راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هاوسۆزی‌، به‌ڵام به‌نیگه‌رانییه‌وه‌
میدیای نێوده‌وڵه‌تی چی له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ڵێت؟

کاسرین شایەر
له‌هه‌موو شوێنێك، كه‌ناڵه‌ راگه‌یاندنی نێوده‌وڵه‌تی له‌باره‌ی ریفراندۆمی داهاتووی كورد ده‌نووسن، به‌ڵام له‌ زۆرێك له‌نووسینه‌ سه‌ره‌كییه‌كاندا به‌شێك ونه‌ كه‌ ره‌نگه‌ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ دروستكردنی بۆچوونی رۆشنگه‌ر.
21.09.2017  |  به‌رلین

له‌كاتێكیشدا كه‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانی عێراق لاپه‌ڕه‌ی پێشه‌وه‌ی رۆژنامه‌كانی له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا نه‌گرتووه‌، به‌ڵام زۆریش لێوه‌ی دوور نه‌بووه‌. ئه‌وه‌ش به‌زۆری بۆ ئه‌و نیگه‌رانییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ به‌رفراوانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌باره‌ت مانای ریفراندۆم‌و جۆری ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ له‌ ماوه‌ی پێش یاخود پاش رووداوه‌كه‌ دروستیان بكات.

 

ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ی زیاتر به‌لای دانیشتوانی ناوچه‌كه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رووماڵی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی جێی بایه‌خ بێت، ئه‌و تێڕوانینه‌ هاوسۆزانه‌یه‌ بێت كه‌ هه‌موو جیهان سه‌یری گه‌لی كوردی عێراقی پێده‌كات.

 

زۆربه‌ی نووسینه‌كان به‌ ئازادی دان به‌وه‌دا ده‌نێن كه‌ كورد گه‌وره‌ترین كه‌مینه‌ی ره‌گه‌زییه‌ له‌ جیهاندا ده‌وڵه‌تی نییه‌. نزیكه‌ی هه‌موو نووسه‌ره‌كانیش به‌دوور‌و درێژی باسی ئه‌و ئه‌زموون‌و ته‌نگانانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ كوردی عێراق پێیاندا تێپه‌ڕیون، به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تیش ئه‌وه‌ی له‌ژێر حوكمی سه‌دام حسێنی سه‌رۆكی پێشووی عێراق به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌یانناڵاند. چونكه‌ ئه‌و هێرشه‌ كیمیاییه‌ی كرایه‌ سه‌ر شاری هه‌ڵه‌بجه‌‌و بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی هه‌زاران كه‌س، هێشتا له‌بیر نه‌كراوه‌.

 

به‌ڵام زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی خۆرئاوا، دوای ده‌ربڕینی تێگه‌یشتنی خۆیان، ده‌چنه‌ سه‌ر باسكردنی ناڕه‌زایی نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆم‌و لیستی ئه‌و دۆست‌و دوژمنانه‌ی به‌رهه‌ڵستی ئه‌و نموونه‌ كوردییه‌ی دیموكراسی راسته‌وخۆ ده‌كه‌ن، رۆژ له‌ دوای رۆژ درێژ ده‌بێت‌و هه‌ر ده‌وڵه‌تێك به‌رهه‌ڵستی خۆی رابگه‌یه‌نێت، مانشێته‌ سه‌ره‌كییه‌كان داگیر ده‌كات.

چه‌ند كه‌ناڵێكی راگه‌یاندنی ئه‌وروپا پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی تایبه‌تی مایه‌ی تێبینیه‌، ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مجاره‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، كه‌ به‌رده‌وام هاوپه‌یمانێكی دڵسۆزی كوردستانی عێراق بووه‌، نه‌یتوانی له‌پشتی په‌رده‌وه‌ رێككه‌وتن بۆ دواخستنی ریفراندۆم بكات، وه‌ك ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی هه‌میشه‌ نێردراوه‌كانی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. 

 

چه‌ندین شرۆڤه‌كار ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه‌ی دواجار ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ ده‌ریكرد، به‌پێچه‌وانه‌ی جارانه‌وه‌، توندبوو.

 

هه‌میشه‌ش لێكدانه‌وه‌ بۆ به‌رهه‌ڵستی توركیا‌و ئێران ده‌كرێت. هه‌ردوو وڵاته‌كه‌ش له‌ كاریگه‌ری سه‌ربه‌خۆیی ده‌ترسن له‌سه‌ر كوردی وڵاته‌كانیان.

 

ئه‌ڵمانیا به‌ په‌ناگه‌ی گه‌وره‌ترین ژماره‌ی كوردی په‌رته‌وازه‌ له‌ جیهان داده‌نرێت، له‌ كوردستانی عێراقیش ستایشی ئه‌ڵمانییه‌كان ده‌كرێت كه‌ یارمه‌تی سوپای خۆجێییان داوه‌‌و پڕچه‌كیان كردووه‌، كه‌چی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ریفراندۆمی ره‌تكردۆته‌وه‌. له‌ هه‌ندێك كه‌ناڵی راگه‌یاندنی ئه‌ڵمانیاشدا ناوچه‌ كوردیه‌ نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆكانی سوریا بوونه‌ته‌ جێی بایه‌خ، ره‌نگه‌ ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ بێت كه‌ زۆرێك له‌ چه‌په‌كانی ئه‌ڵمانیا سه‌رسوڕمانی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ رێچكه‌ی سیاسی ناسراو به‌ "كۆنفیدراڵی دیموكراتی" پیشان ده‌ده‌ن كه‌ پارتی كرێكارانی كوردستان له‌و ناوچانه‌ په‌یڕه‌وی ده‌كات.

 

تاڕاده‌یه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وامیش ئاماژه‌ بۆ شاری كه‌ركوكی باكوور ده‌كرێت كه‌ "ناوچه‌یه‌كی گه‌رمه‌". بۆنموونه‌، كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی جیهانی زۆرجار تێبینی ئه‌و رووداوه‌ زۆرانه‌ی ته‌قه‌كردن ناكه‌ن كه‌ له‌وێ رووده‌دات، به‌ڵام دوایین رووداویان كه‌ زیاتر له‌ یه‌ك هه‌فته‌ پێش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ نێوان كورد‌و توركماندا روویدا، له‌ ریزی پێشه‌وه‌ی ناونیشانی رۆژنامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا هات.

 

به‌شێوه‌یه‌كی گشتی په‌یامه‌كه‌ چییه‌؟ هاوسۆزییه‌ك هه‌یه‌ بۆ خواستی كورد له‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت‌و وه‌ك شه‌ڕه‌نگێز له‌ كورد ناڕوانرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و خواسته‌یان ده‌رده‌بڕین، به‌ڵام وه‌ك زۆرێك له‌ دیپلۆماتانی زۆر له‌ وڵاتان باسی ده‌كه‌ن، سه‌ربه‌خۆیی بیرۆكه‌یه‌كی باش نییه‌، له‌ ئێستا نابێت.

 ئه‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی نێوده‌وڵه‌تی به‌لای باسكردنیدا ناچن – یاخود زۆرجار به‌شێوه‌یه‌كی راگوزه‌ر باسی ده‌كه‌ن یان تێیدا قوڵ نابنه‌وه‌ – داننانه‌ به‌ ئاڵۆزی سیاسه‌تی ناوخۆیی له‌و هه‌رێمه‌ كوردییه‌دا.

 

زۆربه‌ی رۆژنامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌ئاسته‌م باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ زیاتر له‌ ساڵێكه‌ كاری په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵپه‌سێردراوه‌‌و ئێستا سه‌رله‌نوێ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كاركردن – ته‌نانه‌ت له‌م باره‌شدا به‌رهه‌ڵستانی ریفراندۆم به‌شداریان تێدا نه‌كرد -.

 

ئه‌و رۆژنامانه‌ به‌لای شیكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌دا ناچن كه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆره‌ ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه‌، بووته‌ مایه‌ی داڕمانی ده‌ستی كاری ناوخۆیی‌و كاروباری بازرگانی‌و دروستكردنی گرژی ناوخۆیی. ئه‌و رۆژنامانه‌ زۆرجار خۆیان له‌وه‌ش لاده‌ده‌ن كه‌ سه‌ره‌ڕای رووكه‌شه‌كان، ئه‌وا كوردستانی عێراق زۆر له‌ دیموكراسی راسته‌قینه‌وه‌ دووره‌، به‌ڵكو زۆریش له‌ ده‌ستپاكی یاخود یه‌كگرتووییه‌وه‌ دووره‌.

 

به‌هه‌رحاڵ یه‌كێك له‌ گرنگترین فاكته‌ره‌كان له‌ هه‌موو ئه‌م دۆخه‌دا، به‌لای ره‌خنه‌گرانه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایه‌نگری سه‌ره‌كی ئه‌م ریفراندۆمه‌ – مه‌سعود بارزانی – ئێستا سه‌رۆكی شه‌رعی كوردستانی عێراق نییه‌.

 

زۆر كه‌س تێبینی ئه‌م فاكته‌رانه‌یان نه‌كردووه‌، به‌ڵام واشنتۆن پۆست‌و ئیكۆنۆمیست تێبینی هه‌ندێك له‌و خاڵانه‌یان كردووه‌. بۆ نموونه‌، رۆژنامه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ نووسیویه‌تی‌و ده‌ڵێت: "ره‌خنه‌گرانی كورد له‌ بارزانی ده‌ڵێن ئه‌و ده‌نگدانه‌ بۆ پته‌وكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌و میراته‌كه‌ی به‌كارده‌هێنێت له‌ كاتێكدا ده‌سه‌ڵاتی به‌هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه‌ لاواز بووه‌".

  واشنتۆن پۆست  Washington post:

 

په‌یمانێری گۆڤاره‌ ئابوورییه‌ به‌ریتانیه‌كه‌ش ده‌ڵێت له‌ كاتێكدا رێپێوانی نیشتمانی ره‌نگاوره‌نگ‌و گه‌وره‌ بۆ پشتیوانی ریفراندۆم له‌و به‌شه‌ی كوردستانی عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌چن كه‌ مه‌سعود بارزانی‌و حزبه‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، ئه‌وا نیوه‌كه‌ی دیكه‌ی هه‌رێم كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌رهه‌ڵستی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، پێناچێت زۆر حه‌ماسه‌تی هه‌بێت.

ئیكۆنۆمیست:

 

ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ كه‌ گرێكوێره‌ی داواكارییه‌ سۆزداری‌و روونه‌كانی سه‌ربه‌خۆیی كورد (كه‌ له‌ هه‌ندێك رووه‌وه‌ ره‌وان)، زۆرجار ده‌خرێته‌ چوارچێوه‌ی شه‌ڕی نێوان به‌غدا‌و هه‌ولێره‌وه‌، كه‌ بابه‌تێكه‌ ته‌نیا پێویستی به‌ دانووستانی زیاتره‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی.

 

به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ماوه‌یه‌كه‌ چاودێری كاروباری عێراق ده‌كه‌ن، ده‌زانن كێشه‌‌و گرێكوێره‌كانی پشت ئه‌و شه‌ڕه‌ كه‌ خۆیان له‌ بابه‌ته‌كانی وه‌ك داهاتی نه‌وت‌و هاووڵاتیبوون‌و پاره‌داركردنی سه‌ربازی‌و سنووردا ده‌بیننه‌وه‌، چه‌ند ساڵێكه‌ وه‌ك خۆیان به‌بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه‌ سه‌ره‌ڕای هه‌نگاوه‌ ئه‌رێنییه‌كان‌و ئه‌و سه‌ودانامه‌‌و رێككه‌وتنانه‌ی ئیمزاكراون‌و پاشانیش ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی جێبه‌جێ نه‌كراون. بۆیه‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هیچ یه‌كێك له‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌ر ناكات‌و ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش بێته‌دی‌و ئه‌گه‌ر له‌توانادا بێت كۆنفیدراڵی كوردیش به‌دیبهێنرێت، ئه‌وا دوای پرۆسه‌یه‌كی دوور‌ودرێژ ده‌بێت.

 

 مایكڵ نایتسی شرۆڤه‌كار بۆ "بی بی سی" نووسیوه‌‌و ده‌ڵێت: "زۆرێك له‌ گه‌وره‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان ئه‌و نهێنییه‌یان پێوتووم كه‌ باوه‌ڕیان وایه‌ (كوردستانی عێراق) به‌هێواشی‌و به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌بێته‌ ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ". هه‌روه‌ها له‌ كۆتاییشدا ده‌ڵێت: "هیچ سه‌ركرده‌یه‌كی عێراق ناتوانێت به‌ ئاشكرا ئه‌وه‌ بڵێت، به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆجێیی‌و نیشتمانیدا... ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ رۆژی دوای ریفراندۆم ره‌نگه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر هاوشێوه‌ی رۆژی پێشتر بێت".

 

هه‌موو ئه‌وانه‌ش ئه‌و پرسیاره‌ ده‌وروژێنن كه‌ ده‌بێت میدیای عێراقی‌و نێوده‌وڵه‌تی به‌هه‌مان شێوه‌ بیكه‌ن: كێ زیاتر سوودمه‌ند ده‌بێت له‌م ریفراندۆمه‌ جه‌ماوه‌ری‌و پۆپۆلیستییه‌؟ ئایا گه‌لی كورده‌؟ وه‌ڵامه‌كانیش شیكردنه‌وه‌‌و لێكۆڵینه‌وه‌ی وردیان ده‌وێت له‌و جۆره‌ی ناكرێت به‌بێ یارمه‌تی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی تێوده‌وڵه‌تی ئه‌نجام بدرێن، ئه‌ویش به‌ له‌به‌رچاوگرتنی كه‌شوهه‌وای ئه‌و ململانێ گه‌رمه‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌.

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌