راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ریفراندۆم كوردستانی‌ له‌تكردووه‌
شه‌ڕی‌ به‌ڵێ‌و نه‌خێر بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ستیپێكردووه‌

هه‌ستیار قادر
دیاریكردنی‌ واده‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی‌ كوردستان وه‌ك زۆر بابه‌تی‌ تر دانیشتوانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ كردووه‌ به‌دوو كه‌رته‌وه‌، به‌شێك له‌گه‌ڵ‌و به‌شه‌كه‌ی‌ دیكه‌ دژن.
5.07.2017  |  هه‌ولێر
ئاڵای کوردستان
ئاڵای کوردستان

رۆژی‌ 7ی‌ حوزه‌یران مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری‌ زۆربه‌ی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان كۆبووه‌وه‌و بڕیاریاندا 25ی‌ ئه‌یلولی‌ داهاتوو وه‌ك رۆژی‌ ئه‌نجامدانی‌ راپرسی‌ دیاریی‌ بكرێت بۆ جیابوونه‌وه‌ له‌عێراق‌و پێكهێنانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردستان، هه‌ر بۆ هه‌مان مه‌به‌ست بارزانی‌ كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ كوردستانی‌ راسپارد رێكاره‌ یاساییه‌كانی‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ بگرنه‌ به‌ر.

 

ئه‌م بڕیاره‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ره‌ی‌ به‌ڵێ‌‌و نه‌خێر رابگه‌یه‌نن، ئاسانترین رێگاش بۆ گوزارشتكردن له‌رای‌ هه‌ردوو به‌ره‌كه‌، سه‌ر په‌ڕه‌و ئه‌كاونتی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌.

 

به‌ره‌ی‌ به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی پاساوی‌ خۆیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌و به‌ره‌ی‌ نه‌خێریش دیسانه‌وه‌ پاساویان هه‌یه‌ بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌، هه‌ریه‌كه‌شیان سێبه‌ری‌ یه‌كێك له‌و دووبه‌ره‌ سیاسییه‌ن كه‌ له‌سه‌ر چه‌ندین پرس ناكۆكن.  

 

ئه‌حمه‌د فه‌تاح (56 ساڵ) پرۆفایلی‌ ئه‌كاونتی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌فه‌یسبوك كردووه‌ به‌سومبولی‌ "به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان" ئه‌و وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت ئامانجی‌ له‌و هه‌نگاوه‌ هاندانی‌ هاوڵاتیانه‌ بۆ ده‌نگدان به‌به‌ڵێ‌ له‌ریفراندۆمدا.

 

ئه‌حمه‌د فه‌تاح به‌"نیقاش"ی وت "تۆڕه‌ كۆمه‌ڵاتییه‌كان هۆكارێكی گرنگن بۆ جوڵاندن‌و راكێشانی سۆزی زیاتر بۆ ئه‌ركه‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌و نیشتیمانییه‌كان".

 

دیدار ئه‌نوه‌ر (27 ساڵ) هاوڕایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د فه‌تاح له‌پاڵپشتی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام ئامانجیان جیاوازه‌، ئه‌و به‌"نیقاش"ی وت "دانانی‌ سومبولی‌ به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی له‌فه‌یسبوكه‌كه‌مدا بۆ ئاشكراكردنی هه‌ڵوێستی خۆم‌و به‌رچاوڕوونی هاوڕێیانم بوو، بۆ ئه‌وه‌ی درك به‌و ئه‌ركه‌ بكه‌ن".

 

له‌به‌رانبه‌ر به‌ره‌ی‌ به‌ڵێی‌ نێو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بۆ پاڵپشتی ریفراندۆم به‌ره‌ی‌ نه‌خێریش له‌ئه‌كاونتی‌ تایبه‌تی‌ به‌شێك له‌هاوڵاتیاندا سه‌ریهه‌ڵداوه‌ كه‌ سومبولی‌ نه‌خێریان بۆ سه‌ربه‌خۆیی به‌كارهێناوه‌، ئه‌وانیش پاساوی‌ خۆیان بۆ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌یان هه‌یه‌.

 

مه‌هدی‌ ئه‌بوبه‌كر مامۆستای‌ زانكۆ یه‌كێكه‌ له‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌ له‌رێگه‌ی‌ ئه‌كاونه‌ته‌كه‌یه‌وه‌ له‌فه‌یسبووك دژایه‌تی‌ خۆی‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یاندووه‌، ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "من دژی ریفراندۆمم، به‌مشێوازه‌ی ئێستا كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی‌و بێ روئیاو بێ مه‌به‌ست ئه‌نجام ده‌درێت".

 

مه‌هدی‌ ئه‌بوبه‌كر پێی‌ وایه‌ دانانی‌ لۆگۆی‌ "نا بۆ سه‌ربه‌خۆیی" له‌ئه‌كاونته‌كه‌یدا هاوسۆزی‌ بۆ دروست بووه‌و ده‌ڵێت "له‌ماوه‌ی 24 سه‌عاتدا له‌دوای‌ من زیاتر له‌سه‌د كه‌س پرۆفایله‌كه‌یان كردووه‌ به‌نه‌خێر‌و زیاتر له‌سه‌د مامۆستای زانكۆ، روناكبیرو نوسه‌ر، له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه‌مپه‌ینێكمان دژی ریفراندۆم رێكخستووه‌و له‌ماوه‌ی داهاتوودا ده‌ست به‌چالاكییه‌كانمان ده‌كه‌ین".

 

پاساوه‌كانی‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی‌ سه‌به‌خۆیی له‌لای‌ ئه‌رده‌ڵان سه‌ڵاح (34 ساڵ) جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ مه‌هدی‌ ئه‌بوبه‌كر، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردولا هه‌مان لۆگۆی‌ "نا بۆ سه‌ربه‌خۆیی"یان له‌ئه‌كاونته‌كانیان داناوه‌.

 

ئه‌رده‌ڵان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ده‌بێت سه‌ربه‌خۆیی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی‌ كه‌سی‌ نه‌بێت، ئه‌م ریفراندۆمه‌ بۆ مه‌رامی‌ سیاسی‌و داپۆشینی‌ دزی‌‌و بۆ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژاردنه‌".

 

ده‌ستپێكردنی‌ ئه‌و ململانێیه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا له‌كاتێكدایه‌ بڕیاره‌ سێ مانگی‌ تر پرۆسه‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم ئه‌نجامبدرێت‌و له‌ئێستاوه‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌ستی‌ كردووه‌ به‌ئاماده‌سازییه‌كانی‌ خۆی‌.

 

به‌بڕوای‌ شیروان زرار وته‌بێژی‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردن‌و راپرسی له‌هه‌رێمی‌ كوردستان ئه‌و دیارده‌یه‌ی‌ له‌تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌ریهه‌ڵداوه‌ به‌شێك نییه‌ له‌هه‌ڵمه‌تی‌ پێشوه‌ختی‌ هه‌ڵبژاردن‌و بۆ "نیقاش" وتی‌ "ئێمه‌ ته‌نیا هانی‌ هاوڵاتیان ده‌ده‌ین بۆ به‌شداریكردن، به‌ڵام به‌شێكمان هه‌یه‌ كه‌ چاودێریكردنی‌ میدیاو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌و به‌دواداچوونی‌ بۆ ده‌كه‌ین تا بزانین له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی‌ ره‌فتاركردندا له‌كاتی‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌دا ده‌گونجێت".

 

به‌ده‌ر له‌چاوی‌ چاودێری‌ كۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان دروستبوونی‌ ئه‌و دوو ره‌وته‌ له‌نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا به‌شێكه‌ له‌و دابه‌شبوونه‌ سیاسییه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یه‌، ناكۆكی‌ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و كێشه‌ی‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، پرسی ریفراندۆمی‌ كردۆته‌ كرۆكی‌ ناكۆكیه‌كانیان به‌تایبه‌ت له‌نێوان پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا.

 

 له‌كاتێكدا پارتی‌ پاڵپشتی له‌و پرۆسه‌كه‌ ده‌كات به‌ئاڕاسته‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی‌ كوردستان، گۆڕان تێبینی‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم هه‌یه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ سیاسییه‌كان.

 

رۆژی‌ 10ی‌ حوزه‌یران شۆرش حاجی‌ وته‌بێژی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ریفراندۆمی‌ به‌پرسێكی‌ "حزبی‌و نایاسایی" ناوبردو تیایدا پارتی‌ دیموكراتی‌ تۆمه‌تبار كردو رایگه‌یاند "نابێت ئه‌و پرسه‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌كێشه‌ سیاسییه‌كان به‌كاربهێندرێت". ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر ئاگری‌ ململانێی‌ نێو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم گه‌رمتركرد.

 

ئاسۆ مه‌حمود ئه‌ندامی‌ جفاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پێیوایه‌ دۆسیه‌ی‌ ریفراندۆم به‌"هه‌ڵه‌" به‌كارهێندراوه‌و ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كه‌ ژماره‌ك له‌هاوڵاتیان له‌دژی‌ بوه‌ستنه‌وه‌، به‌ڵام ره‌تی‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ له‌به‌ره‌ی‌ دژی‌ ریفراندۆم بێت.

 

ئاسۆ مه‌حمود نكوڵیش له‌وه‌ ناكات كه‌ گۆڕان تێبینی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر پرسه‌كه‌‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌ربه‌خۆیی پێویستی‌ به‌هه‌نگاوی‌ ورد هه‌یه‌و سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست نایه‌ت تا هێزه‌سه‌ربازییه‌كان به‌نیشتیمانی‌ نه‌كرێن‌و ژێرخانی‌ ئابوری‌ به‌هێز نه‌كرێن، به‌ڵام له‌هه‌رێم ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ئاوه‌ژووكراوه‌و پێویست نه‌بوو  هه‌رێم سه‌ربه‌خۆیی خۆی‌ بخاته‌ ریفراندۆمه‌وه‌".

 

وتیشی‌ "ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی‌ له‌دژی‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌ستی‌ پێكردووه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا په‌یوه‌ندی‌ به‌دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌یه‌كتر كه‌ كارێكی‌ وایكردووه‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ر هه‌نگاوێك بنێت خه‌ڵكانێك له‌دژیی‌ ده‌بن".

 

 ره‌نگه‌ تێبینییه‌كانی‌ گۆڕان بۆ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم زیاتر په‌یوه‌ندی‌ به‌پاش‌و پێشكه‌وتنی‌ هه‌نگاوه‌كانه‌وه‌ هه‌بێت كه‌ پێی‌ وایه‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ پێویسته‌ به‌فلته‌ری‌ په‌رله‌ماندا بڕوات له‌پاش كاراكردنه‌وه‌ی‌.

 

به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ نێوان پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ساڵ‌و نیوێكه‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان په‌كی‌ كه‌وتووه‌، گۆڕان ده‌ڵێت هه‌تا له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌نگ بۆ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم نه‌درێت، ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ناشه‌رعی‌ ده‌بێت، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانیش سووره‌ له‌سه‌ره‌ ئه‌وه‌ی‌ پرۆسه‌كه‌ ئه‌نجام بدرێت، جا له‌رێی‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ بێت، یاخود له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان.

 

دروستبوونی‌ دووبه‌ره‌ی‌ دژو پاڵپشتی‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا، به‌لای‌ عه‌بدولسه‌لام به‌رواری‌ ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتییه‌وه‌ ده‌رهاویشته‌ی‌ ده‌مارگیریی‌ نێو كۆمه‌ڵگای‌ هه‌رێم‌و هه‌ڵوێسته‌ سیاسییه‌كانه‌كه‌ كه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ی‌ دژی‌ ریفراندۆمن له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كاردانه‌وه‌یان له‌دژی‌ پارتییه‌ نه‌ك له‌دژی‌ سه‌ربه‌خۆیی".

 

به‌رواری‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ به‌شێكی‌ زۆری‌ ئه‌وانه‌ی‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ ریفراندۆمن له‌پارتیه‌وه‌ نزیكن‌و ئه‌وانه‌شی‌ له‌دژی ده‌وه‌ستنه‌وه‌ له‌گۆڕانه‌وه‌ نزیكن، له‌م رووه‌وه‌ بۆ "نیقاش" وتی‌ "كادیرانی‌ ئێمه‌ یه‌كه‌مجار ده‌ستیان به‌و هه‌ڵمه‌ته‌ نه‌كردووه‌، به‌ڵكو له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كاردانه‌وه‌ بووه‌ بۆ به‌ره‌ی‌ به‌رامبه‌ر، به‌ڵام به‌ئه‌ركی‌ خۆشمانی‌ ده‌زانین كار بۆ سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ین هه‌رچه‌نده‌ به‌ره‌سمی‌ ده‌ستمان به‌هه‌ڵمه‌ت نه‌كردووه‌".

 

له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم ره‌نگه‌ هه‌ویری‌ شه‌ڕی‌ نێو تۆڕه‌كۆمه‌ڵاتییه‌كان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی ئاوی‌ زیاتر بكێشێت‌و ئاستی‌ نزیكبوونه‌وه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانیش له‌ره‌وتی‌ ئه‌و ململانێیه‌ بگۆڕێت.

 

ئارام جه‌مال به‌رێوه‌به‌ری‌ په‌یمانگای‌ كوردی‌ بۆ هه‌ڵبژاردن جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ دژایه‌تی‌‌و پاڵپشتی‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌ستیپێكردووه‌ كه‌وتۆته‌ سه‌ر پێشهاته‌كانی‌ ئاینده‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریی‌ له‌و په‌یوه‌ندییانه‌دا روبدات له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش گۆڕانكاریی‌ ده‌بێت له‌نێوان به‌ڵێ‌و نه‌خێر بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به‌وپێیه‌ی‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و به‌شێكی‌ زۆر له‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ له‌و تۆڕانه‌دا هه‌ڵوێستیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ وه‌رگرتووه‌ بێلایه‌ن نین‌و نزیكن له‌پارته‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌.

 

ئارام جه‌مال به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئێستا دوو ئاڕاسته‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ هه‌یه‌ كه‌ پارتی‌‌و گۆڕانن‌و لایه‌نگرو نه‌یاری‌ سه‌ربه‌خۆییش ده‌چنه‌وه‌ نێو ئه‌و دوو ئاڕاسته‌یه‌، ئه‌وه‌ی‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان نه‌خێری‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردووه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان له‌ژێر كاریگه‌ریی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندایه‌و ئه‌وه‌ی‌ به‌ڵێشی هه‌ڵبژاردووه‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی‌ پارتیدایه‌".

 

كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌كوردستان وه‌كو زۆربه‌ی‌ باس‌و خواسه‌كانی‌ دیكه‌ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ سروشتی‌ خۆی‌ له‌دایك نابێت، له‌كاتێكدا به‌هه‌موو پێوه‌رێك راپرسی‌ به‌مانای‌ ئه‌وه‌ دێت خه‌ڵك سه‌ربه‌ست له‌ده‌نگدان، كه‌چی‌ له‌كوردستان هه‌ردوو به‌ره‌ی‌ ناكۆك هه‌ڵمه‌تێكیان ده‌ست پێكردووه‌ بۆ ترساندنی‌ خه‌ڵكی‌‌و زه‌وتكردنی‌ ئه‌و سه‌ربه‌ستییه‌.

 

به‌ره‌ی‌ یه‌كه‌م كه‌ پارتی‌ دیموكرات نوێنه‌رایه‌تی‌ ده‌كات ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی‌ به‌"به‌ڵێ‌" ده‌نگ بۆ سه‌ربه‌خۆیی‌ كوردستان نه‌دات "خایین‌و خۆ فرۆشه‌"، به‌ره‌ی‌ دووه‌میش كه‌ گۆڕان رێبه‌رایه‌تی‌ ده‌كات ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی‌ به‌"نه‌خێر" بۆ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم ده‌نگ نه‌دات "گه‌نده‌ڵ‌و دژه‌ دیموكراسییه‌و له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ناشه‌رعی‌ بارزانیدایه‌".

 

تا ئه‌م دوو به‌ره‌یه‌ش به‌و شێوه‌یه‌ بمێننه‌وه‌، زه‌حمه‌ته‌ خه‌ڵكی‌ رازی‌‌و ناڕازی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ دیموكراسیانه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ له‌یه‌كتری‌ قبوڵ بكه‌ن.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌