راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: إحاطات من داخل وعبر العراق
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ئه‌مجاره‌ كوردو توركمان پێكه‌وه‌ن
داعش دیارییه‌كه‌ی‌ به‌عس بۆ جوتیارانی‌ كه‌ركوك ده‌گێڕێته‌وه‌

شاڵاو محەمەد
بۆ یانزه‌ ساڵ ده‌چێت كێشه‌ی‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی‌ كه‌ركوك بێ‌ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێده‌چێت داعش به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕاسته‌وخۆ رۆڵی‌ هه‌بووبێت له‌یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و دۆسێیه‌دا.
29.08.2016  |  كه‌ركوك
جوتیارێك له‌قه‌زای‌ داقوق، خوارووی‌ كه‌ركوك ( :وێنه شوان نوزد)
جوتیارێك له‌قه‌زای‌ داقوق، خوارووی‌ كه‌ركوك ( :وێنه شوان نوزد)

به‌پێی‌ ئاماره‌كانی‌ ده‌سته‌ی‌ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌ی‌ موڵكداری‌ زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن‌و 200 هه‌زار دۆنم زه‌وی‌ كشتوكاڵی‌ (له‌كۆی‌ 2051453 دۆنم كۆی‌ زه‌وی‌ كشتوكاڵی‌ پارێزگاكه‌) كێشه‌یان له‌سه‌ره‌و به‌هۆی‌ سیاسه‌تی‌ رژێمه‌ جیاوازه‌كانی‌ عێراقه‌وه‌ له‌خاوه‌نه‌كانیان سه‌ندراونه‌ته‌وه‌و دراون به‌كه‌سانی‌ تر.

 

له‌نێوان ساڵانی‌ (1969 -1991) رێژه‌ی‌ 55% ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك له‌خاوه‌نه‌ ره‌سه‌نه‌كانیان وه‌رگیراونه‌ته‌وه‌ كه‌ كوردو توركمانن‌و دراون به‌و هاوڵاتییه‌ عه‌ره‌بانه‌ی‌ له‌ناوچه‌كانی‌ تره‌وه‌ هاورده‌ كراون، ده‌بوو له‌چوارچێوه‌ی‌ جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستوری‌ عێراق ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرایه‌، به‌ڵام له‌ساڵی‌ 2005 تاكو ئێستا ته‌نها 7% ی له‌ڕێگه‌ی ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ری موڵكایه‌وه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر كراوه‌.

 

زاهیر ئه‌سعه‌د ته‌مه‌ن (57 ساڵ) یه‌كێكه‌ له‌و جوتیاره‌ كوردانه‌ی‌ كه‌ركوك، خاوه‌نی‌ 40 دۆنم زه‌وییه‌ له‌سنوری‌ قه‌زای‌ داقوق له‌باشوری‌ كه‌ركوك، له‌ساڵی‌ 1983 زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانی‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌ته‌عریبكردن له‌لایه‌ن حزبی‌ به‌عسه‌وه‌ لێوه‌رگیرایه‌وه‌و دراوه‌ به‌جوتیارێكی‌ عه‌ره‌ب، ئه‌و به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌دوای‌ ساڵی‌ 2005 كه‌ ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی‌ موڵكداری‌ دامه‌زرا له‌و كاته‌وه‌ ته‌واوی‌ به‌ڵگه‌كانم بردۆته‌ ئه‌وێ‌، به‌ڵام زه‌وییه‌كانم تاكو ساڵی‌ 2014 وه‌رنه‌گرته‌وه‌".

 

ئه‌گه‌ر شه‌ڕی‌ داعش بۆ زۆرێك له‌هاوڵاتیانی‌ كه‌ركوك مایه‌ی‌ مه‌ترسی‌‌و نه‌گبه‌تی‌ بووبێت، ئه‌وا بۆ زاهیر قازانج به‌خش بووه‌، چونكه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی‌ شه‌ڕی‌ داعشدا پێشمه‌رگه‌ چووه‌ته‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی‌ زه‌ویه‌كه‌ی‌ زاهیری‌ لێیه‌و جوتیاره‌ عه‌ره‌به‌كه‌ش ناوچه‌كه‌ی‌ چۆڵكردووه‌، وه‌ك خۆی‌ ده‌ڵێت "دروستبوونی‌ داعش‌و جێگربوونی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ وایكردوه‌ ئێستا زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كانم بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵام له‌ڕووی‌ یاساییه‌وه‌ كێشه‌كه‌م چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌."

 

ده‌مێكه‌ به‌رپرسانی‌ كورد به‌ڵێنی گه‌ڕانه‌وه‌ی زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان ده‌ده‌ن بۆ خاوه‌نه‌كانی‌ كه‌ كوردو توركمانن، پێكهاته‌ی‌ عه‌ره‌بیش ده‌یه‌وێت له‌چوارچێوه‌ی ڕێكه‌وتنێكی‌ یه‌كگرتوودا ئه‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵیانه‌ له‌لایه‌ن بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام دوو نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ دیكه‌ ئه‌و خواسته‌ی‌ عه‌ره‌ب ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

 

محه‌مه‌د عوسمان په‌رله‌مانتاری‌ كورد له‌به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ وت "له‌دوای‌ هاتنی‌ داعش‌و كۆنترڵكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ناوچه‌نه‌ی‌ له‌لایه‌ن هێزی‌ پێشمه‌رگه‌وه‌، به‌شێكی‌ ئه‌و زه‌ویانه‌ی كه‌ كێشه‌یان له‌سه‌ربوو له‌ئێستادا به‌ده‌ست خاوه‌نه‌كانیان، به‌ڵام له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ چاره‌سه‌رنه‌كراون كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی كه‌رتی كشتوكاڵی‌ كه‌ركوك ده‌بێت".

 

محه‌مه‌د عوسمان وتیشی‌ "ئیداره‌و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك، داوایان له‌نوێنه‌رانی‌ كه‌ركوك له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق كردووه‌ كه‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی‌ كه‌ركوك یه‌كلای‌ بكه‌نه‌وه‌و بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌ ڕه‌سه‌نه‌كانیان ئێمه‌ش له‌سه‌ر داواكارییه‌كه‌ی‌ ئه‌وان به‌دواداچوونمان كردوه‌ بۆ كێشه‌كان، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ په‌یوه‌سته‌ به‌جێبه‌جێ‌ كردنی‌ ماده‌ی‌ 140ی‌ ده‌ستووری‌ عێراقی‌".

 

توركمان هاوشێوه‌ی‌ كورد داوا ده‌كات له‌ڕێگه‌ی‌ یاساوه‌، ئه‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌نه‌ی‌ كێشه‌ی‌ موڵكدارییان له‌سه‌ره‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان.

 

حه‌سه‌ن تۆران په‌رله‌مانتاری‌ توركمان له‌به‌غدا به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و زه‌وییه‌نه‌ حزبی‌ به‌عس له‌هاوڵاتیانی‌ ڕه‌سه‌نی‌ كه‌ركوكی‌ وه‌رگرتۆته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی‌ كه‌ كێشه‌یان له‌سه‌ره‌ له‌چوارچێوه‌ی‌ بڕیاری‌ ژماره‌ 29  بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان".

 

ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراقی‌ له‌ساڵی 2012 بڕیاری ژماره‌ 29ی ده‌ركرد، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی كاروباری باكوری حزبی به‌عس، كه‌ هه‌موو ئه‌و زه‌وییانه‌ی ده‌گرێته‌وه‌ كێشه‌یان له‌سه‌ر بووه‌و ده‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دادی عێراقه‌وه‌ تائێستا جێبه‌جێنه‌كراوه‌و وه‌زاره‌تی ناوبراو فه‌رمان ده‌رناكات بۆ فه‌رمانگه‌ی تاپۆی كه‌ركوك بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ی‌ حكومه‌ت.

 

حه‌سه‌ن تۆران ده‌ڵێت "وه‌زاره‌تی‌ دادی‌ عێراق كه‌مته‌رخه‌م بووه‌ له‌به‌رانبه‌ر جێبه‌جێ‌ نه‌كردنی‌ بڕیاره‌كانی‌ حكومه‌تی‌ عێراقی‌ له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی‌ ماوه‌ته‌وه‌".

 

له‌به‌رانبه‌ر بۆچوونه‌كه‌ی‌ كوردو توركمان، پێكهاته‌ی‌ عه‌ره‌ب داوا ده‌كات دۆسێی‌ ئه‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییانه‌ به‌ سیاسی‌ نه‌كرێـن به‌ ڕێكه‌وتن له‌پێناو په‌ره‌پێدانی‌ كه‌رتی‌ كشتوكاڵ یه‌كلای‌ بكرێته‌وه‌.

 

خالید مه‌فره‌جی‌ په‌رله‌مانتاری‌ عه‌ره‌ب له‌په‌رله‌مانی‌ عێراق به‌"نیقاش"ی‌ وت"ده‌بێت ئه‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌نه‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ ڕێكه‌وتنێكی‌ گشتگیر له‌نێوان پێكهاته‌كانی‌ كه‌ركوك بمێنێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ قبوڵ نه‌كرێت ده‌بێت قه‌ره‌بووی عه‌ره‌بی‌ هاورده‌كان‌ بكرێته‌وه‌".

 

خالید مه‌فره‌جی‌ داوا له‌ نوێنه‌رانی‌ كوردو توركمان ده‌كات هه‌ردوولا بۆ یه‌كلای‌ كردنه‌وه‌ی‌ زه‌وییه‌ كشتوكاڵیه‌كان كه‌ كێشه‌ی‌ موڵكداری‌ له‌سه‌ره‌ پابه‌ندی‌ یاسابن‌و فشاری‌ سه‌ربازی‌ به‌كار نه‌هێنن‌و ده‌ڵێت "نابێت دۆخی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ قوربانی‌ ده‌ستی‌ داعشه‌ بقۆزرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌بێ‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ یاسا به‌فشاری‌ سه‌ربازی‌ كێشه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ یه‌كلای‌ بكه‌یته‌وه‌".

 

ڕووبه‌ری زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك زیاتر له‌دوو ملیۆن‌و 50 هه‌زار دۆنمه‌، زیاتر له‌ 800 هه‌زار دۆنمی به‌راوه‌‌و ئه‌وه‌ی‌ تری‌ پشت به‌باران ده‌به‌ستێت، هه‌ر به‌هۆی‌ ئه‌و زه‌ویانه‌وه‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی‌ 2010 تاكو 2014 وه‌زاره‌تی‌ كشتوكاڵی‌ عێراق پارێزگای‌ كه‌ركوكی‌ له‌به‌رهه‌م هێنانی‌ گه‌نم‌و جۆو لۆكه‌ به‌پله‌ی‌ یه‌كه‌م دیاری‌ كردوه‌.

 

‌مه‌هدی‌ موباره‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ كشتوكاڵی‌ كه‌ركوك به‌"نیقاش"ی‌ ووت "كه‌ركوك بڕبڕه‌ی‌ پشتی‌ كشتوكاڵی‌ عێراقه‌ به‌نمونه‌ پێشبینی‌ ده‌كرێت به‌رهه‌می ئه‌مساڵ بگاته‌ 250 هه‌زار ته‌ن دانه‌وێڵه‌، چونكه‌ ئه‌و ڕوبه‌ره‌ی كێڵدراوه‌ زیاتر له‌ 345 هه‌زار دۆنم بووه‌ بۆ گه‌نم‌و 38 هه‌زار دۆنمیش بۆ جۆ بووه‌".

 

ئه‌و زه‌ویانه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فه‌رمانگه‌ی‌ كشتوكاڵ باسیان ده‌كات له‌بارێكی‌ نائارامدا كێڵدراون، ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ جێگیر بێت به‌روبومه‌كه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتر ده‌بێت، به‌ڵام پێناچێت كێشه‌ی‌ موڵكداری‌ رێبدات زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان دۆخێكی‌ جێگر به‌خۆوه‌ ببین.

 

 

ئه‌سعه‌دو جوتیاره‌ هاوشێوه‌كانی‌ له‌كوردو توركمان، پێیان وایه‌ وه‌ك چۆن له‌باڵاده‌ستی‌ رژێمی‌ به‌عسدا به‌زه‌بری‌ هێزه‌ زه‌وییه‌كانیان لێ سه‌ندراوه‌، ئێستاش له‌گه‌ڵ هاتنی‌ داعشدا به‌زه‌بری‌ هێز زه‌وییه‌كانیان وه‌ربگرنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و دوو سه‌رده‌مه‌ زۆر جیاوازن‌و پێناچێت خه‌یاڵه‌كه‌یان به‌ئاسانی‌ بێته‌ دی‌.

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌