راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

نه‌ ده‌سه‌ڵات نه‌ ئۆپۆزسیۆن
حیزبه‌كانی‌ كوردستان نه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تدان نه‌ ئاماده‌ن پشتی‌ تێبكه‌ن

مەعاز فەرحان
هه‌رێمی‌ كوردستان، كه‌ حكومه‌تێكی‌ په‌روباڵ كراوو په‌رله‌مانێكی‌ په‌كخراو‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ ماوه‌ ته‌واو بووی‌ هه‌یه‌، تادێت برینه‌كانی‌ قوڵتر ده‌بنه‌وه‌و ده‌نگی‌ ناره‌زایی‌ هاوڵاتیانیش زیاتر هه‌ڵده‌كشێ‌.
6.10.2016  |  نه‌ ده‌سه‌ڵات نه‌ ئۆپۆزسیۆن
سه‌رۆك‌و وه‌زیره‌كانی‌ كابینه‌ی‌ هه‌شته‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان
سه‌رۆك‌و وه‌زیره‌كانی‌ كابینه‌ی‌ هه‌شته‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان

دۆخی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ده‌ست حیزبه‌ سیاسیی‌‌و فه‌رمانڕه‌واكانه‌وه‌، چه‌ندین درز‌و كه‌له‌به‌ری‌ تێكه‌وتووه‌ به‌تێپه‌رینی‌ كاتیش قه‌باره‌یان گه‌وره‌تر ده‌بێت‌و ئه‌مه‌ش توڕه‌یی‌ خه‌ڵك زیاتر ده‌كات.

 

له‌گه‌ڵ قوڵبونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانه‌كان كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ دوای‌ بڕینی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌، له‌ئێستادا پرسی‌ كشانه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌، بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ له‌حكومه‌تدا، له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كاندا، پرسی‌ گه‌رموگوڕی‌ ئه‌م ماوه‌یه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانن.

 

به‌شێكی‌ زۆری‌ گله‌یی‌‌و گازنده‌كان له‌لایه‌ن هاوڵاتیان‌و لایه‌نگرانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو، روه‌وه‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانن، ره‌نگه‌ له‌وه‌شدا ره‌خنه‌كانیان له‌جێگه‌ی‌ خۆیدا بێت، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ پۆسته‌ باڵاكان له‌ده‌ستی‌ ئه‌و هێزه‌دان كه‌ له‌په‌رله‌مانی‌ په‌كخراوی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان 38 كورسی‌ هه‌یه‌.

 

پارتی له‌هه‌رێمدا ئه‌م ده‌زگاو دامه‌زراوانه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌؛ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، سه‌رۆك وه‌زیران، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری، فه‌رمانده‌یی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌، سه‌رۆكایه‌تی لیژنه‌ی نه‌وت‌و گاز، سه‌رۆكایه‌تی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن، سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی كوردستان، سه‌رۆكایه‌تی ده‌زگای دیبلۆماسی هه‌رێم.

 

حیزبه‌ ركاره‌به‌كانی‌ كه‌ له‌په‌رله‌ماندا 58 (له‌كۆی‌ 111) كورسییان هه‌یه‌، له‌ناو هیچ یه‌كێك له‌و دامه‌زراوانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاریگه‌ر قسه‌یان ناڕوات، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت خه‌تای‌ قه‌یرانه‌كان به‌ملی‌ پارتیدا هه‌ڵبواسن.

 

ركابه‌ره‌كانی‌ پارتی‌ دانبه‌وه‌دا ده‌نێن ئه‌و حیزبه‌ ده‌ستی‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م جومگه‌كانی‌ حكومڕانیدا گرتووه‌، به‌ڵام فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر ئه‌و هێزه‌ هێنده‌ توندنین تا ئه‌ویش به‌ده‌م داواكارییه‌كانیانه‌وه‌ بێت‌و كێكه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ به‌ش بكات.

 

بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ له‌هێزه‌كانی‌ تر له‌گه‌ڵ پارتی‌ زیاتر تێكگیراوه‌، له‌كاتی‌ پێكهێنانی‌ كابینه‌ی‌ هه‌شته‌م له‌حوزه‌یرانی‌ 2014، جگه‌ له‌پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان، بڕیاربوو له‌سه‌دا 24ی‌ پۆسته‌كانی‌ حكومه‌ت وه‌ربگرێت، به‌ڵام پرسی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم دۆستایه‌تیه‌كه‌ی‌ نێوان ئه‌و دوو هێزه‌ی‌ تێكدا، كاتێك سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان به‌نیاز بوو پرسی‌ كورسیه‌كه‌ی‌ بارزانی‌ له‌په‌رله‌مان یه‌كلابكرێته‌وه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ له‌رۆژی‌ 12ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2015ه‌وه‌ رێگری‌ له‌سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و چوار وه‌زیره‌كه‌ی‌ گۆڕان (پێشمه‌رگه‌، دارایی‌، ئه‌وقاف، بازرگانی‌) كراوه‌ بچنه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان له‌هه‌ولێر، به‌ڵام ئه‌و حیزبه‌ كه‌ 24 كورسی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌یه‌ هێشتا بڕیاری‌ كشانه‌وه‌ی‌ نه‌داوه‌ له‌حكومه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ فشاری‌ لێده‌كرێت.

 

دانا عه‌بدولكه‌ریم، رێكخه‌ری ژووری په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، پێناسه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ی‌ بۆ دۆخی‌ ئێستا به‌وه‌كرد كه‌ "پارتی‌ كوده‌تای‌ كردوه‌ به‌سه‌ر شه‌رعیه‌تدا‌و مه‌سعود بارزانی‌ له‌رووی‌ یاساییه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم نیه‌، له‌حاڵه‌تی‌ په‌كخستنی‌ په‌رله‌ماندا دۆخی‌ وڵات ده‌چێته‌ دۆخی‌ نائاساییه‌وه‌".

 

دانا به‌"نیقاش"ی‌ وت "رێگری‌ له‌سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان كراوه‌‌و وه‌زیره‌كان ده‌ركراون، له‌رووی‌ سیاسی‌‌و یاساییه‌وه‌ ئه‌مه‌ به‌ كوده‌تا ده‌زانین، كه‌ كوده‌تاش كراوه‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ مه‌نتیقی‌ نیه‌".

 

دانا عه‌بدولكه‌ریم، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ له‌هه‌رێمدا به‌هاوبه‌شی‌ به‌رێوه‌ببرێت‌و ده‌ڵێت "به‌پێی‌ رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتی‌ ده‌بوایه‌ له‌سه‌دا 24ی‌ پۆسته‌كانی‌ حكومه‌تمان پێبدرایه‌، له‌وه‌زیر‌و ده‌سته‌ سه‌ربه‌خۆكان‌و راوێژكاره‌كان‌و به‌رێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ پێمان درا له‌سه‌دا یه‌كیش كه‌متر بوو".

 

كابینه‌ی‌ هه‌شته‌می‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم، كه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای‌ دروستبونیه‌وه‌ تائێستا به‌ر نه‌شته‌ری‌ ره‌خنه‌ كه‌وتووه‌، له‌بیست وه‌زاره‌ت پێكدێت، پارتی دیموكراتی‌ كوردستان شه‌ش وه‌زاره‌تی وه‌رگرت جگه‌ له‌سه‌رۆكی حكومه‌ت، گۆرانیش چوار وه‌زاره‌ت‌و یه‌كێتی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت‌و پێنج وه‌زاره‌ت‌و یه‌كگرتوو دوو وه‌زاره‌ت‌و كۆمه‌ڵیش وه‌زاره‌تێك‌و ئه‌وه‌ی‌ مایه‌وه‌ بۆ پێكهاته‌ی‌ مه‌سیسحی‌‌و لایه‌نه‌كانی‌ تر، به‌ڵام له‌ئێستادا 11 وه‌زاره‌تی حكومه‌ت به‌ده‌ست پارتیه‌وه‌ن، جێگه‌ی وه‌زیره‌كانی گۆڕان‌و وه‌زیرێكی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی یه‌كگرتوو كه‌ وه‌زیری‌ كاره‌بابوو پڕ كردوه‌ته‌وه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ لایه‌نه‌كان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانیشدا هاوسه‌نگی‌ نیه‌‌و پارتی‌ به‌ڵێنی‌ پێدانی‌ پۆسته‌كانی‌ له‌وه‌زاره‌ت‌و فه‌رمانگه‌كان جێبه‌جێنه‌كردوه‌، كه‌چی‌ هێشتا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌وه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ كه‌ به‌ته‌واوه‌ی‌ حكومه‌ت بۆ پارتی‌ به‌جێبهێڵن.

 

یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان، 10 كورسی‌ له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان هه‌یه‌، له‌ئێستادا دوو وه‌زاره‌تی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، ئه‌م حیزبه‌ وه‌ك خۆی‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، نیازی‌ كشانه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌، به‌ڵام چاوه‌رێی‌ وه‌ڵامی‌ حكومه‌ت ده‌كات بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی‌ كه‌ ناوه‌راستی‌ مانگی‌ ئه‌یلول پێشكه‌شی‌ كرد.

 

محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كگرتوو به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ئاماده‌بوو چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانه‌كان بكات ئه‌وا باشه‌، ئه‌گه‌رنا پرسی‌ كشانه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تی‌ حیزب، راپرسیش ده‌كه‌ن له‌ناو رێكخستنه‌كانی‌ خۆیان‌و جه‌ماوه‌ر بۆ كشانه‌وه‌.

 

وتیشی‌ "بڕیاربوو چه‌ندین وه‌زاره‌ت‌و به‌رێوه‌به‌ری‌ گشتی‌‌و راوێژكار وه‌ربگرین، به‌ڵام وابزانم راوێژكارێكیان له‌وه‌زاره‌تی‌ كاره‌با پێداین له‌گه‌ڵ دوو وه‌زیر، قه‌راربوو ئێمه‌ شه‌ریكبین نه‌ك به‌شدار، به‌ڵام تا ئێستاش له‌به‌شدار تێنه‌په‌ڕیوین، ئه‌وانه‌ی‌ هاوبه‌شن یه‌كێتی‌‌و پارتین به‌ته‌نیا".

 

لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی‌ هه‌رێم هێشتا به‌ره‌سمی‌ گله‌یی‌‌و گازنده‌ی‌ خۆیان له‌سه‌ر مێزی‌ گفتوگۆی‌ رووبه‌رووی‌ یه‌كتر نه‌كردوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ هه‌یه‌ ته‌نها له‌میدیاكانه‌وه‌ په‌یام بۆ یه‌كتر ده‌نێرن.

 

رۆژی‌ 17ی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو له‌په‌یامێكدا ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران پێشنیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ بۆ لایه‌نه‌كان كرد له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا به‌شداربن بۆ ئه‌وه‌ی‌ داتا‌و زانیارییان له‌باره‌ی‌ قه‌یرانه‌كانه‌وه‌ بۆ بخاته‌روو.

 

به‌ڵام لایه‌نه‌كان پێشوازییان له‌بانگه‌وازه‌كه‌ نه‌كرد‌و رۆژی‌ 24ی‌ هه‌مان مانگ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌‌و كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كۆبونه‌وه‌‌و داوای‌ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانه‌كانیان كرد.

 

یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان كه‌ له‌دوای‌ پارتی‌ زۆرترین پۆستی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، هه‌ڵوێستی‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ روون نیه‌، میدیاكه‌ی‌‌و به‌شێك له‌په‌رله‌مانتار‌و كادیره‌كان وه‌كو ئۆپۆزسیۆنی‌ پارتی‌ قسه‌ ده‌كه‌ن.

 

فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان، به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌م حكومه‌ته‌ كه‌ پێكهات بنكه‌فراوان بوو، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێستا وانیه‌، یه‌كێك له‌لایه‌نه‌كانی‌ دورخراوه‌ته‌وه‌‌و دوو لایه‌نی‌ تریش به‌نیازی‌ كشانه‌وه‌ن، یه‌كێتیش تائێستا هه‌ڵوێستی‌ له‌م روه‌وه‌ روون نیه‌" پێشی‌ وایه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ سیاسه‌تێكی‌ یه‌كگرتووی‌ ده‌رباره‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ قه‌یرانه‌كه‌ نیه‌.

 

ئه‌سه‌سه‌رد هێمای‌ به‌وه‌دا یه‌كێك له‌داموده‌زگاكانی‌ سیستمی‌ سیاسی‌ په‌رله‌مانه‌، ئه‌م دامه‌زراوه‌یه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان نه‌ماوه‌، هه‌روه‌ها پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمیش گومان هه‌یه‌ له‌شه‌رعیه‌ته‌كه‌ی‌‌و  ئه‌م حكومه‌تی‌ ئێستا هه‌یه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ نیمچه‌ حكومه‌ته‌.

 

وتیشی‌ "حكومه‌تی‌ له‌مشێوه‌یه‌ له‌هه‌ر وڵاتێكی‌ تر بوایه‌ ده‌مێك بوو هه‌ڵوه‌شابۆوه‌‌و حكومه‌تێكی‌ تر له‌جێگه‌ی‌ دانرابوو".

 

له‌كاتێكدا هه‌ڵوێستی‌ لایه‌نه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ روون نیه‌، تادێت بازنه‌ی‌ ناره‌زاییه‌تیه‌كانی‌ مامۆستایان‌و فه‌رمانبه‌ران‌و هاوڵاتیان فراوانتر ده‌بێت، رۆژی‌ سێشه‌ممه‌ی‌ رابردوو 27ی‌ ئه‌یلول به‌خۆپیشاندانێكی‌ فراوان له‌شاروشارۆچكه‌كاندا خه‌ڵكی‌ توڕه‌ی‌‌و نیگه‌رانی‌ خۆیان به‌ ده‌سه‌ڵاتداران گه‌یاند.

 

مانگرتن‌و خۆپیشاندانه‌كان به‌هۆی‌ دواكه‌وتن‌و پاشكه‌وتی‌ موچه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ره‌تای‌ ئه‌مساڵه‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم دوای‌ قوڵبونه‌وه‌ی‌ قه‌یرانی‌ دارایی‌ په‌یڕه‌ویكرد، ئه‌وه‌ش هێنده‌ی‌ تر ته‌نگی‌ به‌ژیانی‌ هاوڵاتیان هه‌ڵچنیوه‌.

 

ناره‌زایی‌ هاوڵاتیان‌و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان رووی‌ له‌پارتیه‌، ئه‌و حیزبه‌ش پێیوایه‌ لایه‌نه‌كان له‌به‌رپرسیاریه‌تی‌ راده‌كه‌ن‌و نیه‌تی‌ ئه‌وه‌شی‌ نیه‌ حكومه‌ت هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌.

 

ئه‌كره‌م ساڵح، ئه‌ندامی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، رایگه‌یاند حكومه‌ت تائێستا چوار لایه‌ن تێیدا به‌شدارن، هیچ له‌م لایه‌نانه‌ جگه‌ له‌پڕوپاگه‌نده‌ی‌ راگه‌یاندن هیچ په‌یامێكی‌ فه‌رمیان نیه‌‌و داخوازییان بۆ كشانه‌وه‌ له‌حكومه‌ت نیه‌.

 

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ شه‌ریكین له‌حكومه‌ت، ئه‌و پروپاگه‌نده‌یه‌ی‌ ده‌یكه‌ن بۆ رازیكردنی‌ شه‌قام‌و موزایه‌ده‌ی‌ سیاسیه‌ ئه‌گه‌رنا هیچ بنه‌مایه‌كی‌ راستی‌ نیه‌.

 

ئه‌ندامه‌كه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ پارتی‌ رووی‌ له‌چوار لایه‌نه‌كه‌ كردو وتی‌ "ئه‌گه‌ر هاوبه‌ش نین له‌حكومه‌ت بۆچی‌ به‌شدارن، من له‌شتێك هاوبه‌ش نه‌بم به‌شداریش نابم تێیدا".

 

حیزبه‌ كاریگه‌ره‌كانی‌ سه‌ر گۆره‌پانی‌ سیاسی‌ هه‌رێم كه‌ شیروتیر له‌یه‌كتر ده‌سون، دیارنیه‌ كه‌ی‌ رێكده‌كه‌ون له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ نێوانیان، نه‌زانینی‌ ئه‌وه‌ی‌ كامیان له‌ده‌سه‌ڵاته‌‌و كامیان ئۆپۆزسیۆنه‌ ره‌نگه‌ هێنده‌ی‌ تر دۆخه‌كه‌ی‌ ئاڵۆزكردبێت.

 

كامه‌ران مه‌نتیك مامۆستای‌ زانسته‌ سیاسیه‌كانی‌ زانكۆی‌ سه‌لاحه‌دین له‌هه‌ولێر، رونیكرده‌وه‌ حكومه‌ت شه‌رعیه‌ت له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ په‌رله‌مان په‌كخرا، حكومه‌ته‌كه‌ش شه‌رعیه‌ت له‌ده‌ستده‌دات.

 

مه‌نتك به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وه‌ی‌ رووده‌دات به‌هێزی‌ پارتی‌، بێ‌ هێزی‌‌و بێ‌ هه‌ڵوێستی‌ لایه‌نه‌كانی‌ تره‌، یه‌كێتی‌‌و گۆران‌و كۆمه‌ڵ‌و یه‌كگرتوو ناسنامه‌ی‌ حزبی‌ خۆیان له‌ده‌ستداوه‌، نه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتن‌و نه‌ ئۆپۆزسیۆنن، ده‌یانه‌وێت له‌پشتی‌ شه‌قامه‌وه‌ ده‌ستكه‌وته‌كان بچننه‌وه‌".

 

وتیشی‌ "ئه‌م حیزبانه‌ په‌یامیان روون نیه‌، ئه‌گه‌ر له‌ده‌سه‌ڵاتن ده‌بێت حكومداری‌ بكه‌ن ئه‌گه‌رنا بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، نه‌ له‌حكومه‌ت دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌ له‌ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ش رازین، هه‌ڵوێستی‌ ئه‌م حزبانه‌ زۆر ناته‌ندروسته‌و له‌فه‌رهه‌نگی‌ سیاسیدا جێی‌ نابێته‌وه‌".

 

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌