راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

جیابوونه‌وه‌ كادری حزبه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌
ئێران له‌ هه‌وڵی یه‌كخستنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی شیعه‌دایه‌

موسته‌فا حه‌بیب
هاوپه‌یمانی سیاسی شیعه‌ رووبه‌ڕووی سه‌ختترین تاقیكردنه‌وه‌ بووه‌ته‌وه‌‌و چه‌نده‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردن نزیك ببێته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانی توندتر ده‌بنه‌وه‌، ئێرانیش ده‌یه‌وێ‌ قسه‌ی‌ خۆی‌ بكات.
13.09.2017  |  به‌غدا
كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی
كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ هاوپه‌یمانی‌ نیشتیمانی

هه‌فته‌ی رابردوو محه‌مه‌د شه‌هرودی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندی رژێم له‌ ئێران كه‌ له‌ دیارترین راوێژكارانی عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێرانه‌ گه‌یشته‌ به‌غدا‌و دیداری له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی حزبه‌ شیعه‌كان ئه‌نجامدا له‌ هه‌وڵێكدا بۆ یه‌كخستنیان ئه‌ویش له‌دوای ئه‌و ناكۆكی‌و دابه‌شبوونانه‌ی له‌ چه‌ند مانگی رابردوودا رووبه‌ڕوویان بووه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌ركی ئه‌و پیاوه‌ به‌و ئاسانییه‌ نه‌بوو.

 

شه‌هرودی چاوی به‌ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی نزیك له‌ ئێران‌و عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكی "ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی" كه‌وت، هه‌روه‌ك دیداریشی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌ی گرووپه‌ شیعه‌كانی نزیك له‌ ئێران هه‌بوو له‌وانه‌ قه‌یس خه‌زعه‌لی سه‌ركرده‌ی "عه‌سائیب ئه‌هل لحه‌ق"، هه‌روه‌ها سه‌ردانی باره‌گای بزووتنه‌وه‌ی "نوجه‌با"ی له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین كرد، هه‌ردوو گرووپه‌كه‌ش لایه‌نگری ویلایه‌تی فه‌قیهن‌و دڵسۆزی ئاینییان بۆ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێرانه‌ نه‌ك عه‌لی سیستانی.

 

به‌ڵام موقته‌دا سه‌دری سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در رازی نه‌بوو دیداری له‌گه‌ڵ بكات، هه‌روه‌ك چوار مه‌رجه‌عه‌كه‌ی شیعه‌ له‌ نه‌جه‌ف له‌سه‌رووشیانه‌وه‌ عه‌لی سیستانی رابه‌ری مه‌رجه‌عیه‌ رازای نه‌بوون دیداری له‌گه‌ڵ به‌كه‌ن، له‌ كاتێكدا حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران دوا به‌رپرس بوو كه‌ چاوی پێكه‌وت، ئه‌مانه‌ش هه‌موو ئاماژه‌ن بۆ ناكۆكی‌و دابه‌شبوونیكی توندی شیعه‌.

 

به‌رپرسێكی سیاسی شیعه‌ كه‌ داوایكرد ناوی ئاشكرا نه‌كرێت به‌ "نیقاش"ی وت: "سه‌ردانی شه‌هرودی بۆ عێراق له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ئێراندایه‌ كه‌ چه‌ند مانگێكه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونی حزبه‌ شیعه‌ ناكۆكه‌كان، ماوه‌ی ساڵیكه‌ چه‌ند به‌رپرسێكی ئێران بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ردانی عێراق ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی حزبه‌ شیعه‌كانی عێراقیش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست سه‌ردانی تارانیان كردووه‌".

 

به‌گوێره‌ی قسه‌ی به‌رپرسێكی شیعه‌، شه‌هرودی له‌میانی دیداره‌كانی له‌گه‌ڵ چه‌ندین سه‌ركرده‌ی شیعه‌ تێگه‌یشتنی خۆی بۆ ئه‌و ناكۆكیانه‌ ده‌ربڕیوه‌ كه‌ له‌نێوان حزبه‌ شیعه‌كاندا هه‌یه‌‌و داوای كردووه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌و ناكۆكیانه‌ یه‌كبگرن وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، هه‌روه‌ها وتیشی: "مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی ئێران هێشتنه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ له‌ ده‌ستی حزبه‌ شیعه‌كاندا".

 

شه‌هرودی ئه‌ركی یه‌كخستنه‌وه‌ی هێزه‌ شیعه‌كانی له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك هه‌ڵبژاردووه‌، چونكه‌ خۆی له‌ دامه‌زرێنه‌رانی سه‌ره‌تای حزبی "ده‌عوه‌ی ئیسلامی"یه‌ كه‌ نوری مالیكی رێبه‌رایه‌تی ده‌كات‌و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانیش یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامه‌ دیاره‌كانی، هه‌روه‌ك له‌سه‌ره‌تای هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا سه‌ركردایه‌تی "ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی" كردووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی پیاوێكی ئاینییه‌‌و نووسینگه‌ی له‌ نه‌جه‌ف‌و كه‌ربه‌لاش هه‌یه‌‌و ناوی له‌پشتی په‌رده‌ی ناوه‌نده‌ ئاینییه‌ شیعه‌كانه‌وه‌ باس ده‌كرێت كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ پاڵێوراوان بۆ جێگرتنه‌وه‌ی سیستانی له‌ نه‌جه‌ف.

 

ململانێی نێوان حزبه‌ شیعه‌كان شتێكی نوێ نییه‌، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مجاره‌ ئه‌ركی ئێران قورستر بێت، چونكه‌ له‌ ساڵی 2014دا ناكۆكییه‌كانی نێو كوتله‌ی "هاوپه‌یمانی نیشتمانی" كه‌ هه‌موو حزب‌و هێزه‌ شیعه‌كان له‌ژێر سایه‌یدا كۆبوونه‌ته‌وه‌ له‌نێوان حزبه‌ سه‌ره‌كییه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌دا بوو كه‌ له‌ ساڵی 2006وه‌ حوكمی وڵات ده‌كات، به‌ڵام ئێستا ناكۆكییه‌كان له‌نێو خودی حزبه‌كانیشدایه‌.

 

"هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا" (101 كورسی)‌و هاوپه‌یمانی "ئه‌حرار"ی سه‌ر به‌ پیاوی ئاینی موقته‌دا سه‌در (34 كورسی)‌و هاوپه‌یمانی "مواتن" به‌ سه‌ركردایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم (30 كورسی) ئه‌و هێزه‌ سه‌ره‌كیانه‌ن كه‌ كۆڵه‌گه‌ی هاوپه‌یمانی شیعه‌ پێكده‌هێنن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ "ره‌وتی چاكسازی نیشتمانی" به‌ سه‌ركردایه‌تی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێستا (6 كورسی)‌و هاوپه‌یمانی "فه‌زیله‌" (6 كورسی)‌و كوتله‌ی "سادیقون"ی سه‌ر به‌ بزووتنه‌وه‌ی "عه‌سائیب ئه‌هل لحه‌ق" (یه‌ك كورسی).

 

دابه‌شبوونی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا

نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو له‌ ساڵی 2009دا "هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا"ی دامه‌زراند به‌سوود وه‌رگرتن له‌و جه‌ماوه‌ره‌ی ئه‌و كاته‌ په‌یدای كردبوو، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م جیابوونه‌وه‌ی شیعه‌ بوو، به‌ڵام ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ له‌ ساڵی 2014دا دووچاری دابه‌شبوون بووه‌وه‌ كاتێك مالیكی له‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران دوورخرایه‌وه‌ سه‌ره‌ڕای به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی یه‌كه‌م له‌ هه‌ڵبژاردندا، پۆسته‌كه‌ش درایه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی هاوكاری خۆی له‌ حزبی "ده‌عوه‌ی ئیسلامی".

 

ئیتر له‌و كاته‌وه‌ ئه‌م دووپیاوه‌ چوونه‌ته‌ ململانێوه‌‌و ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ش دابه‌شبوون بۆ دوو به‌ره‌، ئه‌گه‌رچی به‌رپرسان‌و په‌رله‌مانتارانی "ده‌عوه‌" هه‌وڵده‌ده‌ن ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كان بشارنه‌وه‌‌و ده‌ڵێن هێشتا حزبه‌كه‌ خۆڕاگره‌، به‌ڵام واقیع پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ ده‌ڵێت، چونكه‌ مالیكی به‌راشكاوی ره‌خنه‌ له‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌گرێت، هاوكات ئه‌ویش ناچار ده‌بێت هه‌ندێك جار به‌توندی وه‌ڵامی بداته‌وه‌.

 

بۆ نموونه‌ مالیكی پشتیوانی خۆی بۆ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ده‌ربڕی كه‌ حزبوڵڵای لوبنان چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ "داعش" ئه‌نجامی دا بۆ گواستنه‌وه‌ی سه‌دان توندڕه‌و له‌ سنووری سوریا‌و لوبنانه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی نزیك سنووری عێراق، له‌ كاتێكدا عه‌بادی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی ره‌تكرده‌وه‌‌و وتی: "سووكایه‌تیكردنه‌ به‌ گه‌لی عێراق".

 

مالیكی له‌میانی داكۆكیكردنی له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ پشتی به‌وه‌ به‌ست كه‌ حكومه‌تی عێراق له‌ میانی شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی شارۆچكه‌ی ته‌له‌عفه‌ردا رێككه‌وتنێكی هاوشێوه‌ی له‌گه‌ڵ "داعش" ئه‌نجامداوه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا ئازادیان كرد پاش هه‌ڵاتنی له‌ناكاوی رێكخراوه‌كه‌‌و شه‌ڕنه‌كردنی، به‌ڵام عه‌بادی  له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا وه‌ڵامی مالیكی دایه‌وه‌‌و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ هیچ رێككه‌وتنێك نه‌كراوه‌‌و ئه‌و لێدوانانه‌ش كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هه‌وڵی به‌كه‌م سه‌یركردنی توانای هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق ده‌ده‌ن.

 

دابه‌شبوونی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی

له‌ مانگی ته‌مموزدا عه‌ممار حه‌كیم سه‌ركرده‌ی "ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی" جیابوونه‌وه‌ی له‌و كوتله‌یه‌ راگه‌یاند كه‌ به‌ میراتێكی خێزانی داده‌نرێت، چونكه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی محه‌مه‌د باقر حه‌كیمی مامی دامه‌زرێندراوه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2003دا له‌ ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراودا له‌ نه‌جه‌ف كوژرا، پاشان عه‌بدولعه‌زیز حه‌كیمی باوكی سه‌ركردایه‌تی گرته‌ده‌ست كه‌ له‌ ساڵی 2009دا كۆچی دوایی كرد‌و له‌و كاته‌شه‌وه‌ عه‌ممار حه‌كیم بووه‌ سه‌رۆكی حزبه‌كه‌.

 

حه‌كیم هاوپه‌یمانییه‌كی نوێی به‌ناوی "ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی" دامه‌زراند‌و زۆرینه‌ی ئه‌ندامان‌و په‌رله‌مانتاران‌و به‌رپرسانی "ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی" چوونه‌ پاڵی جگه‌ له‌و سه‌ركرده‌ به‌ته‌مه‌نانه‌ی پێشتر به‌درێژایی چه‌ندین ساڵی رابردوو له‌ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی حه‌كیم ناڕازیبوون، له‌ دیارترینیشیان هومام حه‌مودی كه‌ بووه‌ته‌ سه‌رۆكی نوێی ئه‌نجومه‌نی باڵا‌و باقر جه‌بر زوبه‌یدی وه‌زیری پێشووی دارایی‌و جه‌لاله‌دین سه‌غیر په‌رله‌مانتاری پێشوو، ئه‌مانه‌ش به‌ نزیكییان له‌ ئێران ناسراون.

 

ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ ناكۆكی قووڵی سه‌باره‌ت به‌ دابه‌شكردنی موڵك‌و ماڵ‌و هه‌روه‌ها ناكۆكی عه‌قائیدی‌و سیاسی له‌ نێوان هه‌ردوولادا خسته‌وه‌ كه‌ تاكو ئه‌مڕۆش هه‌ر ماون، چونكه‌ "ئه‌نجومه‌نی باڵا" مه‌یلی به‌لای ئێراندایه‌ له‌ كاتێكدا حه‌كیم هه‌وڵ ده‌دات له‌ ژێر عه‌بای ئێران بێته‌ده‌ره‌وه‌‌و بچێته‌ ژێر عه‌بای سیستانی.

 

ره‌وتی سه‌در له‌ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كه‌یه‌

بزووتنه‌وه‌ی "ره‌وتی سه‌در" به‌سه‌ركردایه‌تی پیاوی ئاینی موقته‌دا سه‌در یه‌كه‌م كوتله‌ی شیعه‌ بوو ساڵی رابردوو كشانه‌وه‌ی خۆی له‌ هاوپه‌یمانی سیاسی شیعه‌ راگه‌یاند، ئه‌ویش كاتێك چووه‌ پاڵ بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری ناڕازی كه‌ ره‌وتی مه‌ده‌نی له‌وڵات رێكیده‌خات، ئێستاش له‌وه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌ هاوپه‌یمانییه‌ك له‌گه‌ڵ ره‌وتی مه‌ده‌نی پێكبهێنێت سه‌ره‌ڕای سنوورداری جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌یاد عه‌لاوی سیاسه‌تمه‌داری شیعه‌ی عه‌لمانی‌و سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی "وه‌ته‌نییه‌"شدا.

 

جه‌عفه‌ر موسه‌وی جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سیاسی ره‌وتی سه‌در به‌ "نیقاش"ی وت: "ره‌وتی سه‌در ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی نییه‌‌و په‌یوه‌ندیشمان به‌و رووداوانه‌وه‌ نییه‌ له‌ كه‌ناویدا ده‌گوزه‌رێن له‌ گفتوگۆ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ یاخود هاوپه‌یمانییه‌كانی هه‌ڵبژاردن".

 

جیابوونه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در له‌ "هاوپه‌یمانی شیعه‌" مانای ئه‌وه‌یه‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ نزیكه‌ی 30ی‌ كورسی په‌رله‌مان له‌ده‌ست ده‌دات به‌وه‌ش هاوپه‌یمانی شیعه‌ ئه‌و زۆرینه‌ سیاسییه‌ له‌ده‌ست ده‌دات كه‌ به‌درێژایی 10 ساڵی رابردوو دوای هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك به‌ده‌ستی ده‌هێنا.

 

كێ سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانی شیعه‌ ده‌كات؟

رۆژی پێنجی ئه‌م مانگه‌ ویلایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم وه‌ك سه‌رۆكی "هاوپه‌یمانی نیشتمانی" كۆتاییهات به‌پێی رێككه‌وتنێك كه‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌نجام درابوو بۆ راده‌ستكردنی سه‌رۆكایه‌تی بۆ حه‌كیم بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ، حه‌كیم له‌ میانی وته‌یه‌كیدا كه‌ به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه‌ له‌ دووی ئه‌م مانگه‌دا پێشكه‌شی كرد، رایگه‌یاند به‌نیاز نییه‌ له‌ پۆسته‌كه‌یدا بمێنێته‌وه‌‌و داوای له‌ حزبه‌ شیعه‌كانی دیكه‌ كرد به‌زووترین كات جێگره‌وه‌یه‌كی بۆ ده‌ستنیشان بكه‌ن.

 

سه‌رۆكی نوێی هاوپه‌یمانی نیشتمانی له‌ "هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا" ده‌بێت كه‌ نوری مالیكی سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌ركی ده‌ستنیشانكردنی ئاسان نابێت به‌هۆی ناكۆكییه‌كانی ناو "ده‌وڵه‌تی یاسا"، هه‌ریه‌ك له‌ نوری مالیكی ‌و هادی عامری سه‌ركرده‌ی رێكخراوی به‌دریش كێبڕكێ له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ ده‌كه‌ن.

 

عامر فایز په‌رله‌مانتاری "هاوپه‌یمانی نیشتمانی" به‌ "نیقاش"ی وت: "عامری كاندیدێكی به‌هێزه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانییه‌كه‌‌و لایه‌نگری له‌ناو ده‌وڵه‌تی یاسادا هه‌یه‌، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتووشدا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگ له‌نێوان پێكهاته‌كانی هاوپه‌یمانی نیشتمانیدا ئه‌نجام ده‌درێت بۆ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆكی نوێ".

 

شانبه‌شانی عامریش كاندیدی دیكه‌ هه‌ن له‌وانه‌ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشو‌و په‌رله‌مانتار عه‌لی ئه‌دیب، به‌ڵام هه‌ردوو كیان ئه‌ندامی حزبی ده‌عوه‌ن، به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی هاوپه‌یمانی نیشتمانیش ئه‌و حزبه‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی له‌لا بێت مافی ئه‌وه‌ی نییه‌ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانی وه‌ربگرێت كه‌ ئه‌وه‌ش نه‌ریتێكه‌ هاوپه‌یمانی شیعه‌ له‌وه‌ته‌ی له‌ ساڵی 2006وه‌ دامه‌زراوه‌ له‌سه‌ر ده‌ڕوات.

 

چه‌نده‌ واده‌ی هه‌ڵبژاردن نزیك ببێته‌وه‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان جه‌مسه‌ره‌كانی حزبه‌ شیعه‌كان روونتر ده‌بنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و هاوپه‌یمانییانه‌ی راده‌گه‌یندرێن قووڵی ئه‌و دابه‌شبوونه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن، به‌ڵام هه‌مووان چاوه‌ڕوانی په‌سه‌ندكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن دوای ئه‌وه‌ی مانگی رابردوو یاسای هه‌ڵبژاردنی خۆجێیی په‌سه‌ند كرا، هه‌ردوو هه‌ڵژاردنه‌كه‌ش له‌ یه‌ك رۆژدا له‌ نیسانی ساڵی داهاتوو ئه‌نجام ده‌درێن.

 

بێگومان هه‌ڵبژاردنی داهاتوو هه‌ستیار‌و چاره‌نووسساز ده‌بێت‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك ده‌بێت بۆ ئاینده‌ی وڵات له‌ قوناغی دوای "داعش"دا كه‌ وڵات به‌ده‌ست قه‌یرانێكی دارایی خنكێنه‌ر‌و وێرانكارییه‌كی به‌رفراوانی ئه‌و شارانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت كه‌ به‌درێژایی سێ ساڵی رابردوو توندڕه‌وان كۆنترۆڵیان كردبوون.

Baghdad
سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌