راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئه‌جێندای دژبه‌یه‌ك
سوننه‌ی عێراق به‌ سێ كۆنگره‌ی ناكۆك ریزه‌كانیان یه‌كده‌خه‌ن

موسته‌فا حه‌بیب
چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك ئاماده‌كاری بۆ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی فراوان له‌به‌غدا كرا بۆ یه‌كخستنی حزبه‌ سوننیه‌كان، هه‌ر كه‌ واده‌ی بڕیارلێدراویشی نزیك بووه‌وه‌ چه‌ند سیاسیه‌ك به‌ستنی دوو كۆنگره‌ی دیكه‌یان راگه‌یاند.
13.07.2017  |  به‌غدا
 ( :وێنه حساب سليم الجبوري على الفيسبوك )
( :وێنه حساب سليم الجبوري على الفيسبوك )

هه‌ر كه‌ سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان وتووێژه‌كانی له‌گه‌ڵ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان ته‌واوكرد به‌مه‌به‌ستی رێكخستنی كۆنگره‌یه‌كی به‌رفراوان له‌به‌غدای پایته‌خت بۆ یه‌كخستنی هێزه‌ سیاسییه‌كانی سوننه‌ له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا كه‌ ئامانجی راگه‌یه‌ندراوی هێنانه‌ئارای مه‌رجه‌عیه‌تێكی سیاسی یه‌كگرتووی سوننه‌یه‌ بۆ رێبه‌رایه‌تی پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان له‌قۆناغی دوای داعش، ئیتر ناڕه‌زایی هێزه‌ سوننه‌كانی دیكه‌ به‌رزبووه‌وه‌‌و ئه‌وانیش رایانگه‌یاند كۆنگره‌ی تایبه‌ت به‌خۆیان ده‌به‌ستن.

 

تا ئه‌مڕۆ رێكخستنی سێ كۆنگره‌ی دژبه‌یه‌كی سوننه‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ گه‌وره‌ترینیان سه‌لیم جبوری‌و ئه‌حمه‌د مه‌ساری سه‌رۆكی فراكسیۆنی "یه‌كێتی هێزه‌ نیشتمانییه‌كان" له‌په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مانتار وه‌زاح سه‌دید سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌ن، پێشده‌چێت پێكهێنانی كوتله‌یه‌كی سیاسی نوێ به‌ناوی "هاوپه‌یمانی هێزه‌ نیشتمانییه‌ عێراقییه‌كان" رابگه‌یه‌نن.

 

خالید مه‌فره‌جی په‌رله‌مانتاری سوننه‌ له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌"نیقاش"ی وت "كۆنگره‌كه‌ له‌وانه‌ی پێش خۆی جیاواز ده‌بێت له‌به‌رئه‌وه‌ی پشتیوانی ناوخۆیی‌و هه‌رێمی‌و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌‌و ئامانجی گفتوگۆیه‌كی جددیه‌ سه‌باره‌ت به‌قه‌یرانه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سوننه‌ له‌وانه‌ش یه‌كخستنی هێزه‌ ناكۆكه‌كانی سوننه‌‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و شارانه‌ی به‌هۆی شه‌ڕی دژ به‌ توندڕه‌وان وێران بوون".

 

ده‌بووایه‌ چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسی سوننه‌ ئاماده‌ی كۆنگره‌كه‌ی به‌غدا ببوونایه‌ كه‌ له‌سه‌رده‌می حوكمی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراقه‌وه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریه‌وه‌ به‌تۆمه‌تی جیاجیا داواكراون له‌وانه‌ش رافع عیساوی وه‌زیری پێشووی دارایی كه‌ بڕیاری ده‌ركردنی له‌حكومه‌تی پێشوو له‌لایه‌ن مالیكیه‌وه‌ پزیسكێك بوو گڕی به‌ردایه‌ ناڕه‌زاییه‌كانی سوننه‌ له‌ ئه‌نبار‌و پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2012دا‌و مالكیش به‌زه‌بری هێزی سه‌ربازی بڵاوه‌ی پێكردن‌و بووه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی فه‌وزایه‌ك كه‌ كارئاسانی بۆ هاتنی داعش بۆ عێراق كرد.

 

كه‌سایه‌تیه‌كی تریش پیاوی كاری سوننه‌ خه‌میس خه‌نجه‌ره‌ كه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ پشتیوانی پرۆژه‌ی هه‌رێمی سوننه‌ له‌سه‌ر شێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، به‌ڵام شه‌پۆلی ناڕه‌زایی سیاسییه‌كانی شیعه‌ له‌دژی به‌شداری ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ له‌كۆنگره‌كه‌‌و نه‌بوونی دڵنیاكردنه‌وه‌ی ته‌واو سه‌باره‌ت به‌ده‌ستگیرنه‌كردنیان، حكومه‌تی ناچاركرد راگه‌یه‌ندراوێك ده‌ربكات‌و تێیدا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ده‌ستوه‌رناداته‌ كاروباری ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری سه‌باره‌ت به‌كه‌سایه‌تییه‌ سوننه‌كان.

 

نه‌بوونی دڵنیاكردنه‌وه‌، كه‌سایه‌تیه‌ ناڕازییه‌ سوننه‌كانی ناچاركرد له‌سه‌ر به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی تر له‌هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان رێكبكه‌ون كه‌ هاوكات بێت له‌گه‌ڵ كۆنگره‌كه‌ی به‌غدا، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی نه‌رێنیه‌‌و ره‌نگه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئه‌نجامی كۆنگره‌كه‌ هه‌بێت كه‌ له‌بنچینه‌دا ئامانجی یه‌كخستنی هێزه‌ سوننه‌كانه‌.

 

به‌ڵام چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی دیكه‌ی سوننه‌ چه‌ند رۆژیك له‌مه‌وبه‌ر هه‌مووانیان تووشی شۆك كرد‌و رایانگه‌یاند به‌شداری له‌هه‌ردوو كۆنگره‌كه‌ی به‌غدا‌و هه‌ولێر ناكه‌ن‌و بڕیاریان دا كۆنگره‌یه‌كی جیا له‌به‌غدا رێكبخه‌ن كه‌ ئه‌ویش رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو واته‌ دوو رۆژ به‌ر له‌كۆنگره‌كه‌ی جبوری ده‌به‌سترێت.

 

په‌رله‌مانتار مشعان جبوری نوێنه‌ری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین له‌په‌یجی تایبه‌تی خۆی له‌فه‌یسبوك  نووسیویه‌تی "له‌پێناو ده‌وڵه‌تی هاوڵاتیبووندا نه‌ك ده‌وڵه‌تی پێكهاته‌كان، ئه‌و دروشمه‌یه‌ كه‌ زیاتر له‌ 20 په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌سه‌ری رێككه‌وتن‌و ئێستا كۆتاییان به‌كۆبوونه‌وه‌یه‌ك هێنا له‌ماڵی مه‌حمود مه‌شهه‌دانی سه‌رۆكی پێشووتری په‌رله‌مان بۆ رێكخستنی كۆنگره‌یه‌ك كه‌ رۆژی 13ی ته‌مموز له‌به‌غدا ده‌به‌سترێت".

 

مه‌شهه‌دانی كه‌ سیاسیه‌كی سوننه‌یه‌ به‌دیپلۆماسیه‌ته‌كه‌ی‌و رۆڵی له‌ناوبژیوانی نهێنیدا ناسراوه‌‌و خاوه‌نی بیرۆكه‌ی به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی تایبه‌ته‌، له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند كه‌ چه‌ندین وه‌زیر‌و په‌رله‌مانتاری ئێستا‌و پێشو‌و كه‌سایه‌تی سیاسی‌و عه‌شایری له‌و پارێزگایانه‌ی له‌داعش رزگاریان بووه‌، ئاماده‌ی كۆنگره‌كه‌ ده‌بن.

 

مه‌حمود مه‌شهه‌دانی‌و مشعان جبوری به‌وه‌ ناسراون كه‌ نزیكن له‌حزبه‌ شیعه‌كان، بۆ نموومه‌ یه‌زن-ی كوڕی مشعان جبوری سه‌ركرده‌یه‌ له‌حه‌شدی عه‌شایری له‌سه‌ڵاحه‌دین‌و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ گروپه‌ شیعه‌كانی نزیك له‌ئێران به‌ستووه‌ كه‌ له‌تكریت‌و شارۆچكه‌كانی دیكه‌ی پارێزگاكه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

 

هه‌رچی حزبی "وه‌ته‌نیه‌"شه‌ به‌سه‌ركردایه‌تی كه‌سایه‌تی عه‌لمانی شیعه‌ ئه‌یاد عه‌لاوی كه‌ زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانی له‌سوننه‌ن، ئه‌وا بایكۆتكردنی سه‌رجه‌م كۆنگره‌كانی راگه‌یاند‌و به‌بێ سوود له‌قه‌ڵه‌می دان.

 

وادیاره‌ قه‌یرانه‌كه‌ی كه‌ندا‌و له‌نێوان سعودیه‌‌و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌دژی قه‌ته‌ر له‌كاتێكی خراپدا روویداوه‌‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هێزه‌ سوننه‌ عێراقییه‌ دابه‌شبووه‌كان له‌نێو خۆیاندا داناوه‌، وه‌ك زانراویشه‌ كوتله‌ سوننیه‌كان له‌لایه‌ن چه‌ند ده‌وڵه‌تێكی سوننه‌وه‌ پشتیوانیان لێده‌كرێت كه‌ ئێستا له‌ناكۆكییه‌كی قوڵدان.

 

ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ی سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان رێبه‌رایه‌تی ده‌كات له‌ده‌وڵه‌تی قه‌ته‌ره‌وه‌ نزیكه‌، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی باشی نێوان جبوری‌و حزبه‌ شیعه‌كان روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی ئاشكرای په‌یوه‌ندی نێوان قه‌ته‌ر‌و ئێرانه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ش بوو حزبه‌ شیعه‌كان به‌رهه‌ڵستی به‌ستنی كۆنگره‌كه‌ی جبوریان له‌به‌غدا نه‌كرد.

 

به‌ڵام ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ی ئوسامه‌ نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی "موته‌حیدون لیلئیسڵاح" رێبه‌رایه‌تی ده‌كات له‌گه‌ڵ پیاوی كاری سوننه‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر به‌نزیك له‌سعودیه‌‌و ئیمارات داده‌نرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ حزبه‌ شیعه‌كان به‌شداریكردنی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌یان له‌كۆنگره‌كه‌ی به‌غدا ره‌تكرده‌وه‌ بۆیه‌ ناچارن كۆنگره‌كه‌یان له‌هه‌ولێر ببه‌ستن.

 

سیاسیه‌كی پایه‌به‌رزی سوننه‌ كه‌ داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت به‌ "نیقاش"ی وت "قه‌یرانه‌كه‌ی كه‌نداو له‌كاتێكی خراپدا هات له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی یه‌كخستنی هێزه‌ سوننیه‌كانی عێراق بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ ئاڵنگاریه‌كانی ئاینده‌، ململانێی سعودیه‌‌و ئیمارات له‌لایه‌ك‌و قه‌ته‌ر له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر بارودۆخی سوننه‌ له‌عێراق".

 

حزبی ئیسلامی عێراق به‌سه‌ركردایه‌تی سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و هاوپه‌یمانی "موته‌حیدون" به‌سه‌ركردایه‌تی ئوسامه‌ نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆمار‌و به‌ره‌ی "دیالۆگی نیشتمانی" به‌سه‌ركردایه‌تی ساڵح موتڵه‌گ‌و بزووتنه‌وه‌ی "حه‌ل" به‌سه‌ركردایه‌تی جه‌مال كه‌ربولی‌و حزبی "وه‌ته‌نیه‌" به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی جێگری سه‌رۆك كۆمار، نوێنه‌رانی سه‌ره‌كی سوننه‌ن له‌پرۆسه‌ی سیاسیدا.

 

حزبی ئیسلامی له‌ململانێدایه‌ له‌دژی "موته‌حیدون" له‌سه‌ر هه‌ژموونی سیاسی له‌موسڵ، حزبی "وه‌ته‌نیه‌"ش له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی "حه‌ل" ململانێ ده‌كات له‌دژی "حزبی ئیسلامی" له‌سه‌ر ئه‌نبار، هاوكات به‌ره‌ی "دیالۆگی نیشتمانی"‌و "حزبی ئیسلامی" له‌دژی حزبی "وه‌ته‌نیه‌"ن له‌سه‌ڵاحه‌دین.

 

به‌رده‌وامی دابه‌شبوونی سوننه‌ له‌قۆناغی دوای داعش ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌، چونكه‌ شاره‌كانی ئه‌نبار‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و موسڵ كه‌ هێنده‌ نابێت له‌وێرانكارییه‌كی گه‌وره‌‌و ده‌ربه‌ده‌ربوونی ملیۆنان كه‌س له‌دانیشتووانه‌كه‌یان هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، پێویستیان به‌یه‌كگرتوویی بڕیاری سوننه‌یه‌ بۆ په‌له‌كردن له‌ئاوه‌دانكردنه‌وه‌‌و تێپه‌ڕاندنی هه‌ڵه‌كانی رابردوو، هه‌روه‌ك یه‌كڕیزی هێزه‌ سوننه‌كان به‌سوودیش ده‌بێت بۆ حزبه‌ شیعه‌كان ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت سه‌قامگیریه‌كی گشتگیر له‌وڵاتدا بهێننه‌دی.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌