راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ده‌بڕینی‌ توڕه‌یی‌ به‌نوكته‌
له‌كوردستان خه‌ڵك‌و ده‌سه‌ڵات هه‌ردوولا گاڵته‌ به‌یه‌ك ده‌كه‌ن

ئاڵا لەتیف
هەتا دێ پەیوەندی نێوان خەڵک‌و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بۆشایی زیاتری تێ دەکەوێ، کەم لێدوانی بەرپرسە سیاسییەکان هەیە ئەو خەڵکەی توڕەتر نەکردبێ کە لەدژی قەیرانەکان خۆپیشاندان دەکەن.
23.11.2016  |  سلێمانی

مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم له‌وتارێكدا كه‌ به‌بۆنه‌ی‌ ئازادكردنی‌ باشیك رۆژی‌ 16ی‌ ئه‌م مانگه‌ پێشكه‌شی‌ كرد، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ په‌یامێكی‌ بۆ خۆپیشانده‌رانی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و ده‌وروبه‌ری‌ نارد، بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ناویان بهێنێت، بارزانی‌ خۆپیشاندانی‌ خه‌ڵكی‌ به‌هه‌ڵپه‌ركێ چواند.

 

له‌و په‌یامه‌یدا وتی‌ "...هه‌ڵپه‌ڕن، خه‌به‌را دبێژن، هه‌چیا بو خۆ دكه‌ن بكه‌ن، حه‌ققه‌ت نه‌ مه‌ گو له‌نگۆیه‌، نه‌ چ حسابێكیش بۆ ئێوه‌ دێته‌ كرن".

 

ئه‌م په‌یامه‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ كه‌لێنێكی‌ تر بخاته‌ نێو په‌یوه‌ندی‌ ئا‌ڵۆزی‌ نێوان خۆپیشانده‌ران‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌، كاردانه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكیش بۆی‌ رێكخستنی‌ خۆپیشاندانێكی‌ گه‌وره‌تر بوو، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ سه‌دان کۆمێنتی کۆمیدی‌و دەیان فۆتۆو ڤیدیۆی گاڵتەجاڕانەی لەسەر دروست کرا، تا کار گەیشتە ئەوەی خەڵکەکە پێشبینی سەرهەڵدانی قەیرانێکی دیکەش بکەن لەهەرێم دوای لێدوانەکەی بارزانی، ئەویش قەیرانی دەست نەکەوتنی سەرچۆپی‌و بەرزبوونەوەی نرخیەتی لەبازاڕەکانی کوردستاندا.

 

رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردوو كاتێك خۆپیشاندانی‌ له‌شاری‌ سلێمانی‌ ده‌ستی‌ پێكرد كه‌ مامۆستایان پێشڕه‌وی‌ ده‌كه‌ن، سه‌ره‌تای‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ هه‌ڵپه‌ڕكێ‌و ده‌هۆڵ‌و زوڕنا به‌ڕێوه‌چوو، وه‌ك به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ك بۆ قسه‌كانی‌ بارزانی‌.

#

به‌ڵام نمایشی‌ گه‌وره‌ له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بوو كه‌ چه‌ندین ڤیدیۆ بۆ ئه‌و لێدوانه‌ی‌ بارزانی‌ دروستكران، له‌یه‌كێك له‌ڤیدیۆ دروستكراوه‌كاندا دوای‌ قسه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ كه‌سێك گۆرانی‌ به‌سه‌ر بێموچه‌ییدا ده‌ڵێت له‌سه‌ر ئاوازی‌ گۆرانییه‌كی‌ باو، ناوه‌ ناوه‌ش وێنه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێم ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌ڵده‌په‌ڕن.

 

ئێستا بارودۆخەکە لەکوردستان ئاوایە، ئەو ناوچانەی کەوتونەتە ژێر دەسەڵاتی زۆرینەی بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیەوە بەهۆی قەیرانەکان‌و دواکەوتنی موچەوە بایکۆتی گشتی تێدا کراوە تەنها چەند دەزگایەکی خزمەتگوزاری گشتی نەبێت لەنمونەی نەخۆشخانە‌و دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان کە به‌رێكوپێكی‌ دەوامیان تێدا دەکرێت. ئەو ناوچانەش کە کەوتونەتە ژێر دەسەڵاتی زۆرینەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەوام تێیدا ئاساییە.

 

لەسەرەتای ٢٠١٤ ئەو کاتەی کە حکومەتی عێراق بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڕی ئیتر سیستەمی دابەشکردنی موچە لەکوردستان تێکچوو، بەشێوەیەک بەسێ مانگ جارێک موچە دەدرا بەفەرمانبەران‌و لەسەرەتای ئەمساڵیشەوە هەرێم سیستەمی پاشەکەوت کردنی موچە پەیڕەو دەکات کە بەو پێیە روبعە موچەو نیوە موچە دەدرێتە فەرمانبەران، بەڵام دیسانەوە ئەمیشیان وەک خۆی لەکاتی خۆیدا نادرێ کە زۆرجار دەگاتە چل شەو یان دوو مانگ جارێک.

 

لەناو ئەو کەشە قەیراناوییەی هەرێمدا ئێستا کەس سەر لەکەس دەرناکات، هەندێ لەوانەی بەشداری لەخۆپیشاندانەکاندا دەکەن دەمووچاوە سیاسیی‌و پەرلەمانییەکانن کە حیزبەکانیان بەشدارن لەحکومەتدا، هەندێجار خەڵکەکە دەنوسن "ئەوەندەی پەرلەمانتارو کارگێڕ مەڵبەند لێبوو وامانزانی حكومەت هاتووە خۆپیشاندان لەدژی هاوڵاتیان دەکات." هیچ کام لەمانەش بەبێ کۆمێنت لەدەستی خەڵکەکە نەڕۆشتوە، لەزۆر سەرەوە کەلێن‌و بێ متمانەیی نێوان خەڵک‌و دەسەڵات دەبینرێ، بەڵام بۆ خەڵکەکە زۆرینەی کەلێنەکان بووە بەنوکتە.

 

"سەرۆکی هەرێم گلەیی هەیە، جێگرەکەی گلەیی هەیە، سەرۆکی حکومەت گلەیی هەیە، جێگرەکەی گلەیی هەیە، سەرۆکی پەرمان گلەیی هەیە، جێگرەکەی گلەیی هەیە، پەرلەمانتارەکان گلەییان هەیە، وەزیرەکان گلەییان هەیە، هەموو حیزبەکان گلەییان هەیە، دەی هەموو گلەییەکانتان بکەن بەکتابێک‌و پێم بدەن بەسواری تەنکەرێ دەیبەم بۆ لای ئەو خەڵکە ڕەش‌و ڕوت‌و نەدارو لێقەوماوە، وەعد بێت کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەین." سەباح سەردەم کە یەکێکە لەمامۆستایانی ناڕازی کە رۆژانە بەشداری خۆپیشاندانەکان دەکات لەئەکاونتەکەی خۆی له‌فه‌یسبووك واینوسیوە.

 

سەرەکیترین داواکارییەکانی خۆپیشاندەران پێدانی موچەیە کە یان بڕەکەی کەمە یان زۆر دوا دەکەوێت، پەیجی "ئەحۆل" کەیەکێکە لەپەیجە گاڵتەئامێزەکان نوسیویەتی "جاری پێشوو کە معاشم وەرگرت دایبیم پێ کڕی بۆ کوڕەکەم، بەڵکو ئەمجارە ژنێکی بۆ پێ بێنم."

 

دۆخەکە گەیشتووە بەشوێنێ کە زۆرینە لەگەڵ رێگەچارەی ئاشتیدان بۆ یەکلاکردنەوەی هەربۆیە زۆرترین نوکتەو ڤیدیۆی کۆمیدی لەسەر بەرهەم دەهێنن، بەڵام لەهەندێ شوێنیشدا ئەو گەنگەشەیە زۆر توندە لەسەر ئەوەی بۆچی هەتا دێ پەیوەندی نێوان خەڵک‌و دەسەڵات درزی گەورەتری تێدەکەوێ‌و سیاسییەکان جار لەدوای جار لەلێدوانەکانیاندا بێ منەتتر دەبن بەرامبەر بەخەڵک‌و داواکانیان.

 

ئاکۆ سەمەد، ئەندازیار، كه‌ دانیشتوی شاری سلێمانییە پێیوایە هۆکارەکان زۆرن، بەڵام رەنگبێ هۆکاری ئابوری‌و مەعریفی‌و سیاسی کاریگەرترین بن. به‌"نیقاش"ی‌ وت "لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بەهۆی چاوتێبڕینی بەردەوامی خەڵک لەسامانی نەوت‌و گەیشتن بەو ئاواتەی کارێک نەکات‌و موچەی هەبێت، بەگشتی کۆمەڵگای بەرەو ئەو ئاقارە بردووە کە زۆرینەی ببێت بەکارمەندی موچەخۆری بێکار. حیزبەکانیش بۆ بەدەستهێنانی دەنگی خەڵک، درێخییان نەکردووە لەتاعینکردنی خەڵک، بێ ئەوەی گوێ بەوە بدەن ئایا ئەوە پێویستە یان نا. ئەم شێوازە ئابوورییە دەسەڵات دەکاتە باوک‌و میللەتیش بەکورێکی تەمبەڵ."

 

ئاکۆ دۆخەکەکەی ئێستا بەمشێوەیە وێنە دەکات "بەرپرسان وەها لەخۆیان دەڕوانن کە ئەوان بەخێوکەری خەڵک بن‌و خەڵک بار بن بەسەریانەوە، بەم هۆکارە خۆیان لەسەروو خەڵکەوە دەبینن‌و میکانیزمێک نابێ ئەم دووە بکات بەیەک."

 

رای جیاواز گەنگەشەکەی قوڵتر کردۆتەوە، ئازاد عوسمان، رۆژنامەنوسەو لەکەلار دادەنیشێ پێیوایە "بێ متمانەیی سیاسی لەهەرێم بەرقەرارە".  ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێ "کێشە گەورەکە ئەوەیە بەشێکی زۆری خەڵک باوەڕیان بەبەڵێن‌و قسەی سیاسیەکانی وەکو بارزانی نەماوە، لەبەرا‌مبەریشدا وا دەردەکەوێت کە بارزانی قسەی ئەم توێژە لەھاوڵاتیانی ناڕازیی پێ گرنگ نەبێت."

 

دەشڵێ "ئەم قسەیەی بارزانی‌و لێکەوتەکانی ئەگەر بڕیاربێت دەرخەری ھەرشتێک بیت، ئەوا دەرخەری ئەو کەلێن‌و دۆڵەیە کە لەنێو نوخبەی دەسەڵاتداران‌و ھاوڵاتیاندا دروست بوە، ئەمجۆرە لێدوانانە کەلێنەکە ھێندەی تر قوڵ‌و فراوانتر دەکات. لەکاتێکدا خەڵک پتر لەھەر قۆناغێک متمانەی بەدەسەڵاتدارانی ھەرێم لاواز بووە، وتنی قسەی لەمشێوەیە ھێندەی تر بێھیوایان دەکات."

 

بۆ زۆرێک لەوانەی وەکو ئازاد بیردەکەنەوە کێشەی گەورەی ئەم جۆرە گوتارانە ئەوەیە کە زۆر روکەشین، سوک سەیرکردنی ناڕەزایەتیەکانە کە ئەمەش بۆ سیاسیەکی ئەزمونداری وەک بارزانی‌و لەو پێگەو پلەیەدا نەنگیە، ئازاد دەڵێ "وادیارە ھەر زوش ھەستی بەم ھەڵەیەی کردەوە کە پاش چەند رۆژێک بەدەرکردنی بەیاننامەیەکی تر  ویستی ناڕەزایەتی‌و لیكەوتەکانی ئەو قسەیە ھەڵمژێت‌و ئیحتیوا بکات."

 

بارزانی‌ رۆژی‌ 20ی‌ ئه‌م مانگه‌ له‌په‌یامێكی‌ نوسراودا كه‌ میدیاكان بڵاویان كرده‌وه‌ هێورتر له‌جاران هه‌ڵوێستی‌ خۆی‌ ده‌ربڕی‌‌و رایگه‌یاند "وەك هەر هاووڵاتییەكی كوردستان حەز دەكەم قەیران‌و كێشەكان نەمێنن‌و كۆتاییان پێ بێت بەڵام هۆكاری گرفت‌و كێشەكان زۆرن... ئەگەر چارەسەری گرفتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لای منە، ئەوە چەندین جارە حزبەكانم بانگهێشت كردووە بۆ كۆبوونەوە، بەڵام بەبیانووی جۆراوجۆر نەهاتوون".

 

بەڵام کەسانێکیش هەن کە ریشەی بێ متمانەییەکە بۆ مێژوویەکی دوورتر دەبەنەوە. د.یاسین سەردەشتی، مامۆستای زانکۆی سلێمانی‌و پسپۆڕی بواری مێژوو به‌"نیقاش"ی‌ وت "بۆشایی نێوان خه‌ڵك‌و دە‌سه‌ڵاتدارانی كوردستان له‌و شكسته‌ سیاسیی‌و ئیداریی‌و داراییه‌وە‌ هاتووە‌ كه‌ سه‌رچاوە‌كه‌ی دە‌سه‌ڵاتی سیاسیییه‌، كه‌ خه‌ڵكی له‌به‌دیهینانی ژیانیكی شایسته‌و شه‌رە‌فمه‌ندانه‌و ئینسانییانه‌ به‌ته‌واوەتی بێئومید كردووە‌، ئێستا توێژی دە‌سه‌ڵاتدارو حوكمڕانی كوردستان بوونه‌ته‌ توێژێكی گه‌ندەڵ‌و مشه‌خۆرو مه‌ترسییه‌كی گه‌ورە‌ له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵك‌و سه‌رچاوەی قه‌یرانێكی گه‌ورە‌ی دارایی‌و بێموچه‌ییان خوڵقاندووە‌و ته‌نیا مانه‌وە‌ی خۆیان له‌به‌ردە‌وامی قه‌یرانه‌كاندا دە‌بییننه‌وە."‌

 

بەڵام بەپێچەوانەوە ساکار شێخ عەزیز چاودێری سیاسی‌و خوێندکاری دکتۆرا لەبواری تەسویقی سیاسی له‌كۆلێژی‌ كارگێڕی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ بەشێکی بەرچاوی هۆکارەکان دەگێڕێتەوە بۆ نەبوونی وشیاری سیاسی لای خەڵک‌و بەکارهێنانی گەل تەنها لەهەڵبژاردنەکان‌و کڕینی  دەنگیان وەک ئامڕازێک بۆ دروست کردنی شەرعیەت بۆ خۆیان‌و گەشتن بەدەسەڵات. دواتریش جێبەجێ نەکردنی ئەو بەڵێنانەی حزبەکان‌و کاندیدەکانیان بەخەڵکیان دابوو لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن.

 

ساکار هۆکارە هەرە دیارەکانی زەقبونەوەی بۆشایی نێوان خەڵک‌و دەسەڵات ئاوا کورت دەکاتەوە "خواردنی بچوکترین مافی گەل کەئەویش دەست گرتنە بەسەر موچەکەی بەناوی پاشەکەوتەوە. دروست بونی جیاوازیەکی زۆر لەنێوان بەرپرسەکان‌و خەڵکدا بەشێوەیەک ئەوەی خاوەنی دەسەڵاتە لەخۆشگوزەرانیەکی زۆردایە‌و خەڵکانی تریش لەئاستێکی بژێوی زۆر خراپدان."

 

روون نییە ئەو بۆشاییەی نێوان میللەت‌و دەسەڵات چەندێکیتر گەورە دەبێ، بەڵام ئەوانەی باس لەهۆکارەکانی دەکەن ئاواش پاکێجی پێکەوە لکاندنەوەی درزو کەلێنەکانی نێوان میللەت‌و دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا تاووتوێ دەکەن.

 

بەلای ئاکۆ سەمەدەوە  چارەسەری ڕیشەیی لای خەڵکەکە خۆیەتی، ئەوەیە کە خەڵک لەبری تاعین بوون لەکەرتی حکومی، بەدوای کاری بەرهەمداردا بگەرێن. دەڵێ "خەڵک دەبێت خەریکی کشتوکاڵ‌و کاری دەستی‌و هەنگاو بەرەو پیشەسازی بنێن تا ژێرخانی ئابوری ئاوا بێت، جۆری حکومەتەکەش هەر ئاوا دەمێنێتەوە، جا کەسەکان هەرکێ بن بەرەنجام جیاواز نابێت".

 

بەلای ئازاد عوسمانیشەوە تێپەڕاندانی دۆخەکە هەوڵی جیدی ئەوێت بەتایبەت لەلایەن نوخبەی دەسەڵاتدارو سیاسی ئەم ھەرێمە، بەوەی ئەگەر ھەمووی نا ئەوا بەشێک لەخواستی ھاوڵاتیان جێبەجێ بکەن‌و سازش لەگەڵ یەکتر بکەن، پەیامەکەی دواتری‌ بارزانی جۆرێک لەم درککردنە بەمەترسیداریی رەوشەکەی تیایە.

 

بەڵام بۆ ساکار شێخ عەزیز گۆڕینی دۆخەکە دەخوازێ پەیوەندیەکی باش‌و ڕۆشن‌و دروست هەبێت لەنێوان گەل‌و دەسەڵاتداو بەپێویستی دەزانێ "حیزبەکان سوود لەهەڵە مێژووییەکانیان وەربگرن‌و دووبارەی نەکەنەوە، پێویستە بەرژەوەندی گەل‌و خاک پێش بەرژەوەندی خۆیان بخەن."

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌