راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌ره‌تای‌ گرفتێكی‌ نوێ‌
حه‌شدی وه‌لائی.. گرێی به‌رده‌م عێراقی دوای داعش

موسته‌فا حه‌بیب
شه‌ڕی دژ به‌داعش له‌عێراق له‌كۆتاییه‌كه‌ی نزیك ده‌بێته‌وه‌‌و لێره‌وه‌ حكومه‌ت ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م كێشه‌یه‌كی‌ دیكه‌ كه‌ ئه‌ویش چۆنێتی‌ مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كان كه‌ دڵسۆزییان بۆ تارانه‌.
15.06.2017  |  به‌غدا
چەکدارێکی حەشدی شەعبی ( :وێنه موقع الحشد الشعبي)
چەکدارێکی حەشدی شەعبی ( :وێنه موقع الحشد الشعبي)

كۆتایی مانگی رابردوو هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی" له‌ گرووپه‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران توانیان له‌ڕێی موسڵه‌وه‌ بگه‌نه‌ سنووری عێراق – سوریا له‌ ده‌روازه‌ی ته‌نه‌ف تا بیپارێزن‌و رێ له‌په‌ڕینه‌وه‌ی توندڕه‌وان بگرن، به‌ڵام بوونی ئه‌و هێزانه‌ له‌سه‌ر سنووری نێوده‌ولًه‌تی هه‌ستیاری سیاسی لێكه‌وته‌وه‌.

 

له‌به‌رامبه‌ردا هێزه‌كانی رژێمی سه‌رۆك به‌شار ئه‌سه‌دیش له‌گه‌ڵ چه‌ند گرووپێكی شیعه‌ی سه‌ر به‌ ئێران له‌ ده‌روازه‌ی ته‌نه‌ف له‌سه‌ر سنوور نزیك ده‌بوونه‌وه‌ له‌ هه‌وڵێكی ئێراندا بۆ كردنه‌وه‌ی رێگایه‌كی وشكانی، به‌ڵام فڕۆكه‌كانی "هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی" به‌ سه‌ركردایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ دواساتدا هاتنه‌ ناوه‌وه‌‌و بڵاوكراوه‌یان فڕێدایه‌ خواره‌وه‌ كه‌ تێیدا هۆشداری دا له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنی هه‌ردوو هێزه‌كه‌ له‌سه‌ر سنوور.

 

له‌ 11ی مانگی رابردوودا قه‌یس خه‌زعه‌لی سه‌كرده‌ی "عه‌سائیبی هه‌لی حه‌ق" به‌ ئاشكرا وتی: "موسڵ‌و ته‌له‌عفه‌ر ئازاد ده‌بن‌و ده‌گه‌ینه‌ سه‌ر سنووری سوریا له‌ موسڵ‌و ئه‌نبار هاوكات برایانمان له‌ سوریاش له‌ سنوور نزیك ده‌بنه‌وه‌، به‌وه‌ش به‌دری شیعی داده‌مه‌زرێنین نه‌ك هیلالی شیعی ئه‌ویش له‌لایه‌ن هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی‌و سوپای پاسدارانی ئێران‌و حزبوڵڵای لوبنانی‌و گرووپی ئه‌نساروڵڵا (حوسیه‌كان)".

 

حكومه‌تی عێراق خۆی له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ به‌دوورگرت، چونكه‌ گرووپه‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران ناچنه‌ ژێر فه‌رمانی حكومه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو شوێن فه‌رمانی ئێران ده‌كه‌ون، وادیاریشه‌ كۆتاییهاتنی جه‌نگ له‌دژی داعش كۆتایی به‌ چالاكی گرووپه‌ شیعه‌كان ناهێنێت، به‌ڵكو قۆناغێكی نوێ له‌ ململانێی هه‌رێمایه‌تی ده‌ستپێده‌كات‌و عێراقییه‌كانیش له‌وه‌ ده‌ترسن ببنه‌ لایه‌ن تێیدا.

 

به‌رپرسێكی باڵای نزیك له‌ حكومه‌ت به‌ "نیقاش"ی وت: "حكومه‌تی عێراق له‌ ئیحراجیدایه‌ به‌هۆی گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ئێران، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ قسه‌ی له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی حكومه‌ت كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌ بابه‌ته‌كه‌‌و داوای لێكردووه‌ ئه‌و گرووپانه‌ كۆنترۆڵ بكات‌و له‌ هه‌ژموونی ئێران دووریان بخاته‌وه‌، به‌ڵام به‌دیهێنانی ئه‌وه‌ ئاسان نییه‌".

 

گرووپه‌ شیعه‌كان سێبه‌شن، ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ ئێرانن‌و په‌یوه‌ندیان به‌ عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌ عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌ن له‌ نه‌جه‌ف‌و ئه‌وانه‌ش كه‌ سه‌ر به‌ حزبه‌ شیعه‌كانی عێراقن كه‌ بریتین له‌ ره‌وتی سه‌در به‌سه‌ركردایه‌تی موقته‌دا سه‌در‌و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی به‌ سه‌ركردایه‌تی عه‌مار حه‌كیم.

 

گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران به‌وه‌ له‌وانی دیكه‌ جیاده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ به‌هێزتر‌و پڕچه‌ككترن‌و له‌ناو جه‌ماوه‌ردا به‌ "حه‌شدی وه‌لائی" ناسراون واته‌ ئه‌وانه‌ی دڵسۆزییان بۆ رژێمی ویلایه‌تی فه‌قیهه‌ له‌ ئێران، ئه‌مانه‌ پێیانوایه‌ عێراق‌و سوریا یه‌ك به‌ره‌یه‌‌و دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ بوونی ئه‌وان پاش له‌ناوبردنی داعشیش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت.

 

گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ئێران نزیكه‌ی 20 پێكهاته‌ی سه‌ربازی ده‌بن له‌ دیارترینیان رێكخراوی "به‌در"‌و "عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق"‌و كه‌تائیبی حزبوڵڵا"‌و "سه‌رایای خۆراسانی"‌و "نوجه‌با"‌و "كه‌تائیبی سه‌یدولشوهه‌دا"‌و "كه‌تائیبی ره‌وتی ریسالی"‌و "لیوای ئه‌سه‌دوڵڵا ئه‌لغالب"‌و "هێزه‌كانی ئه‌بولفه‌زڵ ئه‌لعه‌باس".

 

گرووپی "سه‌رایای خۆراسانی" یه‌كێكه‌ له‌و گرووپانه‌ی جه‌نه‌ڕاڵ حه‌سه‌ن ته‌قه‌وی سه‌ركرده‌ له‌ "سوپای پاسدارانی ئێران" پێكیهێناوه‌ كه‌ دواتر له‌ شه‌ڕه‌كانی سامه‌ڕا له‌دژی رێكخراوی داعش له‌ كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2014 كوژرا، ئه‌م گرووپه‌ش وێنه‌ی خامنه‌یی به‌سه‌ر باره‌گا‌و ئۆتۆمبێله‌ سه‌ربازییه‌كانیه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسێت.

 

ئه‌بو حه‌سه‌ن عیتابی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانی "سه‌رایای خۆراسانی" له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا به‌ "نیقاش"ی وت: "به‌ڕاشكاوی ئێمه‌ فه‌رمان له‌ حكومه‌تی عێراق وه‌رناگرین، به‌ڵكو فه‌رمان له‌ سه‌ركرده‌ عه‌لی خامنه‌یی وه‌رده‌گرین، ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا له‌دژی داعش له‌ عێراق جه‌نگابین بۆئه‌وه‌ی رێ له‌ كه‌وتنی به‌غدا بگرین، ئه‌وا پاش له‌ناوبردنی ئه‌و رێكخراوه‌ش بوونمان هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت".

 

وتیشی: "داعش ته‌نیا ئه‌ڵقه‌یه‌كه‌ له‌ نێو زنجیره‌ی ئاسته‌نگه‌كانی داهاتوودا، چونكه‌ ململانێ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌رده‌وامه‌‌و ئێمه‌ش ئاماده‌یه‌ن بۆ شه‌ڕكردن له‌ سوریا یان لوبنان یان یه‌مه‌ن یاخود هه‌ر وڵاتێكی تر‌و له‌دژی هه‌ر دوژمنێكی ته‌كفیری تیرۆریست".

 

قسه‌كانی عیتابی له‌ ئێستاوه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع جێبه‌جێ كراون، چونكه‌ گرووپی "نوجه‌با" به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌كره‌م كه‌عبی له‌ مانگی ئازاری رابردوودا پێكهێنانی هێزێكی سه‌ربازی به‌ناوی "لیوای ئازادكردنی جۆلان" راگه‌یاند، هه‌روه‌ها رایشیگه‌یاند كه‌ ئامانجی ئازادكردنی ناوچه‌ی جۆلانی سوریا‌و دژایه‌تیكردنی ئیسرائیله‌، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گرووپه‌ شیعه‌كان ته‌نانه‌ت دوای له‌ناوبردنی توندڕه‌وانیش هه‌ر ده‌مێننه‌وه‌.

 

به‌پێی قسه‌كانی عیتابی پێشنیاره‌كانی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌ی گرووپه‌ شیعه‌كان رایگه‌یاند له‌ڕێی وه‌رگرتنی ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی ئاره‌زوو ده‌كه‌ن بچنه‌ ریزه‌كانی سوپا‌و پۆلیس، ئه‌وانه‌ش كه‌ ئاره‌زوو ناكه‌ن پاداشت بكرێن‌و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ژیانی مه‌ده‌نی، له‌لایه‌ن ئه‌و گرووپانه‌ی دڵسۆزییان بۆ خامنه‌ییه‌، به‌ته‌واوی ره‌تده‌كرێنه‌وه‌.

 

به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌ كه‌ دیارترینیان "فیرقه‌ی جه‌نگی عه‌باس"ه‌ رێز له‌ بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عێراق ده‌گرێت‌و به‌هاوئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری كارده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرا بۆ به‌شداریكردن له‌ شه‌ڕی موسڵدا شانبه‌شانی هێزه‌كانی فیرقه‌ی نۆی سوپای عێراق له‌ به‌ری راستی موسڵ.

 

كوده‌تا به‌سه‌ر سیستانیدا

دروستبوونی هێزه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران بۆ ساڵی 2003 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌م درزی ئایینی له‌ عێراق له‌ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی رابردوودا به‌خۆوه‌ بینی، چونكه‌ سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌ی عێراق ئه‌و گوشارانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن پیاوانی ئایینی ئێرانه‌وه‌ی له‌دژی په‌یڕه‌وكران بۆ ده‌ركردنی فه‌توایه‌ك به‌مه‌به‌ستی شه‌ڕكردن له‌دژی هێزه‌كانی ئه‌مریكا به‌و پێیه‌ی هێزی داگیركه‌رن، ئه‌وكاته‌ ئێران هێزه‌كانی "سوپای مه‌هدی" دامه‌زراند به‌ سه‌ركردایه‌تی موقته‌دا سه‌دری پیاوی ئایینی كه‌ ئه‌و كات گه‌نجێكی پڕ وره‌بوو، ئه‌و هێزانه‌ وك حه‌مید تائی پیاوی ئایینی ده‌ڵێت به‌باوكی رۆحی گرووپه‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌ئێران داده‌نرێن.

 

تائی كه‌ وانه‌ی مه‌زهه‌بی شیعه‌ ده‌ڵێته‌وه‌ له‌ یه‌كێك له‌ خوێندنگه‌ ئایینیه‌كانی دراوسێی مه‌زارگه‌ی ئیمام عه‌لی كوڕی ئه‌بو تاڵب له‌ نه‌جه‌ف، به‌ "نیقاش"ی وت: "ململانێكه‌ بۆ سه‌رده‌می داگیركاری ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، سه‌در شه‌ڕكردن له‌دژی هێزه‌كانی ئه‌مریكای هه‌ڵبژارد‌و جبه‌خانه‌یه‌كی سه‌ربازی ئێرانی وه‌رگرت".

 

به‌ڵام به‌قسه‌ی تائی پاش ئه‌وه‌ی سه‌در بڕیاریدا هێزه‌كانی "سوپای مه‌هدی" سڕ بكات‌و دواتر هه‌ڵیانبوه‌شێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها دووركه‌وتنه‌وه‌ی له‌ گوشاره‌كانی ئێران هه‌ڵبژارد، هه‌ر زوو گه‌وره‌ یاریده‌ده‌رانی له‌نێویشیاندا قه‌یس خه‌زعه‌لی جیابوونه‌وه‌‌و "به‌ پشتیوانی ئێران "عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق" دامه‌زرێندرا، ئیتر له‌و كاته‌وه‌ ئه‌و گرووپانه‌ی دڵسۆزییان بۆ مه‌رجه‌عیه‌تی ئایینی ئێران له‌ شاری قوم راگه‌یاندووه‌ له‌بری نه‌جه‌ف، له‌زیادبووندان به‌تایبه‌تی له‌دوای ساڵی 2014وه‌.

تائی وه‌سفی رووداوه‌كانی دوای فه‌تواكه‌ی سیستانی ده‌كات سه‌باره‌ت به‌ جیهادی كاتی له‌دژی داعش‌و ده‌ڵێت: "كوده‌تایه‌ك بوو له‌لایه‌ن چه‌ند گرووپێكی سه‌ر به‌ ئێران كه‌ فه‌توای پێكهێنانی ده‌یان گرووپی چه‌كداریان قۆسته‌وه‌‌و له‌ به‌ره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی عێراق شه‌ڕ ده‌كه‌ن‌و هه‌وڵی به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی ده‌ده‌ن له‌ڕێی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، كه‌ سیستانی به‌ته‌واوی ئه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌".

 

كرۆكی ناكۆكییه‌كه‌ی نێوان پیاوانی ئایینی شیعه‌ له‌ "نه‌جه‌ف"ی عێراق‌و پیاوانی ئایینی شیعه‌ له‌ شاری "قوم"ی ئێران مێژوویی‌و كۆنه‌‌و بۆ بیرۆكه‌ی "ویلایه‌تی فه‌قیه" ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكه‌ مه‌رجه‌عیه‌تی ئایینی له‌ نه‌جه‌ف كه‌ سیستانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات بیرۆكه‌ی "ویلایه‌تی فه‌قیه" ره‌تده‌كاته‌وه‌‌و داوای جیاكردنه‌وه‌ی ئایین له‌ ده‌وڵه‌ت ده‌كات‌و بانگه‌شه‌ بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی ده‌كات، له‌ كاتێكدا مه‌رجه‌عیه‌تی ئایینی له‌ "قوم" به‌سه‌ركردایه‌تی خامنه‌یی هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی بیرۆكه‌ی "ویلایه‌تی فه‌قیه" له‌ عێراق ده‌دات.

 

ئه‌مڕۆش گرووپه‌كانی سه‌ر به‌ئێران جه‌ماوه‌رێكی زۆر‌و هه‌ژموونێكی فراوانیان هه‌یه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگدا، بگره‌ له‌ به‌غدا‌و پارێزگاكانی باشووریشدا، هه‌روه‌ها نووسینگه‌ی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ كه‌ تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ بنكه‌ی پۆلیسی ناوچه‌كان ده‌چن، به‌ڵكو هێزه‌كانی سوپا‌و پۆلیس زۆرجار خۆیان له‌ به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپانه‌ لاده‌ده‌ن‌و گه‌وره‌ ئه‌فسه‌ره‌كانیش له‌ترسی كێشه‌ هه‌وڵی باشكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی گرووپه‌كان ده‌ده‌ن.

 

حكومه‌تی عێراق له‌به‌رده‌م ئاسته‌نگێكی گه‌وره‌دایه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ ئێران كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوور ده‌جه‌نگن، له‌ كاتێكدا ده‌ستووری عێراق رێگه‌ به‌وه‌ نادات‌و له‌ مادده‌ی 8 دا ده‌ڵێت: "پابه‌ندی ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروباری ناوخۆی ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ ده‌بێت‌و هه‌وڵ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ رێگه‌چاره‌كانی ئاشتی ده‌دات" به‌ڵام ئه‌و گرووپانه‌ حكومه‌ت له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیدا ئیحراج ده‌كه‌ن‌و پێویسته‌ چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌م كێشه‌ سه‌خته‌ بدۆزێته‌وه‌، ئه‌گه‌رنا عێراق هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌ڵقه‌كانی ململانێی هه‌رێمایه‌تی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌مێنێته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌