راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دراو‌و پاسپۆتی كوردی‌و له‌شكركێشی
ریفراندۆمی كوردستان.. پروپاگه‌نده‌‌و هه‌واڵی درۆ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ته‌نن

موسته‌فا حه‌بیب
چه‌ند رۆژێكه‌ عێراقییه‌كان سه‌رقاڵی قه‌یرانێكی سیاسی نێوان هه‌رێم‌و به‌غدان له‌باره‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی پروپاگه‌نده‌‌و هه‌واڵ‌و وێنه‌ی هه‌ڵبه‌ستراوه‌وه‌.
21.09.2017  |  به‌غدا

بڕیاری هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ رێكخستنی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردانی هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌نجام برێت، قه‌یرانێكی سیاسی نوێی بۆ وڵات هێنایه‌ئارا‌و بووه‌ جێبایه‌خی عێراقییه‌كان كه‌ پێشتر جه‌نگی دژ به‌رێكخراوی داعش به‌پله‌ی یه‌كه‌م بایه‌خی بردبوون.

 

قه‌یرانه‌ سیاسییه‌كه‌ی نێوان به‌غدا‌و هه‌ولێر له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌شێوه‌یه‌كی تێبینیكراو ئاڵۆزبوو، هه‌موو هێز‌و حزبه‌ سیاسییه‌كانیش له‌ڕێی یه‌كترتۆمه‌تباركردن‌و لێدوانی تونده‌وه‌ به‌شداریان تێداكرد كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر هاووڵاتیان هه‌بوو، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش بوونه‌ گۆڕه‌پانێك بۆ ململانێ‌و ئاڵوگۆڕكردنی جنێو‌و پڕوپاگه‌نده‌‌و هه‌واڵ‌و وێنه‌ی درۆ كه‌ زۆرێك له‌عێراقییه‌كان به‌بێ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ راستییه‌كه‌یان باوه‌ڕه‌یان پێكردن.

 

دراو‌و پاسپۆرتی ده‌وڵه‌تی كوردستان

یه‌كێك له‌و پروپاگه‌ندانه‌ی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیكردووه‌ به‌ له‌چاپدانی دراوێكی تایبه‌ت به‌ده‌وڵه‌تی نوێی كوردی، هه‌واڵه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ وێنه‌ی دراوێك به‌به‌های 100 دینار بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ رووكاری پێشه‌وه‌ی وێنه‌ی مه‌لا مسته‌فای بارزانی سه‌ركرده‌ی دیاری مێژوویی ناسراو‌و باوكی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی ئێستای هه‌رێمی كوردستانی له‌سه‌ر بوو، به‌ڵام له‌ رووكاری پشته‌وه‌ی وێنه‌یه‌كی قه‌ڵای مێژوویی به‌ناوبانگی ناوه‌ڕاستی شاری هه‌ولێری تێدابوو.

 

ده‌یان په‌یج وێنه‌كانیان گواسته‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ راستییه‌كه‌ی بكۆڵنه‌وه‌‌و وێنه‌ی دراوه‌ نوێیه‌كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێكدا له‌نێو عێراقییه‌كان‌و له‌په‌یجه‌ تایبه‌ته‌كانیان له‌گه‌ڵ كۆمێنتی ئیستیفزازی له‌دژی كورد‌و هه‌رێمی كوردستان بڵاوبوونه‌وه‌، هه‌رچی ئه‌و په‌یجه‌ گشتیانه‌شه‌ كه‌ وێنه‌كانیان بڵاوكرده‌وه‌ ئه‌وا كۆمێنته‌كانیان گۆڕا بۆ شه‌ڕه‌قسه‌یه‌ك كه‌ جنێو‌و هه‌ڕه‌شه‌ی تێدا به‌كارهات.

 

له‌راستیشدا ئه‌و وێنانه‌ درۆ بوون، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان له‌ چاپدانی داراوێكی تایبه‌ت به‌ خۆیان رانه‌گه‌یاندووه‌‌و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و وێنانه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كاتێك هونه‌رمه‌ندێكی‌ كورد وێنه‌ی‌ چه‌ند دراوێكی‌ كوردی‌ كێشابوو.

 

پروپاگه‌نده‌یه‌كی دیكه‌ له‌شێوه‌ی دراوه‌كه‌ گفتوگۆی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی داگیر كرد، چونكه‌ چه‌ند وێنه‌یه‌ك بڵاوبوونه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ پاسپۆرتی ده‌وڵه‌ته‌ كوردییه‌ نوێیه‌كه‌ن‌و وێنه‌كانیش له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی وه‌رگیراون كه‌ كه‌سێكی تێدا ده‌رده‌كه‌وێت پاسپۆرته‌كه‌ پیشانده‌دات كه‌ ئارمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ رووكاری پێشه‌وه‌یه‌تی.

 

چه‌ند په‌یجێكی عه‌ره‌بی‌و كوردی له‌ فه‌یسبووك وێنه‌كان‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌یان وا بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ راسته‌قینه‌یه‌‌و رایانگه‌یاند پاسپۆرته‌كه‌ له‌لایه‌نه‌ ره‌سمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌رچووه‌.

 

ته‌نانه‌ت كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كانی راگه‌یاندنیش په‌نایان بۆ ئه‌و وێنانه‌ن‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ برد‌و هه‌واڵه‌كه‌یان وا داڕشت كه‌ ئه‌وه‌ پاسپۆرتی ره‌سمییه‌‌و له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌رچووه‌، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت ئه‌و هه‌واڵانه‌ درۆن، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی چه‌ند به‌رپرسێكی كورد ره‌تیان كرده‌وه‌‌و به‌ هه‌وڵێك بۆ دروستكردنی كێشه‌‌و ئاژاوه‌ له‌ نێوان به‌غدا‌و هه‌ولێریان دانا.

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ لیوا دلێر ئه‌حمه‌د به‌رێوه‌به‌ری گشتی ره‌گه‌زنامه‌‌و پاسپۆرت له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌لێدوانێكدا بۆ كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كانی راگه‌یاندن ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ پاسپۆرتی تایبه‌ت به‌ هه‌رێم ده‌ركرابێت، وتیشی: "ئه‌و وێنانه‌ی له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ بۆ دروستكردنی كێشه‌‌و ئاژاوه‌ بوون له‌نێوان به‌غدا‌و هه‌رێمدا".

 

دواتریش ده‌ركه‌وت ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ی بڵاوبووه‌ته‌وه‌ هی كرێكارێكی گه‌نجی كورده‌ كه‌ له‌ چاپخانه‌یه‌كی شاری سلێمانی كارده‌كات‌و خۆی نموونه‌یه‌كی پاسپۆرتی ده‌وڵه‌تی كوردستانی له‌ شوێنی كاره‌كه‌ی دیزاین كردووه‌‌و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی ناوخۆش چه‌ند چاوپێكه‌وتنێكیان له‌گه‌ڵ كردووه‌‌و ده‌ڵێت ئه‌و نموونه‌یه‌ی دیزاین كردووه‌‌و هیواداره‌ له‌ ئاینده‌دا ببێته‌ راسته‌قینه‌.

 

باری نائاسایی‌و له‌شكركێشی

هه‌واڵێكی درۆ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ باسی له‌وه‌ ده‌كرد حكومه‌تی عێراق باری نائاسایی له‌پارێزگای كه‌ركوك راگه‌یاندووه‌‌و حاكمێكی سه‌ربازی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری شاره‌كه‌ داناوه‌ ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان بڕیاری لابردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریمی پارێزگاری له‌ پۆسته‌كه‌ی په‌سه‌ندكرد.

 

به‌ده‌یان په‌یجی نه‌ناسراو ئه‌و هه‌واڵه‌ درۆیه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ ئه‌ویش دوای شێواندنی ئه‌و رووداو‌و لێدوانه‌ سیاسیانه‌ی له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا وڵات به‌خۆوه‌ی بینین.

 

له‌ 14ی ئه‌م مانگه‌دا (ئه‌یلول) په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر داوای حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌نگیدا له‌سه‌ر لابردنی نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك له‌پۆسته‌كه‌ی به‌هۆی هه‌ڵوێسته‌كانی سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردنی كه‌ركوك له‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستاندا.

 

دوای دوو رۆژ نیازی ئۆغڵۆ په‌رله‌مانتاری توركمان له‌ په‌رله‌مانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا كۆكردنه‌وه‌ی ئیمزای له‌نێو په‌رله‌مانتاراندا راگه‌یاند به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك‌و دانانی حاكمێكی سه‌ربازی بۆ پارێزگاكه‌، واته‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ته‌نیا پێشنیارێك بوو، به‌ڵام چه‌ند په‌یجێك له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان‌و چه‌ند كه‌ناڵێكی راگه‌یاندن ئه‌و رووداوانه‌یان شێواند‌و وتیان حكومه‌ت به‌ كرده‌وه‌ بڕیار سه‌پاندنی باری نائاسایی‌و ده‌ستنیشانكردنی ناسر غانم لیوا له‌ سوپای عێراقی داوه‌ وه‌ك حاكمێكی سه‌ربازی.

 

گه‌یشتنی هێزی سه‌ربازی سوپای عێراق بۆ سنووری هه‌رێمی كوردستان له‌نێو هه‌واڵه‌ درۆكانی دیكه‌دا بوو كه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و كه‌ناڵه‌ ناوخۆییه‌كانی راگه‌یاندن بڵاوبوونه‌وه‌، هه‌واڵه‌كه‌ش ئه‌وه‌ی تێدا هاتبوو كه‌ هێزه‌كانی سوپای عێراق له‌سه‌ر سنووری هه‌رێمی كوردستان له‌ ناوچه‌ی ده‌شتی نه‌ینه‌وا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌‌و سوپای عێراقیش چووه‌ته‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باشییه‌وه‌ بۆ هه‌ر پێشهاتێك.

 

به‌ڵام به‌رپرسه‌ عێراقییه‌كان له‌ به‌غدا‌و هه‌ولێر ئه‌و هه‌واڵه‌یان ره‌تكرده‌وه‌، هه‌روه‌ها هیچ راگه‌یه‌ندرا‌و یاخود لێدوانێكی ره‌سمی سه‌باره‌ت به‌ جوڵاندنی هێزی سه‌ربازی بۆ ناوچه‌كه‌ بڵاونه‌كراوه‌ته‌وه‌، ده‌ریشكه‌وت كه‌ هه‌واڵه‌كه‌ درۆیه‌‌و سه‌رچاوه‌كه‌ی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌.

 

له‌ به‌رامبه‌ریشدا هه‌واڵی هاوشێوه‌ سه‌باره‌ت به‌ جووڵه‌كردنی هێزێكی سه‌ربازی گه‌وره‌ی پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و پارێزگای كه‌ركوك بڵاوبووه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌واڵه‌كه‌شدا گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كۆمێنتێكدا كه‌ ده‌ڵێت: "چه‌ند كاروانێكی بێ كۆتایی پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ولێره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ن‌و له‌ ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك جێگیر ده‌كرێن كه‌ زیاتر له‌ 51 هه‌زار جه‌نگاوه‌ری پڕچه‌ك به‌ نوێترین چه‌كی ئه‌ڵمانی له‌خۆده‌گرن".

 

به‌ڵام دوای پشكنینی گرته‌ ڤیدیۆییه‌كه‌ ده‌ركه‌وت كۆنه‌‌و مێژووه‌كه‌ی بۆ ساڵی 2016 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتێك هێزی سه‌ربازی پێشمه‌رگه‌ به‌ره‌و قه‌زای شنگال له‌ خۆرئاوای موسڵ به‌ڕێكه‌وت.

 

رق‌و كینه‌ نوكته‌یان لێده‌كه‌وێته‌وه‌

زۆرجار عێراقییه‌كان له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نوكته‌‌و وێنه‌ی كاریكاتێری به‌كارده‌هێنن بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌ قه‌یرانه‌ سیاسی یاخود ئه‌منی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی ئینته‌رنێتیش بگاته‌ عێراق‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان په‌یدا ببن، عێراقییه‌كان نوكته‌ی سیاسییان به‌كارده‌هێنا‌و زۆر جاریش وه‌رز‌و جۆری ئه‌و نوكتانه‌ گرێدراون به‌ رووداوه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌.

 

له‌هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا عێراقییه‌كان نوكته‌یان له‌سه‌ر كورد ده‌وت وه‌ك ئه‌نجامێكی ئه‌و ململانێ چه‌كدارییه‌ی له‌ نێوان سوپای عێراق‌و شۆڕشگێڕانی كورددا له‌ئارادابوو، له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی رابردووشدا ئاڕاسته‌ی نوكته‌كان گۆڕا بۆ عه‌شیره‌تی دلیم له‌ ئه‌نبار، هۆكاری ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌و هه‌وڵی كوده‌تا شكستخواردووه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ لیوا محه‌مه‌د مه‌زڵوم دلێمی له‌گه‌ڵ عه‌شیره‌ته‌كه‌ی رێبه‌رایه‌تی كرد له‌دژی سه‌دام حسێن.

 

دوای ئه‌وه‌ش كه‌ سه‌دام حسێن توانی شكست به‌ كوده‌تاكه‌ بهێنێت‌و لیوا محه‌مه‌د له‌سێداره‌ درا، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان نوكته‌ له‌دژی ئه‌ندامانی عه‌شیره‌ته‌كه‌ بڵاوبووه‌وه‌ له‌بری كورد، كه‌سیش نازانێت ئه‌وه‌ چۆن روویدا‌و كێ ئه‌و نوكتانه‌ی له‌دژیان داده‌نا، به‌ڵام عێراقییه‌كان ده‌ڵێن ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی موخابه‌رات كه‌ له‌نێوان دانیشتوواندا بڵاوببوونه‌وه‌ له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی دیراسه‌كراودا له‌سه‌ر داوای ده‌سه‌ڵاتدارانی باڵا بانگه‌شیان بۆ نوكته‌كان ده‌كرد تا بڵاوببنه‌وه‌.

 

هه‌موو ساڵێكیش له‌ یادی داگیركردنی كوه‌یت له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ له‌ ئابی 1991 به‌ده‌یان نوكته‌ له‌دژی كوه‌یتییه‌كان بڵاوده‌بنه‌وه‌، ئه‌و نوكتانه‌ خاڵی نین له‌ جنێو‌و سوكایه‌تیپێكردن به‌ به‌رامبه‌ر، له‌م قه‌یرانه‌ی دوایی نێوان به‌غدا‌و هه‌ولێرشدا سه‌رله‌نوێ نوكته‌ له‌دژی كورد په‌یدابوونه‌وه‌.

 

ئێستاش له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی نێوان به‌غدا‌و هه‌ولێر سه‌باره‌ت به‌ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی، به‌ده‌یان په‌یجی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ستیان كردووه‌ به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی نوكته‌ له‌دژی كورد ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌نجامی ئه‌و رق‌و كینه‌یه‌ی به‌هۆی گفتوگۆی توندی نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا له‌ نێوان كورد‌و عه‌ره‌بدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

 

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌