راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

هێشتا كاریگه‌رترین كه‌سایه‌تی‌ عێراقه‌
مالیكی سه‌رله‌نوێ خۆی‌ بۆ وه‌رگرتنەوەی‌ ده‌سه‌ڵات ئاماده‌ ده‌كات‌

موسته‌فا حه‌بیب
له‌وه‌ته‌ی نوری مالیكی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ستدا، هه‌وڵ ده‌دات به‌هه‌ر نرخێك بووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا هاوپه‌یمانی شیعه‌ی كرد به‌دوو به‌شه‌وه‌، ناكۆكییه‌كانی سوننه‌شی قۆسته‌وه‌‌و…
28.09.2016  |  به‌غدا
مالیكی‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ( :وێنه Al-Maliki website)
مالیكی‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ ( :وێنه Al-Maliki website)

هه‌فته‌ی رابردوو هۆشیار زێباری وه‌زیری دارایی چه‌ند سه‌عاتێك دوای له‌سه‌ركارلابردنی له‌پۆسته‌كه‌ی له‌په‌رله‌مان، له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ده‌ركه‌وت‌و وتی "نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو هه‌وڵی رووخاندنی حكومه‌تی عێراق ده‌دات له‌رێی له‌سه‌ركارلابردنی وه‌زیره‌كان، هه‌موو هۆكاره‌كانیش سیاسین نه‌ك پیشه‌یی‌".

 

زێباری دووه‌م وه‌زیری حكومه‌ته‌ له‌دوای خالید عوبه‌یدی وه‌زیری به‌رگری كه‌ په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگدا له‌سه‌ركاری لابردوون، ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ش كه‌ بۆ له‌سه‌ركارلابردنی وه‌زیره‌كان له‌ئارادایه‌ له‌لایه‌ن فراكسیۆنێكی نوێی په‌رله‌مانه‌وه‌ رێبه‌رایه‌تی ده‌كرێت كه‌ ناوی خۆی ناوه‌ "به‌ره‌ی چاكسازی"و ده‌ڵێت هه‌وڵ بۆ هێنانه‌دی چاكسازی سیاسی ده‌دات، به‌ڵام له‌واقیعدا شوێن فه‌رمانه‌كانی مالیكی ده‌كه‌وێت كه‌ له‌وه‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتی له‌ده‌ست داوه‌ هیچ پۆستێكی ره‌سمی نییه‌، كه‌چی‌ هێشتا هێزو كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی هه‌یه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ نوری مالیكی سه‌رۆكی "هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا" له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ساڵی 2014دا بردیه‌وه‌و پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا به‌95 كورسی په‌رله‌مان، به‌ڵام مانه‌وه‌ی بۆ ویلایه‌تی سێیه‌م وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌ش دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كوتله‌ سیاسیه‌كان حه‌یده‌ر عه‌بادی هاوكاری مالیكییان له‌حزبی "ده‌عوه‌" وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران ده‌ستنیشان كرد.

 

ئه‌وكات مالیكی به‌توندی به‌رهه‌ڵستی كردو له‌وته‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی به‌ناوبانگدا دوای سێ سه‌عات له‌ده‌ستنیشانكردنی عه‌بادی به‌سه‌رۆكی حكومه‌تی پێنجه‌می عێراق له‌12ی ئابی 2014دا وتی "ده‌ستنیشانكردنی عه‌بادی پێشلكردنێكی مه‌ترسیداری ده‌ستووره‌و بێگومان هه‌ڵه‌كه‌ راست ده‌كه‌ینه‌وه‌".

 

له‌و كاته‌شه‌وه‌ مالیكی ره‌خنه‌ی توند ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت ده‌كات‌و لێدوانی وروژێنه‌ر له‌دژی سیاسیه‌كانی سوننه‌و كورد ده‌دات، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ فراكسیۆنی "هاوپه‌یمانی نیشتمانی" هه‌ره‌سی هێنا كه‌ هه‌موو حزبه‌ شیعه‌كانی‌ له‌خۆده‌گرت‌و دووچاری دابه‌شبوونی توند بۆ دوو لایه‌ن بوو، یه‌كه‌میان له‌گه‌ڵ مالیكیه‌و ئه‌وی تریشیان له‌دژیه‌تی.

 

مالیكی پۆستێكی سیاسی ره‌سمی كاریگه‌ری نیه‌و ئێستا جێگری سه‌رۆك كۆماره‌ به‌بێ ده‌سه‌ڵات، پاش ئه‌وه‌ی بڕیاردرا  به‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پۆستی جێگرانی سه‌رۆك كۆمار، به‌ڵام هێشتا سێ فاكته‌ری هێزی هه‌یه‌ كه‌ به‌كاریان ده‌هێنێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ر حوكم، ئه‌وانیش بریتین له‌فراكسیۆنێكی‌ په‌رله‌مانی‌ گه‌وره‌، پشتیوانی گروپه‌ شیعه‌كان‌و په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ ئێران.

 

فراكسیۆنێكی په‌رله‌مانی یه‌كگرتوو

له‌نیسانی رابردوودا نزیكه‌ی 100 په‌رله‌مانتار پێكهێنانی فراكسیۆنێكی نوێیان له‌په‌رله‌مان راگه‌یاند كه‌ ناوی "به‌ره‌ی چاكسازی" لێنراو ئه‌وانیش بریتین له‌په‌رله‌مانتارانی شیعه‌ی ناو حیزبی "ده‌عوه‌" كه‌ مالیكی سه‌ركردایه‌تی ده‌كات‌و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی دیكه‌ له‌حیزبه‌ شیعه‌كانی وه‌ك "فه‌زیله‌"و "به‌در"و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی سوننه‌ كه‌ له‌"هاوپه‌یمانی هێزه‌ عێراقییه‌كان"ی سوننه‌ جیابوونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی سه‌ربه‌خۆی دیكه‌.

 

ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانی نێوان حیزبه‌ عێراقیه‌ كوردی‌و سوننی‌و شیعه‌كان فه‌وزایه‌كی له‌په‌رله‌ماندا دروست كرد، مالیكیش ئه‌م ناكۆكیانه‌ی قۆسته‌وه‌ بۆ پێكهێنانی فراكسیۆنێكی نوێ، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م فراكسۆنه‌ سێیه‌كی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان پێكده‌هێنێت، به‌ڵام دوو به‌شه‌كه‌ی تر ناتوانن رووبه‌ڕووی فراكسیۆنه‌ نوێیه‌كه‌ ببنه‌وه‌، چونكه‌ سه‌رقاڵن به‌ناكۆكییه‌كانیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر.

 

یه‌كه‌م بڕیار كه‌ ئه‌م فراكسیۆنه‌ تێیدا سه‌ركه‌وتووبوو ده‌ركردنی سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو له‌پۆسته‌كه‌ی، به‌ڵام جبوری له‌دوای نێوه‌ندگیری له‌گه‌ڵ مالیكی توانی بگه‌ڕێته‌وه‌و باوه‌ڕ به‌دادگای فیدراڵی بهێنێت كه‌ ئه‌و دانیشتنه‌ی ده‌نگی تێدا درا بۆ لابردنی له‌پۆسته‌كه‌ی، نایاسایی بووه‌.

 

له‌وه‌ به‌دواوه‌ چالاكی فراكسیۆنی "به‌ره‌ی چاكسازی" زیادیكردو ده‌ستیانكرد به‌به‌رهه‌ڵستیكردنی ئه‌و یاسایانه‌ی له‌په‌رله‌ماندا ده‌خرانه‌ڕوو، به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ چه‌ندین یاسا په‌كیان كه‌وت، دواتر هه‌ڵمه‌تێكی نوێیان له‌دژی حكومه‌ت ده‌ستپێكرد له‌ڕێی داواكردن بۆ لێپرسینه‌وه‌ی وه‌زیره‌كان‌و ته‌نانه‌ت حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانیش.

 

سێ په‌رله‌مانتاری ناسراو له‌دڵسۆزیان بۆ مالیكی به‌ره‌و وه‌زیره‌كان هه‌نگاویان نا، ئه‌وانیش بریتین له‌عالیه‌ نوسه‌یف كه‌ له‌پشت له‌سه‌ركارلابردنی خالید عوبه‌یدی وه‌زیری به‌رگری بوو له‌مانگی رابردوودا، هه‌یسه‌م جبوری كه‌ له‌پشت له‌سه‌ركارلابردنی هۆشیار زێباری وه‌زیری داراییه‌وه‌ بوو، هه‌روه‌ها په‌رله‌مانتار حه‌نان فه‌تلاوی كه‌ له‌هه‌موو بۆنه‌یه‌كدا به‌رگری له‌مالیكی ده‌كات‌و هه‌وڵ ده‌دات بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌عه‌بادی.

 

له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردووا ده‌ركه‌وت كه‌ نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو ئه‌م فراكسیۆنه‌ نوێیه‌ ده‌جووڵێنێت، سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان چووه‌ لای مالیكی بۆ پارێزگاریكردن له‌پۆسته‌كه‌ی، هه‌روه‌ك زێباریش هه‌مان شتی كرد، به‌ڵام وادیاره‌ مالیكی رازی نه‌بوو به‌مانه‌وه‌ی زێباری‌و پشتیوانی له‌سه‌ركارلابردنه‌كه‌ی كرد، چونكه‌ زێباری سه‌ر به‌پارتی دیموكراتی كوردستانه‌ كه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، وه‌ك زانراویشه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ په‌یوه‌ندی نێوان مالیكی‌و بارزانی گرژه‌.

 

مالیكی له‌راگه‌یندراوێكدا بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قسه‌كانی زێباری وتی "ئه‌و جنێوانه‌ قبوڵ ده‌كه‌م كه‌ ئاڕاسته‌م ده‌كرێن مادام وه‌زیران‌و به‌رپرسانی گه‌نده‌ڵ له‌په‌رله‌مان له‌سه‌ركارلاده‌برێن".

 

به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كاتێك مالیكی كه‌ بۆ ماوه‌ی هه‌شت ساڵ (2006- 2014) سه‌رۆك وه‌زیران بوو كاری بۆ لاوازكردنی په‌رله‌مان كردو ده‌یان داواكاری په‌رله‌مانی بۆ لێپرسینه‌وه‌ی وه‌زیرانی تۆمه‌تباركراو به‌گه‌نده‌ڵی له‌حكومه‌ته‌كه‌یدا ره‌تكرده‌وه‌، هه‌روه‌ك ره‌تیكرده‌وه‌ بچێته‌ په‌رله‌مان‌و په‌رله‌مانتارانی به‌په‌كخستنی حكومه‌ت تۆمه‌تبار كرد، به‌ڵام ئه‌مڕۆ لایه‌نگری په‌رله‌مان ده‌كات‌و ره‌خنه‌ له‌حكومه‌ت ده‌گرێت.

 

"به‌ره‌ی چاكسازی" به‌ له‌سه‌ركارلابردنی عوبه‌یدی‌و زێباریه‌وه‌ ناوه‌ستێت‌و خۆی ئاماده‌ ده‌كات بۆ لێپرسینه‌وه‌ی به‌رپرسانی دیكه‌، وه‌ك عالیه‌ نوسه‌یف په‌رله‌مانتاری به‌ره‌كه‌ ده‌ڵێت "په‌رله‌مان به‌رده‌وام ده‌بێت له‌لێپرسینه‌وه‌ی به‌رپرسانی گه‌نده‌ڵ‌و له‌چه‌ند رۆژی داهاتوودا داوا ده‌كه‌ین ئیبراهیم جه‌عفه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و فه‌لاح لهێبی وه‌زیری كشتوكاڵ‌و عه‌دیله‌ مه‌حمود وه‌زیری ته‌ندروستی ئاماده‌بن".

 

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ عادل نوری ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی په‌رله‌مان رایگه‌یاند كه‌ هه‌ردوو په‌رله‌مانتار حه‌نان فه‌تلاوی‌و هه‌یسه‌م جبوری خۆیان ئاماده‌ ده‌كه‌ن بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیران له‌چه‌ند هه‌فته‌ی كه‌می داهاتوودا.

 

له‌به‌رامبه‌ردا چه‌ند په‌رله‌مانتارێكی دیكه‌ ده‌ستیانكردووه‌ به‌ره‌خنه‌گرتن له‌هه‌ڵمه‌تی لێپرسینه‌وه‌ له‌ناو په‌رله‌مان‌و ده‌ڵێن ئامانجی سیاسی‌و كه‌سی له‌پشته‌وه‌یه‌و به‌دواداچوونی گه‌نده‌ڵی ئیداری‌و دارایی نییه‌، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ په‌رله‌مانتار حه‌سه‌ن خه‌ڵاتی له‌فراكسیۆنی "مواتن" به‌"نیقاش"ی وت "لێپرسینه‌وه‌كان وایان لێهاتووه‌ به‌ به‌ئامانجگرتنی سیاسی‌و په‌كخستنی كاری حكومی داده‌نرێن".

 

ئێران‌و گروپه‌ شیعه‌كان

مالیكی له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ له‌حوكمدا بوو هه‌وڵیدا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ گروپه‌ شیعه‌كان به‌تایبه‌ت "عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق" پته‌و بكات، پاش هێرشی "داعش" بۆ عێراق‌و سه‌رهه‌ڵدانی ده‌یان گروپی شیعه‌ی دیكه‌ له‌دوای پێكهێنانی "حه‌شدی شه‌عبی"، هه‌وڵی بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵدا دان به‌تایبه‌تی ئه‌و گروپانه‌ی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێن وه‌ك رێكخراوی "به‌در"‌و "كه‌تیبه‌كانی حزبوڵڵا"و "نوجه‌با" و "عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق"و "كه‌تیبه‌كانی ره‌وتی ریسالی".

 

مالیكی په‌رۆشه‌ بۆ ئاماده‌بوون له‌و ئاهه‌نگانه‌ی ئه‌م گروپانه‌ رێكیده‌خه‌ن‌و به‌توندی به‌رگریان لێده‌كات، هه‌روه‌ك ئێستا جه‌ماوه‌ری له‌نێو جه‌نگاوه‌رانی "حه‌شدی شه‌عبی"دا هه‌یه‌ له‌كاتێكدا ئه‌و جه‌نگاوه‌رانه‌ ره‌خنه‌ له‌حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا ده‌گرن‌و به‌لاوازی‌‌و كاركردن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئه‌مریكاو بایه‌خنه‌دان به‌هێزه‌كانی "حه‌شدی شه‌عبی"، تۆمه‌تباری ده‌كه‌ن.

 

مالیكی هه‌وڵیشیدا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئێران پته‌و بكات كاتێك كوتله‌ سیاسییه‌كان ویستیان لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ن سه‌باره‌ت به‌سه‌ودانامه‌كانی گه‌نده‌ڵی ئیداری‌و دارایی له‌سه‌رده‌می حوكمه‌كه‌یداو له‌ئابی ساڵی 2015 دا چاوی كه‌وت به‌عه‌لی خامنه‌یی رابه‌ری ئێران‌و پشتیوانی ته‌واوی به‌ده‌ستهێنا.

 

خامنه‌یی ستایشی هه‌ڵوێسته‌كانی مالیكی كرد بۆ پشتیوانی میحوه‌ری "مقاوه‌مه‌" له‌سوریاو عێراق‌و به‌هه‌ڵوێستی "نیشتمانی‌و ئیسلامی" دانان، پاش گه‌ڕانه‌وه‌شی بۆ عێراق له‌فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا پێشوازییه‌كی گه‌وره‌ له‌مالیكی كرا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌یه‌وه‌.

 

 

ئایا مالیكی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات؟

ئه‌م فاكته‌رانه‌ بوونه‌ته‌ دیارترین ئامرازه‌كانی هێزی مالیكی بۆ به‌شداریكردن له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا، به‌كرده‌وه‌ش دانوستانی نهێنی بۆ به‌ستنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ گروپه‌ شیعه‌كان له‌هه‌ڵبژاردندا ده‌ستپێكردووه‌ بۆ سوودوه‌رگرتن له‌و جه‌ماوه‌رو هێزه‌ی گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌چه‌ند مانگی رابردوودا به‌ده‌ستیان هێناوه‌.

 

هه‌روه‌ك ئه‌و گروپانه‌ش به‌دوای كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی ناسراودا ده‌گه‌ڕێن بۆ چوونه‌ نێو جیهانی سیاسه‌ت، چونكه‌ شاره‌زاییان له‌و بواره‌دا نییه‌، دوای ئه‌وه‌ش كه‌ مالیكی سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ی جۆرێك له‌كاریزمایی به‌كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی ببه‌خشێت، ئه‌وه‌ یارمه‌تیدا كه‌ ده‌سه‌ڵات‌و هه‌ژموونێكی سیاسی گه‌وره‌ له‌ساڵانی حوكمیدا به‌ده‌ستبهێنێت.

 

له‌پاڵ ئه‌مانه‌شدا مالیكی‌ چه‌ند ساڵێكه‌ رووبه‌ڕووی تۆمه‌تی تاكڕه‌وی له‌حوكم‌و پشتگوێخستنی په‌رله‌مان‌و ده‌ركردنی تاكلایه‌نه‌ی بڕیاره‌ سیاسی‌و ئه‌منیه‌ گرنگه‌كان‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ئیداری‌و دارایی‌و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی چه‌ندین پۆستی سیاسی‌و ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆ، بووه‌ته‌وه‌.

 

له‌ماوه‌ی 8 ساڵی حوكمیدا، مالیكی ده‌سه‌ڵاتی قۆسته‌وه‌و په‌رله‌مانی پشتگوێخست‌و هه‌ركه‌سێكی بویستایه‌ له‌وه‌زیره‌كان ده‌ریده‌كردو جێگره‌وه‌ی له‌ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی له‌شوێنیان داده‌نا، هه‌روه‌ك فه‌رمانده‌كانی سوپاو پۆلیسی له‌لایه‌نگرانی خۆی ده‌ستنیشان ده‌كرد، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هێرشی داعش بۆ عێراق‌و هه‌ره‌سهێنانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا روویاندا.

 

شرۆڤه‌كاری سیاسی زیاد ئه‌حمه‌د به‌"نیقاش"ی وت "گه‌ڕانه‌وه‌ی مالیكی بۆ حوكم كارێكی زه‌حمه‌ته‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی داهاتووش بباته‌وه‌ ئه‌وا پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران مسۆگه‌ر ناكات، چونكه‌ له‌دوایین هه‌ڵبژاردندا پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناو نه‌یتوانی له‌ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه‌ به‌هۆی ڤیتۆی ئه‌مریكاوه‌".

 

به‌ڵام بارودۆخ له‌عێراق‌و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ماوه‌ی دوو ساڵی رابردوودا گۆڕانی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه‌و هه‌موو ئه‌گه‌رێك له‌ئارادایه‌ به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی مالیكیشه‌وه‌ بۆ ده‌سه‌ڵات –وه‌ك ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت -.

 

مالیكی چه‌ند مانگێكه‌ هه‌وڵی چاككردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك حزبی سوننه‌ی ده‌دات وه‌ك "حزبی ئیسلامی" به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌لیم جبوری سه‌رۆكی په‌رله‌مان‌و چه‌ند حزبێكی كوردی وه‌ك "یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان" به‌سه‌رۆكایه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی‌و له‌وه‌شدا ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانی قۆستۆته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا عێراقییه‌كان ئه‌و هه‌ڵه‌و كاره‌ساتانه‌یان باش له‌بیره‌ كه‌ له‌ماوه‌ی ساڵانی حوكمیدا روویاندا.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌