راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

بڕگه‌كانی ناڕوونن
عێراق له‌هه‌وڵی هه‌مواركردنی رێككه‌وتنه‌ ستراتیژیه‌كه‌یدایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا

عێراق له‌هه‌وڵدایه‌ بۆ هه‌مواركردنی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ستراتیژیه‌ی نۆ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ ئەمەریکا ئیمزاكراوه‌، ئه‌ویش به‌ئاڕاسته‌ی هاوكارییه‌كی ئه‌منی‌و سیاسی‌و ئه‌كادیمی گه‌وره‌تر‌و پابه‌ندكه‌ر بۆ واشنتۆن.
25.05.2017  |  به‌غدا
Members of the Iraqi forces watch Donald Trump giving a speech after he won the US president elections in the village of Arbid on the southern outskirts of Mosul on November 9, 2016, as they rest in a house during the ongoing military operation to retake Mosul from the Islamic State (IS) group. Iraqi Prime Minister Haider al-Abadi congratulated Donald Trump on his election as president and said he hoped for continued US and international support in the war against jihadists. / AFP / AHMAD AL-RUBAYE        (Photo credit should read AHMAD AL-RUBAYE/AFP/Getty Images) ( :وێنه AHMAD AL-RUBAYE)
Members of the Iraqi forces watch Donald Trump giving a speech after he won the US president elections in the village of Arbid on the southern outskirts of Mosul on November 9, 2016, as they rest in a house during the ongoing military operation to retake Mosul from the Islamic State (IS) group. Iraqi Prime Minister Haider al-Abadi congratulated Donald Trump on his election as president and said he hoped for continued US and international support in the war against jihadists. / AFP / AHMAD AL-RUBAYE (Photo credit should read AHMAD AL-RUBAYE/AFP/Getty Images) ( :وێنه AHMAD AL-RUBAYE)

دوای رۆژێك له‌ هێرشی به‌رفراوانی "داعش" بۆ سه‌ر عێراق له‌ 10ی حوزه‌یرانی 2014دا، نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو نامه‌یه‌كی به‌ په‌له‌ی بۆ باراك ئۆباما سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مریكا نارد‌و داوای یارمه‌تی به‌ په‌له‌ی كرد، به‌ڵام كۆشكی سپی داواكاریه‌كه‌ی عێراقی ره‌تكرده‌وه‌، چونكه‌ له‌ سیاسه‌ته‌كانی مالیكی توڕه‌بوو، هاوكات چه‌ك‌و راوێژكارانی ئێرانی گه‌یشتنه‌جێ بۆ داپۆشینی هه‌ره‌سی سوپای عێراق.

 

له‌ حه‌وتی ئابیشدا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بڕیاریدا یارمه‌تی عێراق بدات له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی "داعش" كه‌ گه‌یشتبووه‌ ده‌وروبه‌ری به‌غدا‌و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ره‌كی وڵات دروست كردبوو، یارمه‌تیه‌كه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات كه‌ حزبه‌ عێراقییه‌كان حه‌یده‌ر عه‌بادی میانڕه‌ویان له‌شوێنی مالیكی به‌ سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵبژارد ئه‌ویش له‌ هه‌نگاوێكدا به‌ ئاڕاسته‌ی كۆتاییهێنان به‌ سیاسه‌ته‌كانی حكومه‌تی پێشوو.

 

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هاوپه‌یمانیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی پێكهێنا كه‌ بیست ده‌وڵه‌تی له‌خۆگرتبوو، له‌سێ ساڵی رابردووشدا رۆڵی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ ته‌نیا ئه‌نجامدانی هێرشی ئاسمانی‌و مه‌شقپێكردنی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق بوو، به‌ڵام له‌ شوباتی رابردوودا بڕیاری دا هێزی وشكانیش بنێرێته‌ شه‌ڕی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌دژی توندڕه‌وه‌كان له‌ موسڵی پایته‌ختی "داعش"، ئێستاش سوپای عێراق چه‌ند مه‌ترێك له‌و مزگه‌وته‌وه‌ دووره‌ كه‌ ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی خه‌لافه‌ته‌ ئیسلامی لێوه‌ راگه‌یاند‌و خۆی كرده‌ خه‌لیفه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی.

 

گرووپه‌ شیعه‌كان هه‌وڵیان دا ناوی "هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی" بزڕێنن‌و له‌ بایه‌خی كه‌م بكه‌نه‌وه‌ ئه‌ویش به‌ تۆمه‌تباركردنی فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا به‌ پشتیوانیكردنی توندڕه‌وان به‌ چه‌ك له‌ڕێی په‌ڕه‌شوته‌وه‌‌و ئاراسته‌كردنی بۆردومانه‌ ئاسمانیه‌كان له‌دژی جه‌نگاوه‌رانی "حه‌شدی شه‌عبی".

 

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی "داعش" له‌ كۆتاییه‌كه‌ی كه‌ ئێستا هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی كه‌می موسڵ گه‌مارۆی تونده‌ڕه‌وانیان داوه‌، حكومه‌ته‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران هه‌وڵ ده‌دات پارێزگاری له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كان بكات‌و ئه‌وه‌ش مسۆگه‌ر بكات كه‌ ئه‌زموونه‌ سه‌خته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ "داعش"‌و پێش ئه‌ویش "قاعیده‌" دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌ له‌ڕێی هه‌مواركردنی رێككه‌وتنی ستراتیژی ئیمزاكراوی نێوان هه‌ردوو وڵات له‌ ساڵی 2008.

 

له‌ كۆتایی ساڵی رابردووشه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بیرۆكه‌ی هه‌مواركردنی رێككه‌وتنی ستراتیژی په‌سه‌ند كرد‌و پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی باڵای رایگه‌یاند كه‌ چه‌ند وه‌زاره‌تێكی ئه‌منی‌و خزمه‌تگوزاری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌خۆگرتووه‌ به‌مه‌به‌ستی پێداچوونه‌وی‌  بڕگه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌، هه‌روه‌ك ئیبراهیم جه‌عفه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ش له‌میانی دیداری له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌مریكا خواستی عێراقی بۆ هه‌مواركردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌ربڕی، كه‌واته‌ ئایا واشنتۆن به‌و داوایه‌ رازی بووه‌؟

 

عه‌باس به‌یاتی ئه‌ندامی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق كه‌ نزیكه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیران بۆ "نیقاش"ی ئاشكرا كرد كه‌ "ئیداره‌ی سه‌رۆك تره‌مپ ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر كاراكردنی رێككه‌وتنی ستراتیژی ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان".

 

عه‌بادی له‌ 20ی ئازاری رابردوو سه‌ردانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی كرد‌و سه‌رۆك تره‌مپ له‌ كۆشكی سپی به‌گه‌رمی پێشوازی لێكرد‌و وه‌فدی عێراق له‌وی چه‌ند دیدارێكی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ به‌رپرسانی ئیداره‌ی ئه‌مریكا‌و كۆنگرێس ئه‌نجام دا كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ پشتیوانیكردنی عێراق له‌ڕووی سه‌ربازی‌و ئابووریه‌وه‌ له‌ قۆناغی دوای "داعش"دا.

 

به‌یاتی وتیشی: "عێراق ده‌ستبه‌رداری هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان نابێت، بۆیه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی داهاتوو په‌یوه‌ست ده‌بن به‌ به‌هێزكردنی رێككه‌وتنی ستراتیژی كه‌ نۆ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌ نێوان هه‌ردوولا ئیمزا كراوه‌‌و لایه‌نی سیاسی‌و ئه‌منی‌و سه‌ربازی‌و خوێندن‌و ئابووریش ده‌گرێته‌وه‌".

 

حكومه‌تی عێراق هه‌وڵ ده‌دات له‌ڕێی مه‌شقپێكردن‌و پڕچه‌ككرنه‌وه‌ سوپاكه‌ی به‌هێز بكات بۆ رێگرتن له‌ له‌دایكبوونی رێكخراوێكی تیرۆریستی نوێ له‌دوای "داعش"، به‌ڵام به‌وته‌ی به‌یاتی "ئه‌وه‌ مانای ناردنی هێزی وشكانی ئه‌مریكا نیه‌، به‌ڵكو بۆ پشتیوانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراقه‌ تا بتوانن له‌ ئاینده‌دا رێ له‌ هه‌ڕه‌شه‌كان بگرن".

 

سیاسیه‌كانی عێراق به‌رپرسیارێتی داگیركردنی سێیه‌كی خاكی عێراق له‌لایه‌ن "داعش"وه‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پشتیوانی به‌ په‌له‌ی سه‌ربازی پێشكه‌ش به‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق نه‌كرد، هه‌ندێكیشیان داوایان كردووه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه‌ له‌وانه‌ش ژنه‌ په‌رله‌مانتار عالیه‌ نوسه‌یف له‌ "هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی قانون" به‌ سه‌ركردایه‌تی مالیكی كه‌ تویه‌تی: "هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ باشتره‌، چونكه‌ عێراق هیچ سوودێكی لێ نه‌بینیوه‌، به‌ڵكو بووه‌ته‌ بارێكی گران به‌سه‌ر شانیه‌وه‌".

 

هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی مالیكی‌و له‌گه‌ڵیشدا گرووپه‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران ده‌ستیانكردووه‌ به‌ ره‌خنه‌گرتنی توند له‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق‌و عه‌بادی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن كه‌ رێككه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ واشنتۆن ئیمزا كردووه‌ بۆ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا، ته‌نانه‌ت به‌توندی ره‌خنه‌شیان له‌و سه‌ودانامه‌یه‌ گرت كه‌ له‌ نێوان حكومه‌ت‌و كۆمپانیایه‌كی ئه‌منی ئه‌مریكادا ئه‌نجام دراوه‌ بۆ پاراستنی رێگای نێوان عێراق‌و ئوردن كه‌ به‌ ئه‌نباردا تێپه‌ڕ ده‌بێت‌و به‌ داگیركارییه‌كی نوێیان له‌قه‌ڵه‌م دا.

 

به‌پرسێكی پایه‌به‌رز له‌ حكومه‌تی عێراق كه‌ داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت به‌ "نیقاش"ی وت: "به‌ڕاشكاوی ئه‌گه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ كاتی گونجاودا یارمه‌تی عێراقی بدایه‌ له‌دژی "داعش" ئه‌وا هه‌ژموونی گرووپه‌ شیعه‌ چه‌كداره‌كان له‌ سێ ساڵی رابردوودا زیاد نه‌ده‌بوو كه‌ هه‌ندێكیان له‌وانه‌ی نزیكن له‌ ئێران له‌ بڕیاره‌كانی حكومه‌ت هه‌ڵده‌گه‌ڕێنه‌وه‌".

 

هه‌روه‌ها وتی: "هه‌ڵمه‌تێكی راگه‌یاندنی به‌رفراوان هه‌یه‌ كار بۆ ناوزڕاندنی سوپا‌و پۆلیس ده‌كات‌و هه‌وڵ ده‌دات گرووپه‌ شیعه‌كان وا بناسێنێت كه‌ جێگره‌وه‌ی گونجاون بۆ پاراستنی ئاسایش له‌ وڵاتدا له‌دوای كۆتاییهاتنی داعش، هاوكات حكومه‌ت‌و عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن سوپا به‌هێزبێت‌و گرووپه‌ شیعه‌كان بخرێنه‌ نێو هێزه‌كانی سوپا‌و پۆلیسی ره‌سمی له‌بری مانه‌وه‌یان وه‌ك هێزی ئه‌منی سه‌ربه‌خۆ".

 

ئه‌و به‌رپرسه‌ دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌"حكومه‌تی عێراق‌و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رده‌وامن له‌ به‌هێزكردنی سوپای عێراق له‌ڕێی چه‌ند لێكگه‌یشتنێكه‌وه‌ كه‌ چه‌ندین ساڵ درێژه‌ ده‌كێشن له‌ڕێی پڕچه‌ككردن‌و مه‌شقپێكردنه‌وه‌، له‌دوای له‌ناوبردنی داعشیش شه‌ڕێكی سه‌خت له‌دژی حكومه‌ت دێته‌ئاراوه‌، چونكه‌ هێزه‌ سیاسیه‌كان ئه‌و كاره‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌".

 

رێككه‌وتنی ستراتیژی كه‌ حكومه‌تی عێراق له‌ تشرینی دووه‌می ساڵی 2008دا له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئیمزای كردووه‌ ئه‌وه‌ی تێدا هاتووه‌ كه‌ ئه‌مریكا یارمه‌تی عێراق بدات له‌دژی هه‌ر مه‌ترسیه‌كی ئه‌منی‌و هه‌ردوو وڵاتیش هاوكاری یه‌كتر بكه‌ن له‌ بواره‌كانی ئه‌منی‌و سیاسی‌و دیپلۆماسی‌و كه‌لتوری‌و ئابووری‌و ته‌ندروستی‌و ژینگه‌‌و ته‌كنۆلۆجیا‌و په‌یوه‌ندیه‌كان‌و داده‌وه‌ری، چه‌ند لیژنه‌یه‌كیش بۆ جێبه‌جێكردنی پێكهێنراوه‌.

 

له‌ڕووی هاوكاری ئه‌منی‌و به‌رگریه‌وه‌ له‌به‌شی سێیه‌می رێككه‌وتنه‌كه‌دا ده‌سته‌واژه‌یه‌كی روون هاتووه‌ كه‌ ده‌ڵێت: "له‌پێناو پته‌وكردنی ئاسایش‌و سه‌قامگیری له‌ عێراق‌و یارمه‌تیدان له‌ پاراستنی ئاشتی‌و سه‌قامگیری نێوده‌وڵه‌تی‌و پته‌وكردنی توانای كۆماری عێراق له‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ده‌كرێنه‌ سه‌ر سه‌روه‌ریه‌كه‌ی‌و ئاسایش‌و سه‌لامه‌تی خاكه‌كه‌ی، هه‌ردوولا به‌رده‌وام ده‌بن له‌ كاركردن بۆ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندی پته‌وی هاوكاری له‌نێوانیاندا سه‌باره‌ت به‌ رێوشوێنه‌كانی به‌رگری‌و ئه‌منی به‌بێ فه‌رامۆشكردنی سه‌روه‌ری عێراق له‌سه‌ر خاك‌و ئاو‌و ئاسمانی خۆیدا".

 

به‌ڵام پسپۆر‌و شرۆڤه‌كاران ده‌ڵێن شێوازی دارٍشتنی رێككه‌وتنه‌كه‌ بڕگه‌ی پابه‌ندكه‌ر بۆ هه‌ردوولا له‌خۆناگرێت، به‌ڵكو ده‌سته‌واژه‌كانی ناڕوونن، له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ حكومه‌تی عێراق هه‌وڵ ده‌دات رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌موار بكات تا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پابه‌ند بكات به‌ پشتیوانیكردنی وڵاته‌كه‌ له‌دژی هه‌ر مه‌ترسیه‌ك له‌ ئاینده‌دا.

 

ئه‌حمه‌د روبه‌یعی پسپۆر له‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تی به‌ "نیقاش"ی وت: "رێككه‌وتنه‌كه‌ بڕگه‌ی پابه‌ندكه‌ری بۆ لایه‌نه‌كانی تێدا نییه‌، هه‌روه‌ك قه‌باره‌‌و چۆنێتی پشتیوانی ئه‌مریكا بۆ عێراق له‌ كاروباری ئه‌منیدا له‌خۆناگرێت، ئه‌وه‌ی تێیدایه‌ ته‌نیا چه‌ند وشه‌یه‌كی پشتیوانی‌و پاڵپشتیه‌ بۆ عێراق به‌بێ ئه‌وه‌ی قه‌باره‌ی ئه‌و پاڵپشتیه‌ روونكرابێته‌وه‌".

 

به‌گوته‌ی روبه‌یعی هه‌ر لایه‌نێكی رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌توانێت پابه‌ندی هه‌ر بڕگه‌یه‌كی نه‌بێت به‌بێ ئه‌وه‌ی لێكه‌وته‌ی یاسای هه‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ بڕگه‌یه‌كی سزایی بۆ هیچ لایه‌نێك له‌خۆناگرێت كه‌ پێوه‌ی پابه‌ند نه‌بێت.

 

دێڤید ساته‌رفیڵد به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی كارگێڕی له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراق له‌ یه‌كێك له‌ دانیشتنه‌كانی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پیران له‌ ساڵی 2008دا به‌ لیژنه‌كه‌ی راگه‌یاند كه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ عێراق پابه‌ندكه‌ر نیه‌‌و ئه‌مریكا ناچار ناكات جێبه‌جێی بكات، چونكه‌ هه‌ر لایه‌نێك ده‌توانێت له‌ هه‌ر كاتێكدا بێت هه‌ڵیبوه‌شێنێته‌وه‌.  

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌