راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

وته‌بێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان:
ریفراندۆم دواناخرێت‌و دراوسێیه‌كی‌ باش ده‌بین بۆ عێراق‌و ئێران

ئاواره حه‌مید
وته‌بێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت ریفراندۆمی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان مه‌ترسی‌ نییه‌ بۆ هیچ وڵاتێك‌و له‌كاتی‌ دیاریكراویی‌ خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت.
3.08.2017  |  هه‌ولێر

به‌پێی‌ بڕیاری‌ مه‌سعود بارزانی‌‌و زۆربه‌ی‌ حیزبه‌ كوردییه‌كان ده‌بێ‌ رۆژی‌ 25ی‌ ئه‌یلولی‌ پرۆسه‌ی‌ راپرسی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌نجام بدرێت بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عێراق یا جیابوونه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆی‌ كوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ش ناڕه‌زایی‌ لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌و به‌"بڕیارێكی‌ به‌په‌له‌" ده‌زانرێت.

 

ئێستا له‌باره‌ی‌ ریفراندۆمه‌وه‌ له‌كوردستان دووبه‌ره‌ی‌ دیار هه‌ن، یه‌كێكیان پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رێبه‌رایه‌تی‌ ده‌كات‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ كورد بڕیار له‌چاره‌نووسی‌ خۆی‌ بدات، به‌ره‌ی‌ دووه‌م بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رێبه‌رایه‌تی‌ ده‌كات‌و دژی‌ پرۆسه‌كه‌یه‌و پێیان وایه‌ ریفراندۆم ته‌نیا بانگه‌شه‌یه‌كه‌ بۆ په‌رده‌پۆشكردنی‌ كێشه‌ زۆرو زه‌وه‌نده‌كانی‌ كوردستان.

 

مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌‌و وته‌بێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ (نیقاش)دا سه‌رنجی‌ حزبه‌كه‌ی‌ ده‌خاته‌روو، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌وان سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ریفراندۆم له‌كاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا بكرێ‌.

 

Mahmud Mohammed

مه‌حمود محه‌مه‌د

نیقاش: گرنگترین بابه‌تی‌ ئه‌مڕۆ له‌كوردستان باس‌و خواسی‌ پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆمه‌، ئێستا به‌كوێ‌ گه‌یشتووه‌؟

مه‌حمود محه‌مه‌د: پرسی‌ ریفراندۆم وه‌ك پرسێكی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ نیشتمانی‌ بڕیارێك بوو له‌لایه‌ن هه‌موو حزبه‌كانی‌ كوردستان درا جگه‌ له‌بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌، لیژنه‌یه‌كی‌ بۆ پێكهێنراو كار بۆ لایه‌نی‌ سیاسی‌و دبلۆماسی‌‌و میدیایی‌ ده‌كرێت، ئێستا له‌هه‌وڵی‌ ره‌خساندنی‌ زه‌مینه‌ی‌ ناوخۆییدایه‌، لیژنه‌ی‌ باڵای‌ سه‌رپه‌رشتی‌ پرۆسه‌كه‌ به‌پێویستی‌ زانی‌ سه‌ردانی‌ وڵاتان بكات‌و ریفراندۆم بۆ وڵاتانی‌  دونیاو ده‌روبه‌ر شیبكاته‌وه‌.

 

نیقاش: وا باسكره‌ له‌دواهه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی‌ دوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ كوردستان، پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ باسی‌ دواخستنی‌ ریفراندۆم كراوه‌؟

مه‌حمود محه‌مه‌د: ئێرانیه‌كان باسی‌ دواخستیان كردووه‌ نه‌وه‌ك یه‌كێتی‌، شاندی‌ یه‌كێتی‌ گوێی‌ له‌قسه‌ی‌ ئێرانیه‌كان گرتوه‌، ئه‌وان (ئێران) خۆش حاڵ نین به‌ریفراندۆم‌و كۆمه‌ڵێك مه‌ترسیان نیشانداوه‌و پێویسته‌ مه‌ترسیه‌كانیان بۆ رونبكه‌ینه‌وه‌ كه‌  ریفراندۆم مافێكی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌.

 

نیقاش: به‌رپرسانی‌ ئێران به‌روونی‌ وتیانه‌ دژ به‌ریفراندۆمن، ئه‌مه‌ گرفتێكی‌ گه‌وره‌ نییه‌؟

مه‌حمود محه‌مه‌د: پێم وانییه‌ هیچ كاتێك ئێران بڕیار بدات‌و بڵێت فه‌رموو ریفراندۆم بكه‌ن، ده‌بێت ئێمه‌ هه‌نگاو بنێین‌و ئه‌وانیش قه‌ناعه‌ت پێبكه‌ین كه‌ ریفراندۆم مه‌ترسی‌ نییه‌، وه‌ك چۆن له‌كاتی‌ راگه‌یاندنی‌ فیدراڵی‌ كه‌ مه‌ترسیان نیشانداو پێیان ناخۆش بوو دژایه‌تیان نیشاندا، به‌ڵام كه‌ راگه‌یاندرا دژ به‌ئه‌وان نه‌بوو، به‌ڵكو زیاتر هه‌وڵ بۆ پاراستنی‌ ئه‌منیه‌تی‌ ئه‌واندرا، هه‌روه‌ها به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌وان زیاتر پارێزراو دوایی‌ گرفتیان له‌گه‌ڵی‌ نه‌ما، ئێستا به‌هه‌مان شێوه‌ دڵنیام هه‌روایه‌و زیاتر هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتی‌ ده‌كه‌ین‌و ئه‌منیه‌تی‌ ئه‌وان‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ ئه‌وان زیاتر ده‌پارێزین.

 

نیقاش: یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین هێزه‌ ناڕازییه‌كان بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌، بڕیاره‌ ئێوه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وان كۆببنه‌وه‌، ئه‌ی‌ ئه‌گه‌ر گۆڕان هه‌ر ناڕازیی‌ بوو، ئایا ریفراندۆم ده‌كرێت؟

مه‌حمود محه‌مه‌د: ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌یه‌ن بۆ ناكرێت،  شانزه‌ حزب بڕیاریانداوه‌و له‌سه‌ر یه‌ك حزب دواناخرێت، چونكه‌ بڕیاری‌ یه‌ك حزب نییه‌، بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ ده‌ڵێن دوابخرێت ده‌بێت بزانین هۆكار چییه‌، ئه‌گه‌ر دواش بخرێت ده‌بێت كۆمسیۆن بڕیاری‌ دواخستن بدات‌و بڵێت بۆمان ناكرێت به‌هۆی‌ ئه‌م هۆكاره‌وه‌، ئه‌گه‌ر بۆ دوو مانگیش دوابخرێت  پێویسته‌ بزانرێ چی‌ ده‌گۆڕێت، ئه‌گه‌ر هه‌ر دواخستن بێت بێ هیچ هۆكارێك، ئه‌مه‌ له‌دونیای‌ سیاسه‌ت ناگونجێت.

 

نیقاش: به‌شێك له‌حزبه‌كان ترسیان هه‌یه‌ له‌وه‌ی‌ دوای‌ ریفراندۆم هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم نه‌كرێت، بۆیه‌ ده‌ڵێن پێویسته‌ هه‌موو پرۆسه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ بكرێت یا هه‌ڵبژاردن زوتر بكرێت، چی‌ كراوه‌ بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ترسه‌؟

مه‌حمود محه‌مه‌د: ریفراندۆم  بابه‌تێكه‌و هه‌ڵبژاردن بابه‌تێكی‌ تره‌، ریفراندۆم شتێك نییه‌ دژ به‌یه‌ك حزب‌و كه‌سێك بێت، هه‌روه‌ها هیچ پڕوپاگه‌نده‌ی‌ تێدا نییه‌ كه‌ لایه‌نێك بڵێت ئه‌مه‌ ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ریفراندۆم بكرێت، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت رای‌ خه‌ڵكی‌ بزانین كه‌ به‌ڵێ-یه‌ یا نه‌خێر وه‌ك هه‌نگاوی‌ یاسایی‌، به‌ڵام له‌هه‌ڵبژاردن پڕۆژه‌ هه‌یه‌و هه‌ر لایه‌نه‌و ده‌ڵێت ئه‌مه‌ ده‌كه‌م‌و تێگه‌یشتنمان بۆ  هه‌موو پرسه‌كان هه‌یه‌، كه‌ش‌و هه‌وای‌ ریفراندۆم‌و هه‌ڵبژاردن جیایه‌.

 

نیقاش: پشتگیری‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ چۆنه‌ بۆ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم؟

مه‌حمود محه‌مه‌د: ئه‌وه‌ی‌ تائێستا هه‌یه‌ خراپ نه‌بووه‌، ئه‌گه‌ر وڵاتان به‌ئاشكرا پشتیوانی‌ نه‌بن ئه‌وا مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ په‌یوه‌ندی‌ دبلۆماسی‌ له‌گه‌ڵ عێراق‌و كونسوڵخانه‌یان له‌عێراق هه‌یه‌و ناڵێن پشتیوانی‌ پارچه‌یه‌ك ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر ریفراندۆم بكرێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامی‌ ریفراندۆم ده‌كه‌ن.

 

نیقاش: باس له‌وه‌ ده‌كرێت ئه‌مریكا نێوه‌نگیری‌ هه‌ولێرو به‌غدایه‌ بۆ گه‌یشتن به‌رێكه‌وتنی‌ نوێ له‌گه‌ڵ به‌غداو جێبه‌جێكردنی‌ چه‌ند داواكاریه‌كی‌ كورد له‌به‌رامبه‌ر دوا خستنی‌ ریفراندۆم، ئه‌مه‌ تا چه‌ند راسته‌؟

مه‌حمود محه‌مه‌د: داواكاری‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زیاتر به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیموكراتی‌‌و یاسایی‌‌و شه‌رعی‌ ریفراندۆم بكه‌ین، هه‌نگاو بنرێت به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ دوو دراوسێی‌ باش بین‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌ یه‌كتر بپارێزین، ئه‌وه‌ داواكاری‌ ئێمه‌یه‌و داواكارییه‌كانمان وه‌ك رابردوو نه‌ماوه‌، چونكه‌ جێبه‌جێنه‌كراون هه‌ر له‌سه‌رده‌می‌ پادشایه‌تییه‌وه‌ تائێستا هه‌رچه‌نده‌ له‌ده‌ستوری‌ عێراقدا باسكراوه‌، بۆنمونه‌ مادده‌ی‌ 140و ماده‌كانی‌ تری‌ ده‌ستور دابه‌شكردنی‌ سه‌روه‌ت‌و سامان، ته‌وافق‌و پێكهێنانی‌ هێزی‌ چه‌كدارو په‌یوه‌ندیه‌كانمان.

 

نیقاش: زۆربه‌ی‌ ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان له‌نێوان پارتی‌ دیموكرات‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا بوو، ئێستا ئێوه‌ داوای‌ كۆبوونه‌وه‌تان له‌گۆڕان كردووه‌، هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی‌ نوێتان پێیه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ سیاسییه‌كان؟

مه‌حمود محه‌مه‌د:  ده‌ست پێشخه‌ری‌ ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مان كارا بكرێته‌وه‌ به‌بێ مه‌رج‌و كۆبوونه‌وه‌ بۆ ئاسایی‌ كردنه‌وه‌یه‌و چاوه‌ڕێی‌ ئه‌وه‌ین كه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كاتی‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ دیاری بكات. (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پێشتر ته‌نیا به‌وه‌ رازی‌ بوو په‌رله‌مانی‌ كوردستان بكه‌وێته‌وه‌ كار سه‌رۆكه‌كه‌ی‌ بگۆڕدرێت كه‌ ئه‌ویش له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌).

 

نیقاش: پرۆسه‌ی‌ ریفراندۆم بۆ زانینی‌ رای‌ خه‌ڵكه‌، به‌ڵام ئێستا ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌حیزبه‌كه‌ی‌ ئێوه‌وه‌ نزیكن ده‌ڵێن ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ به‌به‌ڵێ‌ ده‌نگ ناده‌ن خۆفرۆشن، باشه‌ كه‌ خه‌ڵك ناچاره‌ ته‌نیا به‌به‌ڵێ‌ ده‌نگ بدات بۆچی‌ ریفراندۆم ده‌كه‌ن؟

مه‌حمود محه‌مه‌د: ئه‌وه‌ی‌ ده‌وترێ‌ له‌سه‌ر ناچاركردنی‌ خه‌ڵك ته‌نیا بابه‌تێكی‌ میدیاییه‌و قسه‌ی‌ ناو كۆبوونه‌وه‌كانی‌ پارتی‌‌و حزبه‌كان نییه‌، ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ فه‌یسبووك‌و هه‌ندێ‌ له‌میدیاكانه‌.

 

نیقاش: ده‌وترێت هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌یتوانی‌ نمونه‌یه‌كی‌ جوانی‌ دیموكراسی‌ بێت‌و نه‌یتوانی‌ مووچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ دابین بكات، ئێستا چۆن متمانه‌ی‌ پێبكرێت بۆ ده‌وڵه‌ت؟

مه‌حمود محه‌مه‌د: ده‌وڵه‌تمان بۆئه‌وه‌یه‌ مووچه‌و دیموكراسی‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌ت نین ناتوانین هه‌موو بڕیارێك بده‌ین بۆ باشتركردنی‌ ئابووری‌ هه‌رێم، یاسایی‌ تایبه‌ت په‌سند بكه‌ین بۆ فه‌راهه‌مكردنی‌ دیموكراسی‌، بۆیه‌ ده‌وڵه‌ت راده‌گه‌ینین بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مه‌ هه‌ردووكی‌ باشتر بكه‌ین.

 

نیقاش: له‌ئێستادا ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ته‌واوبوون نزیكبووه‌ته‌وه‌و ئاسۆی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنیش روون نییه‌، ئایا ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت درێژ ده‌كرێنه‌وه‌؟

مه‌حمود محه‌مه‌د: ئومێد ده‌كه‌ین نه‌گات به‌درێژكردنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ناچاری‌ بوو چار نییه‌، سه‌رۆك بارزانی‌ داوایكردوه‌ كه‌ له‌كاتی‌ خۆی‌ هه‌ڵبژاردن بكرێت‌و ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌كرێت چاره‌ نییه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌