راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

كه‌لێنی یاسایی مه‌ترسیدار
به‌هۆی‌ یاسای‌ لێبوردنی‌ گشتییه‌وه‌ ئه‌ندامانی‌ قاعیده‌ ئازاد ده‌بن

موسته‌فا حه‌بیب
دوا مانگێك له‌په‌سه‌ندكردنی یاسای لێبوردنی گشتی له‌په‌رله‌مان، ده‌ركه‌وت ئه‌و یاسایه‌ كێشه‌ی‌ مه‌ترسیداری‌ تێدایه‌، دیارترینیان په‌یوه‌سته‌ به‌ده‌ربازبوونی‌ تیرۆریستان‌و ئه‌وانه‌ی پاره‌ی ده‌وڵه‌تیان بردووه‌.
6.10.2016  |  به‌غدا
گرتووخانەی ئەبوغرێب ( :وێنه واثق الخزاعي )
گرتووخانەی ئەبوغرێب ( :وێنه واثق الخزاعي )

دانوستانێكی سه‌خت كه‌ ماوه‌ی شه‌ش ساڵی خایاند رۆژی 25ی ئابی رابردوو به‌په‌سه‌ندكردنی یاسای "لێبوردنی گشتی" كۆتاییهات كه‌ هێزه‌ سیاسیه‌ سوننه‌كان داوای ده‌كه‌ن بۆ ئازادكردنی ئه‌و "بێتاوان"انه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌هۆكاری تایفی به‌ندكراون، به‌ڵام ئێستا له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی جێبه‌جێكردنی یاساكه‌دا، كه‌لێنی مه‌ترسیداری تێدا ده‌ركه‌وتووه‌.

 

حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌حوزه‌یرانی رابردوودا یاسای لێبوردنی گشتی پێشكه‌ش به‌په‌رله‌مان كرد كه‌ هه‌شت بڕگه‌ی له‌خۆ ده‌گرت، به‌ڵام په‌رله‌مان گۆڕانكاری فراوانی له‌یاساكه‌دا كردو بووه‌ شانزه‌ مادده‌، به‌و پێیه‌ش رێگه‌ی‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ خۆشكردن كه‌ تێوه‌گلاون له‌تیرۆرو گه‌نده‌ڵی‌ تا له‌سزا ده‌ربازیان ببێت.

 

ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان كردی حكومه‌تی زۆر هه‌راسان كردو دوای دوو ڕۆژیش له‌په‌سه‌ندكردنی، عه‌بادی وتی "په‌رله‌مان چه‌ند بڕگه‌یه‌كی تاوانكاریی بۆ یاسای لێبوردنی گشتی زیادكردووه‌" وتیشی‌ "حكومه‌ت هه‌موو تاوانه‌كانی رفاندنی له‌لێبوردنه‌كه‌ به‌ده‌ركردووه‌، كه‌چی په‌رله‌مان گۆڕیویه‌تی.. به‌ر له‌چه‌ند رۆژێك هێزه‌ ئه‌منییه‌كانمان هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر شوێنێك‌و منداڵی رفێندراویان تێدا دۆزیه‌وه‌، له‌یاسا نوێیه‌كه‌دا رفێنه‌ره‌كان ئازاد ده‌كرێن".

 

عه‌بادی چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر بڕیاریدا هه‌مواری نوێ له‌یاساكه‌دا ره‌وانه‌ بكات، به‌ڵام په‌رله‌مان ته‌گه‌ره‌ بۆ ئه‌و هه‌موارانه‌ دروست ده‌كات‌و چه‌ند مانگێكه‌ سستی ده‌نوێنێت له‌گفتوگۆكردن له‌سه‌ریان.

 

په‌رله‌مان ته‌نیا سه‌رپێچی حكومه‌تی نه‌كردووه‌، به‌ڵكو سه‌رپێچی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی عێراقیشی كردووه‌و ناڕه‌زایی ده‌سته‌ی باڵای دادوه‌ریی وڵاتی سه‌باره‌ت به‌ بڕگه‌كانی یاساكه‌ پشتگوێ خستووه‌، چونكه‌ په‌رله‌مانی بازی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییدا داوه‌ له‌كاتێكدا ده‌ستووری عێراق له‌مادده‌ی (47)دا ده‌ڵێت "ده‌سه‌ڵاته‌ فیدراڵیه‌كان له‌په‌رله‌مان‌و حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی پێكدێن، له‌سه‌ر بنه‌مای جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان پسپۆڕی‌و ئه‌ركی خۆیان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن".

    

هه‌فته‌ی رابردوو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی گرنگ دزه‌یكرد كه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری عێراقه‌وه‌ ده‌رچووه‌و مێژووه‌كه‌ی بۆ پێنج رۆژ پێش په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ ده‌ڵێت "سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ریی كردووه‌ بۆ گفتوگۆكردن سه‌باره‌ت به‌یاسای لێبوردن، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌رییش به‌رهه‌ڵستی پرۆژه‌یاساكه‌ی كردووه‌"، به‌ڵام په‌رله‌مان ئه‌وه‌ی پشتگوێخست‌و به‌بێ گوێدانه‌ تێبینیه‌ دادوه‌رییه‌كان، یاساكه‌ی په‌سه‌ند كرد.

 

كه‌لێنی یاسایی مه‌ترسیدار

مادده‌ی (1) له‌یاساكه‌ ده‌ڵێت "هه‌ر عێراقییه‌كی حوكمدراو به‌له‌سێداره‌دان یان زیندانی هه‌تا هه‌تایی یان هه‌ر جۆره‌ زیندانیكردنێك به‌لێبوردنی گشتی ده‌به‌خشرێت، ئیتر تۆمه‌تباره‌كه‌ به‌كرده‌یی زیندانیكراو بێت یان هه‌ڵاتوو"، مادده‌ی (3)یش مه‌رجی ره‌زامه‌ندی قوربانیه‌كان یان كه‌سوكاریانی داناوه‌ بۆ ئازادكردنی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌.

 

ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ چاره‌نووسی ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ له‌ده‌ستی هاووڵاتیاندا ده‌بێت كه‌ ئه‌وانیش قوربانییه‌كان یان كه‌سوكاریانن، بۆیه‌ له‌دوای په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ ترسیان لێ نیشتووه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر رازی نه‌بن له‌دادگا ده‌ستبه‌رداری مافی خۆیان ببن، ئه‌وا مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان په‌یداده‌بێت، به‌و پێیه‌ی‌ زۆربه‌ی تۆمه‌تباره‌كان تیرۆریستن‌و په‌یوه‌ندیان به‌تۆڕێكی فراوانه‌وه‌ هه‌یه‌و ره‌نگه‌ كار بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌ژیانی قوربانییه‌كان بكه‌ن ئه‌گه‌ر ده‌ستبه‌رداری مافی خۆیان نه‌بن.

 

مادده‌ی چواره‌میش سیانزه‌ لێبه‌ده‌ركردن له‌یاساكه‌ له‌خۆده‌گرێت، له‌بڕگه‌ی دوویدا ده‌ڵێت "ئه‌و تاوانه‌ تیرۆریستییانه‌ی كوشتنی خه‌ڵك یان شێواندنێكی به‌رده‌وام یان تاوانی تێكدانی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت یاخود دژایه‌تیكردنی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی لێكه‌وتبێته‌وه‌، یاسای لێبوردن نایانگرێته‌وه‌"، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ ئه‌و تیرۆریسته‌ی شكستیخواردووه‌ له‌به‌ئه‌نجام گه‌یاندنی كاره‌كه‌ی‌و به‌ر له‌جێبه‌جێكردنی تاوانه‌كه‌ ده‌ستگیركراوه‌، به‌پێی یاساكه‌ ئازاد ده‌كرێت، كه‌واته‌ ئه‌و تیرۆریسته‌ی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكردووه‌و ته‌قیوه‌ته‌وه‌و قوربانی لێنه‌كه‌وتۆته‌وه‌، ئازاد ده‌كرێت.

 

 هه‌مان شت له‌بڕگه‌ی شه‌شه‌مدا هه‌یه‌ كه‌ رێگه‌ ده‌دات به‌ئازادكردنی ئه‌وانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌تاوانی رفاندن ئه‌گه‌ر نه‌بووبێته‌ هۆی مردنی رفێندراوه‌كه‌ یاخود دروستبوونی شێواویه‌كی به‌رده‌وام، به‌ڵام ئه‌و كۆپیه‌ی حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری پێشكه‌شیان كردووه‌، ئه‌م بڕگه‌یه‌ی تێدا نیه‌.

 

ئه‌وانه‌ی تۆمه‌تبارن به‌گه‌نده‌ڵی ئیداری‌و داراییش پشكیان له‌یاسای "لێبوردنی گشتی" هه‌یه‌، له‌كاتێكدا عێراق له‌هه‌وڵدایه‌ بۆ له‌ناوبردنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی ئیداری‌و دارایی، به‌پێی بڕگه‌ی (10)ی یاساكه‌ش تۆمه‌تباران به‌تاوانی دزینی پاره‌ی ده‌وڵه‌ت‌و تۆمه‌تباران به‌گه‌نده‌ڵی ئیداری‌و دارایی ئازاد ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر تۆمه‌تبار ئه‌و پاره‌یه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ له‌ئه‌ستۆیدایه‌.

 

كێشه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ به‌زۆری تۆمه‌تباران له‌به‌رپرسانی باڵان‌و ره‌نگه‌ یارمه‌تی بدرێن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماردنی بڕی ئه‌و پارانه‌ی دزیویانن‌و گێڕانه‌وه‌ی به‌شێكی بۆ ده‌وڵه‌ت له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنیاندا.

 

بڕگه‌ی سیانزه‌هه‌م رێگه‌ ده‌دات به‌ئازادكردنی ئه‌وانه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ی ره‌سمییان ساخته‌كردووه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانی كارێك یان ئیمتیازی دارایی له‌ ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام كۆپیه‌كه‌ی حكومه‌ت‌و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی ئه‌م بڕگه‌یه‌ی تێدا نه‌بوو.

 

یه‌كێك له‌مه‌سه‌له‌ هه‌ره‌ جێمشتومڕه‌كانیش مادده‌ی شه‌شه‌مه‌ كه‌ رێگه‌ ده‌دات به‌و حوكمدراوه‌ی له‌سه‌ر تۆمه‌تی تیرۆریستی یاخود تاوانكاریی سێیه‌كی ماوه‌ی حوكمه‌كه‌ی له‌زینداندا ته‌واو كردووه‌، داواكارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری بكات بۆ گۆڕینی پاشماوه‌ی ماوه‌ی زیندانیكردنه‌كه‌ی له‌به‌رامبه‌ر بڕێك پاره‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ 10 هه‌زار دیناری عێراقی بۆ هه‌ر رۆژێك، به‌زۆریش ئه‌و تاوانبارانه‌ پاره‌یه‌كی زۆریان هه‌یه‌و ده‌توانن به‌ئاسانی له‌سزا ده‌رباز ببن.

 

 په‌رله‌مانتار عه‌واتف نیعمه‌ له‌فراكسیۆنی ده‌وڵه‌تی یاسا به‌"نیقاش"ی راگه‌یاند فراكسیۆنه‌كه‌ی تانه‌ی له‌یاساكه‌ داوه‌ "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ترسین تیرۆریستان له‌زیندانه‌كان بێنه‌ ده‌ره‌وه‌، تاوانباران ده‌توانن پاره‌ بده‌ن له‌به‌رامبه‌ر ده‌رچوونیان له‌زیندان، ئه‌مه‌ پاداشتێكه‌ بۆ تیرۆریستان‌و ئه‌وانه‌ی پاره‌ی ده‌وڵه‌تیان دزیوه‌".

 

به‌ڵام كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ خۆی له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ كه‌ بڕیاری ئازادكردنی ئه‌و كه‌سانه‌و سه‌رله‌نوێ دادگاییكردنه‌وه‌یان له‌ده‌سه‌ڵاتی لیژنه‌یه‌كدا ده‌بێت كه‌ نوێنه‌رانی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی‌و وه‌زاره‌تی ناوخۆو وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌خۆده‌گرێت، ره‌نگه‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌ دووچاری هه‌ڕه‌شه‌ ببنه‌وه‌ بۆ رازیبوون به‌قبوڵكردنی داواكاری تاوانباران بۆ گۆڕینی سزای زیندانیكردنیان له‌به‌رامبه‌ر پێدانی پاره‌ كه‌ ئه‌مه‌ش كارێكی مه‌ترسیداره‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ژیانی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌.

 

مادده‌ی حه‌وته‌می‌ یاساكه‌ش گومان له‌ده‌ستپاكی‌ دادوه‌ریی ده‌كات‌و ده‌ڵێت "ئه‌و كێشانه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی ره‌تیانده‌كاته‌وه‌ یاسای لێبوردن بیانگرێته‌وه‌، رێگه‌ به‌تۆمه‌تباران ده‌ده‌ن بۆ ده‌یانجار له‌دادگای ته‌مییزو تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ دادگایی بكرێنه‌وه‌".

 

 

عه‌مار توعمه‌ سه‌رۆكی فراكسیۆنی فه‌زیله‌ له‌په‌له‌مان به‌"نیقاش"ی وت "مه‌ترسیدارترین ده‌ق له‌یاساكه‌دا بریتیه‌ له‌دادگاییكردنه‌وه‌ی تاوانباران له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی دادوه‌رییه‌وه‌ كه‌ ئازاده‌ له‌بڕیارداندا، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ دادوه‌ره‌كان، له‌به‌رئه‌وه‌ی ره‌نگه‌ دووچاری مه‌ترسی‌ یاخود گوشاری سیاسی ببنه‌وه‌".

 

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "داڕشتنی یاساكه‌ شاراوه‌و ناڕوونه‌و لێكدانه‌وه‌ی زۆر ده‌دات به‌ده‌سته‌وه‌ له‌كاتێكدا ده‌بێت یاساكانی په‌یوه‌ست به‌تاوانه‌كان روون بن‌و خه‌ڵك تێیان بگات تا خراپ جێبه‌جێ نه‌كرێن، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش زیان به‌ئاسایش‌و سه‌قامگیری له‌كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌گه‌یه‌نێت".

 

مادده‌ی ده‌یه‌م باسی ئه‌و زیندانیانه‌ ده‌كات كه‌ تۆمه‌تبارن به‌كوشتنی سه‌ربازانی بیانی له‌عێراق‌و هه‌موو ئه‌وانه‌ ئازاد ده‌كرێن كه‌ تا ساڵی 2011 تاوانی كوشتنی ئه‌ندامانی هێزه‌ بیانییه‌كانیان ئه‌نجام داوه‌، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی گروپه‌ شیعه‌كان كه‌ سه‌دان سه‌ربازی ئه‌مریكی‌و به‌ریتانیان كوشتووه‌، رووبه‌ڕووی سزا نابنه‌وه‌.

 

به‌ڵام په‌رله‌مانتار عه‌واتف نیعه‌ ده‌ڵێت "ئه‌و گرووپه‌ شیعانه‌ كه‌ ته‌نیا دژی هێزه‌ بیانیه‌كان ده‌جه‌نگان‌و هاووڵاتیانی عێراقیان به‌ئامانج نه‌گرتووه‌، ده‌كرێت ئازاد بكرێن، به‌ڵام یاساكه‌ ئه‌و گروپانه‌ی دیاری نه‌كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌ندامانی رێكخراوه‌ جیهادیه‌ توندڕه‌وه‌كانی وه‌ك قاعیده‌ش كه‌ به‌ كوشتنی سه‌ربازانی ئه‌مریكا تۆمه‌تبارن، ئازاد ده‌كرێن.

 

یه‌كێكی تر له‌ خاڵه‌ جێمشتومڕه‌كانی دیكه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌مادده‌ی چوارده‌دا هاتووه‌و ده‌ڵێت "هیچ ده‌قێكی یاسایی جێبه‌جێ ناكرێت پێچه‌وانه‌ی ئه‌م یاسایه‌ بێت"، ئه‌م مادده‌یه‌ش به‌پێشێلكردنێكی ئاشكرای نه‌ریته‌ یاساییه‌كان داده‌نرێت، چونكه‌ ده‌ستوور باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌ وه‌ك له‌مادده‌ی سیانزه‌یدا هاتووه‌ "ده‌ستوور به‌رزترین یاساو باڵاترینه‌ له‌عێراق‌و پابه‌ندكه‌ره‌ له‌هه‌موو لایه‌نه‌كانیه‌وه‌و نابێت یاسایه‌ك دابنرێت پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ده‌ستووره‌ بێت‌و هه‌ر ده‌قێكی یاسایی دیكه‌ش كه‌ پێچه‌وانه‌وه‌ی بێت هه‌ڵوه‌شاوه‌یه‌".

 

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ شاره‌زای یاسایی تارق حه‌رب به‌"نیقاش"ی وت "هه‌ندێك بڕگه‌ی ئه‌م یاسایه‌ مه‌ترسیدارن، ده‌كرا چه‌ند مه‌سه‌له‌یه‌كی دیاریكراو بگرێته‌وه‌، به‌ڵام په‌رله‌مان بڕیاری داوه‌ سه‌رله‌نوێ دادگایی هه‌موو ئه‌وانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ تۆمه‌تبارن به‌مه‌سه‌له‌ی تیرۆرو ده‌ستدرێژی‌و كوشتن‌و دزی".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌