راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

چارەنووسی پارێزگاكان
دەنگدەر ئاوارە، حكومەت بێپارە، هەڵبژاردنیش نادیارە

موسته‌فا حه‌بیب
ناكۆكی سیاسی قووڵ‌و شەڕی سەخت‌و ملیۆنان ئاوارە، ئەمانە هەموویان ئەو كێشانەن كە رووبەڕووی هەڵبژاردنی خۆجێیی داهاتووی عێراق دەبنەوە، بۆیە پرسیاری سەرەكی ئەوەیە، ئایا هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا دەكرێت؟
22.09.2016  |  بەغدا
التصويت في الانتخابات ( :وێنه موقع مفوضية الانتخابات)
التصويت في الانتخابات ( :وێنه موقع مفوضية الانتخابات)

بەپێی دەستووری عێراق وادەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەمانگی نیسانی ساڵی داهاتوودا دەبێت، ئەمەش یەكەم هەڵبژاردنە لەدوای هێرشی بەربڵاوی داعش بۆ سەر عێراق لەحوزەیرانی ساڵی 2014، ئەنجام بدرێت.

 

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كە دەزگای بەرپرسیارە لەئەنجامدانی هەڵبژاردن ماوەی دوو مانگە بەكردەوە ئامادەكارییەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەستپێكردووەو سەدان بنكەی هەڵبژاردنی بۆ نوێكردنەوەی تۆماری ئەو دەنگدەرانە كردۆتەوە كە مافی دەنگدانیان هەیە ئەویش بەگوێرەی تەكنیكێكی ئەلیكترۆنی نوێ بۆ رێگرتن لەپرۆسەی ساختەكاری كە ساڵانێكە حیزبە سیاسییەكان سكاڵای لەبارەوە دەكەن.

 

بەڵام چەند كوتلەو حیزبێكی سیاسی بەباشی دەزانن هەڵبژاردن دوابخرێت‌و دووپاتیشی دەكەنەوە كە رێگری سیاسی‌و تەكنیكی دەبنە لەمپەر لەبەردەم ئەنجامدانی لەوادەی بڕیارلێدراویدا.

 

یەكەم كێشە ئەو شەڕەیە كە دژی داعش لەئارادایە، چونكە توندڕەوەكان هێشتا چەندین شاریان لەبن دەستدایە، عانەو راوەو قائیم لەئەنبارو شەرگات لەسەڵاحەدین‌و موسڵ‌و تەلەعفەرو شۆرەو حەزەرو حەمام عەلیل لەنەینەوا، هەروەها بەملیۆنان عێراقیش هێشتا لەو شارانەدا دەژین لەژێر دەسەڵاتی داعشدا‌و بێبەش دەبن لەبەشداریكردن لەهەڵبژاردن.

 

هەرچی ئەو شارانەشە كە هێزە ئەمنییەكانی عێراق توانیویانە لەچنگی توندڕەوەكانیان دەربهێنن، ئەوا هێشتا ئامادە نین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، چونكە زۆربەی دانیشتووانەكەیان لەكامپەكانی ئاوارەیی لەهەرێمی كوردستان‌و شارەكانی تردا دەژین، ئەمە لەكاتێكدا حكومەت رووبەڕووی ئاستەنگی دارایی بۆتەوە لەئاوەدانكردنەوەی ئەو شارانە لەدوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان.

 

بەپێی دوا ئاماریش كە نەتەوەیەكگرتووەكان دەریكردووە ژمارەی ئاوارەكان لەعێراق لە 3 ملیۆن ئاوارە زیاترە كە لەرەوشێكی مرۆیی سەختدا لەدەرەوەی شارەكانیان دەژین، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش ژمارەی ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە بەدوو ملیۆن‌و پێنج سەد هەزار ئاوارە مەزەندە كردووە.

 

پەرلەمانتار عەبدولڕەحمان لویزی نوێنەری پارێزگای نەینەوا بە"نیقاش"ی وت "زەحمەتە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت لەكاتێكدا داعش چەند شارێكی گرنگی وەكو موسڵی كۆنترۆڵ كردبێت، بۆیە پێویستە پێشنیارێك بدۆزرێتەوە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، دەكرێت هەڵبژاردن دوابخرێت تا ئەو كاتەی توندڕەوەكان لەناو دەبرێن‌و ئاوارەكان دەگەڕێندرێنەوە سەر ماڵی خۆیان".

 

جگە لەقورسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش لەو شارانەی "داعش" داگیریكردوون، ئەوا هەڵبژاردنی داهاتوو لەهەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان سلێمانی‌و هەولێرو هەڵەبجە‌و دهۆك هەروەها لەپارێزگای كەركوكیش ئەنجام نادرێت كە ساڵانێكە كێشەی لەسەرە لەنێوان عەرەب‌و كورددا، ئەویش لەبەر چەند هۆكارێكی یاسایی.

 

ساڵی 2010 رێككەوتنێكی سیاسی كرا كە دەڵێت دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان تەنیا لەدەسەڵاتی هەرێمی كوردستاندایەو تائێستاش ئەو وادەیە دیاری نەكراوە، هەرچی كەركوكیشە ئەوا پێویستی بەیاسایەكی تایبەت بەخۆیەتی كە لەپەرلەمانەوە دەربچێت‌و تائێستاش ئەو یاسایە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە پەسەند نەكراوە.

 

یەكێك لەو پێشنیارانەی لەنێوان حیزبە عێراقییە گەورەكاندا دانوستانی نهێنی لەبارەوە دەكرێت دواخستنی هەڵبژاردن‌و لێكدانیەتی لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدراڵی كە بڕیارە ساڵی 2018 ئەنجام بدرێت، ئەم پێشنیارەش وەك نەهلە هوبابی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی دەوڵەتی قانون دەڵێت، دوو مەبەست دەپێكێت.

 

هوبابی بە"نیقاش"ی وت "لێكدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان‌و هەڵبژاردنی پەرلەمان خەرجی دارایی زۆرو زەوەند بۆ نیوە كەم دەكاتەوەو حكومەتیش بەدەست قەیرانێكی داراییەوە گیرۆدەیە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لەبازاڕی جیهانیدا، هەروەك دواخستنی هەڵبژاردن بۆ یەك ساڵ دەرفەتی ئەوە دەداتە هێزە ئەمنییەكان شارە داگیركراوەكانی دیكەی ژێر دەستی داعش كۆنترۆڵ بكەنەوە".

 

ئەیاد عەلاوی كە یەكەم سەرۆك وەزیرانە لەدوای ساڵی 2003 حوكمی عێراقی كرد لەدیارترین داواكارانی دواخستنی هەڵبژاردنە، حیزبی ویفاقی نیشتمانی كە عەلاوی سەرۆكایەتی دەكات لەبەیاننامەیەكی رەسمیدا رایگەیاند "بارودۆخی ئێستای وڵات دواخستنی هەڵبژاردن دەسەپێنێت لەپێناو مسۆگەركردنی بەشداری زۆرترین ژمارەی عێراقییەكان لەهەڵبژاردندا".

 

عەلاوی هەفتەی رابردوو رایگەیاند زۆرینەی هێزە سیاسییەكان بەشێوەیەكی مەبدەئی رازیبوون بەدواخستنی هەڵبژاردنی پارێزگاكان‌و لێكدانی لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان لەساڵی 2018دا.

 

هەفتەی رابردووش چەند كوتلەیەكی سیاسی داوای گۆڕینی ئەو یاسایەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیان كرد كە ساڵی 2013 جێبەجێ كراو پشت بەشێوازی "سانت لیگۆ" دەبەستێت لەدابەشكردنی كورسیەكان‌و ناكۆكی گەورەی لەناو ئەنجومەنی پارێزگاكاندا لێكەوتەوە كە بووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگ لەبەردەم جێبەجێكردنی خزمەتگوزارییەكان.

 

ئەم یاسایە سەركەوتنی چەندین حیزبی لەناو هەر پارێزگایەكدا لێكەوتەوەو ئەو حیزبانەش پۆستە باڵاكانی پارێزگاكەیان لەنێو خۆیاندا دابەش كرد، بۆ یەكەمین جاریش پۆستەكانی پارێزگار، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگاو سەرۆكی لیژنە ناوخۆییەكان كەوتە دەست حیزبە جیاجیاكان، بەهۆی ناكۆكی‌و كێبڕكێی نێوان ژمارەیەكی زۆری حیزبەكانیش، پارێزگاكان شكستیان هێنا لەدابینكردنی خزمەتگوزارییەكاندا.

 

بەڵام گەورەترین كێشە بریتیە لەداواكاری هێزە سیاسییەكان بۆ گۆڕینی ئەندامانی ئێستای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، چونكە سەر بەحیزبەكانن لەكاتێكدا بەپێی ماددەی (102) لەدەستوور دەبێت كۆمسیۆن سەربەخۆ بێت، ئەو ماددەیە كۆمسیۆن بەدەستەیەكی سەربەخۆ لەقەڵەم دەدات كە لەژێر چاودێری پەرلەماندایە، بەڵام ئەندامەكانی بەیەكسانی سەر بەحیزبە گەورەكانی شیعەو سوننەو كوردن.

 

لەمانگی تەمموزی رابردوودا 100 پەرلەمانتار یاداشتێكیان ئیمزا كرد كە داواكاری ئەوەی لەخۆگرتبوو بەر لەئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەندامانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بگۆڕدرێن‌و كەسانی سەربەخۆ لەشوێنیان دابنرێن لەترسی روودانی ساختەكاری ئەویش لەچوارچێوەی ئەو چاكسازیانەی خۆپیشاندەران داوای دەكەن.

 

بەڵام هێشتا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بەردەوامە لەكارەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكان بەبێ گوێدانە ئەو تێبینی‌و بەربەست‌و كێشانەو چەند هەفتەیەكە زیاتر لە600 بنكەی هەڵبژاردن لەسەرانسەری وڵاتدا كراونەتەوە بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی عێراق ئەگەرچی بەدەنگەوەچوونی دانیشتووان لاوازەو رەتیدەكەنەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەن.

 

بەپێی یاسای كۆمسیۆن ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بەچەند قۆناغێكدا تێدەپەڕێت‌و تێیدا تۆماری دەنگدەران نوێدەكرێتەوەو بنكەكانی هەڵبژاردن دەستنیشان دەكرێن‌و پارەش بۆ كڕینی پێداویستییەكانی هەڵبژاردن‌و كرێی كارمەندانی بنكەكان تەرخان دەكرێت‌و دەست بەهەڵمەتی هەڵبژاردن دەكرێت‌و مەرج‌و رێنماییەكانیشی تا رۆژی دەنگدان دیاری دەكرێن.

 

سەفا موسەوی كە سەرۆكی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنە لەكۆمسیۆن بە"نیقاش"ی وت "ئێمە دەزگایەكی جێبەجێكارین‌و یاساكان جێبەجێ دەكەین بەبێ ئەوەی ناكۆكییە سیاسییەكان‌و دانوستانەكان بۆ دواخستنی هەڵبژاردن كاریگەرییان لەسەرمان هەبێت، تا ئێستا هیچ داواكارییەكی رەسمیمان لەپەرلەمان‌و حكومەتەوە پێنەگەیشتووە بۆ دواخستن، بۆیە بەردەوام دەبین لەكارەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەنیسانی داهاتوودا".

 

موسەوی دوشڵێت "پەرلەمان دەنگی لەسەر یاسای نوێی هەڵبژاردن نەداوە، بۆیە ئێمە كار بەو یاسایە دەكەین كە هەیە، هەروەها گۆڕینی ئەندامانی كۆمسیۆنیش چەندین مانگ لەدانوستانی نێوان كوتلە سیاسییەكان دەخایەنێت‌و باشترە چاوەڕێ بكرێت تا كۆتاییهاتنی ئەم خولەی ئێستا كە لەمانگی ئەیلولی 2017 كۆتایی دێت".

 

بەڵام هەموو ئاماژەكان دووپاتی دەكەنەوە كە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا زەحمەتەو ئەگەری دواخستنی هەیە بەهۆی سەرقاڵی حكومەت بەشەڕی دژ بەداعش‌و ئەو كێشانەی لەشارە ئازادكراوەكان سەریان هەڵداوە لەوێرانكاری‌و كەمی خزمەتگوزاری‌و قەیرانی دارایی‌و ناكۆكییە قووڵەكانی نێوان حكومەت‌و پەرلەمان.

 

دوور لەكێشەكانی هەڵبژاردنی داهاتووش، ئەوا هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی كە گرنگترین پرۆسەی هەڵبژاردن دەبێت لەدوای 2003وە لەعێراق ئەنجام بدرێت، چونكە لەسایەی بارودۆخێكی سیاسی‌و ئەمنی ئاڵۆزدا بەڕێوەدەچێت، هەروەها چەند گروپێكی چەكداری نوێش بەنیازن بەشداری لەهەڵبژاردندا بكەن وەكو گروپە شیعیەكان‌و جەنگاوەرانی هۆزە سوننەكان، بۆیە كێبڕكێكە سەخت دەبێت.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌