راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ساڵێك دوای‌ په‌ككه‌وتنی‌ په‌رله‌مان
له‌ناوخۆ ناكۆكی‌ ده‌خوڵقێنن‌و له‌ده‌ره‌وه‌ به‌دوای‌ چاره‌سه‌ردا ده‌گه‌ڕێن

هونەر حەمەرەشید
هه‌موو هه‌وڵه‌ نێوه‌نگیرییه‌ ناوخۆییه‌كان بۆ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان شكستیانهێناوه‌، تاكه‌ هیوایه‌ك كه‌ مابێت هه‌وڵه‌ ده‌ره‌كییه‌كانه‌، به‌ڵام نازانرێت ئه‌وانه‌ش چه‌نده‌ كاریگه‌ر ده‌بن.
6.10.2016  |  سلێمانی
یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسی‌ له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی‌ سلێمانی‌ په‌رله‌مان، پاش ئه‌وه‌ی‌ رێی‌ لێگیرا بچێته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی‌ له‌هه‌ولێر ( :وێنه وكالة الاناضول)
یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسی‌ له‌به‌رده‌م نوسینگه‌ی‌ سلێمانی‌ په‌رله‌مان، پاش ئه‌وه‌ی‌ رێی‌ لێگیرا بچێته‌وه‌ سه‌ر كاره‌كه‌ی‌ له‌هه‌ولێر ( :وێنه وكالة الاناضول)

چوارشه‌ممه‌ی‌ داهاتوو (12ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌م) یه‌كساڵی‌ ته‌واو تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر په‌ككه‌وتنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، له‌و رۆژه‌دا هێزێكی‌ ئه‌منی‌ سه‌ر به‌پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رێگه‌یان نه‌دا یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان بچێته‌ ناو هه‌ولێری‌ پایته‌خت كه‌ باره‌گای‌ په‌رله‌مانی‌ لێیه‌، ئیتر له‌وه‌ به‌دواوه‌ په‌رله‌مان هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ نه‌كردووه‌.

 

ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و رۆژه‌ روویدا له‌بازگه‌ی‌ هه‌ولێر رووداوێكی‌ دابڕاو نه‌بوو له‌رووداوه‌كانی‌ پێشووتر، چونكه‌ سێ‌ مانگ زیاتر بوو په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌مشومڕێكی‌ قووڵدا بوو له‌سه‌ر كێشه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، له‌م نێوه‌نده‌شدا هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش بووبوون، به‌ره‌یه‌ك به‌ڕێبه‌رایه‌تی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كه‌ پێداگری‌ ده‌كرد له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ له‌سه‌ر كورسی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، به‌ره‌ی‌ دووه‌میش به‌ڕێبه‌رایه‌تی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان كه‌ دژی‌ مانه‌وه‌ی‌ بارزانی‌ بوو، سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان سه‌ر به‌م به‌ره‌یه‌ی‌ دووهه‌میان بوو، به‌ڵام جڵه‌وی‌ هێز له‌پایته‌خت به‌ده‌ست به‌ره‌ی‌ یه‌كه‌مه‌وه‌ بوو.

 

مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رۆژی‌ 11ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2015 كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ به‌سه‌رپه‌رشتی‌ مه‌سعود بارزانی‌ رێكخست‌و له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیاری‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌یدا كه‌ له‌ 17ی‌ نیسانی‌ 2014 له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان واژۆی‌ كردبوو، له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان درابوو به‌بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان.

 

رۆژی‌ 23ی‌ حوزه‌یران په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ستیكرد به‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم، چونكه‌ به‌پێی‌ ئه‌و یاسایه‌ مه‌سعود بارزانی‌ رۆژی‌ 19ی‌ ئاب كۆتایی‌ به‌واده‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی‌ ده‌هات، ئه‌م گفتوگۆیه‌ش په‌یوه‌ندی‌ نێوان پارتی‌‌و گۆڕانی‌ له‌دۆستایه‌تییه‌وه‌ گۆڕی‌ بۆ دوژمنایه‌تی‌‌و په‌رله‌مانی‌ تیا بووه‌ قوربانی‌.

 

له‌و كاته‌وه‌ی‌ ئه‌و گرفتانه‌ دروست بووه‌ له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆی‌ كوردستان به‌ده‌یان هه‌وڵ له‌لایه‌ن هێزه‌ سیاسی‌‌و كه‌سایه‌تییه‌ دیاره‌كانه‌وه‌ دراون بۆ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام هه‌موویان بێئه‌نجام بوون.

 

دواین هه‌وڵی‌ ناوخۆیی له‌لایه‌ن فوئاد حوسێن سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بوو له‌مانگی‌ ته‌مموزی‌ ئه‌مساڵ، ئه‌و له‌لایه‌ن مه‌سعود بارزانی‌ راسپێرا بۆ ئه‌وه‌ی‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان رێكبخات به‌ئامانجی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان‌و كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه‌ش سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو.

 

یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستانیش یه‌كێك بوو له‌و هێزانه‌ چه‌ند جارێك به‌و ئاڕاسته‌یه‌ هه‌وڵیدا، خه‌لیل ئیبراهیم ئه‌ندامی‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و حیزبه‌ به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌ماوه‌ی‌ ساڵی‌ رابردوودا چه‌ندین هه‌وڵ هه‌بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ هه‌رێم‌و كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، به‌ڵام به‌هۆی‌ سووربوونی‌ لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانیان هه‌وڵه‌كان بێ ئه‌نجام بوون".

 

خه‌لیل ئیبراهیم وتیشی‌ "لایه‌نه‌كان به‌و پێشنیازانه‌ رازی‌ نین، كه‌ بۆ چاره‌سه‌ر ده‌خرێنه‌ روو، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانیش به‌بێ‌ ئه‌نجام كۆتایی هاتووه‌".

 

ئێستا كێشه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ له‌نێوان پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندایه‌، لایه‌نی‌ یه‌كه‌م پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و دووهه‌میش پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ له‌لایه‌، ئه‌م دوو لایه‌نه‌ش هیچیان ئاماده‌نین ده‌ستبه‌رداری‌ داواكانی‌ خۆیان ببن، چونكه‌ پارتی‌ داوای‌ گۆڕینی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و گۆڕانیش داوای‌ گۆڕینی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم ده‌كات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه‌ ناگه‌نه‌ هیچ ئه‌نجامێك.

 

ته‌نانه‌ت ئه‌و زنجیره‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ی‌ فوئاد حسێن سه‌رۆكی‌ دیوانی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم له‌مانگی‌ ته‌مموزی‌ رابردوو ئه‌نجامیدا به‌هه‌مان هۆكار چاره‌سه‌ری‌ تیا نه‌دۆزرایه‌وه‌، چونكه‌ پێشنیاره‌كانی‌ ئه‌و كه‌ له‌لایه‌ن پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ پشتیوانی‌ ده‌كرا سه‌ره‌كیترینیان بریتی‌ بوو له‌وه‌ی‌ گۆڕان خۆی‌ كاندیدێكی‌ تری‌ بۆ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان هه‌بێت، یاخود پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بدرێت به‌حیزبێكی‌ تر.

 

ئێستا هه‌موو هێزو لایه‌نه‌كان ده‌ستیان له‌وه‌ به‌رداوه‌ له‌ناوخۆ بیر له‌پێكهاتن بكه‌وه‌و چاویان له‌ده‌ستی‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ ئه‌و كاره‌یان بۆ بكات.

 

له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا چه‌ند وه‌فدێكی‌ وڵاتانی‌ ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیاو فه‌ره‌نساو وڵاتانی‌ تری‌ ئه‌وروپی‌ به‌جیا له‌گه‌ڵ هێزو لایه‌نه‌ كوردییه‌كان كۆبوونه‌ته‌وه‌و داوای‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانیان لێكردوون.

 

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌حمه‌د كانی‌ به‌رپرسی‌ په‌یوه‌ندییه‌ عێراقی‌‌و نیشتیمانییه‌كانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ماوه‌یه‌كه‌ لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ستیان به‌چه‌ند هه‌وڵێك كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ باوه‌ڕ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم بهێنن تا چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ نێوانیان بكه‌ن".

 

ئه‌حمه‌د كانی‌ وتیشی‌ "نوێنه‌رانی‌ باڵوێزو كونسوڵی‌ وڵاتانی‌ بیانی‌ له‌كۆبوونه‌وه‌كاندا داوایان كردووه‌، لایه‌نه‌كان هه‌وڵبده‌ن كێشه‌كانی‌ نێوانیان چاره‌سه‌ربكه‌ن‌و جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه‌ به‌رده‌وامی‌ ئه‌م كێشانه‌ به‌سوودی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش ته‌واو نابێت".

 

رۆژی‌ 28ی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌سویسرا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك‌و جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان‌و فراكسیۆنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ ئه‌و وڵاته‌ كۆبوه‌وه‌و له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "له‌ئێستادا له‌نێوان په‌رله‌مانتاران‌و فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان‌و حیزبه‌كاندا، گفتوگۆ ده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی هه‌رێم‌و گفتوگۆكانیش به‌ره‌وپێشه‌وه‌ چوون".

 

یوسف محه‌مه‌د وتیشی‌ "هیوادارم دوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌نگاوی كرده‌یی بنرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی هه‌رێم"، هه‌ر له‌وێش داوای‌ له‌وڵاتانی‌ جیهان كرد هه‌وڵه‌كانیان چڕبكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.

 

ئه‌و هه‌وڵانه‌ی‌ له‌ده‌ره‌وه‌ ده‌درێن ته‌نها له‌چوارچێوه‌ی‌ داواكارییدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو چه‌ند پرۆژه‌یه‌كی‌ چاره‌سه‌ر خراونه‌ته‌ روو.

 

كلاریسا پاستۆری‌ نوێنه‌ری تازه‌ ده‌ستبه‌كاربووی‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌هه‌رێمی كوردستان رۆژی‌ 20ی‌ ئه‌یلول له‌شاری‌ سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ یوسف محه‌مه‌د كۆبووه‌وه‌و له‌باره‌ی‌ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ نزیك له‌سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان بۆ "نیقاش"ی‌ باسكرد كه‌ نوێنه‌ره‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا پرۆژه‌یه‌كی‌ پێبووه‌.

 

ناوه‌ڕۆكی‌ پرۆژه‌كه‌ خۆی‌ له‌سێ‌ پێشنیاردا بینیوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش بریتی‌ بوون له‌وه‌ی‌ یان هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ بۆ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم به‌ڕێوه‌بچێت، یاخود  دۆخه‌كه‌ به‌ئه‌مری‌ واقیع تا ساڵی‌ 2017 وه‌ك خۆی‌ بڕوات، به‌وه‌ی‌ مه‌سعود بارزانی‌ له‌پۆسته‌كه‌ی‌ بمێنێته‌وه‌و په‌رله‌مانیش كارابكرێته‌وه‌، پێشنیاری‌ سێهه‌میش بریتی‌ بووه‌ له‌وه‌ بۆ ماوه‌ی‌ شه‌ش مانگ په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌م پێكهاته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌وه‌ كارابكرێته‌وه‌و له‌و ماوه‌یه‌دا لایه‌نه‌كان‌و فراكسیۆنه‌كان هه‌وڵی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان بده‌ن، به‌وه‌ی‌ یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم هه‌مواربكه‌نه‌وه‌و ده‌سته‌ی‌ نوێی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مانیش هه‌ڵبژێردرێت.

 

كامه‌ران سوبحان، راوێژكاری‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان به‌"نیقاش"ی‌ وت "هه‌وڵه‌كانی‌ نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ ئه‌وروپا به‌و ئاڕاسته‌یه‌ كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش جگه‌ له‌سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان كۆبووه‌ته‌وه‌".

 

له‌باره‌ی‌ به‌ده‌مه‌چوونی‌ یوسف محه‌مه‌د بۆ پێشنیازه‌كان، سوبحان وتی‌ "له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان جه‌ختیكردووه‌ته‌وه‌، سه‌رچاوه‌ی‌ كێشه‌كان سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمه‌، هه‌ركاتێك ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكرێت، ئه‌وه‌ ئاماده‌یه‌ ده‌ستبه‌رداری‌ پۆسته‌كه‌ی‌ بێت، ئه‌وه‌ش له‌پێناوی‌ خه‌ڵكدا".

 

به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوێك كه‌ له‌په‌یجی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان له‌فه‌یسبووك بڵاوبووه‌وه‌، كلاریسا له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا وتوویه‌تی‌ "كێشه‌كانی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێم به‌بنبه‌ست گه‌یشتووه‌، یه‌كێتی ئه‌وروپا مه‌به‌ستییه‌تی لایه‌نه‌كان بگه‌نه‌ چاره‌سه‌رێكی گونجاو، چونكه‌ ئه‌م بارودۆخه‌ی هه‌رێمی كوردستان ڕێگره‌ له‌به‌رده‌م زۆر كار، كه‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌نیازه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامی بدات".

 

هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌كۆبوونه‌وه‌یان نوێنه‌رانی‌ وڵاتان په‌رۆشی‌ خۆیان بۆ چاره‌سه‌ر راده‌گه‌یه‌نن، به‌ڵام تائێستا له‌سه‌ر ئه‌رزی‌ واقیع ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ هیچ ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی‌ نه‌بووه‌.

 

محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم رێكخه‌ری‌ ژووری‌ په‌یوه‌ندییه‌ دبلۆماسییه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان به‌"نیقاش"ی‌ وت "گۆڕان پشتگیری‌ هه‌ر هه‌وڵێك ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان‌و ئاماده‌یی خۆشمان نیشانداوه‌ دۆخه‌كه‌ ئاسایی بكرێته‌وه‌".

 

هه‌رچی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌ ئه‌ویش له‌زاری‌ ئه‌حمه‌د كانی‌-ه‌وه‌ به‌"نیقاش"ی‌ راگه‌یاند "پارتی‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ بووه‌ لایه‌نه‌كان به‌گفتوگۆ بگه‌ن به‌رێككه‌وتن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ نییه‌ كوده‌تای‌ به‌سه‌ردا بكرێت".

 

هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ته‌نها به‌یه‌كێتی‌ ئه‌وروپاوه‌ نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه‌، رۆژی‌ 24ی‌ ئه‌یلولی‌ رابردوو باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌به‌غداد، دۆگله‌س سیلیمان، له‌گه‌ڵ كونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌ولێر، كێن گرۆس سه‌ردانی‌ سلێمانیان كردو له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆبوونه‌وه‌.

 

باڵوێزو كونسوڵی‌ ئه‌مریكا له‌سه‌ردانه‌كه‌یاندا به‌جیا له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ‌و به‌رهه‌م ساڵح‌و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌رپرسانی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌‌و محه‌مه‌د تۆفیق ڕه‌حیم‌و چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی تری گۆڕان كۆبوونه‌وه‌، به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ په‌یجی‌ كونسوڵگه‌ری‌ ئه‌مه‌ریكا له‌هه‌ولێر، له‌كۆبوونه‌وه‌كاندا  باڵیۆز سیلیمان هانی لایه‌نه‌كانیداوه‌ زاڵبن به‌سه‌ر كێشه‌ سیاسییه‌كانداو كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌وكێشه‌ هه‌نوكه‌یی‌و گرنگانه‌ بكه‌ن، كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر عێراق‌و هه‌رێم دروستده‌كه‌ن.

 

هاوڵاتیانی‌ كوردستان هه‌موو رۆژێك له‌سه‌ر شاشه‌ی‌ ته‌له‌فزیۆن‌و له‌په‌یجی‌ فه‌یسبووكی‌ سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ ده‌بینن كه‌ چۆن پێشوازی‌ له‌وه‌فد‌و نوێنه‌ری‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ ده‌كرێت، تاكه‌ ئومێدیشیان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و وه‌فدانه‌ ئاوێك به‌ئاگره‌كه‌دا بكه‌ن.

 

هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ كوردستان سه‌لماندوویانه‌ ناتوانن له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆ كێشه‌ قووڵه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن‌و ده‌بێت له‌ده‌ره‌وه‌ ناچار بكرێن، زیندوترین نموونه‌ش رێكه‌تننامه‌ی‌ واشنتۆنه‌، كاتێك له‌دوای‌ چوار ساڵ شه‌ڕی‌ ناوخۆ، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان سه‌ره‌رڕای‌ هه‌موو هه‌وڵه‌ ناوخۆییه‌كان، سه‌ره‌نجام له‌سه‌ر ده‌ستی‌ مادلین ئۆلبرایتی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و ده‌مه‌ی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ئه‌یلولی‌ 1998 گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن‌و كۆتاییان به‌شه‌ڕه‌كه‌ هێنا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌