راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

خومه‌ینی‌‌و خامه‌نه‌یی‌ له‌ناو سوننه‌دا
یه‌كه‌مجاره‌ تكریت له‌موحه‌ڕه‌مدا ره‌شپۆشه‌

غه‌زوان حه‌سه‌ن ئەلجبوری
له‌ناوه‌ڕاستی شاری تكریتی مۆڵگه‌ی سه‌دام حسێنی سه‌رۆكی پێشووتره‌وه‌و له‌ بڵندگۆوه‌ ئه‌و سرووده‌ ئایینیانه‌ په‌خش ده‌كرێت كه‌ ده‌ڵێن "به‌سه‌ربه‌رزیه‌وه‌ چووینه‌ تكریت‌و عۆجه‌‌و كه‌مێكی تریش ده‌گه‌ینه‌ فه‌لوجه‌".
6.07.2017  |  تکریت

ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ی سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبی به‌ شه‌قامه‌كانی شاری تكریتی زۆرینه‌ سوننه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه‌‌و گۆرانی حه‌ماسی سه‌رنجڕاكێش په‌خش ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك له‌ هه‌ندێك شه‌قامی پارێزگاكه‌شدا سه‌دان ئاڵای سه‌وز‌و ره‌شی حسێنییه‌كان بڵاوبوونه‌ته‌وه‌.

 

دوای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كۆشكه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی له‌ ناوه‌ڕاستی شاره‌كه‌ كه‌ له‌دوای ساڵی 2003وه‌ باره‌گای ره‌سمی حكومی بوون، له‌لایه‌ن چه‌ند گرووپێكی چه‌كداری سه‌ر به‌ حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ كۆنترۆڵ كران، گۆڕینی دیمۆگرافی له‌ناوه‌ندی شاری تكریت به‌ڕوونی به‌دی ده‌كرێت، هه‌روه‌ك ده‌سته‌واژه‌ی یاده‌وه‌ری ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ چوونه‌ته‌ ناو شاره‌كه‌ به‌سه‌ر دیواری شه‌قامه‌ گشتیه‌كانه‌وه‌ بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ش ده‌سته‌واژه‌ی "ئه‌بو جه‌به‌ل لێره‌ بوو" كه‌ به‌سه‌ر  دیوارێكی ده‌روازه‌ی شه‌قامی ئه‌ربه‌عینی شاره‌كه‌وه‌ بوو، ئه‌و كه‌سه‌ش فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبییه‌.

 

وێنه‌كانی خومه‌ینی‌و خامنه‌یی‌و مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌ش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ یه‌كتربڕه‌كان‌و ده‌روازه‌كانی شاره‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ هه‌روه‌ك ئه‌و دروشمانه‌ش بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌سه‌ر دیواری ماڵان‌و بینا ره‌سمیه‌كان له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ نووسراون وه‌كو "له‌به‌یكه‌ یا حوسه‌ین، حه‌شد لحوسه‌ین"‌و "مه‌ده‌د یا زه‌هرا، لیوای گه‌وره‌ی عه‌لی لێره‌بوو"‌و "عه‌سائیب حه‌تا زهور لغائیب".

 

پاش ئازادكردنی شاری تكریت له‌ ده‌ستی رێكخراوی داعش له‌ نیسانی ساڵی 2015دا زیاتر له‌ 13 باره‌گای حزب‌و بزووتنه‌وه‌ی سیاسی ئیسلامی شیعه‌ له‌ شاری تكریت كرانه‌وه‌ وه‌كو حزبی ده‌عوه‌‌و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی‌و عه‌سائیب ئه‌هلل حه‌ق‌و رێكخراوی به‌در‌و چه‌ند حزبێكی تر، كه‌سانێك له‌ خه‌ڵكی شاره‌كه‌ دامه‌زرێندران بۆ به‌رٍِێوه‌بردنیان.

 

به‌م دواییانه‌ش له‌ گوندی عۆجه‌ی شوێنی له‌دایكبوونی سه‌دام حسێن (10 كم له‌ باشووری تكریت) ناوی نه‌خۆشخانه‌ی دیجله‌ی ئاماده‌كاری پزیشكی كرایه‌ نه‌خۆشخانه‌ی "ئیمام مه‌هدی"‌و ته‌رخان كرا بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌ندامانی حه‌شدی شه‌عبی.

 

دیمه‌نه‌كانی گۆڕینی دیمۆگرافی ته‌نیا ناوچه‌كانی نه‌گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو په‌لی كێشاوه‌ بۆ نه‌ریته‌كانیش، چونكه‌ له‌ مانگی موحه‌ڕه‌می رابردوودا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ مانگه‌ غه‌مناكه‌كان له‌لای شیعه‌ به‌هۆی په‌یوه‌ستبوونی به‌ یادی كۆچی ئیمام حسێن،  گۆڕه‌پانی ئاهه‌نگه‌كان كه‌ بۆنه‌ تایبه‌ته‌كانی سه‌دام حسێن سه‌رۆكی پێشووتری تێدا ئه‌نجام ده‌درا، بووه‌ ناوچه‌یه‌ك بۆ كه‌ژاوه‌ی حسێنییه‌‌و هه‌ندێك له‌ عه‌شیره‌ته‌كانی سوننه‌ش به‌شدارییان له‌ رێوڕه‌سمی ئه‌و كه‌ژاوانه‌دا كرد كه‌ ئاڵای سه‌وز‌و ره‌شی تێدا هه‌ڵكرابوو.

 

زۆرجار شیعه‌كان خۆیان له‌ سازكردنی ئاهه‌نگی ژنهێنان‌و بۆنه‌ی خۆش له‌ مانگی موحه‌ڕه‌مدا به‌دوورده‌گرن‌و سه‌رقاڵی پرسه‌‌و رێكخستنی خوان ده‌بن له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی عێراق، به‌ڵام له‌ شاری تكریت رێكخستنی ئه‌و بۆنانه‌ به‌ربڵاوبوو، به‌ڵام مانگی موحه‌ڕه‌می رابردوو ئه‌ندامانی حه‌شدی شه‌عبی  ئاهه‌نگێكی ژنهێنانیان له‌ گوندی عوێنات (3 كم له‌ باشووری شاره‌كه‌) راگرت‌و ئامێره‌ موزیكییه‌كانیان تێكشكاند به‌پاساوی ئه‌وه‌ی دڵخۆشی له‌ مانگی موحه‌ڕه‌مدا نه‌گونجاوه‌.

 

حه‌شدی شه‌عبی ئه‌و كاته‌ به‌ خاوه‌نی هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگی ژنهێنانی له‌ شاره‌كه‌ راگه‌یاند ئاهه‌نگ سازنه‌كه‌ن تا رێوڕه‌سمی پرسه‌ له‌ هه‌ردوو مانگی موحه‌ڕه‌م‌و سه‌فه‌ردا ته‌واو ده‌بێت، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ عوسمان ساڵح كه‌ خاوه‌نی هۆڵی ئاهه‌نگگێڕانه‌ له‌ شاری تكریت ده‌ڵێت: "له‌لایه‌ن مه‌فره‌زه‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ پێمان راگه‌یه‌ندرا كه‌ له‌ مانگی موحه‌ڕه‌مدا ئاهه‌نگ سازنه‌كه‌ین‌و وتیان هه‌ر كه‌سێك سه‌رپێچی بكات خۆی دووچاری لێپرسینه‌وه‌ی توند ده‌كات".

 

ئه‌حمه‌د دلێمی ( 22 ساڵ) ئاهه‌نگی ژنهێنانه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ كه‌ به‌نیازبوو له‌و كاته‌دا له‌ یه‌كێك له‌ هۆڵه‌كاندا سازی بكات له‌ترسی ئه‌وه‌ی نه‌كرێته‌ ئامانج، ئه‌و به‌ "نیقاش"ی وت: "بیستوومانه‌ كه‌ ئاهه‌نگه‌كانی ژنهێنان له‌ موحه‌ڕه‌مدا ده‌كرێنه‌ ئامانج یاخود رێیان لێده‌گیرێت، بۆیه‌ بڕیارمدا ئاهه‌نگی ژنهێنانه‌كه‌م له‌ ماڵی خۆمان سازبكه‌م‌و تایبه‌تی بكه‌م به‌ ته‌نیا ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ كه‌سوكار‌و هاوڕێیان".

 

شاری تكریت بۆیه‌كه‌مین جار له‌مێژوویدا یه‌كه‌م حسێنییه‌ی شیعه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی فاتیمه‌ی زه‌هرا له‌ ناوه‌ندی شاره‌كه‌‌و یه‌كێكی دیكه‌ی له‌ ناحیه‌ی عه‌له‌م له‌ خۆرهه‌ڵاتی شاره‌كه‌ تێدا دروستكراوه‌.

 

خه‌ڵكی تكریت به‌ده‌گمه‌ن ئاماده‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌‌و كه‌ژاوه‌و بۆنه‌ نوێیانه‌ ده‌بن یان پشتیوانیان ده‌كه‌ن كه‌ خاڵین له‌ خه‌ڵك، سه‌ره‌ڕای بڵندگۆ‌و سرووده‌كان‌و ئه‌و خواردن‌و خواردنه‌وه‌یه‌ی رێكخه‌رانی بۆنه‌كان پێشكه‌شیان ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی سۆزی خه‌ڵكی شاره‌كه‌ به‌تایبه‌تیش منداڵان‌و هه‌رزه‌كاران له‌كاتێكدا به‌ته‌مه‌نه‌كان خۆیانی لێ لاده‌ده‌ن.

 

حسێن محه‌مه‌د حسێن (46 ساڵ) فه‌رمانبه‌رێكی خه‌ڵكی تكریته‌، ئه‌و ره‌وشه‌كه‌ به‌ گوماناوی وه‌سف ده‌كات‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: " هه‌ست به‌ غه‌ریبی ده‌كه‌م له‌ شاره‌كه‌دا ئه‌ویش به‌هۆی زۆری چه‌كدارانی نامۆوه‌، به‌راشكاوی ده‌یڵێم كه‌ ئۆتۆمبیل‌و دروشمه‌كانیان هه‌ستی گومان‌و نیگه‌رانی له‌ ئاینده‌ت له‌لا دروست ده‌كه‌ن، زۆر حاڵه‌تی رفاندن‌و كوشتن له‌ شاره‌كه‌دا هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ی له‌پشتیانه‌وه‌یه‌ نادیاره‌".

 

ئیبراهیم موسته‌فا تكریتی توێژه‌ر له‌ مێژووی شاری تكریت له‌و مه‌ترسیانه‌ كه‌مده‌كاته‌وه‌‌و ده‌ڵێت شاری تكریت به‌درێژایی مێژووی خۆی عه‌ره‌بی بووه‌‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی سوننه‌ مه‌زهه‌بن‌و له‌ هه‌مان كاتیشدا له‌ چوار ده‌یه‌ی رابردوودا ده‌یان خێزانی شیعه‌‌و كوردی تێدا نیشته‌جێبووه‌ به‌حوكمی كار‌و دامه‌زراندن به‌تایبه‌تی له‌ بواری سه‌ربازیدا، به‌ڵام هێنده‌ی نه‌بردووه‌ به‌هۆی شه‌پۆلی توندوتیژییه‌ تایفییه‌كانه‌وه‌ له‌ ساڵی 2016دا گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان، شاره‌كه‌ش به‌ سروشتی خۆی داخراو‌و یه‌كگرتووه‌‌و هه‌وڵه‌كانی گۆڕینی دیمۆگرافی به‌سروشتی شكست ده‌هێنن".

 

گۆڕینی دیمۆگرافی له‌ ناوچه‌كانی باشووری پارێزگاكه‌دا روون‌و ئاشكراتر دیاره‌ وه‌كو ناحیه‌ی یه‌سریب‌و عه‌زیز به‌له‌د‌و سه‌لام‌و ئه‌حباب (120 كم له‌ باشووری تكریت) ئه‌ویش دوای ناكۆكی تایفی نێوان عه‌شیره‌ته‌كان‌و ئه‌و كێشانه‌ی روویاندا كاتێك ئه‌ندامانی هه‌ندێك عه‌شیره‌ت كاریان له‌گه‌ڵ داعش كرد بۆیه‌ ده‌ست به‌سه‌ر موڵك‌وماڵی ئه‌و خێزانانه‌دا گیرا‌و رێگه‌یان پێنه‌درا بگه‌ڕێنه‌وه‌ پاشان به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ك له‌ نێوان هه‌ردوولادا ئاماده‌كرا كه‌ خودی پارێزگاری سه‌ڵاحه‌دین سه‌رپه‌رشتی كرد بۆ كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌ی نێوان عه‌شیره‌ته‌كان له‌ هه‌ردوو تایفه‌كه‌.

 

له‌ شه‌قامی پزیشكان له‌ ناوه‌ڕاستی تكریت كه‌ قه‌ره‌باڵغترین ناوچه‌ی شاره‌كه‌یه‌‌و كڕیارانی تێیدا كۆده‌بنه‌وه‌، بڵندگۆی نووسینگه‌كانی ئامێره‌ ده‌نگیه‌كان له‌ به‌یانییه‌وه‌ تا ئێواره‌ سرووده‌ ئایینیه‌ حسێنییه‌كان ده‌ڵێنه‌وه‌، ئه‌م دیارده‌ نوێیه‌ش له‌ شاره‌كه‌دا ره‌نگه‌ بۆ چه‌ندین وه‌رز له‌ موحه‌ڕه‌می ساڵانی داهاتوودا به‌رده‌وام بێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌