راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

فشاری‌ ده‌ره‌كی‌‌و ته‌بایی‌ ناوخۆیی‌
ریفراندۆم ده‌نگه‌ رازی‌‌و ناڕازییه‌كانی‌ كوردستانی‌ یه‌كخست

هه‌ستیار قادر
ئه‌و ریفراندۆمه‌ی‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ده‌ره‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ هێنایه‌ سه‌ر هه‌رێم، پێده‌چێت بۆ ناوخۆی‌ كوردستان ببێته‌ مایه‌ی‌ ته‌بایی‌‌و یه‌كڕیزی‌ هاوڵاتیان‌و هێزه‌ سیاسییه‌كان.
28.09.2017
دەنگدان لەکەرکوک ( :وێنه ياكار جلال )
دەنگدان لەکەرکوک ( :وێنه ياكار جلال )

هێشتا ئاهه‌نگێرانی‌ هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌وه‌ستابوو له‌دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆمی‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی‌ كوردستان كاتێك له‌ 26ی‌ ئه‌یلول‌و ته‌نیا رۆژێك دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی‌ چوار خاڵی‌ كرداری‌ به‌رامبه‌ر هه‌رێم ده‌ستپێكرد كه‌ دیارترینیان راده‌ستكردنه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ولێر بوو به‌ده‌سه‌ڵاتی‌ فڕۆكه‌وانی‌ مه‌ده‌نی‌ عێراق‌و داخستن‌و راده‌ستكردنه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م ده‌روازه‌ سنورییه‌ ‌وشكانییه‌كانی‌ هه‌رێم بوو له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ دراوسێی‌ عێراقدا.

 

 ئه‌و كاردانه‌وه‌یه‌ له‌پاش چه‌ندین هۆشداریی‌ هات كه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ ئاڕاسته‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ كرد به‌ر له‌ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كه‌ ناوه‌ند به‌هه‌وڵێكی‌ "ناده‌ستوری‌" ده‌زانێت بۆ پارچه‌پارچه‌كردنی‌ عێراق .

 

 ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردن‌و راپرسی‌ ئه‌نجامی‌ فه‌رمی‌ به‌رایی‌ ده‌نگدانی‌ راپرسی‌ رۆژی‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ راگه‌یاندو تیایدا (92.73%) ده‌نگده‌ران كه‌ ژماره‌یان له‌سه‌روو 3 ملیۆن‌و 305 هه‌زار كه‌سه‌وه‌ بوو ده‌نگیان به‌به‌ڵێ‌ داوه‌.

 

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مینجاره‌ له‌دوای‌ ساڵی‌ 1991ه‌وه‌ كه‌ كوردستان له‌ژێر ده‌ستی‌ رژێمی‌ به‌عس هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌پرۆسه‌یه‌كدا ئاوها یه‌كده‌نگ‌و ته‌با بن، چونكه‌ هه‌رچی‌ بابه‌تی‌ دیكه‌ هه‌یه‌ له‌كوردستان به‌ره‌ی‌ نه‌یارو دژ، ده‌نگه‌كانیان له‌یه‌كه‌وه‌ نزیكه‌.

 

له‌یه‌كه‌م په‌یامیدا له‌پاش ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم كه‌ چه‌ند خوله‌كێك پاش رایگه‌یاندنی‌ بڕیاره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ هات مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ئاڕاسته‌یه‌كی‌ نه‌رمتر له‌وتاره‌كانی‌ به‌ر له‌ریفراندۆم دواو رایگه‌یاند "ئه‌وه‌ی گه‌لی كوردستان له‌ 25ـی ئه‌یلول بڕیاری لێدا، تاوان نییه‌و دژی هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی نییه‌، كوردستانیش چووه‌ ناو قۆناغێكی نوێی جیاواز له‌قۆناغه‌كانی پێشووتر".

 

 بارزانی‌ وتیشی "داوا له‌به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی‌و هه‌موو هێزو لایه‌نه‌كانی عێراقی ده‌كه‌م، ئه‌وانه‌ی بڕوایان به‌گفتوگۆ هه‌یه‌ ده‌رگای حیوار دانه‌خه‌ن".

 

ئه‌و داوایه‌ی‌ بارزانی‌ له‌پاش ئه‌وه‌ هات كه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ شیعه‌كان كه‌ زۆرینه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتیان له‌به‌غدا به‌ده‌سته‌ ره‌تیان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر ریفراندۆمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دانوستان له‌گه‌ڵ كورد بكه‌ن كه‌ ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ دابڕانێك له‌په‌یوه‌ندی‌ نێوانیادا كه‌ له‌ساڵی‌ 2003 ه‌وه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌.

 

به‌ڵام یه‌كه‌م وه‌ڵامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق رۆژی‌ چوارشه‌ممه‌ی‌ رابردوو بۆ ریفراندۆم ئه‌وه‌ بوو كه‌ دان به‌ئه‌نجامه‌كانیدا نانێن‌و سه‌ره‌ك وه‌زیرانیان ده‌ستكراوه‌ كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ رێوشوێنی‌ پێویست به‌رامبه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان بگرێته‌ به‌ر، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی‌ گرژبوونی‌ زیاتری‌ بارودۆخه‌كه‌ی‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

 

عه‌بدوڵا زه‌یدی‌ به‌رپرسی دۆسیه‌ی‌ كوردی‌ له‌هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی‌ شیعه‌كان به‌"نیقاش"ی وت "ئێمه‌ دانوستان له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامه‌كانی‌ ریفراندۆمی‌ سه‌ربه‌خۆی هه‌رێمی‌ كوردستان ناكه‌ین‌و پێش ئه‌نجامدانیشی ئه‌وه‌مان پێ وتوون‌و پێشتریش به‌وه‌فدی‌ كوردیمان وتووه‌ دانوستانی‌ پێش ریفراندۆم جیاواز ده‌بێت له‌قۆناغی‌ دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌".

 

زه‌یدی‌ مه‌رجی‌ شیعه‌كانی‌ بۆ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌رگای‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر كورد ئاشكراكردو وتی‌ "بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ دانوستان ده‌بێت هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ره‌نجامی‌ ریفراندۆم‌و پاشكه‌وته‌كانی‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ تا سه‌رله‌نوێ ده‌ست پێ بكه‌ینه‌وه‌ ئه‌گه‌رنا ده‌ستگرتن به‌و پرسه‌وه‌ هه‌رێم توشی دابڕانی‌ ناوخۆی ده‌كات".

 

گوشاری‌ ناوخۆیی بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان ته‌نیا ده‌رهاویشته‌ی‌ ده‌ره‌نجامی‌ ئه‌و ریفراندۆمه‌ نه‌بوو كه‌پێشتر به‌شێك له‌وڵاتانی‌ دراوسێ‌و ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكاش هه‌وڵی‌ راگرتنیاندا بێ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌ڵته‌رناتیڤه‌كانیان له‌لای‌ به‌رپرسانی‌ كورد گونجاوبێت بۆ دواخستنی‌.

 

ئێران‌و توركیا كه‌ زۆرترین په‌یوه‌ندی‌ بازرگانیان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌ هه‌مان رۆژی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم ناڕه‌زایی خۆیان دژ به‌و پرسه‌یه‌ راگه‌یاند ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ئاماژه‌ به‌داخستنی‌ سنوری‌ ئاسمانی‌‌و وشكانی به‌رووی‌ هه‌رێمدا.

 

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری‌ توركیا له‌یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌یدا وتی‌ "قفڵی‌ هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌لای‌ ئێمه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ بیگرینه‌وه‌ بزانین ئه‌وان (هه‌رێم) نه‌وت به‌كێ ده‌فرۆشن".

 

ئه‌وه‌ی‌ مه‌ترسی سه‌ر هه‌رێمی‌ له‌گۆشه‌گیریی‌ زیاتركرد هه‌ماهه‌نگی‌ عێراق‌و ئێران‌و توركیایه‌ له‌و سزایانه‌ی‌ كه‌ بڕیاره‌ ناوه‌ند له‌دژی‌ بیگرێته‌به‌ر به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌مان رۆژی‌ راگه‌یاندنی‌ بڕیاره‌كه‌ی‌ عه‌بادی‌ سوپای‌ عێراق‌و توركیا بۆ یه‌كه‌مجار له‌دوای‌ ساڵی‌ 2003ه‌وه‌ مانۆڕی‌ سه‌ربازیی‌ هاوبه‌شیان له‌ناوچه‌ی‌ سلۆپی هاوسنوری‌ هه‌رێم ئه‌نجامدا.

 

سه‌فین دزه‌یی‌ وته‌بێژی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌و راپرسییه‌ به‌مافێكی‌ ره‌وای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌زانێت‌و هیواداره‌ وڵاتانی‌ دراوسێ‌ هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كی‌ نه‌رێنیان نه‌بێت، له‌و رووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "سزای‌ به‌كۆمه‌ڵی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ڕه‌وا نازانین و هیوادارین ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ نه‌كه‌ونه‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌".

 

سه‌فین دزه‌یی به‌دووری‌ ده‌زانێت وڵاتانی‌ دراوسێ كار بۆ ئه‌وه‌ بكه‌ن هه‌رێم بكه‌نه‌ دوورگه‌یه‌كی‌ داخراو به‌و پێیه‌ی‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئابوری‌‌و ئه‌منی‌‌و سیاسی‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌یه‌، به‌ڵام پێشبینی‌ ده‌كات گۆڕانكاری‌ له‌هه‌ڵوێستی‌ سیاسی‌ نێوان هه‌رێم‌و هه‌ردوو وڵاتی‌ داوسێیان روبدات به‌ئاڕاسته‌ی‌ ئاڵۆزی‌ كه‌ جیاوازبێت له‌و په‌یوه‌ندیه‌ی‌ به‌ر له‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم هه‌بووه‌.

 

 ده‌ره‌نجامی‌ ریفراندۆم له‌سه‌ر ئاستی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ سنوری‌ هه‌رێم گوشاری‌‌و هه‌ڕه‌شه‌ی‌ سیاسی‌ لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڵام له‌ناوخۆدا هاوكێشه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان خه‌ڵك‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ گۆڕی‌.

 

جگه‌ له‌كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان به‌هۆی‌ پرسی ریفراندۆمه‌وه‌ له‌پاش وه‌ستانی‌ بۆ ماوه‌ی‌ دوو ساڵ ئه‌نجامدانی‌ پڕۆسه‌كه‌ زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هاوهه‌ڵوێست كرد له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ سه‌ره‌ڕای‌ بوونی‌ ناكۆكی‌ سیاسی‌ توند له‌نێوانیاندا.

 

له‌هه‌رێمی‌ كوردستان پێَنج حیزبی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌ن كه‌ زۆرینه‌ی‌ په‌رله‌مان پێًكده‌هێنن (پارتی‌ دیموكرات، یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌) ئه‌م پێنج حیزبه‌ بۆ هه‌موو بابه‌ته‌كان رای‌ جیاوازیان هه‌یه‌و دانویان پێكه‌وه‌ ناكوڵێ‌، ته‌نانه‌ت بۆ ریفراندۆمیش هه‌ر وابوو، پارتی‌‌و یه‌كێتی‌‌و یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ ریفراندۆم بوون، گۆڕان‌و كۆمه‌ڵیش پێیان باش بوو دوا بخرێت، به‌ڵام كه‌ بڕیار درا پرۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌موویان ده‌نگیان یه‌كخست.

 

كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان كه‌ داوای‌ دواخستنی‌ ریفراندۆمی‌ ده‌كرد رۆژێك به‌ر له‌ئه‌نجامدانی‌ پرۆسه‌كه‌ رایگه‌یاند كه‌ به‌به‌ڵێ ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌دات.

 

بزوتنه‌وه‌ گۆڕانی كه‌ ده‌نگه‌ده‌رانی‌ خۆی‌ سه‌رپشك كرد له‌و ده‌نگدانه‌، به‌ڵام عومه‌ر سه‌ید عه‌لی رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌كاتی‌ به‌شداریكردنی‌ له‌ده‌نگداندا له‌به‌ره‌به‌یاندا وتی‌ "ده‌نگم بۆ به‌ڵێیه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی". ئه‌مه‌ش وه‌ك هێمایه‌ك بوو بۆ هاندانی‌ لایه‌نگرانی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ به‌وه‌ی‌ ده‌نگ به‌به‌ڵێ‌ بده‌ن.

 

ئه‌و حیزبه‌نه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ریفراندۆمدا نه‌بوون، دواجار بڕیاریاندا "له‌پێناو سه‌ربه‌خۆیی"دا كۆده‌نگی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی‌ دیكه‌ هه‌ڵبژێرن.

 

ساماڵ عه‌بدوڵا ئه‌ندامی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌"نیقاش"ی وت "ئێستا  گۆڕان له‌گفتوگۆیه‌كی‌ ناوخۆییدایه‌ سه‌باره‌ت به‌ئاینده‌ی‌ هه‌رێم له‌پاش ریفراندۆم به‌ڵام سورین له‌سه‌ر راكانمان له‌یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و چاكسازی‌ له‌حكومه‌تداو سازشی‌ له‌سه‌ر ناكه‌ین‌و كێشه‌ ناوخۆییه‌كان‌و پرسه‌ نیشتیمان جیاوازن‌و دژی‌ ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ین كه‌ به‌هۆی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر هه‌رێم".

 

پێده‌چێت هه‌ڕه‌شه‌ی‌ ده‌ره‌كی‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌یه‌كتر نزیك بكاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێژه‌ییش بێت به‌وپێیه‌ی‌ مه‌ترسی ئه‌و پرسه‌ له‌پرسی كێشه‌ ناوخۆییان گه‌وره‌تره‌.

 

 محه‌مه‌د ئیلخانلی ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ریفراندۆم پێیوایه‌ كه‌ ریفراندۆم لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ له‌سه‌ر به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كۆكرده‌وه‌ به‌تایبه‌ت گۆڕانی‌ هه‌ڵوێستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌.

 

ئیلخانلی به‌"نیقاش"ی وت "پێشبینی‌ ده‌كه‌ین دۆخی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و په‌یوه‌ندی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌پاش ریفراندۆم به‌ره‌و ئه‌رێنی‌‌و باشتر بڕوات به‌تایبه‌ت كه‌ ریفراندۆم هه‌نگاوێكه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان‌و خاڵی‌ هاوبه‌شی نێوانیانه‌".

 

نه‌ك هه‌ر لایه‌نه‌كان، به‌ڵكو خه‌ڵكی‌ كوردستانیش كه‌ له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رای‌ جیاوازو پێچه‌وانه‌ی‌ زۆریان تێدایه‌، رۆژی‌ ریفراندۆم هه‌موو خه‌ڵكه‌ ناڕازییه‌كانیش له‌بنكه‌كانی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ وێنه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ خۆیان بڵاوده‌كرده‌وه‌و شانازییان ده‌كرد به‌وه‌ی‌ بڕیاریان له‌چاره‌نووسی‌ خۆیان داوه‌.

 

له‌كاتێكدا گوشاری‌ وڵاتانی‌ دراوسێ‌و حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان به‌هۆی‌ پرسی ریفراندۆمه‌وه‌ زیادیكردووه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ دیارنییه‌ ئه‌وه‌یه‌ كورد چۆن مامه‌ڵه‌ به‌ده‌ره‌نجامی‌ ریفرانه‌مه‌كه‌وه‌ ده‌كات.

 

رۆمیۆ هه‌كاری‌ ئه‌ندامی‌ وه‌فدی‌ دانوستكاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ریفراندۆمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی وت "له‌رۆژانی‌ داهاتوو  شتی‌ نوێ ده‌رده‌كه‌ون كه‌ ئه‌وكات ده‌توانین وێنه‌یه‌كی‌ نوێ بكێشین‌و چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ین كه‌ زمانی‌ هه‌ڕه‌شه‌كان له‌سه‌ر ریفراندۆم هێمن ببنه‌وه‌‌و ئاماژه‌كانیش بۆ ئه‌وه‌ن كه‌ دانوستان ده‌ستپێبكاته‌وه‌".

 

رۆمیۆ هه‌كاری‌ پێی‌ وایه‌ كارتی‌ دانوستانیش له‌دوای‌ ریفراندۆم گۆڕانكاریی‌ به‌سه‌ردا بێت‌و ریفراندۆمیش به‌مانای‌ ئه‌وه‌نییه‌ سه‌ربه‌خۆیی راده‌گه‌یه‌ندرێت.

 

 تائێستا دیار نییه‌ كورد سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ده‌ره‌نجامی‌ ریفراندۆم گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كات یان هاوكات هه‌نگاو بۆ سه‌ربه‌خۆییش ده‌نێت كه‌ ده‌ره‌نجامه‌كه‌یه‌تی‌.

 

رۆمیۆ هه‌كاری‌ ده‌ڵێت "سه‌ره‌تا دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ده‌رنجامی‌ ریفراندۆم‌و كێشه‌كانی‌ نێوانمان، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش كێشه‌ی‌ بۆ دروست بێت ئه‌و كاته‌ عه‌ره‌ب وته‌نی بۆ هه‌موو روداوێك قسه‌ی‌ خۆی‌ هه‌یه‌".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌