راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌ڵبژاردنێكی‌ چاره‌نوسساز
شیعه‌كان به‌هۆی‌ داعش‌و حه‌شدی‌ شه‌عبییه‌وه‌ په‌رت ده‌بن

موسته‌فا حه‌بیب
هاوپه‌یمانی سیاسی شیعه‌ رووبه‌ڕووی سه‌ختترین تاقیكردنه‌وه‌ بووه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن، دۆسێكانی حه‌شدی شه‌عبی‌و قۆناغی دوای داعش بوونه‌ته‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ی‌ ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه‌.
20.04.2017  |  به‌غدا
هاوپه‌یمانی نیشتمانی ( :وێنه الموقع الرسمي للتحالف الوطني)
هاوپه‌یمانی نیشتمانی ( :وێنه الموقع الرسمي للتحالف الوطني)

هه‌فته‌ی رابردوو عه‌ممار حه‌كیم سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نیشتمانی كه‌ هێزه‌ سیاسییه‌ شیعه‌كانی عێراقی له‌خۆگرتووه‌، داوایكرد جێگره‌وه‌یه‌كی بۆ ده‌ستنیشان بكرێت له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌دا كه‌ ساڵی رابردوو ئیمزا كرا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ له‌نێوان پێكهاته‌كانیدا به‌شێوه‌ی خول بێت، به‌ڵام سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ حه‌كیم ئه‌و داوایه‌ی خێراكرد‌و پێنج مانگ به‌ر له‌كۆتاییهاتنی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی پێشكه‌شی كرد، كه‌واته‌ ده‌بێت هۆكاری ئه‌وه‌ چی بێت؟

 

حه‌كیم له‌وته‌یه‌كی له‌ئاهه‌نگێكدا كه‌ له‌به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، دانی به‌وه‌دا نا كه‌ سه‌ختی‌و ئاسته‌نگی زۆر رووبه‌ڕووی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی له‌هاوپه‌یمانیه‌كه‌دا بوونه‌ته‌وه‌‌و وتی ئه‌ركی خۆی به‌جێ گه‌یاندووه‌‌و ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كانی شیعه‌ی كه‌مكردۆته‌وه‌، به‌ڵام واقیع پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێت، چونكه‌ ناكۆكییه‌كان توندتر بوون‌و له‌چه‌ند هه‌فته‌ی داهاتووشدا زیاتر توند ده‌بنه‌وه‌.

 

فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی نیشتمانی فراوانترین هاوپه‌یمانی شیعه‌‌و گه‌وره‌ترینه‌ كه‌ له‌ساڵی 2005وه‌ له‌پاش به‌ڕێوه‌چوونی یه‌كه‌م هه‌ڵبژارنی په‌رله‌مان له‌دوای رووخانی رژێمی سه‌دام حسێن حوكمی عێراقی گرتۆته‌ده‌ست‌و ئێستاش 178 ئه‌ندام په‌رله‌مانی هه‌یه‌‌و سێ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیش له‌خۆده‌گرێت.

 

هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی قانون به‌سه‌ركردایه‌تی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو (80 په‌رله‌مانتار)، ره‌وتی سه‌در به‌سه‌ركردایه‌تی كه‌سایه‌تی ئایینی موقته‌دا سه‌در (34 په‌رله‌مانتار)، هاوپه‌یمانی "مواتن" به‌سه‌ركردایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم (30 په‌رله‌مانتار)، هیزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هاوپه‌یمانی نیشتمانی شیعه‌ن.

 

له‌دوای پێكهێنانی حكومه‌تی ئێستای عێراق له‌ساڵی 2014 هاوپه‌یمانی نیشتمانی دابه‌شبوو بۆ دوو گرووپ، یه‌كه‌میان پشتیوانی حه‌یده‌ر عه‌بادی كرد بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت كه‌ بریتین له‌هه‌ریه‌ك له‌ره‌وتی سه‌در‌و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی‌و به‌شێك له‌ هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی قانونی سه‌ر به‌عه‌بادی، هه‌رچی گرووپی دووه‌میشه‌ ئه‌وا به‌شی زۆری هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی قانون به‌سه‌ركردایه‌تی مالیكی له‌خۆ گرتووه‌ كه‌ عه‌بادی ره‌تكرده‌وه‌‌و سووربوو له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی مالیكی له‌حوكمدا، كه‌ ئه‌وه‌ش رووی نه‌دا.

 

دوای سێ ساڵیش له‌پێكهێنانی حكومه‌ت، وادیاره‌ ناكۆكی نێوان هه‌ر سێ پێكهاته‌كه‌ قووڵتر‌و زۆرتربووه‌ له‌پاش ئه‌و پێشهاته‌ سیاسی‌و ئه‌منیانه‌ی به‌سه‌ر وڵاتدا هاتن، داواكه‌ی حه‌كیمیش سه‌باره‌ت به‌خۆئاماده‌كردن بۆ ده‌ستنیشانكردنی جێگره‌وه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ قورسی كاركردن له‌چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌یه‌كی نه‌گونجاودا.

 

عه‌باس به‌یاتی په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی قانون‌و نزیك له‌عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ "نیقاش"ی وت "راگه‌یاندنه‌كه‌ی حه‌كیم چاوه‌ڕواننه‌كراوبوو به‌لامانه‌وه‌، هێشتا زووه‌ بۆ باسی ده‌ستنیشانكردنی جێگره‌وه‌، سه‌یریش له‌وه‌دایه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌كۆبوونه‌وه‌ ده‌وریه‌كانی نێوان ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ نه‌كراوه‌، ره‌نگه‌ دژبه‌یه‌كی نێوان په‌رله‌مانتارانی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌ك كه‌ به‌م دواییانه‌ له‌په‌رله‌مان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا، له‌پشت هۆكاره‌كه‌وه‌ بێت".

 

دوای دوو ساڵ له‌ناكۆكی حزبه‌كانی شیعه‌ سه‌باره‌ت به‌و كه‌سه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ، له‌ئه‌یلولی ساڵی 2016دا گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێك‌و به‌وپێیه‌ش حه‌كیم بۆ ماوه‌ی ساڵێك به‌سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت به‌مه‌رجێك دواتر كاندیدێك له‌گروپه‌كه‌ی مالیكی سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ بكات، راگه‌یاندكه‌ی حه‌كیمیش پێش پێنج مانگ له‌كۆتاییهاتنی واده‌كه‌ هات.

 

سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كانی حه‌كیم له‌شه‌ش مانگی رابردوودا بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌ختیانه‌ی رووبه‌ڕووی هاوپه‌یمانی نیشتمانی بوونه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش له‌پێناو زامنكردنی یه‌كپارچه‌ییه‌كه‌یدا، به‌ڵام زۆرجار كۆبوونه‌وه‌كانی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ رووبه‌ڕووی چه‌ندین كێشه‌ ده‌بنه‌وه‌ له‌وانه‌ بایكۆتی هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری وه‌ك ره‌وتی سه‌در كه‌ كشانه‌وه‌‌و پابه‌ندنه‌بوونی خۆیان به‌بڕیاره‌كانی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ راگه‌یاند.

 

ده‌ستنیشانكردنی جێگره‌وه‌ی حه‌كیم ئه‌ركێكی ئاسان نییه‌‌و ره‌نگه‌ چه‌ند مانگێك بخایه‌نێت، له‌كاتێكیشدا هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی قانون كاندیدكردنی مالیكی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ راگه‌یاندووه‌، ره‌وتی سه‌در به‌توندی ئه‌وه‌ی ره‌تكرده‌وه‌.

 

غه‌زوان فه‌یسه‌ڵ په‌رله‌مانتار له‌فراكسیۆنی ئه‌حراری سه‌ر به‌ ره‌وتی سه‌در به‌ "نیقاش"ی وت "كاندیدكردنی مالیكی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی دیكتاتۆری داده‌نرێت، چونكه‌ له‌ماوه‌ی حوكمی ئه‌ودا چه‌ند شارێك به‌ ته‌واوی كه‌وتنه‌ ده‌ستی توندڕه‌وان‌و گه‌نده‌ڵی كارگێڕی‌و دارایی بڵاوبووه‌وه‌".

 

تاساڵی 2014 ناكۆكی نێوان پێكهاته‌كانی هاوپه‌یمانیه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌بوو كێ سه‌رۆكایه‌تی حوكمی وڵات ده‌كات، ململانێكه‌ش له‌نێوان لایه‌نگر‌و به‌رهه‌ڵستكاری مالیكیدا بوو، به‌ڵام ناكۆكییه‌كان له‌دوای جه‌نگی دژ به‌داعش زۆر په‌ره‌یان سه‌ند‌و ئه‌مڕۆش ململانێكه‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌ندین دۆسێی سیاسی‌و ئه‌منیه‌.

 

یه‌كه‌مینی ئه‌و ناكۆكیانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ هه‌یه‌‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌پێی یاسا سه‌ر به‌حكومه‌تن، به‌ڵام تێكه‌ڵه‌یه‌كی پێكه‌وه‌ گونجاو نین، چونكه‌ ره‌وتی سه‌در پشتیوانی بیرۆكه‌كه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ له‌دوای شكستهێنانی داعش‌و له‌وه‌شدا عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌ لایه‌نگریانه‌.

 

به‌ڵام هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی قانون به‌سه‌ركردایه‌تی مالیكی هه‌وڵی هێشتنه‌وه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌دات به‌وپێیه‌ی هێزێكی ئه‌منیه‌ شانبه‌شانی سوپا‌و پۆلیس، گرووپه‌ شیعه‌كانی نزیك له‌ئێرانیش لایه‌نگری ئه‌و بۆچوونه‌ن كه‌ دیارترینیان رێكخراوی "به‌در"‌و "عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق"‌و "كه‌تائیبی حزبوڵڵا"‌و بزووتنه‌وه‌ی "نوجه‌با"ن، ئه‌و هێزانه‌ش دڵسۆزی ئایینیان بۆ عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری ئێران هه‌یه‌.

 

هه‌رچی هاوپه‌یمانی "مواتن"یشه‌، ئه‌وا تائێستا له‌نێوان ئه‌و دوو هه‌ڵوێسته‌دا ناجێگیره‌‌و لایه‌نگری مانه‌وه‌ی گرووپه‌ شیعه‌كانه‌ وه‌ك هێزێكی ئه‌منی سه‌ر به‌حكومه‌ت، له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌و گرووپانه‌ی سه‌ر به‌ون وه‌كو "سه‌رایا عاشورا"‌و "سه‌ریا ئه‌لجیهاد‌و ئه‌لبینا"‌و سه‌رایا ئه‌نسار ئه‌لعه‌قیده‌" په‌یوه‌ندی پته‌ویان له‌گه‌ڵ گرووپه‌كانی لایه‌نگری ئێراندا هه‌یه‌.

 

له‌كاتێكیشدا كه‌ گرووپه‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌حه‌كیم‌و موقته‌دا سه‌در به‌شداریكردن له‌ململانێی سوریادا ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، گرووپه‌كانی لایه‌نگری ئێران عێراق‌و سوریا به‌یه‌ك به‌ره‌ داده‌نێن‌و به‌نه‌نگی نازانن جه‌نگاوه‌ره‌كانیان به‌شداری له‌‌و شه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌دا بكه‌ن كه‌ له‌نێوان هێزه‌كانی رژێمی سه‌رۆك به‌شار ئه‌سه‌د‌و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی دیكه‌دا له‌ئارادایه‌.

 

خاڵێكی دیكه‌ی ناكۆكی په‌یوه‌ندی به‌شێوازی حوكمی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ئاینده‌دا، هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی قانون‌و مالیكی سه‌رۆكی له‌ئێستاوه‌ به‌توندی بانگه‌شه‌ بۆ بنه‌مای زۆرینه‌ی سیاسی ده‌كه‌ن له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا له‌ڕێی یه‌كخستنی هێزه‌ شیعه‌كانه‌وه‌، هه‌وڵیش ده‌دات بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌، ئاسته‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی بقۆزێته‌وه‌‌و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ گرووپه‌ شیعه‌كانی نزیك له‌ئێران ببه‌ستێت.

 

به‌ڵام ره‌وتی سه‌در پێكهێنانی حكومه‌تێكی زۆرینه‌ له‌ناو هاوپه‌یمانی شیعه‌دا ره‌تده‌كاته‌وه‌‌و به‌م دواییانه‌ش ده‌ستیكردوه‌ به‌نزیكبوونه‌وه‌ له‌هێزه‌ مه‌ده‌نیه‌ لیبراڵه‌كان‌و له‌حزبه‌ شیعه‌ نه‌ریتیه‌كان دوور كه‌وتۆته‌وه‌، هه‌روه‌ها موقته‌دا سه‌در چووه‌ ریزی ئه‌و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریانه‌ی ره‌وتی مه‌ده‌نی له‌وڵاتدا ریكیانده‌خات، به‌هۆی ئاستی جه‌ماوه‌ری سه‌دریشه‌وه‌ خۆپیشاندانه‌كان زیاتر له‌هه‌ر كاتێكی تر گوڕوتینیان په‌یداكرد، هه‌روه‌ك له‌ وتووێژیشدایه‌ بۆئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ سیاسه‌تمه‌داری عه‌لمانی ئه‌یاد عه‌لاوی یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانی كاتی عێراق له‌ دوای ساڵی 2003 ببه‌ستێت.

 

هه‌رچی حه‌كیمیشه‌ ئه‌وا وادیاره‌ ئه‌ویش له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا ناجێگیره‌‌و چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر تێڕوانینێكی نوێی بۆ حوكم له‌ئاینده‌دا راگه‌یاند كه‌ ناوی "زۆرینه‌ی نیشتمانی" لێناوه‌‌و پشت به‌و كوتله‌ سیاسیانه‌ ده‌به‌ستێت كه‌ مه‌زهه‌بی نین، هێنانه‌دی ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ش له‌ئێستادا زه‌حمه‌ته‌ به‌هۆی ئه‌و دابه‌شبوونه‌ زۆره‌ی له‌نێو حزبه‌ شیعه‌‌و سوننه‌‌و كوردیه‌كاندا هه‌یه‌.

 

بێگومان هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مان له‌سه‌ره‌تای ساڵدا یه‌كلاكه‌ره‌وه‌‌و چاره‌نووسساز ده‌بێت‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گرنگیش ده‌بێت بۆ ئاینده‌ی عێراق له‌قۆناغی دوای داعشدا، هه‌روه‌ك قووڵترین ناكۆكیش به‌خۆوه‌ ده‌بینێت له‌ناو هاوپه‌یمانی شیعه‌دا كه‌ به‌درێژایی یه‌ك ده‌یه‌ حوكمی وڵاتی كرد، كه‌واته‌ ئایا ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ ده‌توانێت له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا خۆڕاگر ده‌بێت؟

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌