راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ده‌ستكه‌وتی دیاریان هه‌بووه‌
خۆپیشاندانە بچووكه‌كان به‌ڕه‌كه‌ له‌ژێر پێی گۆڕه‌پانی ته‌حریر ده‌رده‌هێنێت

ئیبراهیم ساڵح
تائێستا ده‌نگی‌ ناڕه‌زایی‌ خه‌ڵكی‌ به‌غدا له‌گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریره‌وه‌ به‌رز ده‌بۆوه‌، به‌ڵام ئیتر چه‌ند خۆپیشاندانێكی‌ ناوچه‌یی‌ بۆ داواكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ دۆخه‌كه‌یان گۆڕی‌.
17.08.2017  |  به‌غدا
خۆپیشاندانی‌ گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریر له‌به‌غدا
خۆپیشاندانی‌ گۆڕه‌پانی‌ ته‌حریر له‌به‌غدا

پله‌ی گه‌رما له‌ په‌نجای سه‌دی تێپه‌ڕده‌بێت‌و له‌گه‌ڵیشیدا سه‌عاته‌كانی پچڕانی به‌به‌رنامه‌ی كاره‌با زیاد ده‌بن‌و هاتنه‌وه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ش ده‌چێته‌ به‌رنامه‌ی بڕانه‌وه‌، به‌وپێیه‌ش خزمه‌تگوزاری ئاو‌و ئاوه‌ڕۆ‌و ئه‌وانی دیكه‌ش كاریگه‌ریان به‌رده‌كه‌وێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ نه‌بوونی قیرتاو‌و چاككردنی شه‌قامه‌كان له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا. له‌م كاته‌شدا دانیشتووانی خانووه‌ هیلاكه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ خۆیان رووبه‌ڕووی یه‌ك ده‌بیننه‌وه‌ كه‌ به‌دوای چاره‌سه‌رێكدا ده‌گه‌ڕێن ده‌سه‌ڵاتدارانی خزمه‌تگوزاری له‌ به‌غدای پایته‌خت بۆیان دابین نه‌كردوون.

 

دواجار خه‌ڵكی شاری حسێنییه‌ بڕیاریان دا بڕژێنه‌ سه‌ر ئه‌و شه‌قامه‌ گشتییه‌ی كه‌ پایته‌خت به‌ پارێزگای دیاله‌ی دراوسێیه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌‌و به‌ شاره‌كه‌ی ئه‌واندا تێده‌په‌ڕێت (ناوه‌ندی قه‌زای حسێنییه‌ له‌ باكووری خۆرهه‌ڵاتی به‌غدای پایته‌خت) كه‌ ناوه‌كه‌ی له‌لای حكومه‌ت نه‌بووه‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی شتێكی وای پێشكه‌ش بكرێت بارودۆخی بگۆڕێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ نزمترین ئاستیشدا بێت كه‌ بواری ئه‌وه‌ به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی بدات به‌بێ ئازار بژین.

 

ده‌یان كه‌س له‌ دانیشتووانی ناوچه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك دوو رۆژ خۆپیشاندانیان كرد به‌رله‌وه‌ی له‌ كۆتا هه‌ینی مانگی ته‌مموزدا ده‌ست به‌ مانگرتنێكی كراوه‌ بكه‌ن‌و رێگای سه‌ره‌كی دابخه‌ن به‌مه‌به‌ستی راكێشانی سه‌رنجی لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان بۆ چه‌ند داواكارییه‌ك كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌ركه‌كانیان به‌رامبه‌ر خه‌ڵك تێناپه‌ڕێن.

 

ئه‌بو سه‌یف ساعیدی سه‌رپه‌رشتیاری گشتی مانگرتن له‌ حسێنییه‌ ده‌ڵێت: "هیچ پرۆژه‌یه‌ك له‌ پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی شاره‌كه‌ ته‌واو نه‌كراوه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا سه‌دان ملیۆن دۆلاریان بۆ خه‌رج كراوه‌".

 

هه‌رزووش باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی خزمه‌تگوزاری له‌ پایته‌خت تێبینی ئه‌و رووداوه‌ی حسێنییه‌ی كرد‌و پارێزگار به‌ره‌و شاره‌كه‌ كه‌وته‌ڕێ‌و چاوی به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی كه‌وت‌و به‌ڵێنی پێدان ره‌وشه‌كه‌ ورده‌ ورده‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت دوای چاره‌سه‌ركردنی ئه‌وه‌ی له‌ توانادایه‌ له‌و كێشانه‌ی شاره‌كه‌ به‌ده‌ستیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت به‌پێی جۆره‌كانیان.

 

گه‌نده‌ڵی كارگێڕی‌و دارایی‌و رۆتین له‌ فه‌رمانگه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی ده‌وڵه‌تدا له‌گه‌ڵ فاكته‌ری كارگێڕی‌و دارایی دیكه‌ تا ده‌گاته‌ كێشه‌كانی هه‌ڵاتنی به‌ڵێنده‌ران یان هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌و كۆمپانیا بیانیانه‌ی له‌ شاره‌كه‌دا كارده‌كه‌ن هه‌روه‌ها چه‌ند كێشه‌یه‌كی دیكه‌ كه‌ له‌ عێراقدا هه‌ن، هه‌موویان فاكته‌ری رێگرن له‌وه‌ی باشترین خزمه‌تگوزاری بۆ حسێنییه‌‌و شار‌و ناوچه‌كانی دیكه‌ی پایته‌خت دابین بكرێت. خۆپیشاندانی هاوشێوه‌ش له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی وه‌ك دۆره‌‌و پردی دیاله‌‌و شوعله‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌‌و لیسته‌كه‌ش له‌ فراوانبووندایه‌.

 

پێده‌چێت دانیشتووانی ناوچه‌كانی به‌غدای پایته‌خت ئێستا درك به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی ئامانجیان داواكاری گشتییه‌ كاریگه‌ریی راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ژیانیان نابێت، چونكه‌ تایبه‌تكردنی خۆپیشاندان‌و دیاریكردنی داواكارییه‌كانی وای لێده‌كات ئاڕاسته‌ی لایه‌نی به‌پرسیار له‌و داواكارییانه‌ بكرێت، به‌وپێیه‌ش ئه‌گه‌ری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی زیاتر ده‌كات.

 

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ میدیاكار محه‌مه‌د فه‌هد ده‌ڵێت: "ئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌ ناوچه‌ییه‌كان باشتره‌ له‌ ئه‌نجامی خۆپیشاندانه‌ گشتییه‌كان، چونكه‌ خۆپیشادانی ناوچه‌یی رۆشنایی ده‌خاته‌ سه‌ر كێشه‌كانی هه‌ر ناوچه‌یه‌ك به‌جیا‌و به‌رپرسانیش له‌ بازنه‌ی به‌رپرسیارێتی زیاتر نزیك ده‌كاته‌وه‌".

 

به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه‌ به‌بێ ده‌ستێكی سیاسی شاراوه‌ نییه‌ كه‌ یاری به‌و خۆپیشاندانانه‌ ده‌كات به‌مه‌به‌ستی هێنانه‌دی به‌رژه‌وه‌ندی حزب یاخود كوتله‌یه‌كی دیاریكراو.

 

بۆ نموونه‌ خۆپیشاندانه‌كانی حسێنییه‌ ئه‌ڵقه‌یه‌ك بوو له‌ زنجیره‌یه‌ك كێشه‌ی كۆن‌و نوێی نێوان دوو لایه‌نی سیاسی كه‌ ئه‌وانیش له‌لایه‌ك حزبی ده‌عوه‌‌و له‌لایه‌كی تریش ره‌وتی سه‌دره‌.

 

زۆرینه‌ی خه‌ڵكی حسێنییه‌ – یان رێژه‌یه‌كی زۆریان – له‌ لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌دری ركابه‌ری ته‌قلیدی حزبی دعوه‌ن كه‌ به‌م دواییانه‌ پۆستی پارێزگاری به‌غدای بۆ خۆی گێڕایه‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ (2013 – 2016) ئه‌و پۆسته‌ی له‌لابوو.

 

سه‌یف خوزاعی توێژه‌ری سیاسی ده‌ڵێت: "ره‌وتی سه‌در ویستی حسێنییه‌ بكاته‌ كارتی فشار له‌دژی عه‌توان عه‌توانی پارێزگار به‌و هیوایه‌ی له‌ پۆسته‌كه‌ی لای ببات‌و پۆسته‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌ بۆ یه‌كێك له‌ كه‌سایه‌تییه‌كانی ره‌وتی سه‌در".

 

خوزاعی به‌ "نیقاش"ی وت: "حزبی ده‌عوه‌ باش له‌ یارییه‌كه‌ تێگه‌یشت‌و بڕیاری دا بچێته‌ ئه‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌‌و ئۆباڵه‌كه‌ی نه‌خسته‌ ئه‌ستۆی عه‌لی ته‌میمی پارێزگاری پێشوو كه‌ سه‌ر به‌ ره‌وتی سه‌دره‌، به‌ڵكو بڕیاری دا داواكاری خۆپیشانده‌ران وه‌ربگرێت".

 

جێی ئاماژه‌ بۆكردنه‌ كه‌ خه‌ڵكی حسێنییه‌ له‌كاتی وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار له‌لایه‌ن ته‌میمیه‌وه‌ خۆپیشاندانیان كرد، به‌ڵام خۆپیشاندانه‌كانیان له‌لایه‌ن ره‌وتی سه‌دره‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرا‌و بۆ به‌هێزكردنی پارێزگار بوون، وه‌ك خوزاعی دووپاتی ده‌كاته‌وه‌.

 

مه‌سه‌له‌كه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نییه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌ی نێوان حزبی ده‌عوه‌‌و ره‌وتی سه‌در یارمه‌تیده‌ر بووبێت له‌ جووڵاندنی ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی شاری حسێنییه‌، ئه‌وا چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ ناكۆكی سیاسی له‌سه‌ر پۆستی نزمتر به‌خۆوه‌ ده‌بینن وه‌ك پۆستی قایمقامه‌كان‌و به‌رپرسانی خۆجێیی‌و شاره‌وانی‌و پۆستی دیكه‌.

 

پشككاری سیاسی كه‌ بووه‌ته‌ بنه‌مای دابه‌شكردنی پۆسته‌ كارگێڕییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق له‌ سه‌ری هه‌ره‌مه‌كه‌وه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ تا ده‌گاته‌ بچووكترین یه‌كه‌ی كارگێڕی له‌م ناوچه‌یه‌ یاخود ئه‌و ناوچه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی سروشتی ده‌ستكه‌وتێكه‌ به‌لای زۆرێك له‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانه‌وه‌ ناكرێت فه‌رامۆش بكرێت یاخود لانی كه‌م به‌لای ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌كه‌ن له‌و ناوچانه‌دا به‌وپێیه‌ی ئه‌و پۆستانه‌ دره‌ماڵه‌ی دارایی‌و تایبه‌تمه‌ندی دیكه‌یان هه‌یه‌.

 

ئه‌گه‌ر ئامانجی پشت خۆپیشاندانه‌كانی ناوچه‌كان سیاسی بێت یان نا، ئه‌وا گرنگترین شت به‌ڕای خۆپیشانده‌ران له‌ دانیشتووانی ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌وه‌یه‌ خۆپیشاندانه‌كان سوودێكیان بۆ ناوچه‌كانیان هه‌بێت.

 

ئه‌زموونی خۆپیشاندان له‌ ناوچه‌كاندا زیاتر له‌ بژارده‌یه‌ك ده‌خاته‌ به‌رده‌م خۆپیشاندانه‌كانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆپیشاندانه‌كان، بژارده‌ی یه‌كه‌میش ئه‌وه‌یه‌ خۆپیشاندانه‌ ناوچه‌ییه‌كان به‌رده‌وام بن له‌پێناو پشتیوانیكردنی خۆپیشاندانه‌كانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر، دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ ده‌نگی گۆڕه‌پانی ته‌حریر لاواز ده‌كه‌ن.

 

به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ ئێستادا ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ به‌ڕه‌یان له‌ژێر پێی خۆپیشاندانه‌كانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر ده‌رهێناوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی كاتیش بێت تیشك له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی ته‌حریر دووركه‌وتووه‌ته‌وه‌‌و چووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی خۆپیشاندانه‌كانیان به‌ رێگه‌یه‌ك داناوه‌ بۆ كورتكردنه‌وه‌ی كات‌و دووری نێوانیان له‌گه‌ڵ هێنانه‌دی داواكارییه‌كانیان كه‌ به‌پله‌ی سه‌ره‌كی له‌ لایه‌نی خزمه‌تگوزاریدا چڕبوونه‌ته‌وه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌دا كه‌ ناڕه‌زاییه‌كانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر دواتر به‌رهه‌میان هه‌بێت.

 

ئه‌م خۆپیشانده‌رانه‌ نایانه‌وێت ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌ گۆڕه‌پانی ته‌حریردا نه‌مێنێت، به‌ڵام به‌بۆچوونی ئه‌مان ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ هێنانه‌دی ئه‌و داواكاریانه‌یه‌ كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌ ژیانیانه‌وه‌ هه‌یه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌