راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

پرۆژه‌ی‌ دوای‌ ئازادكردنی‌ موسڵ
دانانی‌ حاكمێكی‌ سه‌ربازی‌‌و راگه‌یاندنی‌ باری‌ نائاسایی‌ تا كاتی‌ هه‌ڵبژاردن

نەوزەت شەمدین
پێش ئه‌وه‌ی‌ موسڵ به‌ته‌واوی‌ ئازاد بكرێت باس خواسی‌ گه‌رموگوڕ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی‌ ئه‌و شاره‌، یه‌كێك له‌نه‌خشه‌ رێگاكانیش له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی‌‌و رۆشنبیری‌ شاره‌كه‌وه‌ خراونه‌ته‌ روو.
27.10.2016  |  هه‌ولێر
وێنه‌یه‌ك كه‌ داعش نمایشی‌ كردووه‌، تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ ئه‌وانه‌وه‌ هه‌موو رێگاكان كراونه‌ته‌وه‌
وێنه‌یه‌ك كه‌ داعش نمایشی‌ كردووه‌، تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌ له‌سایه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی‌ ئه‌وانه‌وه‌ هه‌موو رێگاكان كراونه‌ته‌وه‌

ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ناوی‌ "نه‌خشه‌رێگای‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ نه‌ینه‌واو نه‌هێشتنی‌ شوێنه‌واره‌كانی‌ داعش پاش ئازادكردن"ی‌ هه‌ڵگرتووه‌، دیارترین هه‌نگاوی‌ راگه‌یاندنی‌ باری‌ نائاسایی‌و دانانی‌ حاكمێكی‌ سه‌ربازییه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ ده‌برێت. 

پرۆژه‌كه‌ له‌چوارده‌ لاپه‌ڕه‌ پێكهاتووه‌و ناوی‌ هیچ كه‌س‌و لایه‌نێكی‌ له‌سه‌ر نییه‌، ئه‌وانه‌ی‌ ئاماده‌یان كردووه‌ ژماره‌یه‌ك مامۆستاو خوێندكاری‌ زانكۆو پسپۆڕانی‌ یاسایی‌‌و فه‌رمانبه‌رانن.

 

نیقاش توانی‌ چه‌ند یه‌كێك له‌ئاماده‌كارانی‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ له‌شاره‌كانی‌ هه‌ولێرو سلێمانی‌‌و دهۆك بدوێنێت، به‌ڵام خۆیان پێیان باش نه‌بوو ناوی‌ كه‌سیان بهێنرێت، به‌و پێیه‌ی‌ وه‌ك خۆیان ده‌ڵێن ئامانجیان ناساندنی‌ پرۆژه‌كه‌یه‌ نه‌ك خۆیان.

 

ئه‌وانه‌ی‌ پرۆژه‌كه‌یان نوسیوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ خۆیان ئاماژه‌ی‌ پێده‌كه‌ن ده‌یانه‌وێت ئه‌م نه‌خشه‌ رێگایه‌ بكه‌نه‌ نموونه‌ بۆ هه‌موو عێراق له‌رووی‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ئیسلامی سیاسی یان توندڕه‌وی یاخود جیاكاری مه‌زهه‌بی‌و ئیتنیكی‌و ناوچه‌یی‌و عه‌شایری‌و هێنانه‌ئارای بیری میانڕه‌و به‌پۆشاكی نیشتمانی عێراقی.

 

به‌پێی‌ رێزبه‌ندییه‌كانی‌ پرۆژه‌كه‌ دوای‌ ئازادبوونی‌ موسڵ هه‌نگاوه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بن: سه‌ره‌تا به‌هه‌نگاوی نائاسایی بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو پاشان هه‌نگاونان به‌ره‌و بنیاتنانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابووری‌و رۆشنبیری له‌دوای ریشه‌كێشكردنی هۆكارو ئه‌نجامه‌كانی فه‌وزاو شوێنه‌واری‌ دواكه‌وتوویی داعشی‌و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی ئه‌هلی له‌نێوان هه‌موو پێكهاته‌كان له‌كه‌شێكدا كه‌ یاسا تێیدا سه‌روه‌ر بێت.

 

له‌باره‌ی‌ جیاوازی‌ پرۆژه‌كه‌ی‌ ئه‌وان له‌پرۆژه‌كانی‌ تر، ئاماده‌كارانی پرۆژه‌كه‌ ده‌ڵێن "پێمانوایه‌ پرۆژه‌كه‌مان به‌وه‌ له‌پرۆژه‌كانی تر جیاده‌كردێته‌وه‌ كه‌ نه‌خشه‌ڕێگایه‌كی روونه‌و ده‌سته‌بژێری ئه‌كادیمی‌و قاڵبوو به‌توانا له‌هه‌موو پێكهاته‌كان ئاماده‌یان كردووه‌ دوور له‌سه‌نگه‌ربه‌ندی تایفی‌و ئاین‌و ئه‌تنیك، پرۆژه‌كه‌ به‌شێوازێكی زانستی‌و واقیعی دووركه‌وتۆته‌وه‌ له‌شێوازی ئینشائی باوو هه‌مه‌لایه‌ن، ئامانج‌و قۆناغ‌و ئه‌رك‌و گرنگییه‌كان دیاری ده‌كات له‌پرۆسه‌ی گۆڕینی واقیع‌و ریشه‌كێشكردنی شوێنه‌واری‌ تیرۆرو داعش‌و زۆڵم‌و سته‌می پێشووی حكومه‌ت به‌سه‌ر كۆی پارێزگاكه‌وه‌".

 

ئه‌وان پێیان وانییه‌ پرۆژه‌كه‌ شتێكی تێدابێت مه‌حاڵ بێت كه‌ به‌حكومه‌تی‌ ناوه‌ند جێبه‌جێ‌ نه‌كرێت‌و به‌مه‌رجێك ئیراده‌ی هه‌بێت بۆ گۆڕینی ئه‌و واقیعه‌ تاڵه‌‌و ده‌شڵێن "ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌وه‌ ده‌بێت كه‌ دروستكه‌رانی ئێستای بڕیار باوه‌ڕ به‌گرنگی تاقیكردنه‌وه‌ی نموونه‌یه‌كی نوێ بهێنن پاش ئه‌وه‌ی نموونه‌كانی پێشوو نه‌یانتوانی ئامانجێك له‌ئامانجه‌كانی گۆڕینی سیستمی پێشووی حوكم بهێننه‌دی‌و ده‌رفه‌تێكیش بدرێته‌ رۆشنبیران‌و ده‌سته‌بژێره‌ به‌تواناكان له‌پرۆسه‌ی گۆڕیندا".

 

ئاماده‌كارانی‌ پرۆژه‌كه‌ خۆیشیان ده‌زانن قورسترین به‌شی نه‌خشه‌رێگاكه‌ ئه‌وه‌یه‌ باوه‌ڕ به‌دروستكه‌رانی بڕیار له‌عێراق‌و كه‌سانی خاوه‌ن كاریگه‌ری بهێنین كه‌ گرنگه‌ پرۆژه‌ی ده‌سته‌بژێری نیشتمانی تاقی بكرێته‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی هه‌موو حیزبه‌ ئیسلامیه‌كان له‌عێراق شكستی هێناوه‌.

 

ده‌شڵێن "پێمانوایه‌ سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق به‌گشتی‌و پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌تایبه‌تی له‌وانه‌ی گه‌نده‌ڵن زیاتر به‌رهه‌ڵستی ئه‌م پرۆژه‌یه‌مان ده‌كه‌ن، چونكه‌ بێ ئومێدیان ده‌كات له‌به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و ئه‌جێندانه‌یان كه‌ بوونه‌ مایه‌ی له‌ده‌ستچوونی شاره‌كانمان‌و ده‌ربه‌ده‌ربوونی كه‌سوكارمان به‌هۆی خراپی پرۆژه‌كانیان‌و ناكۆكیان له‌گه‌ڵ یه‌كترو به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تیانه‌وه‌".

 

ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردن پشتی‌ به‌ستووه‌ به‌كه‌سانی‌ خۆبه‌خش كه‌ له‌رێیانه‌وه‌ چه‌ند لیژنه‌یه‌ك پێكده‌هێنرێن، دانانی ئه‌ندامانی لیژنه‌كان‌و مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامێتی له‌لیژنه‌كانی ده‌سته‌كه‌دا له‌رێی ئه‌و 55 بۆ 70 ئه‌ندامه‌وه‌ روونده‌كرێته‌وه‌ كه‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌ركردایه‌تی پارێزگاكه‌و راده‌ی متمانه‌ی پرۆژه‌كه‌ ده‌كه‌ن‌و خه‌ڵكیش هان ده‌ده‌ن بۆ خۆبه‌خشی‌و پشتیوانی‌و پاڵپشتیكردن به‌ئاڕاسته‌ی هێنانه‌دی ئامانجه‌ دیاریكراوه‌كان.

 

یه‌كێك له‌و بابه‌ته‌ هه‌ستیارانه‌ی‌ ئاماده‌كارانی‌ پرۆژه‌كه‌ بیریان لێكردووه‌ته‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ئاشتبوونه‌وه‌و لێبوردنه‌ له‌وانه‌ی‌ پشتیوانی‌ داعشیان كردووه‌، له‌م رووه‌وه‌ ده‌ڵێن "ئێمه‌ دان به‌بنه‌مای لێبورده‌ییدا ده‌نێین‌و پیرۆز رایده‌گرین، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی سه‌ره‌تا پێچه‌وانه‌ی یاساو پاشان مافی كه‌سانی تر نه‌بێت.. هه‌ركه‌سێك كاری له‌گه‌ڵ داعش كردبێت‌و چووبێته‌ ژێر سایه‌ی له‌ڕووی ریكخستنه‌وه‌ یاخود پشتیوانیكردنی یان بانگه‌شه‌ی بۆ كردنی له‌به‌رده‌م لێپرسنه‌وه‌ی یاساییدا ده‌بێت".

 

بۆ مه‌سه‌له‌ی مامه‌ڵه‌كردنیش له‌گه‌ڵ خێزانه‌كانی داعش، روونیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هه‌ر حاڵه‌تێك پێوه‌رێكی جیاوازی هه‌یه‌ كه‌ تێیدا مه‌سه‌له‌كه‌ به‌وردی‌و وریایی لێكۆڵینه‌وه‌ی لێ ده‌كرێت له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ كه‌ به‌نهێنی كارده‌كات بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌باره‌ی خێزانه‌كان‌و راده‌ی كارلێكیان له‌گه‌ڵ تاوانباره‌ داعشیه‌ لاده‌ره‌كه‌و ره‌نگه‌ هه‌ندێك جاریش په‌نا بۆ عورف به‌رن ئه‌گه‌ر بزانن باشترین رێگایه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌و ناكۆكیانه‌ی یاسا حوكمیان له‌باره‌وه‌ نادات واتا به‌لای یاساوه‌ پێشێلكاری‌و تاوان نین.

 

سه‌باره‌ت به‌قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی‌ قوربانیانی‌ داعش، جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وله‌ویه‌ت‌و زیاترین قورسایی به‌قوربانیانی ئێزدی‌و مه‌سیحی‌و شه‌به‌ك‌و توركمان‌و ده‌ستكورتانی سوننه‌ ده‌درێت به‌وپێیه‌ی كه‌ به‌شی زۆری تاوانه‌كانی داعشیان به‌ركه‌وتووه‌.

 

له‌ناو ئه‌م پرۆژه‌یه‌و هه‌موو پرۆژه‌كانی‌ تر پرسیاری‌ سه‌ره‌كی‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا خه‌ڵكی‌ نه‌ینه‌وا سودیان له‌ئه‌زموونه‌كانی‌ رابردوویان وه‌رگرتووه‌، ئه‌وان ده‌ڵێن "پێمان وایه‌ به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی نه‌ینه‌وا دوای بیروڕاو كه‌لتورو پروپاگه‌نده‌ی درۆ كه‌وتوون كه‌ بانگه‌شه‌ بۆكردنیان له‌ناو عێراق‌و ده‌ره‌وه‌یدا هه‌ڵیخه‌ڵه‌تاندوون. هۆكاره‌كانی ئه‌وه‌ش زۆرن، به‌ڵام خراپ چاره‌سه‌ركردنی بارودۆخی په‌یدابوو په‌راوێزخستن‌و دوورخستنه‌وه‌و نانبڕین‌و هه‌وڵی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ له‌نێوان لایه‌نه‌ حیزبیه‌ ده‌ستڕۆیشتوو ناكۆكه‌كاندا، رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌گه‌یاندنی قه‌یرانه‌كه‌ به‌به‌رزترین قۆناغه‌كانی".

 

له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ پێیان وایه‌ دوای ئه‌م كاره‌ساته‌ رابوونێك له‌لای زۆرینه‌ دروستبووه‌ چ ئه‌وانه‌ی له‌ناو موسڵدا ماونه‌ته‌وه‌ یاخود له‌ئاواره‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان یان ناوچه‌كانی تر‌و ده‌ڵێن  "پێمانوایه‌ شتێك فێربوون ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ هیچ رێگایه‌ك نییه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیان له‌گه‌ڵ كه‌سانی تردا به‌یه‌كتر قبوڵكردن‌و لێكتێگه‌یشتن نه‌بێت".

 

له‌گه‌ڵ كه‌وتنی‌ موسڵ زۆربه‌ری‌ گره‌وه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوون كه‌ جارێكی‌ تر شتێك نامێنێت به‌ناوی‌ یه‌كپارچه‌یی‌ عێراق، به‌ڵام ئاماده‌كارانی‌ ئه‌م پرۆژه‌یه‌ هێشتا هیوا بڕاو نه‌بوون‌و پێیان وایه‌ ته‌نها ده‌رفه‌تی‌ مانه‌وه‌ی‌ عێراق به‌به‌هێزی‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كپارچه‌ بێت‌و ده‌ڵێن "له‌سایه‌ی ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا هیوادارین عێراق یه‌كپارچه‌ بێت‌و حكومه‌تێكی یه‌كگرتووی تێدا به‌دی بكه‌ین كه‌ به‌شداری هه‌موو نه‌ته‌وه‌‌و ئاین‌و تایفه‌كان له‌خۆبگرێت دوور له‌به‌شبه‌شكاری‌و په‌راوێزخستن له‌ده‌وڵه‌تێكدا كه‌ یاسا حوكمی بكات‌و ده‌ستوورێكی نوێی هه‌بێت كه‌ هه‌مووان له‌سه‌ر سازابن".

 DOWNLOAD

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌