راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

دوای‌ په‌سه‌ندكردنی‌ یاساكه‌
حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ باڵانسی‌ هێزه‌ سوننه‌كان ده‌گۆڕێت

ئیبراهیم ساڵح
سه‌ره‌ڕای بایكۆتی هه‌ردوو فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان‌و هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نیه‌، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌دانیشتنی رۆژی 26ی تشرینی دووه‌م ده‌نگی له‌سه‌ر یاسای پاراستنی یاسایی حه‌شدی شه‌عبیدا.
8.12.2016  |  به‌غدا
چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی ( :وێنه أحمد الربيعي)
چه‌كدارانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی ( :وێنه أحمد الربيعي)

ناڕه‌زایی هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌سه‌ر یاساكه‌ كۆتایی بوو، به‌ڕاده‌یه‌ك هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ كۆتاییهاتنی شه‌راكه‌تی نیشتمانی‌و هه‌ره‌سهێنانی گرنگترین خاڵی چاره‌سه‌ری سیاسی چاوه‌ڕوانكراوی له‌عێراق، راگه‌یاند.

 

هه‌روه‌ها ناڕه‌زایی هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان شێوازی تێپه‌ڕاندنی یاساكه‌شی گرته‌وه‌ كاتێك وتی ئه‌و شێوازه‌ دیكتاتۆریه‌تی زۆرینه‌ی به‌رجه‌سته‌ كردووه‌ - به‌گوێره‌ی وه‌سفی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ -.

 

هه‌رچی ناڕه‌زایی هاوپه‌یمانی وه‌ته‌نیه‌شه‌، ئه‌وا ته‌نیا له‌سه‌ر خراپی كاته‌كه‌ بوو، چونكه‌ به‌ڕای ئه‌و باشتره‌ ده‌ركردنی یاسای حه‌شد بۆ قۆناغی دوای ئازادكردنی خاكی عێراق له‌ده‌ستی داعش دوابخرێت تا كاتی پێویست بدرێت به‌گفتوگۆی نێوان كوتله‌ سیاسیه‌كان، جگه‌ له‌وه‌ش هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ تێپه‌ڕاندنی یاساكه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی بنه‌مای فره‌یی دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كانه‌ كه‌ هه‌میشه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ بانگه‌شه‌ی بۆ كردووه‌.

 

ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ تونده‌ له‌به‌رامبه‌ر یاسای حه‌شدی شه‌عبی لێكدانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ردوو فراكسیۆنه‌كه‌ دیدی خۆیان له‌باره‌ی یاساكه‌و شێوازی تێپه‌ڕاندنیه‌وه‌ راگه‌یاندووه‌، چونكه‌ یاسایه‌كی ئاسایی نییه‌ تا وا به‌ئاسانی تێپه‌ڕبێت به‌بێ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ هه‌بێت كه‌ ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان.

 

هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان خۆی به‌تاكه‌ نوێنه‌ری سیاسی‌و په‌رله‌مانی پێكهاته‌ی سوننه‌ له‌عێراق داده‌نێت‌و به‌وپێیه‌ش په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ به‌ئاماده‌بوونی هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان له‌پرۆسه‌ی سیاسیدا گورزێكی به‌هێز ده‌بێت بۆی كه‌ ره‌نگه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ده‌ستدانی ئاستی جه‌ماوه‌ریه‌كه‌ی بكات كه‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا له‌پاشه‌كشه‌دایه‌و هاوپه‌یمانی هێزه‌كان هه‌میشه‌ ده‌ڵێت جه‌ماوه‌ر داوای ئه‌وه‌ی لێده‌كات هه‌ڵوێستێكی هه‌بێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی به‌میلیشیا وه‌سفیان ده‌كات‌و بوونه‌ته‌ ترسێكی نیگه‌رانكه‌ر بۆی، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی له‌هه‌ر پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ده‌نگی پێ نادات.

 

هه‌روه‌ها ده‌ركردنی یاسای حه‌شدی شه‌عبی وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ به‌ڕه‌سمی له‌ڕووی جه‌ماوه‌ریه‌وه‌ به‌ڕه‌ له‌ژێر پێی هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان ده‌ربهێنرێت بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند لایه‌نێكی عه‌شایری سوننه‌ كه‌ له‌پاڵ حه‌شدی شه‌عبیدا به‌شداریان له‌شه‌ڕدا كردووه‌، چونكه‌ له‌ حوزه‌یرانی 2014وه‌ (36) گرووپی چه‌كداری سه‌ر به‌و لایه‌نانه‌ له‌ژێری ناوی حه‌شدی عه‌شایری‌و هی دیكه‌دا پێكهێنراون‌و تێكه‌ڵ به‌هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كراوان، به‌و پێیه‌ش ئه‌م لایه‌نانه‌ن كه‌ خۆیان وه‌ك نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی پێكهاته‌ی سوننه‌ ده‌ناسێنن له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌رگریان لێكردووه‌و له‌گه‌ڵ ئازاره‌كانیدا ژیاون، به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی نوێنه‌رانی هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ له‌ئاست خواستی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یاندابن.

 

جێگای ئاماژه‌یه‌ ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان ده‌نگیان بۆ یاسای حه‌شدی شه‌عبی داوه‌، ئه‌مه‌ش دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ چه‌ند كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی له‌ناو هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌وه‌ ده‌ستیان به‌جیابوونه‌وه‌ كردووه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پشتیوانیان له‌وه‌ كرد گرووپه‌ عه‌شایریه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی پێكهاته‌ی سوننه‌ بچنه‌ ریزی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی رازی بن هێزه‌كانی حه‌شد به‌شیعه‌ وه‌سف بكرێن، ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی چه‌كداره‌كانی له‌خۆبه‌خشه‌ شیعه‌كانن یاخود له‌باڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی حیزبه‌ شیعه‌كان‌و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی مقاوه‌مه‌تن.

 

208 په‌رله‌مانتار ده‌نگیان بۆ یاسای حه‌شد داوه‌ كه‌ ته‌نیا 149یان له‌ هاوپه‌یمانی نیشتمانی عێراقن كه‌ فراكسیۆنه‌ شیعه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌خۆده‌گرێت، ئه‌مه‌ش دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كۆده‌نگیه‌ك نییه‌ بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی یاساكه‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی پێكهاته‌ی سوننه‌ له‌ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا به‌تایبه‌تی هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان، ئه‌گه‌رچی ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ پشتیوانی یاساكه‌یان كردووه‌.

 

حه‌یده‌ر مولا په‌رله‌مانتار له‌هاوپه‌یمانی نیشتمانی ده‌ڵێت "ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانی هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان ده‌نگیان بۆ یاساكه‌ داوه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی گه‌ره‌نتی تێدا ده‌بینن بۆ ئه‌و رۆڵانه‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان به‌خۆبه‌خش چوونه‌ته‌ ریزی حه‌شدی عه‌شایریه‌وه‌ كه‌ له‌ڕووی ئیداریه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌".

 

ئاماره‌ ره‌سمیه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن ژماره‌ی چه‌كداران‌و كارمه‌ندانی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی 140 هه‌زاری تێپه‌ڕاندووه‌ كه‌ به‌لانی كه‌مه‌وه‌ 30 هه‌زاریان له‌سوننه‌ن.

 

هه‌ندێك له‌نوێنه‌رانی هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان نایشارنه‌وه‌ كه‌ ترسیان له‌وه‌ هه‌یه‌ هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی ببنه‌ كۆپی پاسدارانی ئێران وه‌ك ره‌عد ده‌هله‌كی په‌رله‌مانتاری هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌و هه‌ندێكی تر بۆی ده‌چن، هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ش به‌مه‌ رازی نابێت كه‌ په‌یوه‌ندی زۆربه‌ی فراكسیۆن‌و كه‌سایه‌تییه‌كانی له‌گه‌ڵ دراوسێی خۆرهه‌ڵاتدا (ئێران) گرژو ئاڵۆزه‌و له‌به‌رامبه‌ریشدا په‌یوه‌ندیان باشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ پره‌نسیپی هه‌نارده‌كردنی شۆڕشی ئیسلامی ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئێران بۆ ده‌وڵه‌تانی دیكه‌ی په‌یڕه‌و كردووه‌ له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ بۆ عێراق، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ تێپه‌ڕاندنی یاساكه‌ كێشه‌ بۆ هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقییه‌كان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی دروست ده‌كات له‌به‌رامبه‌ر قووڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناكۆكیه‌ی له‌بنچینه‌دا له‌گه‌ڵ ئێرانی دراوسێدا هه‌یه‌تی، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌هه‌ره‌سهێنانی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی دیدو تێڕوانینی كۆماری ئیسلامی ره‌ت ده‌كاته‌وه‌.

  

تا كاتێكی نزیكیش ئه‌گه‌ری روودانی كوده‌تایه‌ك به‌رێبه‌رایه‌تی سوپا له‌ئارادابوو له‌به‌رئه‌وه‌ی پۆستی وه‌زاره‌تی به‌رگری پشكی ئه‌وانه‌بوو كه‌ نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌ی سوننه‌یان ده‌كردو به‌درێژایی چه‌ند ساڵی رابردوو گۆڕینی ئه‌و پۆسته‌یان ره‌ت ده‌كرده‌وه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌به‌رامبه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆو پۆستی وه‌زاره‌تێكی دیكه‌شی له‌گه‌ڵدا بێت، له‌مه‌وه‌ مه‌زه‌نده‌كان ده‌ڵێن تێپه‌ڕاندنی یاسای حه‌شد بۆ دروستكردنی هێزێكی به‌رپه‌رچده‌ره‌وه‌ی سوپایه‌ له‌حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر له‌كۆنترۆڵی حكومه‌تی ناوه‌ندی ده‌ربچێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا به‌رهه‌ڵستیكردنی یاساكه‌ بۆ رێگرتن له‌بوونی ئه‌و هێزه‌یه‌  واتا قه‌یرانی متمانه‌ له‌نێوان سیاسه‌تمه‌داره‌ سوننه‌و شیعه‌كانی عێراقدا هێشتا قووڵه‌.

 

ئه‌م خاڵانه‌و هی دیكه‌ش قبوڵ نه‌كردنی یاسای حه‌شدو شێوازی تێپه‌ڕاندنه‌كه‌ی له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقیه‌كان پوخت ده‌كه‌نه‌، هه‌روه‌ها سووربوونی هاوپه‌یمانی نیشتمانی له‌سه‌ر ده‌ركردنی یاساكه‌ به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌نجامه‌كانی پوخت ده‌كاته‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ په‌یامی دڵنیاكردنه‌وه‌ی داوه‌ته‌ لایه‌نی به‌رامبه‌رو مه‌ترسیه‌كانی بێ پاساون.

 

چونكه‌ هاوپه‌یمانی نیشتمانی ده‌یه‌وێت ده‌ستكه‌وتی سیاسی به‌ده‌ستبهێنێت له‌پاڵ ئاره‌زووی بۆ هێنانه‌دی ئه‌و به‌ڵێنه‌ی به‌جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی داویه‌تی كه‌ به‌شی زۆری هێزه‌كانی حه‌شد پێكده‌هێنن كه‌ رۆڵی گه‌وره‌ی له‌رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش هه‌بووه‌.

 

ده‌ستكه‌وته‌كانی هاوپه‌یمانی نیشتمانی له‌سه‌ر ئاستی سیاسی ته‌نیا خۆسه‌لماندن نیه‌ وه‌ك لایه‌نێك كه‌ كاریگه‌ری یه‌كه‌م‌و كۆتایی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی عێراق هه‌یه‌ به‌و پێیه‌ی یاسایه‌كی تێپه‌ڕاندووه‌ ره‌نگه‌ وای لێ بكات شه‌راكه‌ته‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر پێكهاته‌ی به‌رامبه‌ردا له‌ده‌ست بدات، به‌ڵام ده‌كرێت قه‌ره‌بوو بكرێته‌وه‌ به‌به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ره‌نگه‌ به‌به‌هێزی به‌شداری هه‌ڵبژاردنی داهاتوو بكات ئه‌و لایه‌نه‌ عه‌شایری‌و حزبیانه‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن كه‌ یاسای حه‌شدی شه‌عبی ده‌یانهێنێته‌ پێشه‌وه‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌