راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ساڵی‌ ناڕه‌حه‌تی‌ تێپه‌ڕی‌
ساڵی‌ 2017 چی‌ پێیه‌ بۆ خەڵکی كوردستان؟

هه‌ستیار قادر
به‌زۆربه‌ی‌ پێوه‌ره‌كان ساڵی‌ 2016 یه‌كێك بوو له‌ساڵه‌ پڕ له‌ده‌رده‌سه‌رییه‌كان بۆ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ئاخۆ 2017 چی‌ له‌چاره‌نووسی‌ ئه‌م هه‌رێمه‌ نووسیبێت؟
5.01.2017  |  هه‌ولێر
گره‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ كورد ده‌توانێ‌ به‌رهه‌می‌ ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ی‌ بچنێته‌وه‌ ( :وێنه كامران نجم)
گره‌وه‌كه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئاخۆ كورد ده‌توانێ‌ به‌رهه‌می‌ ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه‌ی‌ بچنێته‌وه‌ ( :وێنه كامران نجم)

رێكه‌وتنی‌ نێوان یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و ده‌ستپێشخه‌ری‌ مه‌سعود بارزانی‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ سیاسیه‌كان‌و پرۆتۆكۆڵی‌ یارمه‌تی‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوكاری‌ پێشمه‌رگه‌، دیارترین ئه‌و روداوه‌ سیاسیی‌‌و ئه‌منیانه‌ بوون كه‌ له‌ 2016  له‌هه‌رێمی‌ كوردستان رویاندا.

 

ساڵی‌ 2016 كه‌ له‌كۆتاییه‌كه‌یدا زۆربه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌"ساڵی‌ قه‌یران" ناویانبرد، تیایدا قه‌یرانی‌ دارایی‌  حكومه‌تی‌ ناچار كرد ده‌ست بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران به‌رێت وه‌ك دیارترین هه‌نگاوی‌ ئابوری‌ كه‌ ره‌نگه‌ ده‌رهاویشته‌كانی‌ بۆ ساڵی‌ 2017 به‌رده‌وام بێت. 

 

شه‌وی‌ سه‌ری‌ ساڵ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وت خه‌ڵكی‌ كوردستان دڵخۆشییه‌كی‌ زۆریان ده‌رده‌بڕی‌ به‌وه‌ی‌ ساڵی‌ 2016 تێده‌په‌ڕێت، هه‌رچه‌نده‌ هیچ به‌رچاوڕونییه‌ك نییه‌و ئاسۆی‌ چاره‌سه‌ر دیارنییه‌، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ هیوایان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ هه‌ڵچنیوه‌ 2017 به‌خۆشی‌ بگوزه‌رێنن.

 

نیقاش به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ر به‌ره‌وخوار له‌كۆتا مانگه‌وه‌ زۆربه‌ی‌ رووداوه‌ سیاسی‌‌و ئه‌منی‌‌و ئابورییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ریز ده‌كات.

 

ساڵی‌ ئیسلامییه‌كان بوو

 كۆتا رۆژی‌ ساڵی‌ 2016 كۆبوونه‌وه‌ی‌ لوتكه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ یه‌كه‌می‌ هه‌رسێ حیزبه‌ ئیسلامییه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان (كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌، یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌، بزوتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌) ئه‌نجامدراو تیایدا بڕیاردرا كه‌ ده‌سته‌یه‌كی‌ باڵای‌ كاری‌ هاوبه‌ش پێكبهێنن به‌مه‌به‌ستی‌ به‌جێگه‌یاندنی‌ پرۆژه‌ی‌ یه‌كخستن‌و یه‌كگرتنیان به‌شێوه‌ی‌ قۆناغبه‌ندی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ دروستكردنی‌ به‌ره‌ی‌ ئیسلامی‌.

 

نهێنییه‌ "تاڵه‌كه‌"ی‌ ویكیلیكس

رۆژی‌ 27ی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م میدیا كوردییه‌كان نامه‌یه‌كی‌ ئه‌لكترۆنی‌ ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتیه‌كانیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ له‌رێی‌ ویكیلیكسه‌وه‌ ده‌ستیان كه‌تبوو بۆ  وه‌زیری‌ وزه‌ی‌ توركیای‌ ناردووه‌و تیایدا پێشنیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ كردووه‌ پشكی‌ چه‌ند كێڵگه‌یه‌كی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بكڕن له‌به‌رامبه‌ر 5 ملیار دۆلاردا ئه‌وه‌ش هه‌رایه‌كی‌ سیاسی‌ زۆری‌ لێكه‌وته‌وه‌و به‌دوایدا ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ هه‌مان رۆژ له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا وێرای‌ داندان به‌و راستی‌ به‌لگه‌نامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئامانج له‌و هه‌نگاوه‌ بۆ سوككردنی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌و دانه‌وه‌ی‌ قه‌رزه‌كانی‌ سه‌ر حكومه‌ت بووه‌.

 

ئۆپۆزسیۆنی‌ ئێران كرایه‌ ئامانج

هه‌ر له‌مانگی‌ كانوونی‌ یه‌كه‌م كه‌ قه‌ره‌باڵغترین مانگی‌ ساڵ بوو له‌رووی‌ رووداوه‌وه‌ شه‌وی‌ 20ی‌ ئه‌و مانگه‌  دووته‌قینه‌وه‌ له‌به‌رده‌م باره‌گای‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ ئێران له‌قه‌زای‌ كۆیه‌ی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ هه‌ولێر رویداو به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی‌ ئه‌وحیزبه‌ كوژران، ئه‌مه‌ش بێنه‌و به‌رده‌یه‌كی‌ سیاسی‌ دروستكردو زۆربه‌ی‌ میدیاو هێزه‌ كوردییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناراسته‌وخۆ ده‌ستی‌ تۆمه‌تیان بۆ ئێران درێژكرد.

 

ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن ده‌ستی‌ پێنه‌كرد

بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌سێ‌ مانگ به‌هۆی‌ وه‌رنه‌گرتنی‌ شایسته‌ داراییه‌كانیانه‌وه‌ مامۆستایانی‌ پارێزگاكانی‌ سلێمانی‌‌و هه‌ڵه‌بجه‌و ئیداره‌كانی‌ گه‌رمیان‌و راپه‌رین هه‌ر له‌قۆناغی‌ سه‌ره‌تاییه‌وه‌ تا زانكۆ بایكۆتی‌ هۆڵه‌كانی‌ خوێندنیان كرد، به‌و هۆیه‌وه‌ ساڵی‌ نوێی‌ خوێندن كه‌ ده‌بوو له‌ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ ئه‌یلول ده‌ستی‌ پێبكات دواكه‌وت، له‌كۆتاییه‌كانی‌ ساڵدا زۆربه‌ی‌ مامۆستایان بڕیاریاندا بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن‌و حكومه‌تیش به‌ڵێنیدا بڕێك هاوكاری‌ داراییان بۆ زیاد بكات، هه‌رچه‌نده‌ ئێستاش ژماره‌یه‌ك مامۆستا ماون بایكۆتیان نه‌شكاندووه‌.

هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌وه‌ به‌رپرسی‌ یه‌كه‌می‌ په‌روه‌رده‌‌و فێركردن له‌سلێمانی‌ ده‌ستی‌ له‌كاركێشایه‌وه‌، چونكه‌ مامۆستایانی‌ سلێمانی‌ ئاماده‌نه‌بوون‌و وه‌ك مامۆستایانی‌ هه‌ولێرو دهۆك ده‌ست بكه‌نه‌وه‌ به‌خوێندن، هه‌رچه‌نده‌ دواتر وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی‌ په‌سه‌ند نه‌كرد.

 

مه‌ترسیه‌كی‌ پێشبینی نه‌كراوی‌ داعش

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌شه‌ڕێكی‌ قورسدایه‌ له‌گه‌ڵ داعش، به‌ڵام ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان پارێزراو بووه‌ له‌ده‌ستی‌ ئه‌و گروپه‌، كه‌چی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو چه‌ند ده‌سته‌یه‌كی‌ داعش گه‌یشتنه‌ ناو هه‌رێمی‌ كوردستان، هێزه‌كانی‌ ئاسایشی قه‌زای‌ ده‌ربه‌ندیخانی‌ سنوری‌ ئیداره‌ی‌ گه‌رمیان هه‌واڵی‌ خۆ ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ دوو خۆكوژیان راگه‌یاند له‌گوندێكی‌ ئه‌وسنوره‌ كاتێك هه‌وڵی‌ ده‌ستگیركردنیان دابوون كه‌ به‌چه‌كداری‌ داعش ناسێنران، ئه‌و روداوه‌ له‌پاش ئه‌وه‌ هات له‌دوو روداوی‌ هاوشێوه‌ له‌سنوری‌ ناحیه‌ی‌ سه‌نگاو مانگی‌ ئاب له‌دوو كرده‌ی‌ سه‌ربازیی‌ جیاوازدا هێزه‌ ئه‌منیه‌كان ژماره‌یه‌ك چه‌كداری‌ داعشیان كوشت كه‌ هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌یان دابوو دزه‌ بكه‌نه‌ نێو سنوری‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانیه‌وه‌.

به‌هه‌مان شێوه‌ رۆژی‌ 19ی‌ تشرینی‌ دووه‌م له‌نزیك رووباری‌ سیروان له‌پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌  ژماره‌یه‌ك چه‌كداری‌ نه‌ناسراو كه‌ ناسنامه‌یان له‌نێوان چه‌كدارانی‌ داعش‌و به‌ره‌ی‌ نوسره‌ یه‌كلا نه‌بۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان پێكیانداو به‌پێی‌ راگه‌یاندراێكی‌ ده‌زگای‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌و پێكدادانانه‌دا چه‌ند كه‌سێك له‌و چه‌كدارانه‌ كوژران‌و سێ كارمه‌ندی‌ ئاسایشیش بریندار بوون.

قادر ره‌زگه‌یی بڕیارده‌ری‌ لیژنه‌ی‌ ناوخۆی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان پێشبینی‌ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ساڵی‌ نوێداو له‌پاش شكستی‌ داعش له‌شه‌ڕی‌ موسڵ په‌نا به‌رێت بۆ ته‌كتیكی‌ مه‌فره‌زه‌ی‌ بچوك بۆ ئه‌نجامدانی‌ هێرش كه‌ ئه‌وه‌ش مه‌ترسی ده‌بێت بۆ سه‌ر هه‌رێمی‌  كوردستان .

 قادر ره‌زگه‌یی به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ داعش په‌ناش به‌رێته‌ به‌ر شانه‌ی‌ نوستووی‌ خۆی‌ له‌هه‌رێم به‌تایبه‌ت كه‌ ژماره‌ی‌ ئاواره‌كان به‌هۆی‌ شه‌ڕی‌ موسڵه‌وه‌ له‌هه‌رێم زیادیكردووه‌و دوور نیه‌ كه‌سانێك هه‌بن له‌ناویاندا هه‌ڵگری‌ فیكری‌ داعش بن یان ئه‌و گروپه‌ رێكیخستبن بۆ ئه‌و جۆره‌ مه‌ترسیانه‌".  

 

ده‌ستپێشخه‌ری‌ بارزانی‌

مانگی‌ تشرینی‌ دووه‌م مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی‌ راگه‌یاند بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كه‌تیایدا داوایكرد كه‌سێك له‌پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم دابنرێت تا هه‌ڵبژاردنی‌ داهاتوو، سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و پێكهاته‌ی‌ حكومه‌تیش گۆڕانكارییان تیادا بكرێت به‌مه‌به‌ستی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم. ئه‌مه‌ش دوای‌ قه‌یرانێكی‌ یه‌كساڵه‌ی‌ سیاسی‌ هات كه‌ ساڵێك له‌وه‌و به‌ر رێی‌ چوونه‌ هه‌ولێر له‌سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان گیراو ناكۆكی‌ قووڵ له‌نێوان پارتی‌ دیموكرات‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا دروست بوو.

 له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیارانه‌ پارتی‌  دیموكراتی‌ كوردستان دوای‌ دابڕانێكی‌ زۆر لیژنه‌یه‌كی‌ دانوستكاری‌ پێكهێناو سه‌ردانی‌ زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانیان كردو بڕیاریشه‌ ئه‌مساڵ پرۆژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بده‌نه‌ لایه‌نه‌كان.

د. رێبوار كه‌ریم مامۆستای‌ زانسته‌ سیاسیه‌كانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ پێیوایه‌ ئه‌و جوڵه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كاندا هه‌یه‌ بۆ 2017 به‌ شێوه‌یه‌كی‌ كاتی‌ ئاڵۆزییه‌كان هێور ده‌كاته‌وه‌ به‌و پێیه‌ی‌ لایه‌نه‌كان ده‌یانه‌وێت نیازپاكی‌ خۆیان پیشان جه‌ماوه‌ر بده‌ن بۆ دانوستان بێ ئه‌وه‌ی‌ له‌روی‌ كردارییه‌وه‌ سه‌ربگرێت‌و پێی‌ وایه‌ ساڵی‌ نوێش قه‌یرانی‌ تر رووبه‌رووی‌ هه‌رێم ده‌بێته‌وه‌.

رێبوار كه‌ریم به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌ئه‌یلولی‌ ئه‌مساڵ (2017) كۆتایی‌ به‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مان دێت‌و له‌وێوه‌شه‌وه‌ قه‌یرانی‌ شه‌رعیه‌ت په‌یدا ده‌بێت‌و دوای‌ شه‌ڕی‌ داعشیش كورد رووبه‌رووی‌ قۆناغێكی‌ هه‌ستیار ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ناتوانێت به‌یه‌كگرتوویی‌ نێوماڵی‌ خۆی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ بكات‌و به‌رچاویشی‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ رون نییه‌ به‌هۆی‌ دابه‌ش بوونی‌ به‌سه‌ر دوو جه‌مسه‌ر به‌ندییدا (ئێران‌و توركیا)".

 

زنجیره‌یه‌ك كوشتنی‌ ئاماژه‌دار

شه‌وی‌ 22ی‌ تشرینی‌ دووه‌م د هۆشیار ئیسماعیل وتارخوێنی‌ مزگه‌وتی‌  عومه‌ر بندیانی‌ شاری‌ هه‌ولێرو كه‌سایه‌تی‌ دیاری‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا كوژراو كه‌ ئه‌وه‌ یه‌كه‌م مامۆستای‌ ئاینی‌ بوو له‌چه‌ند ساڵی‌ رابردوودا بكوژرێت‌و روداوه‌كه‌ش مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌  هه‌رێمی‌ هێنایه‌ قسه‌و راگه‌یاندراوێكی‌ له‌سه‌ر بڵاوكرده‌وه‌ به‌دواشیدا دوو كه‌س به‌تۆمه‌تی‌  ئه‌نجامدانی‌ ئه‌و كوشتنه‌ ده‌ستگیركراون كه‌ تائێستا له‌قۆناغی‌ لێكۆڵینه‌وه‌دان.

هه‌ر له‌كۆتایی‌ ئه‌و مانگه‌دا رۆژنامه‌نووس (شوكری‌ زه‌ینه‌دین) كه‌ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌قه‌زای‌ ئامێدی‌ كارده‌كات له‌ناوچه‌یه‌كی‌ سنوری‌ نێوان عێراق‌و توركیا ته‌رمه‌كه‌ی‌ دۆزرایه‌وه‌، راگه‌یاندنی‌ گۆڕان گومانیان له‌رووداوه‌كه‌ هه‌بوو رایانگه‌یاند "پێشتر ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی‌ لێكراوه‌"، به‌ڵام هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ئه‌و گومانانه‌یان ره‌تكرده‌وه‌و رایانگه‌یاند رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ له‌"راوه‌ به‌راز" بووه‌و به‌هۆی‌ په‌لاماردانی‌ به‌رازه‌وه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌.

له‌مانگی‌ ئابیشدا رۆژنامه‌نوس  ویدات حسێن نزیك له‌پارتی‌ كرێكارانی‌ كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌شاری‌ دهۆك رفێنراو دواتر ته‌رمه‌كه‌ی‌ دۆزرایه‌وه‌ كه‌ چه‌ند فیشه‌كێكی‌ پێوه‌بوو، ئه‌و روداوه‌ هه‌ستیارترین پرسه‌كانی‌ مه‌ترسی سه‌ر رۆژنامه‌نوسان بوو كه‌ له‌ساڵی‌ 2016دا  رویدا بێت.

 

پێشمه‌رگه‌ دواسنوری‌ خۆی‌ له‌موسڵ كۆنتڕۆڵكرده‌وه‌

هه‌فته‌ی‌ یه‌كه‌می‌ تشرینی‌ دووه‌م هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ شارۆچكه‌ی‌ باشیكی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ موسڵیان كۆنترۆڵكرده‌وه‌ ئه‌مه‌ش دوایین ئه‌و سنوره‌ بوو كه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ ده‌ستنیشانكرابوو له‌شه‌ڕی‌ موسڵدا، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ ناوه‌ڕاستی‌ مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م به‌هاوشانی‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌ستی‌ پێكرد.

 

لێكتیگه‌یشتنی‌ به‌غداو هه‌ولێر به‌چاودێری‌ ئه‌مه‌ریكا

رۆژی‌ 19ی‌ ئه‌یلول مه‌سعود بارزانی‌ به‌یاوه‌ری‌ شاندێك له‌لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان سه‌ردانی‌ به‌غدای‌ كردو له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران كۆبۆوه‌، ئه‌وه‌ش یه‌كه‌م سه‌ردان بوو له‌پاش ده‌ستبه‌كاربوونی‌ عه‌بادی‌ بۆ به‌غدا ئه‌نجامیدابێت، له‌و سه‌ردانه‌دا هه‌ردوولا رێكه‌وتن له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌ی‌ نه‌وت‌و چه‌ند پرسێكی‌ تری‌ په‌یوه‌ست به‌دۆسیه‌ هه‌ڵپه‌سێراوه‌كانی‌ نێوانیان، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ ئه‌مه‌ریكا چه‌ند جارێك سه‌ردانی‌ هه‌ردوولایان كرد وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ شه‌ڕی‌ موسڵ.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كه‌ریم سنجاری‌ وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ به‌وه‌كاله‌ت‌و ئه‌لیسا سلكۆتین یاریده‌ده‌ری‌ وه‌زیری‌ به‌رگری‌ ئه‌مه‌ریكا پرۆتۆكۆڵی‌ سه‌ربازی‌ نێوان هه‌رێم‌و ئه‌مریكایان ئیمزا كرد  به‌وپێیه‌ش هاوكاری‌ سه‌ربازی‌‌و دارایی پێشكه‌ش به‌هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ كرا  له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌و ئه‌وه‌ش یه‌كه‌مجاربوو هه‌رێم پرۆتۆكۆڵێكی‌ سه‌ربازی‌ له‌و شێوه‌یه‌ به‌ڕه‌سمی‌ له‌گه‌ڵ واشنتۆن ئیمزا بكات كه‌ ئامانج لێی‌ شه‌ڕی‌ دژه‌ داعش بوو.

 

له‌قوربانییه‌وه‌ بۆ باڵیۆزی‌ نیه‌تپاكی‌

مانگی‌ ئه‌یلول نادیه‌ موراد كچه‌ چالاكوانی‌ رزگابووی‌ ده‌ستی‌ داعش كه‌ كوردێكی‌ ئێزیدی‌ بوو له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ وه‌ك باڵیۆزی‌ نیازپاكی‌ دیاریكرا، ئه‌مه‌ش ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌ی‌ له‌ناو خه‌ڵكی‌ هه‌رێمدا دروستكرد به‌و پێیه‌ی‌ قوربانییه‌كی‌ رزگاربووی‌ ئێزدی‌ پاش نه‌هامه‌تی‌ گه‌یشته‌ ئه‌و ناوبانگه‌ گه‌وره‌یه‌.

 

جموجۆڵی‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان

سه‌ره‌تای‌ ئه‌یلول جه‌لال تاڵه‌بانی‌ سكرتێری‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و سه‌رۆكۆماری‌ پێشووی‌ عێراق پاش دوو مانگ له‌گه‌ڕێكی‌ دیكه‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ ته‌ندروستی‌ له‌وڵاتی‌ نه‌مساوه‌ گه‌رایه‌وه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، دوو رۆژ دواتر نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری‌ گشتی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ به‌جێهێشت بۆ وڵاتی‌ به‌ریتانیا به‌مه‌به‌ستی‌ وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ری‌ پزیشكی، جێهێشتنی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ له‌كاتێكدابوو كه‌  ململانێیه‌كی‌ سیاسی‌ توند له‌نێوان بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌‌و پارتی‌ دیموكراتی‌ هه‌بوو به‌هۆی‌ په‌ككه‌وتنی‌ په‌رله‌مان‌و قه‌یرانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌، زۆربه‌ی‌ نه‌یاره‌كانیشی‌ نه‌وشیروان مسته‌فایان به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ كێشه‌یه‌كی‌ خولقاندوون‌و بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ر نه‌بێت خۆی‌ دوور خستووه‌ته‌وه‌.

 

باڵاترین پۆستی‌ ئیداری‌ سلێمانی‌ بۆ ئۆپۆزسیۆنی‌ پێشوو

له‌دوای‌ مشتومڕێكی‌ زۆری‌ سیاسی‌‌و یاسایی‌ له‌مانگی‌ ئابدا ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ به‌زۆرینه‌ی‌ ده‌نگ (هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر)یان له‌پشكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران هه‌ڵبژارد بۆ وه‌رگرتنی‌ پۆستی‌ پارێزگاری‌ شاره‌كه‌ كه‌ئه‌وه‌ یه‌كه‌مجار بوو له‌دوای‌ ساڵی‌ 1992 ه‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتیمانییه‌وه‌ راده‌ستی‌  لایه‌نێكی‌ تر بكرێت.

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ساڵی‌ 2009 وه‌ك لایه‌نێكی‌ ئۆپۆزسیۆن به‌شداری‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ كردو له‌ساڵی‌ 2013 له‌هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان زۆرینه‌ی‌ ده‌نگه‌كانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ برده‌وه‌و له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ رێككه‌وتن دوای‌ دووساڵ ئه‌و پۆسته‌ی‌ پێبدرێت، هه‌رچه‌نده‌ دواجار به‌هۆی‌ "كێشه‌ی‌ یاسایی"ه‌وه‌ پۆسته‌كه‌ به‌وه‌كاله‌ت درا به‌سه‌ردار قادر كه‌ ئه‌ویش هه‌ر كاندیدی‌ گۆڕانه‌.

 

مالیكی‌ له‌سلێمانی‌

مانگی‌ ته‌مموز نوری‌ مالیكی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ پێشوی‌ عێراق به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ شاری‌ سلێمانی‌‌و له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌یه‌كێتی‌ نیشیتمانی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كۆبووه‌وه‌.

ئه‌و سه‌ردانه‌ به‌سه‌ره‌تای‌ نه‌خشه‌یه‌كی‌ سیاسی‌ نوێ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و حیزبه‌ شیعه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حیزبه‌كانی‌ سنوری‌ ئیداره‌ی‌ سلێمانی‌ كۆبكاته‌وه‌ به‌تایبه‌ت كه‌ مالیكی‌ له‌ململانێیه‌كی‌ سه‌خدایه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان.

 

دوو نه‌یاره‌كه‌ی‌ پێشوو رێككه‌وتن

له‌مانگی‌ ئایار رێكه‌وتنامه‌ی‌ نێوان یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌شاری‌ سلێمانی‌ ئیمزاكرا بۆ هه‌مئاهه‌نگی‌ نێوانیان له‌بواری‌ سیاسی‌‌و ئیداریدا كه‌ به‌وپێیه‌ش فراكسیۆنی‌ هاوبه‌ش له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و عێراق‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان دروستده‌كه‌ن، ئه‌م دوو هێزه‌ بۆ زیاتر له‌پێنج ساڵ نه‌یاری‌ سه‌رسه‌ختی‌ یه‌كتربوون به‌و پێیه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ گۆڕان له‌یه‌كێتی‌ جیابووبوونه‌وه‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌ ناڕه‌زایی پارتی‌ لێكه‌وته‌وه‌ كه‌ به‌دوایدا له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ئیدانه‌ی‌ كرد.

 

قه‌یرانێك بۆ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانێكی‌ تر

مانگی‌ شوبات ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم زنجیره‌یه‌ك بڕیاری‌ ده‌ركرد بۆ رێگری‌ له‌كاریگه‌ری‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ كه‌ دیارترینیان سیستمی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌بوو بۆ لێبرینی‌ رێژه‌یه‌ك له‌موچه‌ی‌ زۆربه‌ی‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ هه‌رێم‌و پاشه‌كه‌وتكردنی‌ بۆ كاتێكی‌ نادیار.

قه‌یرانی‌ پاشه‌كه‌وتی‌ موچه‌ دیارترین كاریگه‌ییه‌كانی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ بوو كه‌ له‌2016دا ده‌ركه‌وت‌و به‌هۆیه‌وه‌ خۆپیشاندانی‌ لێكه‌وته‌وه‌و تائێستا ئاسۆی‌ چاره‌سه‌ری‌ دیارنییه‌.

محه‌مه‌د كه‌ریم پسپۆری‌ ئابوری‌‌و سه‌رۆكی‌ پێشوی‌ مونته‌دای‌ ئابوری‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئاینده‌ی‌ گۆڕانكاریی‌ له‌قه‌یرانی‌ دارایی بۆ ساڵی‌ 2017 په‌یوه‌سته‌ به‌ویستی‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كان بۆ چاكسازی‌، چونكه‌ له‌هه‌رێم پلانی‌ نزیك‌و مامناوه‌ندی‌ ئابوری‌ پاشكه‌وته‌ی‌ سیاسه‌ته‌".

ئه‌و پسپۆره‌ پیشی‌ وابوو به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ نرخی‌ نه‌وتیش له‌ساڵی‌ 2017دا كاریگه‌ری‌ ئه‌وتۆی‌ نابێت له‌سه‌ر قه‌یرانی‌ دارایی‌‌و وتیشی "ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌ سیاسیه‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئێستابێت، ئومێد نییه‌ قه‌یرانی‌ دارایی بۆ 2017 چاره‌سه‌ر بێت، ئه‌گه‌ر خراپتریش نه‌بێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌