راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هه‌رێمی‌ بێ‌ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆك
شه‌ش مانگی‌ داهاتوو ئاینده‌ی‌ حوكمڕانی‌ كوردستان دیاری‌ ده‌كات

هونەر حەمەرەشید
هه‌رێمی‌ كوردستان به‌دوو ده‌سه‌ڵاتی‌ ناته‌واوی‌ یاسادانان‌و جێبه‌جێكردنه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌و چه‌ند مانگه‌ ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مانیش كه‌ ماوه‌ نازانرێ‌ ئاینده‌ی‌ حوكمداری‌ روو له‌كوێ‌ ده‌كات.
21.03.2017  |  سلێمانی
سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران ( :وێنه موقع حكومة اقليم كردستان)
سەرۆکایەتی پەرلەمان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران ( :وێنه موقع حكومة اقليم كردستان)

له‌مانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ 2015ه‌وه‌ ناكۆكی‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ دروست بووه‌و به‌شێكی‌ لایه‌نه‌ كوردییه‌كان، له‌پێشیانه‌وه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان پێیان وایه‌ بارزانی‌ هیچ شه‌رعیه‌تێكی‌ یاسایی‌ نه‌ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بێت، له‌به‌رامبه‌ردا له‌مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌مان ساڵه‌وه‌ حیزبه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ یه‌كلایه‌نه‌ مافی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانیان له‌یوسف محه‌مه‌دی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سه‌ندووه‌ته‌وه‌و پێیان وایه‌ مافی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ نییه‌، له‌و كاته‌شه‌وه‌ رێیان نه‌داوه‌ بچێته‌ هه‌ولێر پایته‌خت.

 

كه‌واته‌ ئێستا هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌ سه‌رۆكاكه‌ی‌ به‌لای‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ سه‌رۆكه‌و نه‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانه‌كه‌شی‌ به‌لای‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌ له‌لوتكه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یاسا داناندا ماوه‌، شه‌ش مانگیش له‌عومری‌ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مان ماوه‌و نازانرێ‌ ئه‌و بۆشاییه‌ یاساییه‌ی‌ دروست ده‌بێ‌ چۆن چاره‌ ده‌كرێت.

 

پرۆژه‌ بێئه‌نجامه‌كان

له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا چه‌ندین پرۆژه‌ی‌ یه‌كلایه‌نه‌ی‌ چاره‌سه‌ر بۆ كۆتایی‌ هێنان به‌كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ كوردستان خرانه‌ روو، به‌ڵام هه‌موویان بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆشنایی‌ ببینن وه‌لا خران.

 

دواین دوو پرۆژه‌ له‌لایه‌ن یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ خراونه‌ته‌ روو، به‌ڵام ئه‌وانیش هه‌تا ئێستا ئاسۆیان روون نییه‌.

 

پرۆژه‌كه‌ی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان له‌ 12 خاڵ پێكهاتووه‌و به‌قسه‌ی‌ عوسمان كاروانی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حیزبه‌كه‌، پرۆژه‌كه‌یان هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ سیاسی‌‌و ئابوورییه‌كانی‌ هه‌رێم.

 

عوسمان كاروانی‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند، پرۆژه‌كه‌یان خستووه‌ته‌ به‌رده‌م سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی‌ هه‌رێم‌و مه‌سعود بارزانی‌، به‌ڵام نه‌یشارده‌وه‌، به‌ده‌مه‌واهاتنێكی‌ ئه‌تۆ بۆ پرۆژه‌كه‌یان نه‌بووه‌.

 

جگه‌ له‌پرۆژه‌كه‌ی‌ یه‌كگرتوو، یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستانیش نه‌خشه‌رێگایه‌كی‌ هه‌شت خاڵی‌ ئاماده‌كردووه‌، كه‌ بڕیاره‌ بیخاته‌ به‌رده‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، ئه‌وه‌ش وه‌ك هه‌وڵێك بۆ چاره‌سه‌ری‌.

 

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ئاماده‌كارانی‌ نه‌خشه‌رێگاكه‌ی‌ حیزبه‌كه‌ی‌، باسی‌ له‌وه‌ كرد ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان وه‌ك ده‌ستپێشخه‌ری‌‌و پرۆژه‌كانی‌ تر به‌ده‌مه‌وه‌هاتنیان بۆ نه‌خشه‌رێگاكه‌ی‌ ئه‌وانیش هه‌بێت ئه‌وه‌ ئه‌نجامێكی‌ نابێت.

 

ئه‌سه‌سه‌رد به‌"نیقاش"ی‌ وت "پرۆژه‌كه‌مان هه‌مه‌ لایه‌نه‌یه‌و هاوسه‌نگی‌ سیاسی‌ لایه‌نه‌كان تێدا پارێزراوه‌، به‌دڵنیایی هۆكارێك ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان".

 

كێشه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم ئه‌وه‌یه‌ متمانه‌یان به‌یه‌كتر نه‌ماوه‌و هه‌ر پرۆژه‌یه‌كیش ده‌خرێته‌ روو به‌گومانه‌وه‌ ته‌ماشای‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌نجامی‌ لێ ناكه‌وێته‌وه‌.

 

رێبوار حه‌مه‌د وته‌بێژی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ سیاسی‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان دان به‌وه‌دا ده‌نێت، هه‌موو هه‌وڵه‌كان‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كان‌و پرۆژه‌و نه‌خشه‌رێگان بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌بنبه‌ست گه‌یشتوون.

 

له‌مڕووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ به‌ئه‌نجامنه‌گه‌یشتنی‌ هه‌وڵه‌كان ئه‌وه‌یه‌، كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، به‌تایبه‌تی‌ لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان ئیراده‌یان نییه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان ئێمه‌ وای‌ ده‌بینین، به‌رژه‌وه‌ندیان له‌م دۆخه‌دایه‌، بۆیه‌ درێژه‌ی‌ پێده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هیچ لایه‌ك متمانه‌ی‌ به‌ئه‌وی‌ تر نییه‌".

 

یا هه‌ڵبژاردن یا درێژكردنه‌وه‌

دوای‌ شكست هێنانی‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌، دوو سیناریۆی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمدایه‌، یه‌كه‌میان ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ئه‌وی‌ دووه‌میشیان درێژكردنه‌وه‌ی‌ ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكی‌ هه‌رێمه‌.

 

شیروان زرار نه‌بی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی‌ باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن‌و ڕاپرسی هه‌رێم له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌می‌ ئه‌م مانگه‌ رایگه‌یاند "حكومه‌تی هه‌رێم بودجه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی په‌سه‌ندكردووه‌و چاوه‌ڕوانین فه‌رمانمان پێبگات بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان".

 

ساڵی 2013 هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كراوه‌و له‌ساڵی 2009شه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم نه‌كراوه‌و به‌پێی یاساش له‌مانگی 9ی ئه‌مساڵ واده‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ته‌واوده‌بێت، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ئابی‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ به‌شێك له‌لایه‌نه‌كان ده‌ڵێن واده‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ بارزانی‌ به‌پێی‌ یاسا كۆتایی‌ هاتووه‌.

 

خه‌سره‌و گۆران به‌رپرسی‌ مه‌كته‌بی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "پاش بێئه‌نجامبوونی‌ هه‌وڵه‌كان، پارتی‌ ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن وه‌ك باشترین رێگه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بینێت، بۆیه‌ له‌مساڵدا هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كرێت".

 

به‌رپرسانی‌ هه‌ر چوار لایه‌نه‌كه‌ی‌ تر "یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌، گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ" له‌لێدوانیاندا بۆ "نیقاش" به‌زه‌حمه‌تیان زانی‌ هه‌ڵبژاردن له‌مباره‌ نارێكه‌ی‌ هه‌رێمدا به‌ڕێوه‌ ببرێت‌و وه‌ك كارتێكی‌ فشاریان بینی‌ له‌لایه‌ن پارتی‌ دیموكراته‌وه‌.

 

محه‌مه‌د عه‌لی‌ رێكخه‌ری‌ ژووی‌ توێژینه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌نجامدانی‌ هه‌ڵبژاردن هه‌وڵێكی‌ باشه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان‌و ئێمه‌ له‌گه‌ڵیداین، به‌ڵام نه‌ هه‌رێم دۆخی‌ سیاسی‌‌و یاسایی هه‌ڵبژاردنی‌ هه‌یه‌، نه‌ باری‌ ده‌روونی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمیش هی‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردن بكات، بۆیه‌ ئه‌نجامدانی‌ به‌ئه‌سته‌م ده‌بینین".

 

ئه‌و چوار لایه‌نه‌ سیاسییه‌ پێیان وایه‌ به‌هۆی‌ له‌كاركه‌وتنی‌ په‌رله‌مان ناتوانرێ‌ بڕیار له‌به‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌ڵبژاردن بدرێت، به‌ڵام پارتی‌ رایه‌كی‌ تری‌ هه‌یه‌.

 

فرسه‌ت سۆفی‌، په‌رله‌مانتار له‌لیژنه‌ی‌ یاسایی په‌رله‌مان له‌سه‌ر فراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكرات به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌رۆكی‌ هه‌رێم 60 رۆژ پێش كۆتایی واده‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌ 6ی‌ ئه‌یلولی‌ ئه‌مساڵ ده‌توانێت مه‌رسوومی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ده‌ربكات‌و واده‌ی‌ هه‌ڵبژاردن دیاریبكات‌و كۆمیسیۆنیش له‌و واده‌یه‌دا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدات".

 

ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن سه‌رنه‌گرێت سیناریۆی‌ دووه‌م درێژكردنه‌وه‌ی‌ واده‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ هه‌رێم له‌م رووه‌وه‌ پێشینه‌ی‌ زۆری‌ هه‌یه‌.

 

ساڵی‌ 1992 یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ له‌كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، ده‌بوو چوار ساڵ دواترو له‌ئایاری‌ ساڵی‌ 1996 هه‌ڵبژاردنێكی‌ تر بكرێت، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ گه‌رمه‌ی‌ شه‌ڕی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ بووه‌، بۆیه‌ ئه‌و خوله‌ بووه‌ درێژترین خولی‌ په‌رله‌مان‌و تا ساڵی‌ 2005 درێژكرایه‌وه‌.

 

بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمیش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌، بارزانی‌ ساڵ 2009 له‌هه‌ڵبژاردندا بووه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، ساڵی‌ 2013 بۆ دوو ساڵ ماوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ درێژكرایه‌وه‌، ساڵی‌ 2015ش به‌بڕیارێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ شورا كه‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ راوێژكاری‌ یاساییه‌ تائێستا سه‌رۆكه‌.

 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان كه‌ نزیكه‌ له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌وه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌وان زانیارییان لایه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كار بۆ درێژكردنه‌وه‌ی‌ جارێكی‌ تری‌ ماوه‌ی‌ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كات‌و بابه‌تی‌ بارسكردنی‌ هه‌ڵبژاردن ته‌نیا "كارتی‌ گوشار"ه‌.

 

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی‌ گۆڕان وتی‌ "پارتی‌ بۆ بژارده‌ی‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كان قسه‌ی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كردووه‌".

 

ئه‌وبه‌به‌كر هه‌ڵه‌دنی‌ ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی‌ پشتڕاستكرده‌وه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌كۆتا كۆبوونه‌وه‌ی‌ شاندی‌ باڵای‌ یه‌كگرتوو پارتی‌ له‌مانگی‌ ئازار  شانده‌كه‌ی‌ پارتی‌ ئه‌و پرسه‌یان باس كردووه‌، پارتی‌ به‌روونی‌ پێی‌ وتین ئه‌وان ئاماده‌نین ده‌ستبه‌رداری‌ پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بن، چونكه‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌رانبه‌ر پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ كۆماری‌ عێراقه‌و پێشتر له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كردووه‌".

 

پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ له‌ساڵی‌ 2005، كاتێك رێككه‌وتنی‌ ستراتیژیان واژووكرد، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بۆ مه‌سعود بارزانی‌ له‌پشكی‌ پارتی‌ بێت‌و پۆستی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراقیش، كه‌ پشكی‌ كورده‌ له‌به‌غدا بۆ جه‌لال تاڵه‌بانی‌ كاندیدی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ بێت.

 

پارتی‌ به‌فه‌رمی‌ هیچ شتێكی‌ له‌باره‌ی‌ درێژكردنه‌وه‌ی‌ ماوه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و په‌رله‌مانی‌ كوردستان باسنه‌كردووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدان ده‌رچه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ بۆ ئه‌و پرسه‌ بدۆزرێته‌وه‌ به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مان زۆری‌ نه‌مه‌وه‌.

 

فرسه‌ت سۆفی‌ په‌رله‌مانتاری‌ پارتی‌ وتی‌ "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین هه‌ڵبژاردن له‌كاتی‌ خۆیدا بكرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش نه‌كرا به‌هه‌ر بیانوویه‌ك بێت، ئه‌وه‌ ده‌بێت چ پارتی‌، چ لایه‌نه‌كانی‌ تر بیر له‌ده‌رچه‌یه‌كی‌ سیاسی‌‌و یاسایش بكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌كه‌وێته‌ بۆشایی یاسایی زیاترو دامه‌زراوه‌كانی‌ واده‌كانی‌ ته‌واو بێت".

 

جگه‌ له‌م دوو بژارده‌یه‌ش به‌لای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌ ئاسانترین بژارده‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزه‌ سیاسیه‌كان پێكه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌و له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان بسازێن‌و كێشه‌ی‌ په‌رله‌مان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم چاره‌ بكرێت، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مه‌ بۆ هێزه‌ سیاسییه‌كان خۆیان قورسترین بژارده‌ بێت به‌له‌به‌رچاوگرتنی‌ ئه‌و رق‌و ناكۆكییه‌ی‌ به‌رامبه‌ر یه‌ك هه‌یانه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌