راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ململانێ‌و به‌رژه‌وه‌ندی‌و ئامانجی دژبه‌یه‌ك
داعش په‌رتبوونی‌ سوننه‌كانی عێراقی قووڵكردۆته‌وه‌

موسته‌فا حه‌بیب
ده‌بوو هێرشی داعش ده‌رفه‌تێكی گونجاو بێت بۆ یه‌كخستنی هێزه‌ سیاسیه‌ به‌شه‌ڕهاتووه‌كانی سوننه‌، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌، جیاوازیه‌كان له‌رابردوو توندتر بوونه‌ته‌وه‌.
4.05.2017  |  به‌غدا
کۆنگرەی رۆژنامەنووسی نوجێفی
کۆنگرەی رۆژنامەنووسی نوجێفی

یه‌كشه‌ممه‌ی رابردوو په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگیدا بۆ بڕیارێك كه‌ داواده‌كات به‌شداریكردن له‌كۆنفرانسه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌بێ ره‌زامه‌ندی ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق له‌سیاسیه‌ عێراقیه‌كان قه‌ده‌غه‌ بكرێت، ئه‌وه‌ش نموونه‌یه‌كی زیندووه‌ بۆ قووڵی دابه‌شبوونی سیاسی سوننه‌ بۆ دوو به‌ره‌ كه‌ له‌ركابه‌ریدان بۆ حوكمكردنی ئه‌و پارێزگا سوننه‌نشینانه‌ی تازه‌ له‌داگیركاری داعش هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

 

له‌ڕاستیدا بڕیاره‌كه‌ ئاڕاسته‌ی سیاسه‌تمه‌داره‌كانی سوننه‌ كراوه‌‌و له‌ئه‌نجامی به‌ستنی دوو كۆنگره‌ی هێزه‌ سوننه‌كانی عێراقدا هات كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌ پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی‌و به‌ ئامانجی یه‌كخستنی حزبه‌ سوننه‌كان رێكخرابوون، یه‌كه‌میان له‌ جنێڤ له‌ شوباتی رابردوودا به‌سترا‌و دووه‌میش له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌ ئازاری رابردوودا، به‌ڵام هه‌ردوو كۆنفرانسه‌كه‌ ناكۆكیه‌كانی سوننه‌یان قووڵ كرده‌وه‌‌و ئه‌و یه‌كتر تۆمه‌تباركردنه‌شیان ئاشكرا كرد كه‌ سه‌باره‌ت به‌ خیانه‌ت‌و كاركردن بۆ دابه‌شكردنی وڵات ئاڕاسته‌ی یه‌كتری ده‌كه‌ن.

 

بڕیاره‌ نوێیه‌كه‌ ململانێی نێوان هه‌ردوو ركابه‌ره‌ دژبه‌یه‌كه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات كه‌ یه‌كه‌میان سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و نوێنه‌ری حزبی ئیسلامیه‌، دووه‌میشیان ئوسامه‌ نوجێفی سه‌رۆكی فراكسیۆنی "موته‌حیدون لیلئیسڵاح"ه‌، ئه‌ویش له‌ سیناریۆیه‌كی هاوشێوه‌ی له‌كارلابردنی خالید عوبه‌یدی وه‌زیری به‌رگری نزیك له‌ نوجێفی به‌گوشاری جبوری، بڕیاره‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ش هه‌ر به‌ پشتیوانی جبوری بووه‌ له‌دژی نوجێفی ركابه‌ری.

 

دیارده‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیه‌ سیاسیه‌كان یه‌كێكه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی داگیركاری شاره‌ عێراقییه‌كان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌‌و حزبه‌كانی شیعه‌‌و كوردیشی گرتۆته‌وه‌، به‌ڵام له‌نێو حزبه‌كانی سوننه‌دا توندتره‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاره‌كانیان گه‌وره‌ترین پشكیان له‌ وێرانكاری به‌ركه‌وتووه‌‌و هاوپه‌یمانی نامه‌دروسی لێ هاتووه‌ته‌به‌رهه‌م كه‌ هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ شیعه‌‌و هه‌ندێكی دیكه‌شیان له‌گه‌ڵ كورد‌و به‌ره‌ی سێیه‌میش پشت به‌ پشتیوانی ده‌ره‌كی ده‌به‌ستێت.

 

"حزبی ئیسلامی" عێراقی به‌ سه‌ركردایه‌تی سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و هاوپه‌یمانی "موته‌حیدون" به‌ سه‌ركردایه‌تی ئوسامه‌ نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆمار‌و به‌ره‌ی "دیالۆگی نیشتمانی" به‌ سه‌ركردایه‌تی ساڵح موتڵه‌گ‌و بزووتنه‌وه‌ی "حه‌ل" به‌ سه‌ركردایه‌تی جه‌مال كه‌ربولی‌و حزبی "وه‌ته‌نیه‌" به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌یاد عه‌لاوی جێگری سه‌رۆك كۆمار، نوێنه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سوننه‌ن له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا، به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌كانیان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ دوژمنی یه‌كترن نه‌ك هاوپه‌یمان.

 

"حزبی ئیسلامی" له‌ ململانێدایه‌ له‌گه‌ڵ "موته‌حیدون" له‌سه‌ر هه‌ژموونی سیاسی له‌ موسڵ، حزبی "وه‌ته‌نیه‌"‌و بزووتنه‌وه‌ی "حه‌ل" له‌ ململانێدان له‌گه‌ڵ "حزبی ئیسلامی" له‌سه‌ر ئه‌نبار، هاوكات به‌ره‌ی "دیالۆگی نیشتمانی"‌و "حزبی ئیسلامی" له‌دژی حزبی "وه‌ته‌نیه‌" له‌ ململانێدان له‌سه‌ر سه‌ڵاحه‌دین.

 

سێ به‌ره‌ی دژبه‌یه‌ك

سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان (یه‌كێكه‌ له‌ رووكاره‌كانی حزبی ئیسلامی لقی ئیخوان موسلمین له‌ عێراق) رێبه‌رایه‌تی هاوپه‌یمانیه‌كی به‌رفراوانی سوننه‌ ده‌كات كه‌ توانیویه‌تی ئه‌و شكۆیه‌ بۆ حزبه‌كه‌ بگێڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردووی په‌رله‌ماندا له‌ 2014 له‌ده‌ستی دابوو له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵكشانی ئوسامه‌ نوجێفی ركابه‌ریدا، هاوپه‌یمانیه‌كه‌ی جبوریش هێزی خۆی له‌ نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ حزبه‌ شیعه‌كان وه‌رده‌گرێت به‌دیاریكراویش له‌گه‌ڵ نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو له‌دژی هێزه‌ سوننه‌كانی دیكه‌.

 

هه‌رچی به‌ره‌ی دووه‌میشه‌ ئه‌وا هه‌ریه‌ك له‌ ئوسامه‌ نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی "موته‌حیدون لیلئیسڵاح" له‌گه‌ڵ خاوه‌ن كار خه‌میس خه‌نجه‌ر كه‌ به‌ به‌هێزی هاتووه‌ته‌ سه‌ر شانۆی سیاسی‌و پێشتر له‌ پشتی په‌رده‌وه‌ كاری ده‌كرد‌و یه‌كێك بوو له‌ دیارترین پشتیوانانی ئه‌یاد عه‌لاوی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتر كاتێك له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2010دا پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا، هه‌روه‌ها سیاسه‌تمه‌داری عه‌لمانی سوننه‌ ساڵح موتڵه‌گ سه‌رۆكی فراكسیۆنی "عه‌ره‌بیه‌"ش له‌خۆده‌گرێت.

 

به‌ره‌ی سێیه‌میش چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی سوننه‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ له‌ هاوپه‌یمانیه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سوننه‌ جیابوونه‌ته‌وه‌‌و هه‌ڵگرتنی هه‌ڵوێستی هێزه‌ سیاسیه‌كانی شیعه‌یان راگه‌یاندووه‌، دیارترینیشیان هه‌ردوو په‌رله‌مانتاری موسڵ ئه‌حمه‌د جبوری‌و عه‌بدولڕه‌حمان وه‌زیزی‌و په‌رله‌مانتاری ئه‌نبار سه‌عدون دلێمیه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ چه‌ند هێزێكی چه‌كداری عه‌شایری كه‌ به‌ پشتیوانی گرووپه‌ شیعه‌كان له‌ سه‌ڵاحه‌دین‌و موسڵ‌و ئه‌نبار دروست بوون.

 

هه‌روه‌ها ئه‌و به‌ره‌یه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌سته‌‌و كه‌سایه‌تی‌و پیاوی ئایینی سوننه‌‌و دامه‌زراوه‌ی "ئه‌لئیسلام ئه‌لموحه‌مه‌دی" له‌ شارۆچكه‌ی حه‌دیسه‌ له‌ ئه‌نبار‌و پیاوی ئایینی سه‌له‌فی مه‌هدی سمێده‌عی موفتی "ئه‌هلی سوننه‌‌و جه‌ماعه‌" له‌ عێراق‌و حه‌مید هایس سه‌رۆكی "ئه‌نجومه‌نی رزگاركردنی ئه‌نبار" له‌خۆده‌گرێت‌و ئه‌م پێكهاتانه‌ش هه‌وڵی به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ده‌ده‌ن.

 

ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی به‌ره‌ی سێیه‌م پێكه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌ نزیكییانه‌ له‌ حزبه‌ شیعه‌كان له‌چوارچێوه‌ی سیاسیه‌تێكی كۆن‌و نوێدا كه‌ نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو په‌یڕه‌وی كردووه‌‌و بۆ كه‌رتكردنی ریزی هێزه‌ سوننه‌كان له‌ڕێی راكێشانی چه‌ند لایه‌نێكی لاوازی سوننه‌ی سه‌ر به‌حكومه‌ت‌و ناساندنیان به‌ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ك نوێنه‌رانی هێزه‌ سوننه‌كانی عێراق.

 

ئه‌م هێزانه‌ی سوننه‌ پشتیوانی دارایی‌و مه‌عنه‌وی وه‌رده‌گرن له‌ڕێی پۆستی گرنگ‌و ده‌سه‌ڵاتی پێكهێنانی هێزی سه‌ربازی له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی"دا، بۆ نموونه‌ سمێده‌عی موفتی ئه‌هلی سوننه‌ كه‌ له‌ نێوه‌نده‌كانی سوننه‌دا دانی پێدا نانرێت، هێزێكی چه‌كداری هه‌یه‌ هه‌زاران شه‌ڕكه‌ر له‌خۆده‌گرێت.

 

چاره‌سه‌ری سیاسی‌و سیستمی حوكم

هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر "چاره‌سه‌ری نیشتمانی" كه‌ بڕیاره‌ سیاسه‌تی ناوخۆ وێنا بكات‌و شێوازی حوكمی وڵات‌و سیستمی هاوپه‌یمانیه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌ سوننه‌نشینه‌كان له‌ قۆناغی دوای له‌ناوبردنی داعش، دیارترین ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ن كه‌ خاڵكی ناكۆكی نێوان هه‌رسێ به‌ره‌كه‌ی سوننه‌ پێكده‌هێنن.

 

سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان پشتیوانی پرۆژه‌ی "چاره‌سه‌ری نیشتمانی" ده‌كات كه‌ عه‌ممار حه‌كیم سه‌ركرده‌ی "هاوپه‌یمانی شیعه‌" رایگه‌یاندووه‌ له‌به‌رامبه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و هه‌موارانه‌ی پێشكه‌ش به‌ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی له‌عێراقی كردووه‌ به‌وپێیه‌ی سه‌رپه‌رشتیاری پرۆژه‌كه‌یه‌.

 

به‌ڵام نوجێفی هه‌مواره‌كانی جبوری ره‌تكردۆته‌وه‌‌و له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ په‌یپه‌رێكی نوێی پێشكه‌ش كردووه‌ كه‌ چه‌ند داواكارییه‌ك له‌خۆده‌گرێت بۆ به‌شداریپێكردنی چه‌ند سیاسه‌تمه‌دارێكی سوننه‌ كه‌ حزبه‌ شیعه‌كان تۆمه‌تباریان ده‌كه‌ن به‌ تیرۆر له‌وانه‌ خه‌میس خه‌نجه‌ر‌و رافع عیساوی وه‌زیری پێشووتری دارایی‌و چه‌ند شێخێكی عه‌شیره‌ته‌كان، ئه‌م دابه‌شبوونه‌ش بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی دروستبوونی ئاسته‌نگ بۆ پرۆژه‌ی "چاره‌سه‌ری نیشتمانی".

 

په‌رله‌مانتار ئه‌حمه‌د مه‌شهه‌دانی له‌ "یه‌كێتی هێزه‌ عێراقیه‌كان (سوننه‌)" به‌ "نیقاش"ی وت: "ئه‌و پێشنیارانه‌ی هێزه‌ سوننه‌كان سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ری نیشتمانی پێشكه‌شیان كردووه‌ قابیلی دانوستانه‌ له‌گه‌ڵ كوتله‌ سیاسیه‌كانی دیكه‌، به‌ڵام گرنگترین دۆسێ كه‌ پێویسته‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكرێت یه‌ئامانجگرتنی كه‌سایه‌ته‌ سوننه‌كانه‌ له‌به‌ر هۆكاری سیاسی، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ كاروباره‌كان راست بكرێنه‌وه‌‌و دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌ڵستكاران بكرێت بۆ سه‌رخستنی پرۆژه‌كه‌".

 

به‌ڵام ناكۆكیه‌ جه‌وهه‌ریه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو به‌ره‌كه‌ له‌ تێڕوانینیاندایه‌ بۆ سیستمی حوكم‌و به‌ڕێوه‌بردنی پارێزگا سوننه‌نشینه‌كان له‌ ئاینده‌دا، چونكه‌ نوجێفی‌و خه‌نجه‌ر به‌توندی هه‌وڵ بۆ پێكهێنانی هه‌رێمێكی سوننه‌ ده‌ده‌ن كه‌ ئه‌نبار‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و نه‌ینه‌وا له‌خۆبگرێت به‌هه‌مان سیناریۆی هه‌رێمی كوردستان یاخود گۆڕینی ئه‌و پارێزگایانه‌ بۆ چه‌ند هه‌رێمێك وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ كۆتاییهێنان قه‌یرانی په‌راوێزخستنی سوننه‌ له‌ حوكمدا.

 

نوجێفی جێگری سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌ركرده‌ی هاوپه‌یمانی "موته‌حیدون لیلئیسڵاح" له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمیدا وتی: "هه‌رێمه‌كان كارێكی ده‌ستووریه‌‌و پشت به‌ نه‌ته‌وه‌ یان ئاین یان تایفه‌ نابه‌ستن، به‌ڵكو چاره‌سه‌رێكی ده‌ستووریه‌ كه‌ ده‌كرێت وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ بێت بۆ  پێداویستیه‌كانی هاووڵاتیان‌و كاركردن بۆ به‌هێزكردنی یه‌كپارچه‌یی وڵات‌و ئاینده‌ی".

 

هه‌رچی سه‌لیم جبوری‌و هاوپه‌یمانه‌كانیشیه‌تی ئه‌وا پێشنیاری هه‌رێمه‌كان ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌‌و پێیان باشه‌ شێوه‌ی ئیداره‌ی ئێستای پارێزگاكان بمێنێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێدانی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان، بۆ به‌دیهێنانی ئه‌وه‌ش باشترین رێگا خۆی له‌ نزیكبوونه‌وه‌ له‌ هێزه‌ شیعه‌كان ده‌بینێته‌وه‌ له‌بری دژایه‌تیكردنیان.

 

فره‌ مه‌رجه‌عی ئاینی

تا ساڵی 2014 ناكۆكی سوننه‌ له‌ سیاسه‌تدا چڕ ببوه‌وه‌، به‌ڵام به‌م دواییانه‌ له‌ پێشهاتێكی سه‌رنجڕاكێشدا كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ مه‌ینه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی سوننه‌، په‌لی كێشا بۆ مه‌رجه‌عه‌ ئاینیه‌كانی سوننه‌ حزبه‌ شیعه‌كانیش به‌شێك له‌ به‌رپرسیارێتی ئه‌و كێشه‌یه‌یان له‌ ئه‌ستۆدایه‌.

 

دامه‌زراوه‌ی "وه‌قفی سوننه‌" یه‌كێكه‌ له‌ دیارترین پۆسته‌ ئاینییه‌كان له‌ عێراق، له‌ ساڵی 2003 شه‌وه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ ئاینیانه‌ له‌و پۆسته‌دا بوون كه‌ له‌نێوان هێزه‌ سیاسیه‌كانی سوننه‌دا سازانیان له‌سه‌ر كراوه‌، تا ئه‌و كاته‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ ساڵی 2015دا بڕیاری دا یه‌كێك له‌ پیاوه‌ ئاینیه‌ جێمشتومڕه‌كان له‌ پۆستی وه‌قفی سوننه‌دا دابنێت، كه‌ ئه‌ویش عه‌بدولله‌تیف هومه‌یمه‌ كه‌ له‌دوای 2003وه‌ له‌ ئوردن ژیاوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تۆمه‌تبار بووه‌ به‌ نزیكی له‌ حوكمی سه‌دام حسێن سه‌رۆكی پێشوو.

 

هومه‌یم به‌ كه‌سایه‌تیه‌كی سوننه‌ داده‌نرێت كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هێزه‌ سیاسیه‌كانی سوننه‌وه‌ نیه‌، له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی پۆسته‌ نوێیه‌كه‌شیدا ده‌ستیكرد به‌ دامه‌زراندنی بنكه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری‌و خۆی وه‌ك كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی سوننه‌ ده‌ناسێنێت ئه‌ویش وه‌ك ئاماده‌كاریه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، به‌ڵام "حزبی ئیسلامی"‌و هێزه‌ سوننه‌كانی دیكه‌ ده‌ستیان كردووه‌ به‌ دژایه‌تیكردنی هومه‌یم‌و چه‌ند رۆژێكیشه‌ شه‌ڕێكی توندی راگه‌یاندن له‌نێوان هه‌ردوولادا له‌ئارادایه‌.

 

 

له‌پاڵ دامه‌زراوه‌ی "وه‌قفی سوننه‌"شدا، دامه‌زراوه‌ی "مه‌جمه‌عی فیقهی عێراقی" هه‌یه‌ كه‌ ئه‌حمه‌د حه‌سن ته‌های نزیك له‌ حزبی ئیسلامی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات‌و مزگه‌وتی ئه‌بو حه‌نیفه‌ی نوعمانی له‌ به‌غدا كردووه‌ته‌ باره‌گای خۆی، وه‌ك چۆن ده‌بێت پۆستی سه‌رۆكی "وه‌قفی شیعه‌" پشتیوانی مه‌رجه‌عه‌كانی شیعه‌ له‌ نه‌جه‌ف به‌ده‌ستبهێنێت، هه‌رواش پێویسته‌ پۆستی سه‌رۆكی وه‌قفی سوننه‌ پشتیوانی مه‌جمه‌عی فیقهی به‌ده‌ستبهێنێت، كه‌ ئه‌وه‌ش رووی نه‌داوه‌.

 

بێگومان دابه‌شبوونه‌كانی سوننه‌ له‌ قۆناغی دوای داعشدا مه‌ترسیدارن، شاره‌كانی ئه‌نبار‌و سه‌ڵاحه‌دین‌و نه‌ینه‌وا كه‌ تازه‌ له‌ وێرانكاریه‌كی گه‌وره‌‌و ده‌ربه‌ده‌ربوونی ملیۆنان كه‌س له‌ دانیشتووانه‌كه‌یان هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، پێویستیان به‌ یه‌كگرتوویی بڕیاری سوننه‌ هه‌یه‌ بۆ خێراكردنی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یان‌و تێپه‌ڕاندنی هه‌ڵه‌كانی رابردوو.

 

هه‌روه‌ك یه‌كگرتوویی هێزه‌ سوننه‌كان بۆ حزبه‌ شیعه‌كانیش به‌سوود ده‌بێت ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت سه‌قامگیرییه‌كی گشتگیر به‌دیبهێنن‌و كۆتایی بهێنن به‌ هه‌ستكردنی سوننه‌ به‌ زوڵم‌و په‌راوێزخستن‌و ئه‌و رێكخراوه‌ توندڕه‌وانه‌ی له‌ ده‌رئه‌نجامیدا دروست بوون كه‌ به‌ گرووپه‌ چه‌كداریه‌ ناوخۆییه‌كان ده‌ستیان پێكرد، وه‌ك "سوپای ئیسلامی"‌و "سوپای موجاهیدین"‌و "نه‌قشبه‌ندیه‌كان"‌و پاشان رێكخراوی "قاعیده‌"‌و دواجاریش داعش.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌