راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بچووك حوكمی گه‌وره‌ ده‌كات
حه‌كیم ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ زیقار ده‌چنێته‌وه‌

عەلی ناسر
حزبه‌ سیاسیه‌كان له‌پارێزگای زیقار به‌هه‌مان جلوبه‌رگه‌وه‌ دابه‌ش ده‌بن‌و كۆده‌بنه‌وه‌، دوایین هه‌نگاوی له‌و جۆره‌ش ئه‌وه‌بوو هه‌موو ئه‌ندامانی فراكسیۆنی مواتن له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگا چونه‌ پاڵ عه‌ممار حه‌كیم.
10.08.2017  |  زیقار

ره‌وتی نوێی حیكمه‌ت كه‌ عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكایه‌تی‌ ده‌كات، پارێزگاری له‌هه‌موو پۆسته‌كانی خۆی له‌ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا كردووه‌ دوای ئه‌وه‌ی هه‌ر حه‌وت ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا له‌لیستی‌ مواتین‌و به‌رپرسانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌و لیسته‌ چوونه‌ نێو ره‌وته‌كه‌وه‌، یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ش عادل ده‌خیلی-ه‌ كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی "سه‌رهه‌ڵدانی ره‌وتی حیكمه‌ت ده‌رئه‌نجامی لێكه‌وته‌كانی قۆناغه‌كه‌‌و پێداویستییه‌كانی بوو كه‌ ئه‌وه‌ش وای ده‌خواست نه‌وه‌یه‌كی سیاسی نوێ بێته‌كایه‌وه‌ باوه‌ڕی به‌ وه‌رچه‌رخانه‌ خێراكان‌و كاركردن بۆ گۆڕینی ئاڵنگارییه‌كان بۆ هه‌لی سه‌ركه‌وتن هه‌بێت له‌ڕێی په‌یڕه‌وكردنی به‌رنامه‌یه‌كی روونه‌وه‌".

 

ئه‌و پاساو ده‌هێنێته‌وه‌ بۆ چوونی بۆ نێو ره‌وتی حیكمه‌ت كه‌ عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی نزیكه‌ی دوو هه‌فته‌ له‌مه‌وبه‌ر رایگه‌یاند‌و ده‌ڵێت: "ئیداره‌ی ئه‌نجومه‌نی باڵای پێشوو سست بوو له‌ كاره‌كانیدا ئه‌ویش به‌هۆی هه‌ره‌می سه‌ركردایه‌تی‌و شێوازی به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌، ره‌وتی حیكمه‌تیش كارنامه‌یه‌كی ده‌بێت كه‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا ده‌ستپێده‌كات‌و هه‌موو پێداویستی‌و میكانیزمه‌كانی قۆناغی داهاتوو مسۆگه‌ر ده‌كات".

 

ئه‌و گه‌شبینیه‌ی ده‌خیلی پیشانیدا پێشتریش كه‌سانی دیكه‌ له‌وانه‌ی له‌ حزبه‌كانیان جیاببوونه‌وه‌‌و چووبوونه‌ نێو حزب یاخود كوتله‌ی نوێ له‌ پارێزگاكه‌ پیشانیان دابوو، له‌ ساڵی 2013 یشه‌وه‌ پارێزگای زیقار (400 كم له‌ باشوروی به‌غدای پایته‌خت) سه‌قامگیری سیاسی‌و ئیداری به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی خوله‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێش خۆی.

 

پارێزگاكه‌ له‌دایكبوونی هاوپه‌یمانی سیاسی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ كه‌ توانیویانه‌ هاوسه‌نگی هێز بگۆڕن‌و ئیداره‌ی یه‌ك له‌دوای یه‌ك پێكبهێنن كه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و سه‌قامگیری پێببه‌خشن بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركه‌كانی گرنگتری ئه‌و هاوپه‌یمانیانه‌ش هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا‌و هاوپه‌یمانی رۆڵه‌كانی زیقار‌و هاوپه‌یمانی ئاینده‌ی زیقار بوون كه‌ ئه‌مه‌ی دواییان ئێستا رێبه‌رایه‌تی پارێزگاكه‌ ده‌كات.

 

دیارترین هاوپه‌یمانییه‌ سیاسییه‌كانی پێشووش له‌ ساڵی 2005 بوو له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی خۆجێیی له‌ نێوان ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی‌و حزب فه‌زیله‌‌و به‌دوای ئه‌ویشدا له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2009 چه‌ند حزبێك هاتن له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌ڕێبه‌رایه‌تی حزبی ده‌عوه‌.

 

دوای ئه‌وه‌ش قۆناغی ناسه‌قامگیری سیاسی‌و ئیداری هات له‌ پاش هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2013 هه‌رچه‌نده‌ هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌سه‌ركردایه‌تی حزبی ده‌عوه‌ كه‌ خاوه‌نی یه‌ك كورسی بوو، سه‌ركه‌وتنێكی نوێی له‌ژێر ناوی هاوپه‌یمانی رۆڵه‌كانی زیقار به‌ده‌ستهێنا.

 

دكتۆر نه‌جم ئه‌لعزی مامۆستای زانسته‌ سیاسییه‌كان وه‌سفی ئه‌و ناسه‌قامگیرییه‌ سیاسیه‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت: "شێوازێكه‌ له‌ شێوازه‌كانی ململانێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌دوای حاڵه‌تی شكستی سیاسی‌و وێرانكاری له‌ عێراق به‌درێژایی (14 ساڵ)ی رابردوو، هه‌موو ئه‌و جیابوونه‌وه‌ حزبیانه‌ش كه‌ رووده‌ده‌ن هێشتا له‌ رووكاری كێشه‌كه‌دان‌و ده‌ستیان نه‌بردووه‌ بۆ جه‌وهه‌ری پرۆسه‌ی گۆڕانكاری كه‌ ده‌كرێت وڵات رزگار بكات".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "پێویستیمان به‌ هۆشیاریه‌كی كۆمه‌ڵگه‌یی زیاتر هه‌یه‌ درك به‌ قه‌باره‌ی كێشه‌كان بكات له‌دوای شكسته‌ گه‌وره‌كه‌‌و ببێته‌ هۆی كوده‌تایه‌كی ئاشتیانه‌ی مه‌ده‌نی له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووردا بۆ دروستكردنی پرۆسه‌ی گۆڕانكاری‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ داخرانی ئاسۆی سیاسی كه‌ ره‌نگه‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كی لێبكه‌وێته‌وه‌ هه‌مووان تێیدا زه‌ره‌رمه‌ند بن".

 

له‌ نموونه‌كانی ناهاوسه‌نگی سیاسیش له‌ پارێزگاكه‌دا له‌ دوایه‌مین خولی هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌حیا ناسری پارێزگاری زیقار له‌ كوتله‌ی ته‌زامونی ئیسلامی كه‌ له‌گه‌ڵ حزبی ده‌عوه‌ چوونه‌ته‌ یه‌ك هاوپه‌یمانی، به‌ته‌نیا سێ كورسیه‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه‌ ئه‌ویش دوای ئیمزاكردنی سه‌ودانامه‌یه‌كی سیاسی له‌نێوان كوتله‌ سه‌ركه‌وتووه‌كاندا، ئه‌مڕۆش ئه‌و كاری خۆی ده‌كات به‌پشتیوانی دوو كورسی‌و دوو كورسی دیكه‌ی حزبی ده‌عوه‌ش به‌ هه‌ردوو به‌شه‌كه‌یه‌وه‌.

  

 پارێزگار هێنده‌ی نه‌مابوو پۆسته‌كه‌ی له‌ده‌ست بچێت دوای ئه‌وه‌ی به‌ بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌ سه‌ره‌تای ساڵی  2015له‌سه‌ركارلادرا ئه‌ویش له‌ ئه‌نجامی دروستبوونی هاوپه‌یمانی نوێدا، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی تانه‌ی له‌ بڕیاری له‌سه‌ركارلادانه‌كه‌ی دا، به‌ بڕیارێكی دادگای كارگێڕی گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ركار.

 

ناسری ده‌شڵێت: "ناسه‌قامگیری سیاسی‌و ململانێ به‌رده‌وامه‌كان له‌ گه‌ڵیشیدا قه‌یرانی دارایی‌و جه‌نگی دژ به‌ داعش به‌ربه‌ستی سه‌ره‌كی بوون له‌به‌رده‌م ئه‌نجامدانی گۆڕانكاری خزمه‌تگوزاری‌و ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی".

 

ناسری گه‌شبینه‌ به‌ ئاینده‌ی پارێزگاكه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی كۆتاییهاتنی جه‌نگی دژ به‌داعش‌و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی نوێ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2018دا، به‌ڵام چه‌ند ئه‌ندامێكی سه‌ربه‌خۆی دیكه‌ له‌وانه‌ی حزبه‌كانیان به‌جێهێشتوه‌‌و له‌ حزبێكه‌وه‌ چوونه‌ته‌ حزبێكی تر‌و تائێستاش جێگیر نه‌بوون، له‌وانه‌ عه‌لی غالبی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا كه‌ پاساوی هاتووچۆكردنی له‌نێو كوتله‌كاندا بۆ "نیقاش" هێنایه‌وه‌‌و وتی: "حزبه‌ سیاسیه‌كان له‌ پارێزگاكه‌دا سه‌رقاڵی ده‌ستكه‌وت‌و به‌شبه‌شكارین له‌سه‌ر حسابی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی".

 

عه‌لی عه‌بدولهادی توێژه‌ری سیاسیش له‌وباره‌یه‌وه‌ وتی: "ره‌وتی نوێی حیكمه‌ت كه‌ حه‌وت ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا شوێنی كه‌وتوون، له‌چواچێوه‌ی نوێبوونه‌وه‌ی بیرۆكه‌‌و بۆچوون یاخود به‌رنامه‌ی خزمه‌تگوزاریدا نییه‌، به‌ڵكو له‌ ئه‌نجامی ململانێ سیاسیه‌كانی نێو یه‌ك حزبدا بوون له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆجێیی‌و په‌رله‌مان له‌ساڵی 2018دا".

 

وتیشی: "حزبه‌ سیاسیه‌كان تائێستاش پشت به‌ بنكه‌ عه‌شایریه‌كانیان نابه‌ستن له‌ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگ‌و ئه‌م ململانێیه‌ش له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و ركابه‌ریه‌دایه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی بنكه‌ عه‌شایرییه‌كان كه‌ له‌ ئاینده‌دا له‌نێو خۆیاندا دابه‌شیان ده‌كه‌ن به‌گوێره‌ی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی حزبه‌ كۆن‌و نوێیه‌كان".

 

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای زیقار باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌ كه‌ ره‌وتی ئه‌حراری سه‌ر به‌ باڵی موقته‌دا سه‌در له‌ڕێی شه‌ش ئه‌ندامه‌وه‌ رێبه‌رایه‌تی ده‌كات كه‌ كۆنترۆڵی میكانیزمی پرۆژه‌بڕیاره‌كانی كردووه‌‌و تائێستاش له‌ڕێی هاوپه‌یمانی به‌ستن له‌گه‌ڵ چه‌ند حزبێكی دیكه‌دا به‌توندی ده‌ستی به‌و پۆسته‌وه‌ گرتووه‌، به‌ڵام ئه‌و پرۆژانه‌ تا ئه‌مڕۆش گه‌شه‌یان نه‌كردووه‌‌و هێشتا شاره‌كه‌ له‌ ئاستێكی نزمدای خزمه‌تگوزاریدایه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی یه‌كێكه‌ له‌ شاره‌ به‌رهه‌مهێنه‌كانی نه‌وت كه‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ی به‌ 200 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت.

 

نه‌خشه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ له‌ 31 ئه‌ندام پێكدێت كه‌ كۆی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای زیقارن له‌ حزب‌و ره‌وته‌ جیاجیاكان‌و به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌شبوون: 6 ئه‌ندامی كوتله‌ی ئه‌حراری سه‌ر به‌ڕه‌وتی سه‌در‌و 7 ئه‌ندامی ره‌وتی نوێی حیكمه‌ت كه‌ هه‌موویان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵا بوون كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوودا زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ستهێنا‌و 4 ئه‌ندامی حزبی فه‌زیله‌‌و 3 ئه‌ندامی كوتله‌ی به‌در‌و 2 ئه‌ندامیش بۆ هه‌ریه‌ك له‌ ره‌وتی چاكسازی‌و ته‌زامون. هاوكات هه‌ریه‌ك له‌ حزبی ده‌عوه‌ی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن‌و سادیقون‌و حزبوڵڵای عێراق‌و ده‌عوه‌ی رێكخستنی عێراق‌و ره‌وتی مه‌ده‌نی یه‌ك كورسیان هه‌یه‌‌و دوو ئه‌ندامیش هه‌ن له‌ خانه‌ی سه‌ربه‌خۆكاندا داده‌نرێن دوای ئه‌وه‌ی حزبه‌كانی خۆیان به‌جێهێشت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌