راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌ره‌تایه‌كی‌ نوێ‌
داعش قورسایی دیپلۆماسی بۆ عێراق ده‌گێڕێته‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
پێده‌چێت ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی عێراق به‌سه‌ر داعشدا به‌ده‌ستیهێناون ته‌نیا هێزێكی سه‌ربازی نوێی پێ نه‌به‌خشیبێت، به‌ڵكو قورساییه‌كی دیپلۆماسی نوێشی پێدابێت.
24.08.2017  |  به‌غدا
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق له‌گه‌ڵ هاوتا میسرییه‌كه‌ی‌
وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق له‌گه‌ڵ هاوتا میسرییه‌كه‌ی‌

ئه‌م مانگه‌ مانگێكی پڕئیش‌و كار بوو بۆ دیپلۆماسیه‌تی عێراق، ده‌یان به‌رپرسی عه‌ره‌ب‌و كه‌نداو سه‌ردانی به‌غدایان كرد له‌به‌رامبه‌ر سه‌ردانی چه‌ند وه‌فدێكی عێراق بۆ ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی‌و هه‌رێمی دراوسێ، پێده‌چێت گالیسكه‌ی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی عێراق بۆ ده‌وروبه‌ره‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌ی له‌پاش ساڵانێك له‌دابڕان كه‌وتبێته‌ رێ.

 

له‌ماوه‌ی مانگی رابردوودا به‌غدا پێشوازی له‌هه‌ریه‌ك له‌خالید بن ئه‌حمه‌د ئال خه‌لیفه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی به‌حره‌ین‌و ئه‌یمه‌ن سه‌فه‌دی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئوردن‌و عه‌بدولقادر موساهیل وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی جه‌زائیر‌و سامیح شوكری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسر‌و مشعه‌ل بن فه‌هم سه‌لمی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی كرد له‌گه‌ڵ چه‌ند وه‌فدێكی سه‌ربازی كه‌ بریتیبوون له‌ فه‌ریق عه‌بدولڕه‌حمان بن ساڵح سه‌رۆكی ئه‌ركانی سعودیه‌‌و یه‌عقوب سه‌راف وه‌زیری به‌رگری لوبنان‌و محه‌مه‌د فریحات سه‌رۆكی ئه‌ركانی ئوردن، هه‌موو میوانه‌كانیش ستایشی سه‌ركه‌وتنه‌كانی سوپای عێراقیان كرد به‌سه‌ر توندڕه‌واندا.

 

له‌به‌رامبه‌ریشدا چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی‌و ئایینی عێراق سه‌ردانی هه‌ردوو ركابه‌ره‌ مێژووییه‌كه‌ی ناوچه‌ی عه‌ره‌بییان كرد، له‌م ڕووه‌وه‌ موقته‌دا سه‌در سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در سه‌ردانی هه‌ریه‌ك له‌ سعودیه‌‌و ئیماراتی كرد، هه‌روه‌ك قاسم ئه‌عره‌جی وه‌زیری ناوخۆ سه‌ردانی سعودیه‌‌و ئێرانی كرد، وادیاره‌ ئه‌م سه‌ردانانه‌ش مه‌دروس بن وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ قۆناغێكی دیپلۆماسی نوێ له‌سایه‌ی چه‌ند قه‌یرانێكی سیاسی‌و ئه‌منی تونددا كه‌ ناوچه‌ی عه‌ره‌بییان گرتووه‌ته‌وه‌.

 

له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا دیپلۆماسیه‌تی عێراق ببووه‌ جێی ره‌خنه‌ به‌هۆی شكستهێنانی له‌ كرانه‌وه‌ به‌ڕووی ده‌وروبه‌ره‌ عه‌ره‌بییه‌كه‌یدا، هه‌روه‌ك كه‌وتبووه‌ ژێر كاریگه‌ری دوو ركابه‌ری دژبه‌یه‌ك كه‌ ئه‌وانیش وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا‌و ئێرانن، ئه‌وه‌ش ئه‌ركی عێراقی قورستر كرد له‌ ده‌ستنیشانكردنی رێچكه‌یه‌كی روون بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌تایبه‌تی كه‌ سیستمی پشككاری تایفی دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی له‌نێوان حزبه‌ شیعه‌‌و سوننه‌‌و كوردییه‌كان به‌سه‌ردا سه‌پاندبوو كه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان ئامانج‌و هاوپه‌یمانی تایبه‌ت به‌خۆی هه‌یه‌.

 

به‌ڵام ئه‌و جه‌نگه‌ی عێراق له‌ هاوینی ساڵی 2014وه‌ له‌دژی رێكخراوی "داعش" به‌ڕێوه‌ی ده‌بات‌و ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌سه‌ر توندڕه‌واندا به‌ده‌ستیان هێناوه‌، هاوكێشه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی گۆڕی، چونكه‌ له‌لایه‌ك عێراقیه‌كانی یه‌كخست‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ باوه‌ڕی به‌ ده‌وروبه‌ره‌ عه‌ره‌بی‌و هه‌رێمییه‌كه‌ی هێنا كه‌ توانایه‌كی به‌رزی هه‌یه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ختییه‌كاندا.

 

عه‌باس به‌یاتی ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق به‌ "نیقاش"ی وت "ئه‌و كرانه‌وه‌ عه‌ره‌بییه‌ به‌ڕووی عێراقدا له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك بوو، سه‌ره‌تا ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌سه‌ر داعشدا به‌ده‌ستیان هێنا به‌تایبه‌تی له‌ موسڵ، هه‌ندێك عه‌ره‌ب پێشبینیان ده‌كرد ئه‌زموونی سیاسی له‌ عێراق له‌ دوای ساڵی 2003وه‌ شكست بهێنێت، به‌ڵام ئێستا خه‌ریكه‌ به‌خۆدا ده‌چنه‌وه‌‌و واز له‌ دوودڵی له‌ ده‌ستپێكردنی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌هێنن‌و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێ ده‌كه‌نه‌وه‌".

 

كاتێك داعش له‌حوزه‌یرانی 2014دا له‌سه‌رده‌می نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوودا هێرشی كرده‌ سه‌ر عێراق، توندڕه‌وان توانیان سێیه‌كی رووبه‌ری عێراق داگیربكه‌ن‌و پارێزگاكانی ئه‌نبار‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و نه‌ینه‌وایان كۆنترۆڵ كرد‌و گه‌یشتنه‌ ده‌وروبه‌ری به‌غدا له‌ باكوور‌و باشووره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ته‌نیا سێ شارۆچكه‌ی بچووكیان به‌ده‌سته‌وه‌ ماوه‌ كه‌ ئه‌وانیش ته‌لعفه‌ر له‌ خۆرئاوای موسڵ‌و حه‌ویجه‌ له‌ باشووری كه‌ركوك‌و قائیم له‌ خۆرئاوای ئه‌نباره‌.

 

به‌یاتی ده‌شڵێت "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باجی جه‌نگ له‌دژی توندڕه‌وان قورسه‌، به‌ڵام عێراق به‌ هێزێكی سه‌ربازی گه‌وره‌وه‌ له‌ شه‌ڕه‌كان هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌هۆی ئه‌و شاره‌زاییه‌ی په‌یدای كردووه‌‌و ئێستاش هێزی لێهاتووی له‌ سوپا‌و پۆلیس‌و دژه‌تیرۆردا هه‌یه‌، ئه‌م به‌ره‌وپێشچوونه‌ش وای لێده‌كات له‌ هاوسه‌نگییه‌كان‌و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌دا كاریگه‌ر بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌وڵه‌تانی دراوسێ ده‌خوازن له‌گه‌ڵیدا بن".

 

به‌گوێره‌ دوا توێژینه‌وه‌ كه‌ سایتی "globalfirepowe"ی تایبه‌تمه‌ند له‌ كاروباری سه‌ربازی بڵاوی كردۆته‌وه‌، سوپای عێراق له‌ پله‌ی 59 یه‌میندایه‌ له‌نێو 133 ده‌وڵه‌تداو له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشدا له‌ پله‌ی حه‌وته‌مدایه‌ له‌ دوای توركیا‌و میسر‌و ئیسرائیل‌و ئێران‌و سعودیه‌‌و سوریا.

 

هه‌روه‌ها ئه‌و وێرانكارییه‌ش كه‌ دووچاری وڵات هاتووه‌ له‌میانی ئه‌م جه‌نگه‌دا به‌تایبه‌تی له‌ ئه‌نبار‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و نه‌ینه‌وا له‌گه‌ڵ پێویستیه‌كانی بنیاتنانه‌وه‌ له‌ماوه‌ی ده‌ ساڵی داهاتوودا فاكته‌رێكی راكێشه‌رن بۆ وه‌به‌رهێنه‌كان، بڕی ئه‌و پاره‌یه‌ش كه‌ عێراق پێویستی ده‌بێت بۆ ئه‌و كاره‌ 100 ملیار دۆلاره‌ كه‌ ئه‌وه‌ش هانده‌رێكه‌ بۆ زۆرێك له‌ ده‌وڵه‌تانی به‌شدار تێیدا به‌ ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بیشه‌وه‌ وه‌ك په‌رله‌مانتار به‌یاتی ده‌ڵێت.

 

سه‌نگه‌ربه‌ندی عه‌ره‌بی‌و ململانێ له‌گه‌ڵ ئێران

سه‌ردانه‌كه‌ی پیاوی ئایینی شیعه‌ موقته‌دا سه‌در بۆ سعودیه‌‌و ئیمارات به‌ بانگهێشنامه‌ی ره‌سمی به‌رپرسانی هه‌ردوو وڵاته‌كه‌، بووه‌ جێی بایه‌خی ناوه‌نده‌ عه‌ره‌بی‌و ناوخۆییه‌كان، چونكه‌ ئه‌و سه‌دره‌ی چه‌ندین جار ره‌خنه‌ی له‌ رژێمی سعودیه‌ گرتووه‌ به‌هۆی به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی مه‌ودای به‌رده‌م تایفه‌ی شیعه‌‌و جه‌نگی یه‌مه‌ن، به‌گه‌رمی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی هه‌ردوو وڵاته‌وه‌ پێشوازی لێ كرا، به‌ڵام سه‌در له‌ناوخۆی عێراقدا ره‌خنه‌ی لێگیرا به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن گرووپه‌ شیعه‌كانی نزیك له‌ ئێرانه‌وه‌.

 

له‌وه‌ته‌ی حكومه‌تی ئێستای عێراقیش له‌ ئابی 2014دا پێكهێنراوه‌ حزب‌و گرووپه‌ شیعه‌كان بوون به‌دوو به‌شه‌وه‌ ، یه‌كه‌میان نوێنه‌رایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كات له‌گه‌ڵیشیدا موقته‌دا سه‌دری سه‌ركرده‌ی ره‌وتی سه‌در‌و عه‌ممار حه‌كیم سه‌ركرده‌ی "ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی"، هه‌ڵوێسته‌كانی عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌ له‌ نه‌جه‌فیش له‌گه‌ڵ ئه‌م گرووپه‌دا یه‌كده‌گرنه‌وه‌، هه‌رچی گرووپی دووه‌میشه‌ ئه‌وا نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشو‌و حزبه‌ شیعه‌كانی هاوپه‌یمانی نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن.

 

هه‌روه‌ها گرووپه‌ شیعه‌كان له‌ڕووی دلسۆزی ئایینی‌و ئامانجیشه‌وه‌ دابه‌شبوون بۆ دوو گرووپ، یه‌كه‌میان دڵسۆزیان بۆ عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌‌و "سه‌رایا سه‌لام"ه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی موقته‌دا سه‌در، ئه‌م گرووپانه‌ش رێز له‌ بڕیاره‌كانی حكومه‌ت ده‌گرن‌و چه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق وه‌رده‌گرن‌و كۆكن له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گرووپه‌ شیعه‌كان پاش له‌ناوبردنی توندڕه‌وان‌و ئه‌وه‌ش ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ جه‌نگاوه‌رانیان ره‌وانه‌ی سوریا بكه‌ن.

 

به‌ڵام گرووپی دووم ئه‌و گرووپانه‌ن كه‌ دڵسۆزیان بۆ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێرانه‌، دیارترینیشیان "به‌در"‌و "عه‌سائب ئه‌هللحه‌ق"‌و "نوجه‌با"‌و "كه‌تائیب حزبوڵڵا"ن كه‌ به‌چه‌كی ئێرانی پڕچه‌ككراون‌و راوێژكاری ئێرانییان له‌گه‌ڵه‌‌و جه‌نگاوه‌ریان له‌ سوریا هه‌یه‌‌و رازی نین له‌ ئاینده‌دا گرووپه‌ شیعه‌كان هه‌ڵبوه‌شێندرێنه‌وه‌‌و هه‌وڵی هێشتنه‌وه‌یان ده‌ده‌ن وه‌ك هێزێكی ئه‌منی.

 

هه‌ردوو گرووپه‌كه‌ش سه‌باره‌ت به‌ زۆرێك له‌ مه‌سه‌له‌ سیاسی‌و ئه‌منییه‌كان به‌ ناڕاسته‌وخۆ ره‌خنه‌ له‌یه‌كده‌گرن، بۆ نموونه‌ سه‌در هه‌ندێك له‌ گرووپه‌ نزیكه‌كان له‌ ئێران به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ له‌میانی شه‌ڕه‌كانی دژ به‌ داعش كاری توندوتیژی تایفی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌كاتێكدا گرووپه‌ نزیكه‌كان له‌ ئێران سه‌در به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ به‌مدواییانه‌ له‌ سعودیه‌ی وه‌هابی نزیك بووه‌ته‌وه‌.

 

سه‌دریش وه‌ڵامی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی دایه‌وه‌‌و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند كه‌ سه‌ردانه‌كانی بۆ ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی‌و هه‌رێمی به‌هه‌ماهه‌نگی بووه‌ له‌نێوان خۆی‌و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیراندا‌و له‌چوارچێوه‌ی كرانه‌وه‌ی عێراق به‌ڕووی ده‌وڵه‌تانی دراوسێدایه‌، ئه‌وه‌شی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستی ئه‌و سه‌ردانانه‌ دژایه‌تیكردنی ئێران بێت، دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت عێراق به‌بێ لایه‌نی بمێنێته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر ململانێی هاوپه‌یمانییه‌كان له‌ ناوچه‌ی عه‌ره‌بیدا.

 

زۆرینه‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كانی سوننه‌‌و كوردی عێراق‌و هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌ شیعه‌كان پێشوازیان له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌در بۆ سعودیه‌‌و ئیمارات كرد‌و به‌ كلیلی به‌ستنی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی نوێ له‌ قه‌ڵه‌میان دا له‌پاش چه‌ند ساڵێك له‌ دابڕانی عه‌ره‌بی.

 

زیاد ئه‌حمه‌د شرۆڤه‌كاری سیاسی به‌ "نیقاش"ی وت "گۆڕانكاری له‌ هه‌ڵوێستی كه‌نداو به‌رامبه‌ر عێراق بۆ خواستی هه‌ریه‌ك له‌ سعودیه‌‌و ئیمارات ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی عێراق ببه‌نه‌ ریزی خۆیان له‌دژی به‌ره‌كه‌ی تر كه‌ خۆی له‌ قه‌ته‌ر‌و توركیا‌و ئێراندا ده‌بینێته‌وه‌‌و بۆ به‌دیهێنانی ئه‌وه‌ش ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ی كه‌نداو بڕیاریان داوه‌ له‌ ره‌وتی شیعه‌ی میانڕه‌وی عێراق نزیك ببنه‌وه‌ كه‌ دیارترین كه‌سایه‌تییه‌كانی موقته‌دا سه‌دره‌".

 

وتیشی: "دواجار ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی‌و كه‌نداو گه‌یشتنه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ دژایه‌تیان بۆ حكومه‌ته‌كانی عێراق كه‌ له‌دوای ساڵی 2003وه‌ فه‌رمانڕه‌واییان كردووه‌، ئێرانی هانداوه‌ هه‌ژموونی خۆی له‌ عێراق پته‌و بكات، ئێستاش ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن كاروباره‌كان راست بكه‌نه‌وه‌‌و به‌ڕووی عێراقدا بكرێنه‌وه‌ بۆ ركابه‌ریكردنی ئێران، به‌ڵام كه‌س نازانێت له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو ده‌بن یان نا؟".

 

تائێستا عێراقییه‌كان سه‌رقاڵی شه‌ڕی دژ به‌داعشن‌و سێ شه‌ڕی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ له‌ناوبردنی، له‌ ته‌له‌عفه‌ری خۆرئاوای موسڵ كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ی ده‌ستیپێكرد‌و له‌ حه‌ویجه‌ی باشووری كه‌ركوك‌و له‌ قائیمی خۆرئاوای ئه‌نبار، دوای ئه‌وه‌ش عێراق ئاڵنگاری گه‌وره‌ی سیاسی‌و دیپلۆماسی‌و ئابووری له‌به‌رده‌مدا ده‌بێت بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و كاره‌ساته‌ی توندڕه‌وان به‌جێیان هێشتووه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ كاركردن بۆ دووباره‌ نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی روویدا.

  

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌