راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هیچ یاسایه‌كی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم نایگرێته‌وه‌
قه‌ندیل.. هه‌رێمێك له‌ناو هه‌رێمدا

سامان عومەر
پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان له‌نێو هه‌رێمی‌ كوردستاندا ناوچه‌یه‌كی‌ بۆ خۆی‌ جیا كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ خاوه‌ن یاساو رێسای‌ خۆیه‌تی‌‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌ستی‌ به‌سه‌ریدا ناشكێت.
12.04.2017  |  سلێمانی
لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان ( :وێنه Besaran Tofiq)
لایەنگرانی پارتی کرێکارانی کوردستان ( :وێنه Besaran Tofiq)

ته‌نیا 20 خوله‌ك رۆیشتن به‌ئۆتۆمبێل به‌سه‌ له‌ناحیه‌ی‌ سه‌نگه‌سه‌ری‌ قه‌زای‌ پشده‌ره‌وه‌ (170كم باكوری‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ سلێمانی‌) بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌دوا خاڵی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم تێبپه‌ڕیت‌و بگه‌یته‌ ناوچه‌كانی‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان كه‌ خۆیان ناویان ناوه‌ "هه‌رێمی‌ پاراستنی‌ میدیا".

 

ئه‌و ناوچه‌یه‌ بناری‌ چیای‌ قه‌ندیله‌ كه‌ له‌سه‌ر سێگۆشه‌ی‌ عێراق‌و ئێران‌و توركیایه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ دوا بازگه‌ی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێم ده‌بڕیت، رێگایه‌كی‌ سه‌ختی‌ پێچاو پێچ ده‌تگه‌یه‌نێته‌ یه‌كه‌مین بازگه‌ی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان، له‌دووره‌وه‌ به‌بینینی‌ وێنه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانی‌ رێبه‌ری‌ زیندانیكراوی‌ ئه‌و پارته‌ تێده‌گه‌یت، گه‌یشتویته‌ ناوچه‌كه‌ی‌ ئه‌وان.

 

قه‌ندیل، یه‌كێكه‌ له‌ساردترین ناوچه‌كانی‌ كوردستان كه‌ به‌درێژایی‌ چوار وه‌رزی‌ ساڵ به‌فری‌ لێ نابڕێت‌و له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵانی‌ نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ په‌كه‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ خۆیان له‌وێ‌ چه‌سپاندووه‌و له‌و كاته‌شه‌وه‌ بۆردومانی‌ فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ توركیاو ئێرانی‌ لێ نه‌بڕاوه‌.

 

ئه‌و ناوچه‌یه‌ هه‌رێمێكی‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ له‌سیاسه‌تدا، هیچ یاساو رێساو سیاسه‌تێكی‌ سه‌ربازی‌‌و ئابوری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌و ڕوبه‌ره‌ جوگرافییه‌دا كارپێكراو نییه‌، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی‌ بگه‌یته‌ ئه‌وێ‌ ئیتر په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر ده‌پچڕێ‌، چونكه‌ هێڵی‌ مۆبایل‌و ئینته‌رنێت كارناكات‌و گوندنشینانی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ش ده‌ڵێن به‌مه‌به‌ستی‌ پاراستنی‌ ئه‌منییه‌ت‌و له‌ترسی‌ دزه‌كردنی‌ سیخوڕ په‌كه‌كه‌ رێنادات هیچ ته‌كنه‌لۆژیایه‌ك به‌وێ‌ بگات.

 

به‌پێی‌ ئامارێكی‌ شاره‌وانی‌ بناری‌ قه‌ندیل (شاره‌وانییه‌كه‌ سه‌ر به‌په‌كه‌كه‌) زیاتر له‌هه‌شت هه‌زار هاوڵاتی كه‌ دابه‌شبوون به‌سه‌ر 62 گوند له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ په‌كه‌كه‌ ژیان ده‌كه‌ن له‌قه‌ندیل، ئه‌وان سه‌رقاڵی‌ ژیانی‌ ئاسایی‌و به‌خێوكردنی‌ مه‌ڕو ماڵات‌و باخداری‌و هه‌نگه‌وانین‌و كه‌متر به‌كاری‌ سیاسییه‌وه‌ خه‌ریكن، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی‌ فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ توركیادان، به‌تایبه‌تی‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی‌ دواییدا.

 

سه‌رحه‌د ڤارتۆ وته‌بێژی‌ كۆمیته‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌  كۆما جڤاكێن كوردستان (كه‌جه‌كه‌) به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌هۆی‌ بۆردومانی‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ توركیاوه‌،  زیاتر له‌ 100 خانوی‌ هاوڵاتیان ڕوخاوه‌و به‌ده‌یان هاوڵاتی‌ سیڤیل شه‌هید بوون، ته‌نیا له‌ناوه‌ڕاستی‌ ساڵی‌ 2015ه‌وه‌ تائێستا زیاتر له‌90 كاتژمێر بۆردومانی‌ قه‌ندیل كراوه‌".

 

گوندنشینانی‌ بناری‌ قه‌ندیل سیسته‌می‌ ژیانی‌ خۆیان ڕێكخستووه‌و هه‌ر كێشه‌و گرفتێكی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ ڕوبدات خه‌ڵكی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ناو خۆیان  چاره‌سه‌ری‌ ده‌كه‌ن، به‌وته‌ی‌ به‌رپرسانی‌ په‌كه‌كه‌ش له‌و ناوچه‌یه‌، ئه‌گه‌ر پرس‌و ڕاوێژیان پێ بكرێت هاوكاری‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ گوندنشینان ده‌بن‌و ئه‌گه‌ر گوندنشینان بیانه‌وێ‌ كێشه‌كانیان ببه‌نه‌ ناو دادگاكانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و له‌وێ‌ چاره‌سه‌ری‌ بكه‌ن ڕێگریان لێناكه‌ن.

 

پێده‌چێت حكومه‌تی‌ هه‌رێم به‌ته‌واوی‌ ده‌ستی‌ له‌و ناوچه‌یه‌ به‌ردابێ‌، چونكه‌ هیچ بودجه‌یه‌كی‌ بۆ ته‌رخان ناكات‌و به‌ڕێوه‌بردن‌و خزمه‌تگوزاری‌ بۆ په‌كه‌كه‌ جێهێشتوه‌، ساڵانه‌ش له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك وه‌ك باج له‌گوندنشینانی‌ قه‌ندیل وه‌رده‌گیرێت له‌به‌رامبه‌ر كاری‌ هه‌نگه‌وانی‌‌و ئاژه‌ڵداری‌.

 

په‌یوه‌ند نه‌بی‌ دانیشتوی‌ یه‌كێك له‌گونده‌كانی‌ قه‌ندیله‌و به‌كاری‌ به‌خێوكردنی‌ مه‌ڕو ماڵات‌و هه‌نگه‌وانییه‌وه‌ خه‌ریكه‌، به‌"نیقاش"ی‌ وت "بۆ به‌خێوكردنی‌ هه‌ر 100 سندوق هه‌نگێك ساڵانه‌ بڕی‌ پێنج هه‌زار دینار‌و له‌به‌رامبه‌ر به‌خێوكردنی‌ هه‌ر 100 سه‌ر ئاژه‌ڵێكیش 4 بۆ 5 سه‌ر ئاژه‌ڵمان لێ‌ وه‌رده‌گیرێت".

 

به‌ڵام ئه‌م داهاته‌ به‌شی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ ناكات‌و له‌باره‌ی‌ دارایی‌ په‌كه‌كه‌وه‌

 سه‌رحه‌د ڤارتۆ ده‌ڵێت "له‌سه‌رانسه‌ری‌ جیهان 40  بۆ 50 ملیۆن كورد بوونیان هه‌یه‌، به‌شێكی‌ زۆر له‌و كوردانه‌ باوه‌ڕیان به‌شۆڕش‌و خه‌بات هه‌یه‌و كۆمه‌كمان ده‌كه‌ن".

 

ئێستا ئه‌و ناوچه‌یه‌ شاره‌وانی‌ خۆی‌ هه‌یه‌ كه‌ رۆژانه‌ كاروباری‌ هاوڵاتیان‌و پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ڕێوه‌ ده‌بات، محه‌مه‌د حه‌سه‌ن هاوسه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ بناری‌ قه‌ندیل به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌هۆی‌ جێگیربوونی‌ گه‌ریلاكانی‌ پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان ئه‌م رووبه‌ره‌ جوگرافیه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ پشتگوێ‌ خرابوو، بۆیه‌ بۆ رایكردنی‌ كاروباری‌ هاوڵاتیانی‌ سنوره‌كه‌و گه‌یاندنی‌ خزمه‌تگوزاری‌، له‌ساڵی‌ 2009 به‌هاوكاری‌ گوندنشینه‌كان شاره‌وانی‌ بناری‌ قه‌ندیلمان دروستكرد".

 

هه‌شت ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌لایه‌ن پارتی‌ كرێكارانه‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ محه‌مه‌د حه‌سه‌ن دراوه‌و له‌و كاته‌وه‌ تائێستا هیچ ئاڵوگۆڕێكی‌ تیانه‌كراوه‌.

 

(م. ج) كه‌ گوندنشینێكی‌ قه‌ندیله‌ پێی‌ باش نه‌بوو ناوی‌ ته‌واوی‌ ئاشكرا بكرێت به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌رۆكی‌ شاره‌وانی‌ له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ بێ‌ هه‌ڵبژاردن داندراوه‌، به‌ڵام بۆ خۆمان ئه‌نجومه‌نی‌ گونده‌كان هه‌ڵده‌بژێرین".

 

ئه‌و گوندنشینه‌ نیگه‌ران بوو له‌بوونی‌ په‌كه‌كه‌ له‌ناوچه‌كه‌یان، چونكه‌ به‌قسه‌ی‌ ئه‌و به‌هۆی‌ په‌كه‌كه‌وه‌ فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی‌ توركیا زیانێكی‌ زۆریان به‌زه‌وی‌‌و پوش‌و پاوان‌و باخ‌و باخاتی‌ گوندنشینان گه‌یاندووه‌، له‌م رووه‌وه‌ وتی‌ "ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ لێره‌ نه‌بوایه‌ ئاوها زیانمان نه‌ده‌بوو"، به‌ڵام كه‌میش نین ئه‌و گوندنشینانه‌ی‌ پشتیوانی‌ په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و رایه‌كی‌ پێچه‌وانه‌یان هه‌یه‌.

 

بوونی‌ په‌كه‌كه‌ بۆ حكومه‌تی‌ هه‌رێم‌و به‌تایبه‌تی‌ بۆ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان مایه‌ی‌ ناڕه‌حه‌تییه‌، چونكه‌ به‌شێكی‌ له‌ناوچه‌ی‌ فه‌رمانڕه‌وایی‌ هه‌رێمی‌ بۆ خۆی‌ بڕیوه‌و یاساكانی‌ خۆی‌ تیا جێبه‌جێ ده‌كات، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ چه‌ند جه‌وله‌یه‌ك شه‌ڕ له‌نێوان په‌كه‌كه‌و پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان له‌ناوه‌ڕاستی‌ نه‌وه‌ده‌كان روویداوه‌.

 

به‌رپرسانی‌ پارتی‌ له‌چه‌ندین لێدواندا جه‌ختیان له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت په‌كه‌كه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ چۆڵبكات‌و بچێته‌وه‌ دیوی‌ توركیا، به‌ڵام پارتی‌ كرێكاران گوێی‌ به‌و داخوازییه‌ نه‌داوه‌.

 

نازم كه‌بیر په‌رله‌مانتاری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ ناوخۆو ئاسایش له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان بونی‌ چه‌كدارانی‌ په‌كه‌كه‌ی‌ له‌قه‌ندیل به‌نایاسایی‌و ناده‌ستوریی ناوبردو به‌"نیقاش"ی‌ وت "به‌پێی‌ ده‌ستور هیچ هێزێكی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆی‌ نییه‌ له‌ناو خاكی‌ هه‌رێمدا بێت، بوونی‌ په‌كه‌كه‌ له‌قه‌ندیل پێشێلكارییه‌كی‌ دیاری‌ یاساو ده‌ستورو سه‌روه‌ری‌ خاكی‌ عێراقیشیه‌".

 

كاتێك له‌سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ ئازاری‌ رابردوو له‌نزیك شنگال گرژی‌‌و پێكدادان له‌نێوان هێزه‌كانی‌ سه‌ر به‌په‌كه‌كه‌و پارتی‌ دیموكراتدا روویدا، جموجۆڵی‌ هێزه‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆ نزیك قه‌ندیل هه‌ستی‌ پێكراو مه‌ترسی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ پێكدادانیش له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ركه‌وت، به‌ڵام نازم كه‌بیر جوڵاندن‌و كۆكردنه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌كانی‌ نزیك په‌كه‌كه‌ له‌قه‌ندیل، ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌"پاراستنی‌ ئاسایشی‌ سنوره‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان"‌و ئه‌وه‌شی‌ به‌دوورزانی‌ هیچ شه‌ڕو رووبه‌رووبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان پارتی‌ په‌كه‌كه‌دا رووبدات.

 

له‌به‌ری‌ ئه‌و به‌ره‌وه‌ په‌كه‌كه‌ش ئاماده‌كاری‌ ته‌واوی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وانیش سه‌ڕهه‌ڵدانی‌ بارگرژی‌ به‌دوور ده‌بینن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رحه‌د ڤارتۆ وته‌بێژی‌ كۆمیته‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كه‌جه‌كه‌ وتی‌ "ئێمه‌ له‌ئاماده‌كاری‌ ته‌واوداین بۆ هه‌ر هێرشێك ئه‌گه‌ر له‌ناوخۆ یان له‌ده‌ره‌وه‌ بكرێته‌ سه‌رمان".

 

بۆ چاره‌كه‌ سه‌ده‌یه‌ك ده‌چێت په‌كه‌كه‌ هه‌رێمێكی‌ له‌ناو هه‌رێمی‌ كوردستاندا دروستكردووه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌بۆردومانی‌ به‌رده‌وامی‌ توركیاو ناوه‌ناوه‌ی‌ ئێران په‌كه‌كه‌ چۆڵی‌ نه‌كردووه‌، بۆیه‌ زه‌حمه‌ته‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ كوردیش بتوانن به‌م نزیكه‌ بیگه‌ڕێننه‌وه‌ ژێر باڵی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌