راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

‌ئه‌ستێره‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان
ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی‌ به‌ته‌نیا ده‌یانه‌وێت شۆڕش بكه‌ن

مەعاز فەرحان
ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی‌ له‌مێژووی‌ كاری‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستاندا ناویان ده‌ركردووه‌ ژماره‌یان به‌په‌نجه‌ی‌ ده‌ست ده‌ژمێردرێت، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وانی‌ تر ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی‌ ده‌نگده‌رانی‌ خۆیان نایاننسان.
2.11.2016  |  سلێمانی
عیزه‌ت سابیر - شێركۆ جه‌وده‌ت - سۆران عومه‌ر - عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح - فرسه‌ت سۆفی‌
عیزه‌ت سابیر - شێركۆ جه‌وده‌ت - سۆران عومه‌ر - عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح - فرسه‌ت سۆفی‌

ته‌مه‌نی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان 24 ساڵی‌ تێپه‌ڕاندووه‌، لای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان رای‌ باو ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ساڵی‌ 1992ه‌وه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ چوونه‌ته‌ سه‌ر كورسی‌ په‌رله‌مان، ته‌نها چاویان له‌سه‌ر موچه‌و ئیمتیازی‌ په‌رله‌مانتاری‌ بووه‌و له‌خه‌می‌ خه‌ڵكدا نه‌بوون، بۆیه‌ په‌رله‌مانتاره‌كان بێده‌نگ فه‌رمانی‌ حیزبه‌كانی‌ خۆیان جێبه‌جێكردووه‌، به‌ڵام له‌م دوو خوله‌ی‌ دوایی‌ په‌رله‌ماندا چه‌ند په‌رله‌مانتارێك ئه‌و رێچكه‌یه‌یان شكاندووه‌و بوونه‌ته‌ ئه‌ستێره‌ له‌ناو خه‌ڵكیدا.

 

له‌ناو هه‌ر پێنج فراكسیۆنه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان (پارتی‌ دیموكرات، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌، یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌) چه‌ند په‌رله‌مانتارێك ده‌ركه‌وتوون كه‌ مه‌شخه‌ڵی‌ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیان هه‌ڵكردوه‌‌و ره‌خنه‌یان له‌سه‌ر ئیشوكاره‌كانی‌ حكومه‌ت‌و سیسته‌می حكومڕانی هه‌یه.

 

هه‌ریه‌كه‌ له‌و حیزبانه‌ ته‌نیا په‌رله‌مانتارێكیان هه‌یه‌ به‌جددی‌ له‌سه‌ر خه‌ت بن‌و به‌به‌ڵگه‌وه‌ كه‌موكوری‌‌و گه‌نده‌ڵیه‌كانی‌ حكومه‌ت بخه‌نه‌روو، كه‌چی‌ زۆربه‌ی‌ په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ تر هه‌ر سیاسه‌تی‌ حیزبه‌كانیان جێبه‌جێ‌ ده‌كه‌ن‌و به‌س.

 

هه‌ریه‌كه‌ له‌په‌رله‌مانتاران عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح له‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران‌و سۆران عومه‌ر له‌فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵ‌و عیزه‌ت سابیر له‌فراكسیۆن یه‌كێتی‌‌و شێركۆ جه‌وده‌ت له‌فراكسیۆنی‌ یه‌كگرتوو فرسه‌ت سۆفی‌ له‌پارتی‌ دیموكرات، دیارترین ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ن كه‌ هه‌ریه‌كه‌‌و به‌شێوازی‌ خۆی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ حیزب‌و فراكسیۆنه‌كانیان ره‌خنه‌ی‌ توند ده‌گرن.

 

بێده‌نگنه‌بونی‌ ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ له‌كاتێكدایه‌ تادێت گه‌نده‌ڵی‌ زیاتر له‌داموده‌زگاكانی‌ حكومه‌تدا ره‌گ‌و ریشه‌ داده‌كوتێت، حزبه‌كانیشیان له‌حكومه‌ت‌و په‌رله‌ماندا به‌شدارن، به‌ڵام هه‌ڵوێستیان نیه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ ده‌رفه‌تی‌ ده‌ركه‌وتنی‌ زیاتر به‌هه‌ریه‌ك له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ بدرێت.

 

عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح په‌رله‌مانتاری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆران، چه‌ند ساڵێكه‌ یه‌كێكه‌ له‌دیارترین ئه‌و كارا‌كته‌رانه‌ی‌ به‌ژماره‌ شه‌ڕی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ده‌كات، ئه‌و تائێستا نزیكه‌ی‌ هه‌شتا سكاڵای له‌رێگه‌ی‌ ده‌سته‌ی‌ نه‌زاهه‌وه‌ تۆماركردوه‌‌و نزیكه‌ی‌ 10 سكاڵاشی‌ له‌سه‌ر تۆماركراوه‌.

 

عه‌لی‌ به‌ر له‌وه‌ی‌ ببێت به‌په‌رله‌مانتاریش له‌سه‌ر شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆن به‌رنامه‌یه‌كی‌ پێشكه‌ش ده‌كرد كه‌ ته‌وه‌ره‌كانی‌ له‌سه‌ر ئاشكراكردنی‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانی‌ حكومه‌ت بوو، بۆیه‌ له‌هه‌ڵبژاردنی‌ 2013ی‌ په‌رله‌مان ده‌نگی‌ یه‌كه‌می‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ هه‌موو په‌رله‌مانتاره‌كان به‌ده‌ستهێنا.

 

عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح به‌رده‌وام له‌سه‌ر شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆن‌و له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و له‌ناو خۆپیشاندانه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و به"‌نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ هیچ بنه‌مایه‌كی‌ حكومرانی‌ تێدا نه‌ماوه‌، گروپێك خه‌ڵكی‌ به‌رژه‌وه‌ندیخوازن هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌كی‌ ئه‌وه‌یان تێدا نیه‌ حكومی‌ خه‌ڵك بكه‌ن، خه‌ریكی‌ بازرگانی‌ خۆیان، ئه‌ركێكی‌ ئه‌خلاقیه‌ روبه‌روبونه‌وه‌ی‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ببینه‌وه‌".

 

عه‌لی‌ هیوای‌ خواست بتوانن "ئه‌م قه‌ڵای‌ گه‌نده‌ڵیه‌" بروخێنن‌و‌ ئه‌ركی‌ خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن، هه‌رچه‌نده‌ نازانێت تا چه‌ند ده‌توانن ئامانجی‌ خۆیان بپێكن.

 

حیزبه‌كه‌ی‌ عه‌لی‌ (بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان) نه‌یاری‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌، به‌ڵام تیری‌ ره‌خنه‌كانی عه‌لی‌ به‌ته‌نیا روو له‌پارتی‌ نین، به‌ڵكو حیزبه‌كه‌ی‌ خۆشی‌ به‌ر گله‌یی‌ ده‌دات‌و ده‌ڵێت‌ "ئه‌م دۆخه‌ پارتی‌ به‌رپرسیاری‌ یه‌كه‌مه‌ تێیدا، به‌ڵام چوار حیزبه‌كه‌ی‌ تر مه‌وقیفێكی‌ رونیان نیه‌ نه‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌شداربن له‌حكومرانی‌ نه‌ ئه‌وه‌یه‌ بتوانن ململانێ‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ بكه‌ن".

 

حیزبه‌كه‌ی‌ عه‌لی‌ 24 كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانی‌ هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ له‌رۆژی‌ 12ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2015ه‌وه‌ رێگری‌ له‌سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و چوار وه‌زیره‌كه‌ی‌ گۆڕان (پێشمه‌رگه‌، دارایی‌، ئه‌وقاف، بازرگانی‌) كراوه‌ بچنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان له‌هه‌ولێر، به‌ڵام ئه‌و حیزبه‌ هێشتا بڕیاری‌ كشانه‌وه‌ی‌ نه‌داوه‌ له‌حكومه‌ت.

 

سۆران عومه‌ر، په‌رله‌مانتاری‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی شه‌ش كورسی‌ په‌رله‌مانیان هه‌یه‌‌، له‌گه‌ڵ عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح زیاتر وه‌كو تیمێك ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌وان رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ كردوونی‌ به‌دوو هاوڕێی‌ زۆر نزیك، پێكه‌وه‌ راپۆرت ئاماده‌ ده‌كه‌ن‌و له‌میدیاكان ده‌رده‌كه‌ون.

 

سۆران عومه‌ر، به"‌نیقاش"ی‌ راگه‌یاند بێده‌نگ نه‌بونی‌ ئه‌و به‌جێهێنانی‌ ئه‌ركی ‌په‌رله‌مانتارییه‌، كاری‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ خه‌ڵك‌و لێپرسینه‌وه‌‌و چاودێریكردنی‌ حكومه‌ته‌و وتی‌ "له‌م دۆخه‌ ئه‌وه‌ پێویست ده‌كات به‌ده‌نگێكی‌ به‌رز به‌رامبه‌ر به‌گه‌نده‌ڵی‌و نادادگه‌ری‌‌و پێشێلكردنی‌ یاساو مافی‌ مرۆڤ ببینه‌وه‌".

 

سۆران عومه‌ر، تائێستا 14 سكاڵای‌ له‌سه‌ر تۆماركراوه‌ كه‌ سكاڵای‌ مه‌سرور بارزانی‌ راوێژكاری‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش‌و وته‌بێژی‌ حكومه‌ت‌و پارێزگاری‌ هه‌ولێر‌ی‌‌ تێدایه.

 

ئه‌و ته‌مه‌ننای‌ ‌كرد ئه‌وانه‌ی‌ وه‌كو ئۆپۆزسیۆن ده‌رده‌كه‌ون به‌په‌نجه‌ی‌ ده‌ست نه‌ژمێردرانایه‌و وتی‌ "111 په‌رله‌مانتار هه‌ن نوێنه‌ری‌ خه‌ڵكن، خه‌ڵكیش له‌دۆخی‌ خراپدایه‌‌و حكومه‌تیش گه‌نده‌ڵه‌ ده‌بوایه‌ ئه‌وانیش وابونایه‌، له‌په‌رله‌مانتار كه‌مترین ده‌نگی‌ بڵند هه‌یه‌‌و له‌ناو حزبه‌كانیش ده‌نگی‌ نارازی‌‌و نه‌خێر زۆر كه‌میكردوه‌".

 

ده‌شڵێت‌ "ئێمه‌ ئه‌ركی‌ خۆمان به‌جێده‌هێنین‌و به‌رپرس نین له‌وه‌ی‌ ئه‌م قه‌ڵای‌ گه‌نده‌ڵیه‌ بروخێنین، به‌رپرسم له‌وه‌ی‌ چی‌ به‌من بكرێت بیكه‌م".

ده‌نگی‌ ناره‌زایی‌ ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبونی‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ی‌ حكومه‌ته‌وه‌‌ زوڵاڵه‌، حكومه‌تی‌ ئێستای‌ هه‌رێم له‌ناو قه‌یرانی‌ شه‌ڕی‌ داعش‌و داراییدا له‌دایكبوو، ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ رووبه‌ڕووی‌ زۆرترین ره‌خنه‌ بێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌زۆر لایه‌وه‌ ده‌نگی‌ نارازیی‌ هه‌یه‌ به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی‌ رێكخراو نیه‌.

 

ره‌نگه‌ بوونی‌ ده‌نگی‌ نارازیی‌ له‌ناو گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو، تاراده‌یه‌ك به‌ئاسایی‌ ببینرێت، پێشتر چوار ساڵه‌ پێكه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆنی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ بوون، به‌ڵام بوونی‌ په‌رله‌مانتاری‌ یه‌كێتی‌ كه‌ به‌ده‌نگی‌ به‌رز ره‌خنه‌ له‌شێوازی‌ حكومڕانی‌ بگرێت به‌شتێكی‌ ده‌گمه‌ن ده‌بینرێت.

 

عیزه‌ت سابیر ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌، له‌لایه‌ن ئاشتی‌ هه‌ورامی‌ وه‌زیری‌ سامانه‌ سروشتیه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمه‌وه‌ دووجار سكاڵای‌ له‌سه‌ر تۆماركراوه‌، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت به‌رنامه‌ی‌ هه‌یه‌ به‌منزیكانه‌ به‌داتاو به‌ڵگه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرابكات كه‌ داهاتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان چۆن خه‌رج ده‌كرێت‌و ده‌چێـت بۆ كوێ.

 

عیزه‌ت سابیر ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتار نه‌بومایه‌‌و حه‌سانه‌م نه‌بوایه‌ ده‌مێك بوو له‌كونجی‌ زینداندا بووم".

 

ئه‌و به"‌نیقاش"ی‌ راگه‌یاند په‌رله‌مان دوو ده‌سه‌ڵاتی‌ هه‌یه‌، یاسا ده‌ركردن‌و چاودێریكردنی‌ حكومه‌ت، "ئه‌گه‌ر به‌ئه‌ركی‌ خۆم هه‌ڵنه‌ستم خۆم ده‌دۆرێنم".

 

وتیشی‌‌ "سه‌د جار قسه‌م كردوه‌ حكومه‌ت پێناخۆش بووه‌، به‌ڵام له‌ئه‌نجامدا له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ حكومه‌ت بووه‌، حیزبه‌كه‌م پێیان نه‌وتوم ئه‌وه‌ بڵێ‌‌و ئه‌وه‌ مه‌ڵێ‌، به‌ڵام سه‌ركۆنه‌یان كردوم له‌هه‌ندێ شتی‌ حه‌ساسدا، به‌وه‌ی‌ یه‌كریزی‌‌و حكومه‌تی‌ بنكه‌فراوان تێكده‌ده‌م، به‌ڵام گرنگیم پێنه‌داوه".

 

له‌كاتێكدا له‌ناو هێزه‌ سیاسیه‌كان ئه‌وانه‌ی‌ به‌ هیوای‌ ژیانێكی‌ باشتره‌وه‌ رووبه‌ڕووی‌ ده‌سه‌ڵات بونه‌ته‌وه‌ له‌په‌نجه‌ ده‌ست تێپه‌ڕناكه‌ن، له‌شه‌قامدا تادێت بازنه‌ی‌ ناره‌زاییه‌تیه‌كانی‌ مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران‌و هاوڵاتیان فراوانتر ده‌بێت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ رێكخراو نیه‌ تائێستا ئه‌نجامێكی‌ ئه‌وتۆی‌ لێنه‌كه‌وتوه‌ته‌وه‌.

 

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌رووی‌ ژماره‌ی‌ ده‌نگده‌رو ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هێزی‌ یه‌كه‌مه‌ له‌كوردستان، 35 په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ ئه‌م حیزبه‌ به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی ‌له‌به‌ره‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدان كه‌متر ده‌نگی‌ ناڕه‌زایی‌ هه‌ڵده‌بڕن، به‌ڵام له‌ناو ئه‌وانه‌شدا تاك‌و ته‌را تێیدایه‌ جیاواز له‌په‌رله‌مانتاره‌كانی‌ تر هەڵسوکەوت دەکەن‌، فرسه‌ت سۆفی‌ یه‌كێكه‌ له‌وانه‌.

 

فرسه‌ت كه‌ سه‌رده‌مێك له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوكارێكیدا به‌گه‌رموگوڕی‌ سه‌رقاڵی‌ گه‌ڵاڵه‌كردنی‌ پرۆژه‌ی‌ چاكسازی‌ بوو، به‌هۆی‌ كاره‌كانیه‌وه‌ نه‌ك هه‌ر لای‌ ده‌نگده‌رانی‌ حیزبه‌كه‌ی‌ خۆی‌، به‌ڵكو لای‌ ده‌نگده‌رانی‌ هێزه‌كانی‌ تریش رێزی‌ لێده‌نرا.

 

فرسه‌ت سۆفی‌ له‌م رووه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ شێوازی‌ حكومڕانی‌ له‌هه‌رێم به‌هه‌ڵه‌ هاتووه‌و له‌هه‌موو ناوچه‌كان گه‌نده‌ڵی‌‌و به‌هه‌ده‌ردانی‌ سامانی‌ گشتی‌ هه‌بووه‌، چه‌ندین كه‌یسم له‌دادگایه‌‌و له‌سه‌ر به‌هه‌ده‌ردان‌و زۆر شتم جوڵاندوه‌، ئه‌م هه‌وڵه‌ تاكه‌ كه‌سیانه‌ زۆر باشتره‌ له‌وه‌ی‌ بوه‌ستین".

 

یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، 10 كورسی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌یه‌، له‌ئێستادا دوو وه‌زاره‌تی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، له‌نێو ئه‌م حزبه‌شدا په‌رله‌مانتارێكیان له‌هه‌موویان زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت.

 

شێركۆ جه‌وده‌ت له‌باره‌ی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ خۆیه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌ركی‌ من روبه‌روبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵیه‌ به‌شێوازێكی‌ پرۆفیشناڵ‌و دامه‌زراوه‌یی‌، من دژی‌ هیچ حزبێك نیم به‌ڵام دژی‌ گه‌نده‌ڵیم‌، پشتیوانی‌ له‌چاكسازی‌ ده‌كه‌م‌و پێشبینیه‌كانم زانستی‌‌و ئه‌كادیمین، هه‌ر گه‌نده‌ڵیه‌ك یان پێشێلكردنی‌ یاساییه‌ك هه‌بوبێت به‌به‌ڵگه‌وه‌ خستومه‌ته‌روو".

 

جه‌وده‌ت سكاڵایه‌كی‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌وه‌ له‌سه‌ر تۆماركراوه‌‌و هه‌ڕه‌شه‌‌و فشار بۆ بێده‌نگ كردنی‌ هه‌بووه‌، وتی‌ "روبه‌روبونه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ ئه‌بێت به‌پیشه‌یی‌‌و زانستیانه‌‌و ئازایانه‌ بكرێت‌و سڵ له‌هیچ كه‌سێكیش نه‌كرێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌م فشارێكی‌ توندی‌ مه‌ده‌نی‌ بكرێت".

 

جگه‌ له‌م په‌رله‌مانتارانه‌ش چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی‌ تر هه‌بوون كه‌ له‌ناو فراكسیۆنه‌كانیاندا دیاربوون، به‌ڵام به‌راده‌یه‌كی‌ كه‌م، بۆیه‌ هه‌ر كه‌ باسی‌ هه‌وڵ‌و كۆششی‌ په‌رله‌مانی‌ ده‌كرێت، لای‌ زۆربه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ته‌نها ناوی‌ ئه‌مانه‌ له‌ناوانه‌.

 

كه‌می‌ ده‌نگی‌ ناره‌زایی‌ له‌ناو حزبه‌كان‌و له‌ریزی‌ په‌رله‌مانتاراندا، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن گه‌نده‌ڵیه‌كی‌ رێكخراو رۆچووه‌ له‌نێو ده‌زگا‌و دامه‌زراوه‌كانی‌ حكومه‌تدا له‌هه‌رێمی‌ كوردستانه‌وه‌و به‌دوور ده‌زانرێت جێده‌ستی‌ ئه‌م ژماره‌ كه‌مه‌ی‌ په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر سیسته‌مه‌كه‌ دیاربێت.

 

ئاسۆ عه‌لی‌، چاودێری سیاسی‌، كه‌ پێشتر له‌نێو ریزه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و گۆڕاندا بووه‌، پێیوایه‌ له‌ناو حیزبه‌كاندا ده‌نگی‌ جیاواز تا ئه‌و كاته‌ رێی‌ پێده‌درێت وه‌كو بانگه‌شه‌ی‌ سیاسی‌ به‌كاربهێنرێت‌و سه‌رنجی‌ خه‌ڵكی‌ پێرابكێشرێت.

 

ئه‌و به"‌نیقاش"ی‌ وت "دۆخی‌ ئێستای‌ هه‌رێم چه‌قبه‌ستووه‌، به‌راستی‌ ئه‌م هه‌وڵانه‌ له‌ناو حیزبه‌كانی‌ خۆشیاندا گوێیان لێناگیرێت، جگه‌ له‌هه‌ڵوێست تۆماركردن هیچ كاریگه‌رییه‌كی‌ كرداره‌كیان نه‌بووه‌ ئه‌گه‌ریش ببنه‌ یه‌ك تیم هێزه‌كانیان لێیان قبوڵ ناكه‌ن".

 

جه‌ختیكرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر جێده‌ستیان دیاربوایه‌ ئه‌وه‌ تائێستا كاریگه‌ریان له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی‌ حیزبه‌كانیان ده‌بوو.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌