راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

سه‌در تیایدا زه‌ره‌رمه‌نده‌
ره‌وتێكی‌ ئۆپۆزسیۆن له‌پارێزگای‌ میسان سه‌رهه‌ڵده‌دات

حه‌یده‌ر حسێنی‌
به‌شێوه‌یه‌كی‌ كتوپڕ هاوپه‌یمانی سیاسی میسان هه‌ردوو راوێژكاری پارێزگاری‌ له‌ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆ له‌كاروباری فه‌رمانگه‌ ره‌سمییه‌كان دوورخسته‌وه‌و رێگری لێكردن له‌هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌كی‌ فه‌رمی‌.
1.06.2017  |  میسان
پارێزگاری میسان ( :وێنه علي الساعدي)
پارێزگاری میسان ( :وێنه علي الساعدي)

هاوپه‌یمانی سیاسی میسان كه‌ به‌م دواییانه‌ پێكهێنراوه‌ پێكهاته‌یه‌كی سیاسییه‌ 16 قه‌واره‌ی سیاسی له‌خۆده‌گرێت كه‌ حزبی دێرین‌و نوێشیان تێدایه‌‌و خاوه‌نی 16 كورسیه‌ له‌ كۆی 27 كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای میسان.

 

سه‌رحان غالبی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای میسان به‌ "نیقاش"ی وت: "هاوپه‌یمانی سیاسی میسان چه‌ند هێزێكی سیاسی گرنگی میسان له‌خۆده‌گرێت‌و هه‌وڵی چاكسازی ده‌دات له‌ هه‌ندێك كێشه‌ی سیاسی كه‌ڵه‌كه‌بوو له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2003وه‌ له‌وانه‌ش ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌سه‌ڵات‌و قۆرخكردنی له‌ده‌ستی پارێزگاردا دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی به‌رپرسیارێتی هه‌شت وه‌زاره‌تی دایه‌ ده‌ستی ئه‌و پارێزگایانه‌ی له‌ هه‌رێمێكدا رێكنه‌خراون".

 

ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ پێكهێنانی هێزێكی سیاسی كه‌ به‌كرده‌وه‌ رۆڵی ئۆپۆزسیۆن له‌ ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان‌و چاودێریدا ده‌گێڕێت به‌مه‌به‌ستی سنووردانان بۆ به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن پارێزگاری میسانه‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی ره‌وتی ئه‌حراری نزیك له‌ ره‌وتی سه‌در ده‌كات كه‌ تاكه‌ حزبه‌ نه‌چووه‌ته‌ ژێر سایه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كه‌وه‌.

 

فازڵ دوبه‌یسی به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی ئه‌حرار له‌ میسان باسی له‌وه‌ كرد كه‌ نه‌چوونی ره‌وتی ئه‌حرار بۆ نێو هاوپه‌یمانییه‌كه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌وه‌ بووه‌ كه‌ راسته‌وخۆ بانگهێشت نه‌كراوه‌ بۆ ئاماده‌بوون له‌ كۆبوونه‌وه‌كان‌و ئاگاداربوون له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی، وتیشی: "له‌ راگه‌یاندنه‌وه‌ بیستمان كه‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ پێكهێنراوه‌‌و داوامان لێكراوه‌ بچینه‌ ریزیه‌وه‌، ئه‌مه‌ش نه‌نگیه‌ كه‌ ئه‌حرار به‌و شێوه‌یه‌ بانگهێشت بكرێت".

 

مێژووی سیاسی میسان به‌دوور نه‌بووه‌ له‌و ململانێ سیاسییه‌ی له‌ به‌غدا له‌لایه‌ن حزبه‌ فه‌رمانڕه‌واكانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، چونكه‌ دوای ئه‌وه‌ی عادل مه‌هوده‌ر پارێزگاری میسان له‌دوای هه‌ڵبژاردنی 2005 پۆسته‌كه‌ی گرته‌ده‌ست، فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی قانون هه‌وڵیدا له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ئه‌و پۆسته‌ به‌ده‌ست بهێنێت‌و هه‌ر زوو سه‌درییه‌كان پۆسته‌كه‌یان به‌ده‌ستهێنایه‌وه‌ پاش سه‌ودانامه‌یه‌ك بۆ هێشتنه‌وه‌ی نوری مالیكی به‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئیتر عه‌لی ده‌وای لازم پارێزگاری ئێستای میسان له‌و پۆسته‌دا دانرا.

 

جه‌واد ره‌حیم ئه‌ندامی هاوپه‌یمانییه‌كه‌‌و جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای میسان له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ "نیقاش"ی وت: "ئێمه‌ خوازیارین هه‌موو ئه‌و حزبه‌ سیاسیانه‌ی له‌ میسان كارده‌كه‌ن بێنه‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌كه‌وه‌، زۆرجاریش ره‌وتی ئه‌حرارمان بانگهێشت كردووه‌ تا بێته‌ ریزه‌كانمانه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان ره‌تیان كردووه‌ته‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وا هه‌ستیان كردووه‌ هاوپه‌یمانییه‌كه‌ هه‌ژموونیان سنووردار ده‌كات".

 

وتیشی: "له‌ڕێی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاوه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین ده‌سه‌ڵات‌و هه‌ژموون بۆ دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان بگێڕینه‌وه‌‌و له‌ده‌ستی پارێزگاردا قه‌تیس نه‌كرێن له‌پێناو هێنانه‌دی حه‌ق‌و دادپه‌روه‌ریدا، له‌بری ئه‌وه‌ی چاره‌نووسی گواستنه‌وه‌ی مامۆستایه‌ك له‌ خوێندنگه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ خوێندنگه‌یه‌كی دیكه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی پارێزگاردا بێت كه‌ ئه‌وه‌ش مه‌عقول نییه‌".

 

ئه‌م ململانێیه‌ دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ به‌پێی یاسای ژماری (21)ی ساڵی 2008 به‌رپرسیارێتی هه‌شت وه‌زاره‌ت درایه‌ ئه‌و پارێزگایانه‌ی له‌ هه‌رێمێكدا رێكنه‌خراون ئه‌و هه‌نگاوه‌ش ده‌سه‌ڵات ده‌داته‌ پارێزگاره‌كان كه‌ ده‌سه‌ڵاتی وه‌زیره‌كان به‌كاربهێنن، له‌هه‌مان كاتیشدا ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به‌رپرسیارێتی بگێڕنه‌وه‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كان‌و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.

 

حه‌یده‌ر مه‌ولا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی قانون ده‌ڵێت: "چوونی ره‌وتی ئه‌حرار بۆ نێو هاوپه‌یمانییه‌كه‌ له‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌ی ده‌ریده‌كات، چونكه‌ ئێمه‌ به‌پێی تێڕوانینی حكومه‌تێك كه‌ حوكم ده‌كات‌و ئۆپۆزسیۆنێك كه‌ چاودێری ده‌كات‌و هه‌ڵه‌كان دیاری ده‌كات‌و رێچكه‌كه‌ رێكده‌كاته‌وه‌، هه‌نگاو ده‌نێین‌و هاوپه‌یمانیی سیاسی میسانیش ئه‌وه‌ په‌یڕه‌و ده‌كات".

 

جیاوازی ئه‌ركه‌كان‌و بوونی پۆسته‌ ئه‌منیه‌ جیاجیاكان واقیعی ئه‌منی له‌رزۆك كردووه‌ له‌گه‌ڵ بوونی پێشێلكاری ئه‌منی ئاشكرا‌و سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی عه‌شایری به‌رده‌وام، هه‌روه‌ها ئاڵنگاری دیكه‌ش هه‌ن كه‌ هه‌موویان هۆكاربوون بۆ پێكهێنانی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌.

 

ئه‌ركان به‌نداوی ئه‌مینداری حزبی فه‌زیله‌ له‌ میسان‌و ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی میسان دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ "ئامانجی پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ به‌ره‌وپێشبردنی واقیعی ئه‌منی‌و خزمه‌تگوزاری پارێزگاكه‌‌و جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ لایه‌نی ئه‌منییه‌ كه‌ به‌ گرنگترین لایه‌ن داده‌نرێت له‌ پارێزگایه‌كی سنووریدا‌و خواستی خه‌ڵكی میسان به‌دیده‌هێنێت بۆ درێژه‌دان به‌ چاكسازی له‌و گرفتانه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا ده‌ستنیشان كراون".

 

وتیشی "دیارترین ئه‌و لایه‌نانه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كه‌یان پێكهێناوه‌ بریتین له‌ حزبی فه‌زیله‌‌و رێكخراوی به‌در‌و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی‌و حزبی ده‌عوه‌ به‌هه‌موو پێكهاته‌كانیه‌وه‌ جگه‌ له‌ عه‌سائیب‌و ئه‌وفیا‌و رێكخراوی كاری ئیسلامی، ئه‌وه‌ش دووپات كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌رگا كراوه‌یه‌ بۆ هه‌مووان تا بێنه‌ ناو هاوپه‌یمانییه‌كه‌وه‌، چونكه‌ تایبه‌ت نییه‌ به‌ ته‌نیا لایه‌نێك".

 

له‌و بڕیارانه‌ش كه‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی سیاسی میسانه‌وه‌ دراون، داخستنی ده‌روازه‌ی سنووری شیب بۆ ماوه‌ی 10 رۆژ‌و ده‌ركردنی رێنمایی بۆ گوڕینی به‌رپرسانی، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی كاروباری ده‌روازه‌كه‌ چه‌ند سه‌ودانامه‌یه‌كی گه‌نده‌ڵی لێ ده‌ركه‌وت كه‌ ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌باره‌وه‌ ده‌كرێت به‌بێ گه‌یشتن به‌ هیچ ئه‌نجامێك.

 

عه‌باس سه‌ید سروت ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی میسان ده‌ڵێت: "هاوپه‌یمانییه‌كه‌ پشتیوانی داخستنی ده‌روازه‌ی سنووری شیبی كرد دوای ململانێ سیاسی‌و عه‌شایرییه‌كان بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ده‌روازه‌كه‌، گه‌نده‌ڵییه‌كی دارایی گه‌وره‌ش هه‌یه‌ كه‌ سامانی عێراقی داچۆڕاندووه‌ له‌ڕێی سه‌ودانامه‌ گوماناوییه‌كان‌و رێگه‌دان به‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ی كاڵا به‌ڕێگه‌ی نایاسایی". 

 

هاوپه‌یمانییه‌كه‌ تاكه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ له‌ میسان بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانییه‌كی سیاسی كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ جیاوازه‌كان له‌ژێر یه‌ك ناودا كۆبكاته‌وه‌‌و داوای چاكسازی‌و گۆڕینی رێچكه‌ی جۆڵانه‌وه‌ی سیاسی بكات به‌ ئاڕاسته‌ دروسته‌كه‌یدا.

 

كه‌ریم محه‌مه‌داوی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی میسان ده‌ڵێت: "ئێمه‌ پشتیوانی هه‌موو بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌كه‌ین‌و پاڵپشتی ئه‌و بۆچوونه‌ش ده‌بین هه‌روه‌ك له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر زیاده‌ڕه‌وییه‌ك ده‌رهه‌ق به‌ رێڕه‌وی دیموكراسی ده‌وه‌ستینه‌وه‌ كه‌ پێشتریش هه‌ڵوێستی خۆمان له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ندێك پێشێلكاری ئه‌منی‌و ئابووری‌و قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن هه‌ندێك به‌رپرسه‌وه‌ ده‌ربڕیوه‌".

 

ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ سه‌ره‌ڕای یه‌كڕیزییه‌كه‌ی له‌ناو پارێزگاكه‌دا، به‌ڵام به‌دوور ده‌زانرێت له‌ هه‌ڵبژاردنی ناوخۆیی داهاتوودا یه‌ك كوتله‌ی سیاسی پێكبهێنێت، چونكه‌ حزبه‌كان‌و ئه‌ندامه‌كانی دوای بڕیاری حزبه‌كانیان ده‌كه‌ون له‌ به‌غدا كه‌ هێشتا هاوپه‌یمانی نێوان كوتله‌كان له‌و پارێزگایه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی كۆتایی روون نه‌بۆته‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌