راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ململانێ‌ به‌چه‌ك نه‌ك به‌سندوق
هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو سه‌ختترین هه‌ڵبژاردن ده‌بێت له‌عێراقدا

موسته‌فا حه‌بیب
گروپه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه‌داعش كۆیكردبوونه‌وه‌، خه‌ریكه‌ سیاسه‌ت لێكیان جیاده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ له‌ئێستاوه‌ چه‌ندین ناكۆكی‌ له‌نێوانیاندا دروست بووه‌ پاش ئه‌وه‌ی‌ بڕیاریاندا به‌شداری‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ بكه‌ن.
9.03.2017  |  به‌غدا
چەکدارانی حەشدی شەعبی ( :وێنه موقع الحشد الشعبي)
چەکدارانی حەشدی شەعبی ( :وێنه موقع الحشد الشعبي)

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی كۆتایی جه‌نگی داعش كه‌ هێزه‌كانی سوپای عێراق گه‌مارۆی دوا مۆڵگه‌ی توندڕه‌وانیان له‌موسڵ داوه‌، ئه‌و گروپه‌ شیعانه‌ی له‌ژێر سایه‌ی دامه‌زراوه‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا كۆبوونه‌ته‌وه‌، خۆیان بۆ تاووتوێكردنی ئاینده‌یان ئاماده‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان رۆڵیان له‌ سیاسه‌تدا ده‌بێت.

 

هه‌فته‌ی رابردوو قه‌یس خه‌زعه‌لی سه‌ركرده‌ی "عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق" كه‌ هێزێكی چه‌كداری شیعه‌یه‌ وتی "حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك چۆن له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕدا ئاماده‌یی هه‌بووه‌، له‌سیاسه‌تیشدا ئاماده‌یی ده‌بێت‌و وه‌ك چۆن له‌شه‌ڕدا به‌سه‌ر داعشدا سه‌ركه‌وتین، به‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌و بێكاریشدا سه‌رده‌كه‌وین، چونكه‌ حه‌شدی شه‌عبی هه‌ر ماوه‌‌و ده‌شمێنێت، چونكه‌ حه‌شدی خودایه‌".

 

هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ جه‌ماوه‌رێكی زۆریان له‌نێو دانیشتووانی شیعه‌دا په‌یداكرد‌و توانیان هه‌ژموونی خۆیان به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كی جوگرافی به‌رفراواندا بسه‌پێنن، ئه‌مڕۆ سه‌ركرده‌كانیان له‌هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و فاكته‌رانه‌ بقۆزنه‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا، هه‌روه‌ها چاویان له‌وه‌یه‌ ئه‌و توڕه‌ییه‌ میللیه‌ بقۆزنه‌وه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌حزبه‌ ته‌قلیدیه‌كانی شیعه‌ هه‌یه‌ له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سیاسیدا، به‌ڵام ته‌كتیكی سیاسه‌ت زۆر له‌ ته‌كتیكی جه‌نگ جیاوازه‌.

 

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی سیاسی به‌"نقاش"یان راگه‌یاند سه‌ركرده‌ی گروپه‌ شیعه‌كان له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نهێنییان كردووه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ئاینده‌ی حه‌شدی شه‌عبی به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوو به‌یه‌ك لیستی هه‌ڵبژاردن بۆئه‌وه‌ی زۆرترین ده‌نگی ده‌نگده‌ران به‌ده‌ستبهێنن، به‌ڵام كاره‌كه‌ به‌و ئاسانیه‌ نه‌بووه‌.

 

به‌پێی وته‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ كه‌ داوایانكرد له‌به‌ر هه‌ستیاری بابه‌ته‌كه‌، ناسنامه‌یان ئاشكرا نه‌كرێت، ئێران كه‌ پشتیوانی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات، ئامۆژگاری سه‌ركرده‌ی ئه‌و گرووپانه‌ی كردووه‌ له‌یه‌ك لیستی هه‌لبژاردندا خۆیان یه‌كبخه‌ن، به‌ڵام ئه‌و ئامۆژگارییه‌ به‌ربه‌ستی سیاسی‌و یاسایی ئاڵۆزی هاتووه‌ته‌ پێش.

 

هێزه‌كانی "سه‌رایا ئه‌لسه‌لام"ی سه‌ر به‌ پیاوی ئاینی شیعه‌ موقته‌دا سه‌در ئه‌وه‌یان ره‌تكرده‌وه‌‌و به‌شداریكردنیان به‌لیستێكی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌ڵبژارد، له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یه‌كی سیاسی نوێدا كه‌ هه‌وڵی نزیكبوونه‌وه‌ ده‌دات له‌و بزووتنه‌وه‌ مه‌ده‌نی‌و عه‌لمانیانه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ رێبه‌رایه‌تی خۆپیشاندانه‌كان له‌دژی حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ن، ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ی نێوان مه‌ده‌نیه‌كان‌و سه‌دان هه‌زار كه‌س له‌شوێنكه‌وتووانی ره‌وتی سه‌در یارمه‌تیده‌ربوو بۆ زیادكردنی گوشاری سه‌ر حكومه‌ت‌و خۆپیشاندانه‌كان له‌هه‌ركاتێكی تر به‌هێزتر بوون.

 

گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ "ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی"یش به‌ سه‌ركردایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم كه‌ بریتین له‌ "سه‌رایای عاشورا"‌و "سه‌رایای ئه‌نسارولعه‌قیده‌"‌و "لیوای مونته‌زه‌ر"‌و "سه‌رایای جیهاد و بینا" به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌وه‌یان هه‌ڵبژارد كه‌ بچنه‌ لیستێكی تایبه‌ت به‌خۆیان بۆ پشتیوانیكردنی گرووپه‌ سیاسیه‌كه‌ خۆیان كه‌ هاوپه‌یمانی "مواتن"ه‌.

 

سه‌باره‌ت به‌ گرووپه‌ شیعه‌كانی نزیك له‌ ئێرانیش كه‌ له‌رووی عه‌قیده‌وه‌ سه‌ر به‌ عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری ئێرانن كه‌ ئه‌وانیش بریتین له‌ "عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق"‌و "نوجه‌با"‌و "كه‌تائیبی حزبوڵڵا"‌و "ریسالیون"‌و "جوند ئه‌لئیمام" ئه‌وا سه‌رچاوه‌كان ده‌ڵێن بڕیاریان داوه‌ هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو ببه‌ستن كه‌ نزیكه‌ له‌ئێران‌و به‌توندی هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ حوكم ده‌دات له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا.

 

مالیكی چه‌ند مانگێكه‌ له‌هه‌وڵدایه‌ بارودۆخی هه‌ڵبژاردنی رێكبخاته‌وه‌‌و بۆ ئه‌وه‌ش بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری‌و هه‌ژموونی سیاسی‌و ئه‌منی خۆی قۆستۆته‌وه‌ تا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران، یه‌كه‌م هه‌نگاویش سه‌ركه‌وتنی بوو له‌راكێشانی گرووپه‌ شیعه‌كانی سه‌ر به‌ئێران بۆ ریزی خۆی، هه‌روه‌ك پشتیوانی سیاسی ئێران بۆ مالیكی یه‌كێكه‌ له‌دیارترین فاكته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو.

 

به‌ڵام عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌ خاوه‌نی فه‌توا به‌ناوبانگه‌كه‌ی جیهاد له‌دژی داعش كه‌ سه‌دان هه‌زار خۆبه‌خشی بۆ شه‌ڕ هێنایه‌ ئاراوه‌، رایه‌كی تری هه‌یه‌، چونكه‌ به‌شداریكردنی گرووپه‌ شیعه‌كانی له‌سیاسه‌تدا ره‌تكردووه‌ته‌وه‌‌و ده‌رگای به‌ڕووی وه‌فدی ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ شیعانه‌دا داخستووه‌ كه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی ئه‌ویان داوه‌، له‌وه‌ش زیاتر ئه‌و هێزه‌ شیعه‌یه‌ی سیستانی دروستیكردووه‌ كه‌ ئه‌ویش "فیرقه‌ی جه‌نگی عه‌باس"ه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ به‌شداری كاری سیاسی ناكات.

  

جابر محه‌مه‌داوی كه‌ پیاوێكی ئاینی سه‌ربه‌خۆیه‌‌و له‌نه‌جه‌ف وانه‌ی مه‌زهه‌بی شیعه‌ ده‌ڵێته‌وه‌ به‌"نیقاش"ی وت "سیستانی دژی به‌شداریكردنی حه‌شدی شه‌عبیه‌ له‌سیاسه‌تدا، هه‌روه‌ك زۆریش حه‌زی به‌وه‌ نه‌بوو كه‌ حزبه‌ شیعه‌كان یاسای حه‌شدیان له‌په‌رله‌مان په‌سه‌ند كرد تا ببێته‌ هێزێكی ره‌سمی، به‌ڵكو هه‌وڵی ده‌دا كۆتایی به‌هێزه‌كانی حه‌شد بهێنێت‌و ئه‌ندامانیشیان بگوازێته‌وه‌ بۆ كاری مه‌ده‌نی".

 

له‌26ی تشرینی دووه‌می رابردوودا له‌په‌رله‌مانی عێراق یاسای حه‌شدی شه‌عبی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانی شیعه‌وه‌ ده‌ركرا‌و سه‌ره‌ڕای ناكۆكیه‌ لاوه‌كییه‌كانی نێوانیان خۆیان یه‌كخست بۆ په‌سه‌ندكردنی، له‌كاتێكدا په‌رله‌مانتارانی سوننه‌‌و هه‌ندێك له‌په‌رله‌مانتارانی كورد له‌په‌رله‌مان كشانه‌وه‌، به‌مه‌ش حه‌شد بووه‌ هێزێكی ره‌سمی له‌پاڵ هێزه‌كانی سوپا‌و پۆلیسدا له‌ئه‌زموونێكدا كه‌ ته‌واو هاوشێوه‌ی پێكهێنانی "سوپای پاسدارانی ئێران" بوو له‌دوای هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئیسلامی له‌و وڵاته‌ له‌ ساڵی 1979دا.

 

به‌ڵام سه‌ركرده‌ی گرووپه‌ شیعه‌كان كه‌ هه‌وڵێكی زۆریان دا بۆ گۆڕینی حه‌شد بۆ هێزێكی ره‌سمی، به‌و كاره‌یان خۆیان خسته‌ گێژاوێكی یاساییه‌وه‌، چونكه‌ یاسای حزبه‌كان رێگه‌نادات هێزه‌ سه‌ربازیه‌كان به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.

 

كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن له‌راگه‌یه‌ندراوێكی ره‌سمی تونددا رایگه‌یاند "ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربازیه‌‌و په‌یوه‌ندی ئه‌منی هه‌یه‌ به‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانه‌وه‌‌و یاسای ژماره‌ (36)ی ساڵی 2015ی حزبه‌ سیاسیه‌كان كه‌ په‌رله‌مان ده‌ریكردووه‌‌و سه‌رۆكایه‌تی كۆمار په‌سه‌ندی كردووه‌، رێگه‌نادات هیچ قه‌واره‌یه‌كی سیاسی پێكهاته‌ی سه‌ربازی هه‌بێت".

 

به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی حه‌شد رایه‌كی تریان هه‌یه‌‌و وه‌ك محه‌مه‌د ناجی په‌رله‌مانتاری "هاوپه‌یمانی نیشتمانی" كه‌ یه‌كێكه‌ له‌سه‌ركرده‌كانی حه‌شد ده‌ڵێت ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ی به‌درێژایی چه‌ند مانگی رابردوو له‌دژی رێكخراوی داعش شه‌رٍیان كردووه‌‌و سه‌ركه‌وتنیان له‌سه‌ر زه‌وی به‌ده‌ستهێناوه‌، مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسی بكه‌ن.

 

ناجی به‌"نیقاش"ی وت "ئه‌و ئاسته‌ جه‌ماوه‌ریه‌ به‌رفراوانه‌ی هێزه‌كانی حه‌شد هه‌یانه‌، مافی ئه‌وه‌یان پێ ده‌به‌خشێت به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسی بكه‌ن‌و رووبه‌ڕووی قه‌یرانه‌ سیاسی‌و ئابووری‌و خزمه‌تگوزارییه‌كان ببنه‌وه‌ وه‌ك چۆن رووبه‌ڕووی قه‌یرانی ئه‌منی بوونه‌وه‌‌و له‌دژی داعش جه‌نگان".

 

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "چه‌ندین سه‌ركرده‌ی حه‌شد سیاسی‌و په‌رله‌مانتارن، به‌ڵام به‌هۆی مه‌ترسی تیرۆریستانه‌وه‌ خۆبه‌خشانه‌ به‌شداریان له‌ شه‌ڕدا كردووه‌‌و پاش له‌ناوبردنی داعشیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كاری سیاسی".

 

به‌ڵام مه‌ترسییه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌و گرووپه‌ شیعه‌ چه‌كدارانه‌ی له‌به‌ره‌كاندا یه‌كیانگرت بۆ شه‌ڕكردن له‌دژی یه‌ك دوژمن كه‌ داعشه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێسته‌ سیاسیه‌كان‌و مه‌جه‌عیه‌تی ئایینیدا ناگونجێن‌و ره‌نگه‌ كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی ده‌نگده‌ران ببێته‌ هۆی دروستبوونی پێكدادانی چه‌كداری له‌نێوانیاندا به‌تایبه‌تی كه‌ جه‌نگاوه‌رانی ئه‌و گرووپانه‌ ئێستا هه‌ژموونیان له‌ناو گه‌ڕه‌ك‌و شاره‌ سه‌قامگیره‌كاندا هه‌یه‌.

 

هێشتا شه‌ڕه‌كانی دژ به‌داعش به‌رده‌وامن‌و هاوپه‌یمانیه‌ سیاسیه‌كان پێویستیان به‌ كاتی زیاتره‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گومانی تێدا نیه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو له‌عێراق قورسترین‌و مه‌ترسیدارترین هه‌ڵبژاردن ده‌بێت له‌ ساڵی 2003وه‌، چونكه‌ ره‌نگه‌ ئه‌مجاره‌ ململانێی سیاسی له‌ڕێی چه‌كه‌وه‌ بێت نه‌ك سندوقی ده‌نگدان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌