راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

250 هه‌زار ئاواره‌ی‌ دیكه‌ به‌ڕێوه‌ن
وه‌زیری‌ كۆچ‌و كۆچبه‌ران: چوار ملیۆن هاوڵاتی‌ له‌عێراقدا ئاواره‌بوون

ئاواره حه‌مید
وه‌زیری‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت له‌سه‌ره‌تای‌ قه‌یرانی‌ داعشه‌وه‌ چوار ملیۆن هاوڵاتی‌ له‌ناوخۆی‌ عێراق ئاواره‌بوون، به‌ڵام له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ملیۆنێك‌و شه‌ش سه‌د هه‌زار كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.
2.02.2017  |  هه‌ولێر
دەرباز محەمەد
دەرباز محەمەد

ده‌رباز محه‌مه‌د (جاسم محه‌مه‌د) وه‌زیری‌ كۆچ‌و كۆچبه‌رانی‌ عێراق له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ تایبه‌تی‌ "نیقاش"دا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ناوخۆی‌ عێراق هیچ كه‌سێك ناچار ناكرێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌، هه‌روه‌ها حكومه‌تی‌ عێراق رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هیچ وڵاتێكدا ناكات تا په‌ناهه‌نده‌كان به‌زۆر بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌.

 

ده‌رباز محه‌مه‌د كه‌ خۆی‌ وه‌زیرێكی‌ كورده‌ به‌پێچه‌وانه‌ی‌ لێكدانه‌وه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات ئاواره‌كان جموجۆڵی‌ بازرگانیان له‌كوردستاندا دروستكردووه‌و نه‌بوونه‌ته‌ مایه‌ی‌ بارگرانی‌.

 

سه‌باره‌ت به‌ئۆپه‌راسیۆنی‌ موسڵ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ 194 هه‌زار كه‌س له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌وه‌ ئاواره‌ بوون‌و مه‌زه‌نده‌ ده‌كات له‌رۆژانی‌ داهاتوو 250 هه‌زار كه‌ی‌ تریش ئاواره‌ ببن.

 

نیقاش: ژماره‌ی‌ جیاواز ده‌وترێت له‌باره‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی‌ له‌ناوخۆی‌ عێراق ئاواره‌بوون، ژماره‌ راسته‌قینه‌كه‌ چه‌نده‌؟

ده‌رباز محه‌مه‌د: له‌مانگی‌ حوزه‌یرانی‌ 2014 تاوه‌كو ئێستا چوار ملیۆن كه‌س ئاواره‌بوون‌و له‌و ژماره‌یه‌ زیاتر له‌ملیۆنێك‌و شه‌ش سه‌د هه‌زار كه‌س گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ شوێنی‌ خۆیان‌و رۆژانه‌ش گه‌ڕانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌ له‌و دوو ملیۆن‌و چوارسه‌د هه‌زار كه‌سه‌ی‌ ماونه‌ته‌وه‌ خه‌ڵكی‌ موسڵ‌و ده‌وروبه‌ری‌ زۆرینه‌ پێكده‌هێنن، به‌جۆرێك ژماره‌ی ئاواره‌كانی‌ ئه‌و پارێزگایه‌ ملیۆنێك‌و سێ سه‌د هه‌زار كه‌س ده‌بن.

 

نیقاش: ئه‌م ژماره‌یه‌ ئه‌و عێراقیانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ له‌دوای‌ قه‌یرانی‌ داعشه‌وه‌ وه‌ك په‌ناهه‌نده‌ روویان له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق كردووه‌؟ ئه‌ی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌وان چه‌نده‌؟

ده‌رباز محه‌مه‌د: هیچ كه‌سێك ئامارێكی‌ دروستی‌ له‌به‌ر ده‌ست نییه‌و هیچ وڵاتێك ئامارێكی‌ دروستی‌  پێ نه‌داوین، به‌ڵام به‌شێكی‌ زۆریان له‌توركیان‌و به‌شێكی‌ كه‌متر له‌سوریاو ئه‌رده‌ن، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆریش به‌ره‌و ئه‌وروپا رۆیشتن، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌وانه‌ی‌ روویان له‌ئه‌وروپا كرد كه‌مینه‌یان له‌وانه‌ن كه‌ ناوچه‌كانیان كه‌وته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ داعش، زۆرینه‌كه‌ خه‌ڵكی‌ به‌غداو پارێزگاكانی‌ تر عێراق‌و هه‌رێمی‌ كوردستانن.

 

نیقاش: زۆرجار له‌ناوخۆدا گفتوگۆ گه‌رم ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ ره‌نگه‌ عێراق رێكه‌وتن بكات له‌گه‌ڵ وڵاتانی‌ ئه‌وروپاو به‌زۆر په‌ناهه‌نده‌كان بنێرنه‌وه‌، ئه‌مه‌ تا چه‌ند رێی‌ تێده‌چێت؟

ده‌رباز محه‌مه‌د: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رێكه‌وتنێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ نه‌كراوه‌و ناشكرێت، ئه‌وانه‌شی‌ به‌ئاره‌زومه‌ندانه‌ خۆیان دێنه‌وه‌ رێو شوێنه‌ پێویسته‌كانیان بۆ ده‌گیرێته‌ به‌ر، له‌چه‌ند رۆژی‌ رابردووش وه‌فدێكی‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان سه‌ردانی‌ فنله‌ندای‌ كرد به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ رایگه‌یاندبوو كه‌ ناتوانن په‌ناهه‌نده‌كان بژێنن‌و ده‌یان نێرنه‌وه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت به‌سه‌رجه‌م وڵاتان بڵیین پێویسته‌ یاساو پڕۆتۆكۆله‌كانی‌ تایبه‌ت به‌مافی‌ په‌نابه‌ران ره‌چاو بكرێت، كه‌ هاوڵاتیه‌ك ده‌چێته‌ سنوری‌ هه‌ر وڵاتێكه‌وه‌ ئه‌گه‌ر مافی‌ مانه‌وه‌ی‌ سیاسیشی‌ پێ نه‌درێت ئه‌وا پێویسته‌ له‌و وڵاته‌ بمێنێته‌وه‌و به‌زۆر نه‌نێردرێته‌وه‌و لایه‌نێكی‌ مرۆڤایه‌تی‌ سه‌یر بكرێت.

 

ئاواره‌كان به‌شێكی‌ زۆریان بونه‌ته‌ مایه‌ی‌ گه‌شه‌كردنی‌ جوڵه‌ی‌ ئابووری‌ بۆ كوردستان‌

 

نیقاش: حكومه‌تی هه‌رێم له‌چه‌ند بۆنه‌یه‌كدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵكی موسڵ‌و ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌وتبونه‌ ده‌ست داعش هاتونه‌ته‌ كوردستان‌و ئێوه‌ش تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی هاوكارنین وه‌ك پێویست، بۆچوونی‌ ئێوه‌ چییه‌؟

ده‌رباز محه‌مه‌د: ئاواره‌كان به‌شێكی‌ زۆریان بونه‌ته‌ مایه‌ی‌ گه‌شه‌كردنی‌ جوڵه‌ی‌ ئابووری‌ بۆ كوردستان‌و هه‌ر خزمه‌تگوزاریه‌ك بۆ ئاواره‌كان دابین كرابێت ئه‌وا یا حكومه‌تی‌ عێراق دابینیكردووه‌ یاخود رێكخراوه‌كان، حكومه‌تی‌ هه‌رێم كه‌ باسی‌ دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ ئاوو كاره‌با ده‌كات بۆ ئاواره‌كان ئه‌مه‌ به‌شێكی‌ راسته‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌پارێزگایه‌كی‌ وه‌ك دهۆك، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌وان باسی‌ ده‌كه‌ن گوایه‌ ئاواره‌كان بوبێتنه‌ مایه‌ی‌ كه‌می‌ ئاوو كاره‌با بۆ هاوڵاتیانی‌ كوردستان، به‌شێكی‌ زۆری‌ ئاواره‌كان له‌ناو ئه‌و باڵه‌خانه‌و خانوانه‌دان كه‌ له‌ناو سه‌نته‌ری‌ شاردان، جا ئه‌و شوێنانه‌ كورد یا عه‌ره‌ب یا خه‌ڵكی‌ ئاواره‌ی‌ تێدا بێت هه‌ر ده‌بێت خزمه‌تگوزاری‌ تیا بێت.

 

نیقاش: باسی‌ رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كانت كرد، ئه‌وان تا چه‌ند ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ ئێوه‌یان سوككردووه‌ له‌هاوكاریكردنی‌ ئاواره‌كان؟

ده‌رباز محه‌مه‌د: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و رێكخراوانه‌ پێكه‌وه‌ كارده‌كه‌ین‌و ئه‌وان یارمه‌تیده‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمیشن، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان بۆ ئاواره‌كانی‌ دابین ده‌كه‌ن خێر نییه‌، به‌ڵكو گه‌یاندنی‌ ئه‌و هاوكاریانه‌یه‌ كه‌ وڵاتانی‌ كۆمه‌كبه‌خش بۆ ئاواره‌كانی‌ دابین ده‌كه‌ن، راسته‌ به‌هه‌موان پێكه‌وه‌ كارمان بۆ هاوكاریكردنی‌ ئاواره‌كان كردووه‌، به‌ڵام ستراتیژی‌ سه‌ره‌كی‌ ئێمه‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ ئاواره‌كانه‌ بۆ شارو ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان، ناكرێت ته‌نیا چاومان له‌سه‌ر هاوكاریكردنیان بێت‌و كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یان نه‌كه‌ین.

 

نیقاش: ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنی‌ ئازادكردنی‌ موسڵ ژماره‌ی‌ ئاواره‌كانی‌ زیاتر كردووه‌؟

ده‌رباز محه‌مه‌د: به‌ڵێ‌، له‌سه‌ره‌تای‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌وه‌ نزیكه‌ی‌ 194 هه‌زار كه‌س له‌موسڵ‌و حه‌ویجه‌ ئاواره‌ بوون، پاش ئازادكردنی‌ به‌شی‌ خۆرهه‌ڵاتی‌ شاره‌كه‌ تائێستا 40 هه‌زار هاوڵاتی‌ گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌یان.

 

هه‌ر خێزانێك بگه‌ڕێته‌وه‌ وه‌ك هاوكاری‌ یه‌ك ملیۆن‌و پێنج سه‌د هه‌زار دیناری‌ پێ ده‌ده‌ین

 

نیقاش: ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی ده‌چنه‌وه‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی خۆیان ئێوه‌ چیان بۆ ده‌كه‌ن؟

ده‌رباز محه‌مه‌د: هه‌ر خێزانێك بگه‌ڕێته‌وه‌ وه‌ك هاوكاری‌ یه‌ك ملیۆن‌و پێنج سه‌د هه‌زار دیناری‌ پێ ده‌ده‌ین، ئه‌وانیش ده‌بێت خۆیان تۆمار بكه‌ن، ئه‌مه‌ وه‌ك به‌خشین‌و هاندانه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی‌ خۆیان، ئه‌وانه‌شی‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانیان به‌هۆی‌ نه‌بوونی‌ ئاسایش، ئه‌وا پێنج سه‌د هه‌زار دیناریان پێ ده‌درێت، ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ یه‌كجاره‌.

 

نیقاش: حكومه‌تی هه‌رێمی‌ كوردستان له‌راگه‌یاندراوێكه‌وه‌ ده‌ڵێت پێویسته‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی ئاواره‌ بوون سه‌ربه‌ست بن له‌گه‌ڕانه‌وه‌یان یان مانه‌وه‌یان، مه‌به‌ست له‌مه‌ چییه‌، ئایا زۆر له‌كه‌س كراوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌؟

ده‌رباز محه‌مه‌د: زۆرمان له‌كه‌س نه‌كردووه‌و ئێمه‌ش ده‌ڵیین پێویسته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بێت

 

نیقاش:       پاش كۆتایی‌ هاتنی‌ قه‌یرانی‌ ئاواره‌كان، چاره‌نووسی‌ كامپه‌كان چییان به‌سه‌ر دێت؟

ده‌رباز محه‌مه‌د: ئه‌گه‌ر خه‌ڵك له‌كامپه‌كاندا مابن ئه‌وا هیچ كامپێك داناخه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كامپێك خه‌ڵكی‌ تێدا نه‌ما ئه‌وا راسته‌وخۆ به‌داخراو هه‌ژمار ده‌كرێت.

 

نیقاش: زۆرجار باسی‌ خراپی‌ گوزه‌رانی‌ ناو كامپه‌كان ده‌كرێت، ده‌كرێت ئێوه‌ وه‌سفی‌ ژیانی‌ ناو كامپه‌كانمان بۆ بكه‌ن؟

ده‌رباز محه‌مه‌د: ژیانێكی‌ سه‌ره‌تاییه‌و زۆربه‌ی‌ كامپه‌كان ته‌نیا له‌چادر پێكهاتوون‌و خزمه‌تگوزاری‌ سه‌ره‌تایی‌ تێدایه‌ وه‌ك ئاوو كاره‌باو بنكه‌ی‌ ته‌ندروستی‌، به‌ڵام هه‌گیز ژیانی‌ كامپه‌كان وه‌ك ژیانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ كامپ نییه‌.

 

نیقاش: پێشتر باس له‌وه‌كرا كه‌ له‌ناو كامپه‌كان به‌تایبه‌ت كامپی خازر به‌هۆی سه‌رماو سۆڵه‌وه‌ چه‌ند ئاواره‌یه‌ك گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌مه‌ راست بوو؟

ده‌رباز محه‌مه‌د: نه‌خێر راست نییه‌و كه‌س به‌هۆی‌ سه‌رماوه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستدانه‌داوه‌و كامپه‌كانی‌ حه‌سن شام‌و خازر كه‌ نزیكن له‌یه‌كه‌وه‌ زیاتر له‌ 70 هه‌زار كه‌سی‌ تێدایه‌و حاڵه‌تی‌ مردن تیایاندا رووده‌دات، به‌ڵام كه‌س به‌هۆی‌ سه‌رما گیانی‌ له‌ده‌ست نه‌داوه‌، چونكه‌ نه‌وتی‌ پێویست دابنیكراوه‌.

 

نیقاش: له‌هه‌ندێ‌ ناوچه‌ كه‌سوكاری‌ چه‌كدارانی‌ داعش ناهێڵدرێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كانی‌ خۆیان، ئایا چاره‌نووسی‌ ئه‌وانه‌ چییان به‌سه‌ردێت؟

ده‌رباز محه‌مه‌د: مه‌سه‌له‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ به‌لای‌ ئێمه‌وه‌ زۆره‌ ملێ نییه‌و نه‌ به‌زۆر ده‌نێردرێنه‌وه‌و نه‌ رێی‌ گه‌ڕانه‌وه‌شیان لێده‌گیرێت، به‌ڵام ئێمه‌ هانی‌ خه‌ڵك ده‌ده‌ین بگه‌ڕێنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ناوچه‌كه‌یان ئارام نه‌بێت ئه‌وا وه‌ك ئاواره‌ هه‌ژمار ده‌كرێن‌و هاوكاری‌ ده‌كرێن، به‌ڵام بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی‌ به‌ره‌و ئارامی‌ ده‌چن ئه‌گه‌ر خۆیان نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ ئه‌وا هاوكاری‌ ناكرێن‌و به‌ئاواره‌ هه‌ژمار ناكرێن، به‌ڵكو ئه‌و كه‌سانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاسایی‌ شوێنی‌ ژیانیان گۆڕیوه‌و هیچی‌ تر.

 

نیقاش: قه‌یرانی‌ ئاواره‌بوون بارگرانییه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ بۆ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ دروستكرد، له‌سه‌ره‌تا هاتنی‌ داعشه‌وه‌ چه‌نده‌ بۆ هاوكاریی‌ ئاواره‌كان خه‌رجكراوه‌؟

ده‌رباز محه‌مه‌د: له‌و سێ ساڵه‌دا كۆی‌ گشتی‌ ترلیۆنێك‌و نۆ سه‌د ملیار دینار بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ خه‌رجكراوه‌.

 

نیقاش: له‌ئێستادا ئاماده‌كاری ده‌كرێت بۆ رزگاركردنی رۆژئاواو باشوری موسڵ، پێتان وایه‌ ئه‌وه‌ش شه‌پۆلێكی‌ تری‌ ئاواره‌بوون دروست بكات؟

ده‌رباز محه‌مه‌د: به‌ڵێ‌، مه‌زه‌نده‌ ده‌كه‌ین به‌و هۆیه‌وه‌ 250 هه‌زار كه‌س له‌و ناوچانه‌وه‌ ئاواره‌ببن، ئێمه‌ش ئاماده‌كاری‌ ته‌واومانكردووه‌ بۆ پێشوازیكردنیان.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌