راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ ده‌یانخاته‌ ئینزاره‌وه‌
چه‌په‌كان ترسیان له‌ئاینده‌ی‌ سیستمی‌ عه‌لمانی‌ هه‌یه‌

هه‌ستیار قادر
هێزه‌ چه‌په‌كانی‌ كوردستان به‌هۆی‌ لێك نزیكبوونه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ ترسیان له‌ئاینده‌ی‌ سیسته‌می‌ عه‌لمانی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام خۆیشیان ناتوانن به‌ره‌یه‌ك پێكبهێنن.
11.05.2017  |  هه‌ولێر
سەرکردەی هێزە ئیسلامییەکان
سەرکردەی هێزە ئیسلامییەکان

په‌سه‌ندكردنی‌ نه‌خشه‌ڕێگای‌ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ سێ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ نیساندا هێزه‌ چه‌په‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ خستۆته‌ باری‌ نائاساییه‌وه‌، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ی‌ ركه‌به‌ره‌ ئایدۆلۆژییه‌كه‌یان به‌مه‌ترسی ده‌زانن بۆ سه‌ریان، به‌ڵام ناتوانن هه‌نگاوی‌ هاوشێوه‌ بنێن بۆ دروستكردنی‌ یه‌كه‌م به‌ره‌ی‌ چه‌پ له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا.

 

به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌، به‌لای‌ چه‌په‌كانه‌وه‌ بیرۆكه‌ی‌ عه‌لمانی له‌هه‌رێمی‌ كوردستانیش ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ كه‌ باوه‌ڕیان پێیه‌تی‌ و بۆ ئه‌وه‌ش هاوكاریی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ش به‌گرنگ ده‌زانن كه‌ بڕوایان به‌حوكمی‌ عه‌لمانی‌ هه‌یه‌.

 

له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ رابردوو (نیسان) نوێنه‌ری‌ سێ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان (یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌، بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌) له‌سلێمانی‌ كۆبوونه‌وه‌و ئه‌و نه‌خشه‌ رێگایه‌یان په‌سه‌ند كرد كه‌ بۆ نزیكبونه‌وه‌یانه‌ ئاماده‌یان كردبوو به‌وه‌ش دوا مۆری‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ درا به‌په‌یماننامه‌ی‌ نزبكوونه‌وه‌یان تا ئاستی‌ دروستكردنی‌ به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌.

 

 ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان سێ هێزه‌ دیاره‌كه‌ی‌ ئیسلامی‌ سیاسی هه‌نگاو بنێن به‌ره‌و دروستكردنی‌ به‌ره‌یه‌ك كه‌ له‌كاری‌ هاوبه‌ش و یه‌ك لیستی‌ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا ئاستی‌ یه‌كگرتنیان.

 

 ئه‌وان كه‌ پێكه‌وه‌ له‌ئێستادا چوار یه‌كی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان پێكده‌هێنن هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو قه‌باره‌ی راسته‌قینه‌یان دیاریده‌كات ئه‌گه‌ر به‌یه‌ك لیست به‌شداری‌ بكه‌ن.

 

 ئه‌و نزیكبونه‌وه‌یه‌ مه‌ترسی ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ زیاتر كردووه‌ كه‌ له‌به‌ره‌ی‌ چه‌پن‌و بڕوایان به‌حوكمی‌ ئاینی‌ نییه‌و كار له‌سه‌ر سیستمی عه‌لمانی‌ ده‌كه‌ن بۆ دوورخستنه‌وه‌ی‌ ئاین له‌ ده‌سه‌ڵات.

 

دروستكردنی‌ به‌ره‌ی‌ چه‌پ به‌رامبه‌ر به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان كارێكی‌ ئاسان نابێت هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وان ئه‌زمونی‌ كاری‌ هاوبه‌شیان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌.

 

 موحسین كه‌ریم ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی سیاسی‌ حزبی كۆمۆنیستی‌ كرێكارانی‌ كوردستان پێیوایه‌ دروستكردنی‌ به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ مه‌ترسیه‌ له‌سه‌ر چه‌په‌كان، به‌ڵام وه‌ڵامی‌ پرسیاری‌ دروستكردنی‌ به‌ره‌ی‌ چه‌پی‌ له‌هه‌رێم پێ قورسه‌ به‌و پێیه‌ی‌ به‌وته‌ی‌ ئه‌و ناكۆكی‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ چه‌په‌كاندا هه‌یه‌و له‌سه‌ر زۆر پرسیش بۆچونیان جیاوازه‌.

 

 موحسین كه‌ریم به‌"نیقاش"ی‌ وت "وه‌ك لایه‌نه‌ چه‌په‌كان ناكۆكی‌‌و جیاوازییمان هه‌یه‌‌و ناشكرێت ئه‌و ناكۆكیانه‌ له‌رێگه‌ی‌ دروستكردنی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ چه‌په‌وه‌ بشارینه‌وه‌".

 

په‌یوه‌ندیان به‌پارته‌ به‌هێزه‌كان‌و شێوازی‌ حوكمڕانی‌و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ گه‌رمه‌كاندا، دیارترین ئه‌و خاڵانه‌ن كه‌ جێگه‌ی‌ ناكۆكین له‌نێوان لایه‌نه‌ چه‌په‌كاندا.

 

دیارترین هێزه‌ چه‌په‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ئێستادا هه‌ریه‌ك له‌حزبی شیوعی كوردستان‌و حزبی كۆمۆنیستی‌ كرێكاران‌و حزبی زه‌حمه‌تكێشانن كه‌ كاری‌ هاوبه‌شیان هه‌یه‌و له‌دواین هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیشدا لیستی‌ (ئازادیی)یان دروستكرد‌و ته‌نها یه‌ك كورسییان به‌ده‌ستهێنا له‌كۆی‌ (111) كورسی‌.

 

نزیكبوونه‌وه‌ی‌ چه‌په‌كان له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا له‌هاوپه‌یمانێتی‌ هه‌ڵبژاردن‌و دروستكردنی‌ لیژنه‌ی‌ كاری‌ هاوبه‌ش تێپه‌ڕیی نه‌كردووه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ئێستادا له‌ئه‌گه‌ری‌ نه‌ماندایه‌.

 

هیوا سه‌ید سه‌لیم ئه‌ندامی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ حزبی زه‌حمه‌تكێشانی‌ كوردستان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌بوو  به‌ر له‌دروستكردنی‌ به‌ره‌ی‌ ئیسلامیش له‌هه‌رێمی‌ كوردستان، هێزه‌ چه‌په‌كان به‌به‌رپرسیارێته‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌ بكردایه‌ كه‌ به‌وته‌ی‌ ناوبراو به‌وشێوه‌یه‌ نه‌بوون‌و ئێستاشدا په‌رته‌وازه‌ن.

 

هیوا سه‌ید سه‌لیم به‌"نیقاش"ی‌ وت "كاتێك له‌ساڵی‌ 1992دا چه‌په‌كان لیژنه‌ی‌ كاری‌ هاوبه‌شیان ئه‌نجامداوه‌ به‌شێك له‌و هێزه‌ ئیسلامیه‌كانی‌ ئێستا بونیان نه‌بووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌ره‌یه‌ چه‌په‌كانیش بیرێك له‌باری‌ خۆیان بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و به‌ره‌ ئیسلامییه‌ له‌سه‌ر حسابی‌ به‌ره‌ی‌ چه‌پ ده‌بێت".

 

هێزه‌ چه‌په‌كان له‌ماوه‌ی‌ چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا دیارترین كاریان دروستكردنی‌ ده‌سته‌ی‌ ناڕه‌زایی خه‌ڵكه‌ كه‌ كار له‌سه‌ر پێشڕه‌وی‌ خۆشاندانه‌كان ده‌كه‌ن به‌تایبه‌ت له‌سنوری‌ سلێمانیدا.

 

هیوا سه‌ید سه‌لیم وتیشی‌ "كاتێك هه‌ڵبژاردن كۆتاییهات وه‌ك لایه‌نه‌ چه‌په‌كان كه‌ لیستی‌ ئازادیمان هه‌بوو نه‌مانتوانی‌ درێژه‌ به‌و كاره‌ بده‌ین هه‌موان چوینه‌ ماڵه‌وه‌و پشتیمان له‌كاره‌ هاوبه‌شه‌كه‌ كردو ململانێی‌ سیاسی‌‌و دابه‌شبه‌ندیه‌ حیزبه‌كانیش دابه‌شیان كردین".

 

مێژوی‌ هێزی‌ چه‌پ وه‌ك بنه‌مای‌ جه‌ماوه‌ریی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ساڵی‌ 1991 ه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد كاتێك له‌پاش راپه‌ڕین هێزی‌ شورا دامه‌زرێنرا كه‌ پشتیان به‌ئه‌زمونی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ راسته‌وخۆ ده‌به‌ست بۆ دیاریكردنی‌ نوێنه‌ری‌ خۆیان له‌شاره‌كاندا كه‌ زیاتر پێشڕه‌وی‌ ناره‌زاییه‌تییه‌كانی‌ خه‌ڵكیان ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ به‌هۆی‌ گوشاری‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌هێزه‌كانی‌ تره‌وه‌ رۆڵیان زوو كۆتاییهات.

 

عوسمان زیندانی‌ ئه‌ندامی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ حزبی شیوعی‌ كوردستان پێیوایه‌ دروستبوونی‌ به‌ره‌ له‌سه‌ر بنه‌مای‌ خاڵی‌ هاوبه‌ش له‌نێوان لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانیش بێت ئاساییه‌، به‌ڵام جه‌ختیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ كار له‌سه‌ر دروستكردنی‌ به‌ره‌ی‌ چه‌پ بكرێت به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ كاردانه‌وه‌ نه‌بێت بۆ دروستبوونی‌ به‌ره‌ ئیسلامییه‌كه‌.

 

عوسمان زیندانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌گه‌ر هێزه‌ چه‌په‌كان وه‌ك پێشوو كار بكه‌ن‌و ته‌نیا جاربه‌جار كاری‌ هاوبه‌شیان هه‌بێت كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ كه‌متر ده‌بێته‌وه‌و دروستكردنی‌ لیستی‌ هاوبه‌شیش بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ داهاتوو ئه‌گه‌رێكه‌ كه‌ روبدات".

 

 له‌ساڵی‌ 2014دا  هێزه‌ چه‌په‌كان سه‌نته‌ری‌ سكۆلاریزمیان دروستكرد بۆ كه‌مپه‌ین له‌دژی‌ نوسینه‌كه‌وه‌ی‌ ره‌شنوسی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئیسلام بوونی‌‌و بۆ به‌عه‌لمانی كردنیشی نزیكه‌ی‌ 100 هه‌زار ئیمزایان كۆكرده‌وه‌.

 

به‌ڵام دروستبوونی‌ به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان مه‌ترسی له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی‌ عه‌لمانیش دروستكردووه‌ كه‌ چه‌په‌كان هه‌نگاوی‌ بۆ ده‌نێن.

 

به‌ختیار مسته‌فا رێكخه‌ری‌ ناوه‌ندی‌ سكۆلار له‌كوردستان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ دروستبوونی‌ به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌ مه‌ترسی‌ ده‌بێت بۆ سه‌ر بیرۆكه‌ی‌ عه‌لمانی‌و نایانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ژێر سیستمێكی‌ ناعه‌لمانی‌، به‌ڵام به‌وته‌ی‌ ناوبراو ئه‌و خۆویستییه‌یه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌یانه‌ لایه‌نه‌ چه‌په‌كانیشی‌ بۆ دروستكردنی‌ به‌ره‌یه‌ك گرتۆته‌وه‌‌و "هه‌ر لایه‌نێك پێیوایه‌ خۆی‌ شایسته‌ی رابه‌رایه‌تیكردنی‌ ئه‌و به‌ره‌یه‌یه‌".

 

 به‌ختیار مسته‌فا به‌"نیقاش"ی‌ وت "پێویسته‌ چه‌په‌كان ئه‌و لایه‌نانه‌ش له‌گه‌ڵ خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ به‌ره‌یه‌كدا كه‌ بڕوایان به‌سیستمی‌ عه‌لمانی‌ هه‌یه‌".

 

له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا چه‌په‌كان نه‌یانتوانیوه‌ پشت به‌و هێزه‌ سیاسییانه‌ی‌ تر ببه‌ستن كه‌ له‌سه‌ر به‌ره‌ی‌ عه‌لمانی‌ حیسابن، به‌تایبه‌تی‌ هه‌ردوو پارتی‌ ده‌سه‌ڵاتدار (پارتی‌ دیموكرات‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌)، چونكه‌ چه‌په‌كان پێیان وایه‌ ئه‌و دوو هێزه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ كار بۆ رازیكردنی‌ دڵی‌ ئیسلامییه‌كان ده‌كه‌ن.

 

رێكخه‌ری‌ ناوه‌ندی‌ سكۆلار له‌كوردستان ده‌ڵێت "به‌داخه‌وه‌ له‌كاتی‌ تاوتوێی‌ پرۆژه‌ی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیشدا  له‌په‌رله‌مان هه‌ندێك له‌و لایه‌نانه‌ی‌ خۆیان به‌عه‌لمانی‌ ناساندووه‌ لایه‌نگری‌ ئه‌و سیستمه‌یان نه‌ده‌كردو له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئیسلامییه‌كاندا مامه‌ڵه‌یان به‌عه‌لمانیه‌ته‌وه‌ ده‌كرد".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌