێی نێوان عه‌ره‌ب‌و كورد به‌هۆی قه‌یرانی ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.
4.10.2017  |  به‌غداد

"به‌ په‌له‌.. ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سه‌دام حسێن سه‌رۆك كۆماری عێراق وتارێكی نه‌ته‌وه‌یی سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان ئاراسته‌ی گه‌لی عێراق ده‌كات، بۆیه‌ سه‌رنجی هه‌مووانی بۆ راده‌كێشین" به‌م ده‌سته‌واژه‌ گاڵته‌ئامێزه‌ كه‌ خاڵی نییه‌ له‌ په‌یامێكی سیاسی، یه‌كێك له‌ په‌یجه‌كانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ "فه‌یسبووك" ناونیشانی یه‌كێك له‌ پۆسته‌كانی له‌گه‌ڵ وێنه‌یه‌كی سه‌دام حسێندا هه‌ڵبژاردبوو وه‌ك كۆمێنتێك له‌سه‌ر بڕیاری ریفراندۆمه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

 

دوای چه‌ند سه‌عاتێكی كه‌م له‌ سازدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ له‌ 25ی مانگی رابردوودا، زمانی ململانێی نه‌ته‌وه‌یی نێوان عه‌ره‌ب‌و كورد هه‌ڵكشانی به‌خۆوه‌ بینی كه‌ ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م جاره‌ دیارده‌یه‌كی له‌و جۆره‌ له‌وڵاتێكدا به‌دیده‌كرێت كه‌ به‌درێژایی ساڵانێك ململانێ مه‌زهه‌بی‌و ئایینیه‌كان له‌به‌ریه‌كیان هه‌ڵوه‌شاندووه‌.

 

ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی ریفراندۆم كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان رایانگه‌یاندووه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن زیاتر له‌چوار ملیۆن كورد به‌شداریان كردووه‌‌و رێژه‌ی ئه‌وانه‌ش كه‌ به‌ "به‌ڵێ" ده‌نگیان داوه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ 92%، له‌كاتێكدا رێژه‌ی ده‌نگدان به‌ "نه‌خێر" 7% بووه‌، ریفراندۆمه‌كه‌ش له‌ كه‌شێكی گرژی ناوخۆیی‌و هه‌رێمی‌و نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ڕێوه‌چوو كه‌ زۆربه‌ی ده‌وڵه‌تان ته‌حه‌فوزیان له‌باره‌یه‌وه‌ پیشان دا.

 

بێگومان ده‌نگدانه‌وه‌ی رووداوه‌كه‌ به‌رفراوان بوو، چونكه‌ له‌ كاتێكدا عێراقییه‌كان به‌درێژایی چه‌ند مانگی رابردوو سه‌رقاڵی جه‌نگی دژ به‌ رێكخراوی "داعش" بوون، ریفراندۆم له‌ پله‌ی یه‌كه‌می لیستی بایه‌خپێدانه‌كانیاندا بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌و شه‌ڕه‌ش كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق بۆ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی حه‌ویجه‌ی باشووری كه‌ركوك به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ ریفراندۆمدا، سه‌رنجی بۆ خۆی رانه‌كێشا به‌به‌راورد به‌ شه‌ڕه‌كانی پێشوو له‌موسڵ‌و فه‌لوجه‌‌و رومادی‌و تكریت.

 

گۆڕه‌پانی ململانێ نه‌ته‌وه‌ییه‌ نوێیه‌كه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوو به‌تایبه‌تیش "فه‌یسبووك" كه‌ پڕجه‌ماوه‌رترین سایته‌ له‌ نێو عێراقییه‌كاندا، پاڵه‌وانی بێ ركابه‌ری ئه‌و ململانێیه‌ش سه‌دام حسێنی سه‌رۆكی پێشوو بوو، چونكه‌ رژێمی عێراق پێش ساڵی 2003 توندترینی رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق بوو له‌ دڵره‌قی له‌دژی كوردی باكووری وڵات.

 

تائێستاش تاوانی بۆردومانی شارۆچكه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی خۆرهه‌ڵاتی‌ سلێمانی به‌ چه‌كی كیمیایی له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی نزیكه‌ی پێنج هه‌زار هاوڵاتی كورد‌و ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی ناسراو به‌"ئه‌نفال" له‌دژی كورد له‌هه‌مان قۆناغدا، له‌ مێشكی زۆرێك له‌و عێراقییانه‌دا ماوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا ژیاون، به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه‌ ئه‌وانه‌ی له‌م رۆژانه‌دا ستایشی سه‌دام حسێن ده‌كه‌ن له‌به‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی له‌به‌رامبه‌ر كورد، ئه‌و هه‌رزه‌كارانه‌ن كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌ژیاون، به‌ڵكو زۆربه‌شیان رژێمی سه‌دام حسێنیان تاقی نه‌كردۆته‌وه‌، چونكه‌ له‌دوای رووخانی له‌ ساڵی 2003دا له‌دایكبوون.

 

چه‌ند رۆژێكه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان شه‌ڕه‌قسه‌ی توند به‌خۆوه‌ ده‌بینن، چونكه‌ ئه‌و عێراقییانه‌ی ریفراندۆم ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ په‌نایان بۆ ئه‌و وتانه‌ی سه‌دام حسێنی سه‌رۆكی پێشوو بردوو كه‌ دژی سیاسییه‌كانی كوردن ئه‌ویش له‌ڕێی ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ ئه‌رشیفیانه‌ی مێژووه‌كه‌یان بۆ چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا كوردانی لایه‌نگری ریفراندۆدم په‌نایان بۆ ئه‌و وتانه‌ برد بۆ داكۆكیكردن له‌ هه‌ڵوێستیان له‌دژی سه‌دام حسێن كه‌ به‌درێژایی چه‌ندین ساڵ شه‌ڕی له‌دژیان ده‌كرد‌و به‌ بیانوویه‌ك له‌قه‌ڵه‌میان دان بۆ جیابوونه‌وه‌یان له‌ عێراق.

 

سه‌باره‌ت به‌ دیارده‌ی ململانێی نه‌ته‌وه‌یی نوێ، ئیراده‌ جبوری یاریده‌ده‌ری راگری كۆلیجی راگه‌یاندن له‌ زانكۆی به‌غدا ده‌ڵێت: "سه‌یر له‌وه‌دایه‌ ئه‌وانه‌ی به‌م دواییانه‌ ستایش‌و سه‌رزه‌نشتی رژێمی سه‌دام حسێن ده‌كه‌ن له‌سه‌رده‌می ئه‌و رژێمه‌دا نه‌ژیاون، چونكه‌ زۆرینه‌ی به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ توێژی ئه‌و گه‌نج‌و هه‌رزه‌كارانه‌ن كه‌ له‌دوای ساڵی 2003 یان چه‌ند ساڵێكی كه‌م پێش ئه‌وه‌ له‌دایك بوون، هۆكاری ئه‌وه‌ش مه‌ترسییه‌كانی ئایدیۆلۆجیا‌و بیروباوه‌ڕی ئایینی په‌یوه‌ست به‌ هه‌ست‌و سۆزه‌وه‌یه‌ زیاتر له‌ بیركردنه‌وه‌ی لۆجیكیانه‌".

 

جبوری له‌میانی گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ "نیقاش" وتیشی: "سیاسییه‌كان یارمه‌تیده‌رن له‌ وروژاندنی ئه‌و سۆزه‌ تا هه‌ستێكی نه‌رێنی بخولًقێنن له‌ڕێی قۆستنه‌وه‌ی نه‌زانییه‌وه‌، چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه‌ بیرۆكه‌یه‌ك له‌ ئارادایه‌ كه‌ بنه‌ماكه‌ی دروستكردنی دوژمنێكی هه‌میشه‌ییه‌ بۆ سه‌رقاڵكردنی هاووڵاتیان له‌ مه‌سه‌له‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك دابینكردنی ئاسایش‌و خزمه‌تگوزاری‌و سنووردانان بۆ گه‌نده‌ڵی".

 

جبوری ئاماژه‌ش بۆ ئه‌و رۆڵه‌ ده‌كات كه‌ دیارده‌ی "سوپا ئه‌لیكترۆنییه‌كان" ده‌یگێڕێت كه‌ به‌ده‌یان په‌یجی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن له‌ رێی ئه‌و شاره‌زایانه‌وه‌ كه‌ ده‌زانن چۆن یاری به‌ڕای گشتی ده‌كه‌ن به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌‌و گرته‌ی ڤیدیۆیی دیاریكراو له‌ چه‌ند كاتێكی دیاریكراودا، له‌ چه‌ند رۆژی رابردووشدا ته‌ركیز له‌سه‌ر ململانێی نه‌ته‌وه‌یی بوو، بۆیه‌ بینیمان وێنه‌‌و وته‌كانی سه‌دام بڵاوببوونه‌وه‌".

 

بۆ نموونه‌ په‌یجی "خه‌برنی" له‌ "فه‌یسبووك" گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌گه‌رٍێته‌وه‌‌و گفتوۆگۆیه‌كی سه‌دام حسێن له‌خۆده‌گرێت كه‌ خواستی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی ره‌تده‌كاته‌وه‌، هاوكات په‌یجی "مونبه‌تیحین" گفتوگۆیه‌كی دیكه‌ی سه‌دام حسێنی له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوودا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تێیدا هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر سیاسه‌تمه‌دارانی كورد، په‌یجێكی عێراقی دیكه‌ به‌ناوی "ئه‌لمولته‌قا لعیراقی لئوسترالی" گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی یه‌كێك له‌ سه‌ردانه‌كانی سه‌دام حسێنی بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا چه‌ند په‌یجێكی كوردی له‌ "فه‌یسبووك" وێنه‌ی ئاواره‌كانی كوردیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌ی بۆ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتێك له‌ ترسی ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییانه‌ی رژێمی سه‌دام حسێن به‌رێوه‌ی ده‌بردن به‌ره‌و چیاكان هه‌ڵاتبوون، هه‌روه‌ها چه‌ندین پۆست بڵاوبوونه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێن حكومه‌تی ئێستای عێراق زۆر له‌ رژێمی سه‌دام حسێنی سه‌رۆكی پێشوو جیاواز نییه‌.

 

جگه‌ له‌ وێنه‌و وته‌كانی سه‌دام حسێن كه‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان داپۆشیبوو، چه‌ند گۆرانییه‌كی نیشتمانیش بڵاوبوونه‌وه‌ كه‌ مێژووه‌كه‌یان بۆ قۆناغی پێش ساڵی 2003 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌و عێراقییه‌كان به‌م دواییانه‌ له‌بیریان نه‌مابوون، له‌ دیارترین ئه‌و گۆرانیانه‌ش گۆرانیه‌كه‌ به‌زمانی كوردی ستایشی سه‌دام حسێن ده‌كات كه‌ به‌رهه‌ڵستكارانی ریفراندۆم بانگه‌شه‌یان بۆ كرد.

 

ئه‌وه‌ی له‌م دیارده‌ نوێیه‌دا مایه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌و كارلێكه‌ زۆره‌یه‌ كه‌ ئه‌م بڵاوكراوانه‌ به‌ده‌ستیانهێناوه‌ له‌ڕێی هه‌زاران كۆمێنت كه‌ شه‌ڕه‌قسه‌یه‌كیان تێدایه‌ خاڵی نییه‌ له‌ جنێوبه‌یه‌كتردان له‌نێوان لایه‌نگران‌و به‌رهه‌ڵستانی ریفراندۆمدا، ئامرازه‌كانی ئه‌م جه‌نگه‌ش وێنه‌‌و وته‌و بڵاوكراوه‌كانی سه‌دام حسێن بوون.

 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ سایتی "تویته‌ر" جه‌ماوه‌ری كه‌متره‌ له‌نێو عێراقییه‌كاندا، به‌ڵام ئه‌ویش خاڵی نه‌بوو له‌و شه‌ڕه‌قسه‌یه‌، چونكه‌ زۆرێك له‌ به‌كارهێنه‌رانی ئه‌و تۆڕه‌ هاشتاگێكیان به‌ ناوی سه‌دام حسێنه‌وه‌ ده‌ستپێكرد بۆ گوزارشتكردن له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ریفراندۆم، به‌ڵام ته‌نیا ناوهێنانی سه‌دام حسێن شه‌ڕه‌قسه‌‌و گوتارێكی كینه‌ئامێز ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كۆتایی نایه‌ت.

 

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌میر شێخلی توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ "نیقاش"ی وت: "تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوونه‌ته‌ فاكته‌رێك بۆ هێنانه‌ئارای رق‌و كینه‌ له‌نێوان عێراقییه‌كاندا به‌هۆی نه‌زانییانه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و وێنه‌‌و هه‌واڵه‌ درۆیانه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوده‌بنه‌وه‌ چاودێری ره‌سمییان له‌سه‌ر نییه‌، هه‌روه‌ك هاووڵاتیانیش رۆشنبیرییه‌كی ته‌واویان نییه‌ یارمه‌تیده‌ریان بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌راستییه‌كه‌یان دلًنیاببنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ئامانجیان راستی نییه‌، به‌ڵكو به‌دوای هه‌ر شتێكدا ده‌گه‌ڕێن پشتیوانی بۆچوونه‌كه‌یان بكات له‌ مه‌سه‌له‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا".

 

هه‌روه‌ها شێخلی وتیشی: "چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ململانێكه‌ مه‌زهه‌بی بو‌و، سوننه‌‌و شیعه‌ یه‌كتریان تۆمه‌تبار ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌سه‌ر توندڕه‌واندا به‌ده‌ستیانهێنا یارمه‌تیده‌ر بوون له‌ سووككردنی ئه‌و ململانێیه‌، تا ململانێیه‌كی نوێ سه‌ری هه‌ڵدا، به‌ڵام ئه‌م جاره‌ نه‌ته‌وه‌یی بوو، ئه‌ویش ره‌نگدانه‌وه‌ی واقیعی سیاسییه‌، چونكه‌ ئه‌مجاره‌ سیاسییه‌ سوننه‌‌و شیعه‌كان یه‌كگرتوون له‌دژی مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم، له‌ كاتێكدا له‌ رابردوودا هاوپه‌یمانییه‌ك له‌نێوان سیاسییه‌ شیعه‌‌و كورده‌كاندا هه‌بوو له‌دژی سیاسییه‌ سوننه‌كان".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌