راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

له‌چاوه‌ڕوانی‌ هه‌ڵبژاردندا
حزبه‌ ئیسلامیه‌كان به‌به‌رگی مه‌ده‌نییه‌وه‌ شكسته‌كانیان ده‌پۆشن

ئیبراهیم ساڵح
حزبه‌ ئیسلامییه‌كان له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان به‌رگی خۆیان بگۆڕن بۆئه‌وه‌ی بچنه‌ چوارچێوه‌ی پێكهاته‌ی گرووپه‌ مه‌ده‌نیه‌كانه‌وه‌ ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی شكستیان هێنا له‌باوه‌ڕپێهێنانی خه‌ڵك به‌شایسته‌ییان.
22.03.2017  |  به‌غدا
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ( :وێنه موقع البرلمان العراقي)
دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ( :وێنه موقع البرلمان العراقي)

رۆژی 26ی شوباتی رابردوو سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌شاشه‌ی یه‌كێك له‌كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنیه‌ ئاسمانیه‌كانه‌وه‌ ده‌ركه‌وت‌و پێكهێنانی قه‌واره‌یه‌كی سیاسی راگه‌یاند كه‌ په‌یوه‌ندی به‌حزبی ئیسلامی عێراقه‌وه‌ نیه‌ له‌كاتێكدا خۆی سه‌ر به‌و حزبه‌یه‌‌و له‌ڕێیه‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ به‌رزترین پۆستی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌وڵاتدا.

 

قسه‌كانی جبوری سه‌باره‌ت به‌وه‌ی قه‌واره‌ سیاسیه‌ نوێیه‌كه‌ی راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌حزبه‌ كۆنه‌كه‌یه‌وه‌ نابێت شتێكی نامۆ نه‌بوو، به‌وپێیه‌ی دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ سیاسییه‌ نوێیه‌كان‌و جیابوونه‌وه‌ له‌و حزبانه‌ی ئه‌م سیاسی یاخود ئه‌و سیاسی له‌ڕێیانه‌وه‌ ده‌ركه‌وتوون، بووه‌ته‌ نه‌ریتێكی په‌یڕه‌وكراو له‌لایه‌ن زۆرێك له‌كه‌سایه‌تییه‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پۆستی باڵایان هه‌یه‌ له‌دوای سه‌ركه‌وتنیان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، ئه‌ویش به‌ئومێدی به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌یان له‌و پۆسته‌دا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وتی به‌رزتر له‌ئاینده‌دا.

 

به‌ڵام ئه‌وه‌ی نوێ بوو، هه‌ڵبژاردنی ناوێكی مه‌ده‌نی بوو نه‌ك ئیسلامی، بۆ ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی چاوه‌ڕوانه‌ له‌لایه‌ن كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ مۆڵه‌تی دامه‌زراندنی پێ بدرێت، چونكه‌ جبوری ناوی "گردبوونه‌وه‌ی مه‌ده‌نی بۆ چاكسازی" هه‌ڵبژاردووه‌‌و ئه‌و گۆڕانه‌شی له‌ئاڕاسته‌ سیاسییه‌كه‌یدا به‌وه‌ لێكدایه‌وه‌ كه‌ هه‌لومه‌رجی ئێستای وڵات به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی ده‌ڕوات به‌گوێره‌ی ئه‌و بنه‌مای یاساییانه‌ی جیاوازن له‌گه‌ڵ چه‌مكی فیكری ئه‌خوان موسلمیندا (ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ی حزبی ئیسلامی عێراق له‌ڕووی فیكریه‌وه‌ شوێنی كه‌وتووه‌).

 

باوه‌ڕی هه‌ڵسوڕێنه‌رانی قه‌واره‌ نوێیه‌كه‌ له‌وه‌دا پوخت ده‌بێته‌وه‌ كه‌ شه‌قامی عێراقی له‌ئه‌زموونی ئه‌و حزبه‌ ئیسلامیانه‌ بێزاربووه‌ كه‌ وڵاتیان به‌و باره‌ی ئه‌مڕۆی له‌بێسه‌روبه‌ری ئه‌منی‌و سیاسی‌و ئابووری گه‌یاندووه‌ ئه‌مه‌ش پێویستی به‌وه‌یه‌ حزبه‌كان ملكه‌چی خواستی گه‌لی عێراق بن بۆ گۆڕانكاری ریشه‌یی.

 

عه‌بدولمه‌لیك حوسه‌ینی راوێژكاری راگه‌یاندنی گردبوونه‌وه‌ی مه‌ده‌نی بۆ چاكسازی ده‌ڵێت "ئه‌زموونی حزبه‌ ئیسلامیه‌كان ئه‌زموونێكه‌ زۆربه‌ی پێكهاته‌ سیاسیه‌كان پێیدا تێپه‌ڕیون‌و ئه‌زموون هه‌یه‌ سه‌ركه‌وتوو بووه‌‌و هی دیكه‌ش هه‌یه‌ شكستی هێناوه‌".

 

حوسه‌ینی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "گردبوونه‌وه‌كه‌ نه‌خراوه‌ته‌وه‌ چوارچێوه‌یه‌كی ئیسلامی یان ئایدیۆلۆجی دیاریكراوه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ی چه‌ند ئامانجێكی گشتی هه‌یه‌ كه‌ وه‌ڵامی پێداویستی گه‌لی عێراق ده‌ده‌نه‌وه‌".

 

پێداویستی گه‌لی عێراقیش ناڕه‌زاییه‌كانی چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر گوزارشتیان لێكرد كه‌ داوای چاكسازی سیاسیان ده‌كرد‌و گه‌نده‌ڵیان ره‌تده‌كرده‌وه‌، بۆیه‌ بانگه‌شه‌كارانی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی یه‌كه‌م گوزارشتكه‌ری ئه‌و پێداویستیه‌ بوون كه‌ ئاماژه‌ بوو بۆ گرفتێكی ئاشكرا له‌ئه‌زموونی حزبه‌ ئیسلامیه‌كاندا.

 

له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ ئه‌و حزبانه‌ به‌ئاسانی دانیان به‌شكسته‌كه‌یاندا نه‌نا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باوه‌ڕیشیان به‌وه‌ هه‌بوو شكست بووه‌ته‌ واقعێك كه‌ گۆڕانكاری ده‌خوازێت، بۆیه‌ ده‌نگی پشتیوانانی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی بۆ چه‌ند ساڵێك به‌نزمی مایه‌وه‌‌و به‌دوای هێزێكدا ده‌گه‌ڕان به‌رپه‌رچی باڵاده‌ستی حزبه‌ ئیسلامیه‌ فه‌رمانڕه‌واكان بداته‌وه‌.

 

ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ی داوای نه‌خشاندنی رووكاری ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نیان له‌عێراق ده‌كرد ساڵی 2011 ده‌ستیان پێكرد‌و رووبه‌ڕووی سه‌ركوتكردنی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان بوونه‌وه‌‌و هێنده‌ی نه‌مابوو شه‌پۆلی ناڕه‌زاییه‌كان ورده‌ ورده‌ دوای چه‌ند ساڵێك بپوكێته‌وه‌ به‌ر له‌وه‌ی ئامانجه‌كه‌یان له‌سایه‌ی ره‌وتێكی ئیسلامی رادیكاڵدا ببیننه‌وه‌ كه‌ خوازیار بوو حزبه‌ ئیسلامیه‌كان دان به‌شكستیان له‌به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی عێراقدا بنێن‌و زه‌مینه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌ مه‌ده‌نیه‌كان خۆش بكه‌ن.

 

هاتنه‌ سه‌رهێڵی ره‌وتی سه‌در له‌گه‌ڵ ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌ی به‌ئاشكرا داوای ده‌وڵه‌تی مه‌دنیان ده‌كرد، خاڵێكی جیاكه‌ره‌وه‌ بوو له‌رێڕه‌وی بزووتنه‌وه‌ی ناڕه‌زاییه‌كان به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا‌و له‌و به‌ره‌وپێشچوونه‌ش هاوپه‌یمانییه‌ك هاته‌ به‌رهه‌م كه‌ یه‌كه‌م هاوپه‌یمانی له‌و جۆره‌ بوو له‌نێو شوێنكه‌وتووانی ره‌وته‌ مه‌ده‌نیه‌كان‌و شوێنكه‌وتووانی ره‌وتێكی ئیسلامی كه‌ چه‌ند ساڵێك هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كی بوو له‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا كه‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كان رێبه‌رایه‌تیان ده‌كرد، ئه‌مه‌ش چانسی ره‌وته‌ مه‌ده‌نیه‌كان له‌داواكارییه‌كانیاندا زیاتر ده‌كات له‌ئاینده‌دا.

 

گردبوونه‌وه‌ی مه‌ده‌نی بۆ چاكسازی كه‌ سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دامه‌زراندنی راگه‌یاندووه‌، ته‌نیا قه‌واره‌ی سیاسی نییه‌ كه‌ بڕیاری گۆڕینی به‌رگه‌ ئیسلامیه‌كه‌ی بۆ مه‌ده‌نی دابێت، چونكه‌ سه‌رچاوه‌كان له‌فه‌رمانگه‌ی كاروباری حزب‌و رێكخراوه‌ سیاسیه‌كان له‌كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ سه‌رقاڵی تاووتوێكردنی چه‌ندین داواكارین بۆ پێدانی مۆڵه‌تی دامه‌زراندن به‌چه‌ندین حزب له‌ژێر ناوی مه‌ده‌نیدا.

 

به‌پێی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ كه‌ پێیان باشبوو ناسنامه‌یان ئاشكرا نه‌كرێت، زۆرێك له‌و كه‌سایه‌تیه‌ سیاسیانه‌ی به‌بۆچوون‌و ئینتیمایان بۆ حزبی ئیسلامی ناسراون، داوایان بۆ دامه‌زراندنی حزبی خاوه‌ن بۆچوونی مه‌ده‌نی پێشكه‌ش كردووه‌‌و پێده‌چێت هۆكاره‌كه‌ش ئه‌وه‌ بێت كه‌ ناخوازان ئه‌زموونی حزبه‌ ئیسلامیه‌كان دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ كه‌ جه‌ماوه‌ر لێیان دوور ده‌كه‌وێته‌وه‌.

 

به‌ڵام هه‌ندێك حزبی ئیسلامی گه‌وره‌ هه‌ن هێشتا گره‌و له‌سه‌ر چانسی به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیه‌كی به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش وایان لێده‌كات ئه‌و قه‌واره‌ سیاسیانه‌ بهێڵنه‌وه‌  كه‌ پێی ناسراون‌و قه‌واره‌ی دیكه‌ی پاشكۆ دروست بكه‌ن كه‌ ناوی مه‌ده‌نیان هه‌ڵگرتووه‌ وه‌ك هه‌وڵێك بۆ به‌كارهێنانیان‌و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی زیانی چاوه‌ڕوانكراوی حزبه‌ ئیسلامیه‌كان له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا.

 

هاوكات حزبی دیكه‌ زاراوه‌ی نیشتمانیان وه‌ك چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ند هه‌ڵبژاردووه‌ تا خۆیان له‌هه‌ر ئاكامێكی نامه‌دروسی هه‌ردوو ناوی ئیسلامی‌و مه‌ده‌نی به‌دوور بگرن.

 

چاودێرانی كاروباری سیاسی له‌عێراق پێیان وایه‌ ره‌نگه‌ ئه‌م هه‌وڵانه‌ ئه‌نجامی ئه‌رێنیان لێ نه‌كه‌وێته‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ هاووڵاتی عێراقی هێشتا باوه‌ڕی به‌ئه‌دای ئه‌و حزبانه‌ نیه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر بۆچوونیشیان بگۆڕن.

 

موعته‌ز محێدین عه‌بدولحه‌مید به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری كۆماری بۆ توێژنه‌وه‌ی ئه‌منی‌و ستراتیژی ده‌ڵێت "ئه‌م گۆڕانكاریه‌ دووباره‌ نزیكبوونه‌وه‌یه‌ له‌هاووڵاتی عێراقی، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌ویش زۆر زیره‌كه‌‌و ده‌زانێت كه‌ ئه‌و حزبانه‌ هه‌ر ناوێكیان هه‌بێت خزمه‌تی ناكه‌ن".

 

عه‌بدولحه‌مید وه‌ك زۆرێك له‌كه‌سانی دیكه‌ پێی وایه‌ نوخبه‌ی رۆشنبیر رۆڵی له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا ده‌بێت هه‌ر ئه‌و نوخبه‌یه‌ش ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات كه‌ له‌ئه‌نجومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان‌و ئه‌نحومه‌نی نوێنه‌راندا نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن.

 

به‌ڵام به‌ڕای ره‌حیم شممه‌ری شرۆڤه‌كاری سیاسی به‌بۆچوونی زۆر كه‌س لایه‌نی ئه‌رێنی ئه‌وه‌یه‌ حزبه‌ سیاسیه‌كان له‌عێراق خه‌ریكه‌ به‌رواڵه‌تیش بێت وه‌ڵامی داواكاریه‌كانی گه‌ل ده‌ده‌نه‌وه‌.

 

شممه‌ری ده‌ڵێت "پێكهێنانی هه‌ر ره‌وتێكی مه‌ده‌نی ره‌نگدانه‌وه‌ی گۆڕانكاریه‌كی ریشه‌ییه‌ له‌بۆچوونی حزبه‌ ئیسلامیه‌كاندا یان ره‌نگه‌ ته‌نیا روویه‌كی تری ئه‌و حزبانه‌ بێت كه‌ ده‌یانه‌وێت ره‌زامه‌ندی گه‌ل‌و مه‌رجه‌عیه‌تی ئایینی به‌ده‌ست بهێنن، چونكه‌ داواكارییه‌كانی ماوه‌ی رابردوو روون‌و ئاشكرا بوون، ئه‌ویش دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نیه‌ له‌عێراق".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌