راگه‌یاندن له‌هه‌ماهه‌نگی‌‌و گواستنه‌وه‌
Brunnenstraße 9, 10119 Berlin, Germany
mict-international.org

پرۆژه‌كانی‌ دیكه‌
afghanistan-today.org
theniles.org
correspondents.org
نيقاش: ‎‫پوخته‌یه‌ك له‌ناوخۆو سه‌رانسه‌ی‌ عێراقه‌وه‌‬
عربي
نقاش: إحاطات من داخل وعبر العراق
English
niqash: briefings from inside and across iraq
ئیمه‌یله‌كه‌ت تۆماركرا

ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات به‌كێشه‌وه‌
پارێزگاری‌ سلێمانی‌ لەبەردەم ئەزموونێکی قورسدا

هه‌ستیار قادر
دوای‌ 24 ساڵ له‌ئه‌زموونی‌ حوكمڕانی‌ كوردی‌، بۆ یه‌كه‌مجار پۆستی‌ یه‌كێك له‌پارێزگا كاریگه‌ره‌كانی‌ هه‌رێم درا به‌كه‌سێك له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ بازنه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات، به‌ڵام به‌كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگه‌وه‌.
29.08.2016  |  سلێمانی
ده‌نگدانی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا بۆ ئاڵوگۆڕی‌ پۆسته‌كان ( :وێنه موقع هافال ابو بكر على الفيسبوك)
ده‌نگدانی‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا بۆ ئاڵوگۆڕی‌ پۆسته‌كان ( :وێنه موقع هافال ابو بكر على الفيسبوك)

پێنجشه‌ممه‌ی‌ رابردوو (25ی‌ ئاب) بۆ یه‌كه‌مجار له‌دوای‌ بیست‌و چوار ساڵ له‌باڵاده‌ستی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان له‌سنوری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، پۆستی‌ پارێزگاری‌ شاره‌كه‌ راده‌ستی‌ ركابه‌ری‌ پێشویی‌و هاوپه‌یمانه‌كه‌ی‌ ئێستای‌ ئه‌و حیزبه‌ كرا كه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانه‌.

 

پارێزگاری‌ سلێمانی‌ كه‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی‌ ئیدارییه‌ له‌سلێمانیداو له‌دوای‌ ساڵی‌ 1992ه‌وه‌ له‌لای‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ بووه‌، به‌شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتیانه‌ له‌ نێو ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانیدا به‌ده‌نگدان ده‌ستاوده‌ست كرا، ئه‌م ئه‌زموونه‌ش بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان گۆڕانكارییه‌كی‌ ناوازه‌یه‌.

 

هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پاڵێوراوی‌ گۆڕان كه‌ جاران سه‌رسه‌ختترین ركابه‌ری‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان بوو، ئێستا به‌ده‌نگی‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌‌و فراكسیۆنه‌كه‌ی‌ خۆی‌ بووه‌ته‌ پارێزگار، ئه‌م رووداوه‌ش بۆ زۆر كه‌س له‌شاری‌ سلێمانی‌‌و له‌هه‌رێمی‌ كوردستانیش، مایه‌ی‌ تێڕامانه‌.

 

له‌كاتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ هه‌ڵمه‌تی‌ هه‌ڵبژارنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان له‌نیسانی‌ 2013 یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان هه‌ڵمه‌تێكی‌ توندی‌ میدیای‌ كرده‌ سه‌ر پاڵێوراوی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕانی‌ ركابه‌ری‌ بۆ پۆستی‌ پارێزگار كه‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر بوو، دیاترین دروشمیش كه‌ یه‌كێتی‌ دژی‌ ركابه‌ره‌كه‌ی‌ به‌رزی‌ كردبووه‌وه‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ "سلێمانی‌ له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ هه‌ڵه‌وه‌ڕێكی‌ كۆنه‌ به‌عسی ببێته‌ پارێزگاری‌"، چونكه‌ پاڵێوراوه‌كه‌ی‌ گۆڕانیان به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرد كه‌ كاتی‌ خۆی‌ شیعری‌ بۆ رژێمی‌ به‌عس نوسیوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ به‌توندی‌ ره‌ت ده‌كرایه‌وه‌.

 

ته‌نانه‌ت كاتێك ئه‌نجامی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیش راگه‌یه‌ندرا، سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌نگی‌ یه‌كه‌می‌ به‌ده‌ست هێنا (12 كورسی‌ له‌كۆی‌ له‌كۆی‌ 32 كورسی‌) به‌ڵام یه‌كێتی‌ رازی‌ نه‌بوو پۆستی‌ پارێزگار به‌گۆڕان بدات‌و ئه‌وكات له‌رێی‌ رێكه‌وتنێكی‌ سیاسییه‌وه‌ گۆڕانی‌ ناچار كرد به‌دابه‌شكرد پۆستی‌ پارێزگار دوو ساڵ به‌دوو ساڵ (هه‌ر خولێكی‌ پارێزگاری‌ 4 ساڵه‌)، دوو ساڵی‌ یه‌كه‌م بۆ یه‌كێتی‌‌و دوو ساڵه‌كه‌ی‌ تر بۆ گۆڕان.

 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وانه‌ كه‌م بوون كه‌ پێیان وابوو ئه‌م رێكه‌وتنه‌ سه‌ر بگرێت به‌و پێیه‌ی‌ ئه‌زموونی‌ له‌م شێوه‌یه‌ له‌كوردستاندا نه‌بووه‌ كه‌ حیزبی‌ باڵاده‌ست كورسی‌ چۆڵ بكات، به‌ڵام سه‌ره‌نجام له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ پێشبینییه‌كان یه‌كێتی‌ به‌ڵێنه‌كه‌ی‌ خۆی‌ برده‌ سه‌ر.

 

هۆشیار ئیسماعیل ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ له‌گه‌ڵ باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ خاڵه‌كانی‌ رێكه‌وتنه‌كه‌ وه‌ك خۆی‌ جێبه‌جێ‌ نه‌كراوه‌، به‌ڵام به‌ڵێنی‌ پشتیوانی‌ پارێزگاری‌ نوێ‌ ده‌ده‌ن.

 

هۆشیار ئیسماعیل به‌"نیقاش"ی وت "وه‌ك ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا چاودێری‌ كاره‌كانی‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ده‌كه‌ین وه‌ك چۆن پێشتر چاودێری‌  پارێزگاری‌ پێشومان كردووه‌ ".

 

ئه‌گه‌رچی‌ جاران بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان‌و یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ نه‌یاری‌ سه‌رسه‌ختی‌ یه‌كتر بوون، به‌ڵام ئه‌و دوو حیزبه‌ له‌ 18ی‌ ئایار گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتنێكی‌ سیاسی‌ سه‌رتاسه‌ری‌‌و له‌یه‌ك نزیك بوونه‌وه‌، ئه‌مه‌ش كاری‌ ئاڵوگۆڕی‌ پۆسته‌كانی‌ ئاسانكرد.

 

بۆ زۆربه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ یه‌كێتی‌‌و نیشتیمانی‌‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئه‌م ئاڵوگۆڕو لێك نزیكبوونه‌وه‌یه‌ مایه‌ی‌ دڵخۆشییه‌، به‌تایبه‌تی‌ كه‌ ئه‌زموونێكی‌ له‌و شێوه‌یه‌ له‌هه‌رێمی‌ كوردستان بوونی‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام فراكسیۆنی‌ پارتی‌ كه‌ ئه‌ویش ئێستا له‌گه‌ڵ گۆڕان ناكۆكه‌، ئه‌مه‌ به‌ده‌ستكه‌وتێكی‌ گرنگ نابینێ‌.

 

دانا جه‌زا ئه‌ندامی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ له‌فراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌وه‌ی‌ له‌ سلێمانی‌ رویدا ئاڵۆگۆڕی‌ پۆست بوو، نه‌ك ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات".

 

له‌ئێستا كێشه‌ی‌ یاسایی‌ سه‌ره‌كی‌ به‌رده‌م پارێزگاری‌ نوێ چاوه‌ڕوانی به‌رێكردنی‌ رێكاره‌ یاسییه‌كانی‌ ده‌ستبه‌كار بونێتی‌، كه‌ به‌ وه‌زاره‌تی‌ ناوخۆ و ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیراندا تێپه‌ڕده‌بێت تا ده‌گاته‌ مه‌رسومی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌یاسای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكاندا هاتووه‌.

 

یه‌كێك له‌گه‌وره‌ترین كێشه‌كانی‌ پارێزگاری‌ نوێ‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ "شه‌رعیه‌تی‌ ته‌واو"ی‌ نییه‌، راسته‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌نجومه‌ن ده‌نگیان پێداوه‌، به‌ڵام قۆناغی‌ دووه‌می‌ وه‌رگرتنی‌ پۆسته‌كه‌ كۆتایی‌ نه‌هاتووه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم به‌و پارێزگاره‌ رازی‌ بێت‌و مه‌رسومی‌ بۆ ده‌ربكات، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ئاماده‌ نییه‌ چاوه‌ڕێی‌ مه‌رسومی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ بێت، چونكه‌ به‌لای‌ ئه‌وانه‌وه‌ واده‌ی‌ بارزانی‌ وه‌ك سه‌رۆكی‌ هه‌رێم له‌ 19ی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردووه‌وه‌ "ناشارعی‌"یه‌و كۆتایی‌ هاتووه‌.

 

ئه‌نوه‌ر تاهیر جێگری‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی له‌سه‌ر پشكی‌ گۆڕان به‌"نیقاش"ی‌ وت "ئه‌و رێكارانه‌ كه‌ پێویسته‌ ده‌یگرینه‌به‌ر، به‌ڵام له‌ئێستادا هه‌رێم له‌بۆشایی‌ یاساییدایه‌و  سه‌رۆكێكی‌ متمانه‌ پێدراوی‌ نییه‌و بۆیه‌  پێویستمان به‌ مه‌رسومی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم نابێت كه‌ شكلیه‌و هه‌ركات له‌ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانه‌وه‌ فه‌رمانی‌ بۆ ده‌ستبه‌كار بوون بۆ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ده‌رچوو ده‌ستبه‌كار ده‌بێت".

 

پارێزگاری‌ نوێ‌ هه‌رچه‌نده‌ پۆسته‌كه‌ی‌ وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام ره‌نگ نییه‌ بتوانێت موماره‌سه‌ی‌ ته‌واوی‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ بكات، چونكه‌ له‌ناوچه‌یه‌كدا پارێزگاره‌ كه‌ هه‌موو جومگه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستانه‌وه‌یه‌، دوو هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ كوردستانیش (پارتی‌ دیموكرات‌و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌) له‌ئه‌زموونی‌ رابردوویاندا ده‌ریانخستووه‌ ئاماده‌نین بچنه‌ ژێر ركێفی‌ كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ له‌هێزه‌ سیاسییه‌كه‌ی‌ خۆیان نه‌بێت.

 

ئه‌م ئه‌زموونه‌ به‌روونی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان روویدا، كاتێك له‌29ی‌ نیسانی‌ 2014 یوسف محه‌مه‌د وه‌ك پاڵێوراوی‌ گۆڕان پۆستی‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ وه‌رگرت، به‌ڵام له‌یه‌كه‌م ناكۆكی‌ سیاسیدا پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌مانگی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2015ه‌وه‌ نه‌یهێشت بچێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان له‌هه‌ولێرو له‌و كاته‌وه‌ ناتوانێت ده‌سه‌ڵاته‌كانی‌ خۆی‌ به‌كاربێنێت.

 

ئه‌نوه‌ر تاهیر پێی‌ وایه‌ حاڵه‌ته‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ جیاوازه‌و ده‌ڵێت"ئه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان رویدا له‌سلێمانی‌ دووباره‌ نابێته‌وه‌، لێره‌ كه‌شێكی‌ سیاسی‌ جیاواز هه‌یه‌و به‌ربه‌ستیش بۆ كاره‌كانی‌ پارێزگار دروست ناكرێت، چونكه‌ حكومه‌تی‌ خۆجێیی‌ سلێمانی‌ بنكه‌ فراوانه‌و به‌ستاف به‌رێوه‌ده‌برێت نه‌ك به‌ته‌نها گۆڕان به‌رێوه‌ی‌ ببات".

 

ئاڵۆزی‌ په‌یوه‌ندی‌ سیاسی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان به‌تایبه‌ت گۆڕان‌و پارتی‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێده‌كرێت كه‌ قه‌یرانی‌ یاسایی‌ بۆ یه‌كه‌م پۆستی‌ باڵای‌ له‌ سلێمانی‌ دروست بكات.

 

د.ئه‌حمه‌د وه‌رتێ پسپۆری‌ یاسایی‌ پێشبینی ده‌كات رێوشوێنه‌ یاساییه‌كانی‌ ده‌ستبه‌كاربوونی‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر كێشه‌ی‌ یاسایی‌ تێبكه‌وێت به‌وپێیه‌ی‌ به‌ وته‌ی‌ ناوبراو سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران له‌پشكی‌ پارتیه‌.

 

وه‌رتێ به‌"نیقاش"ی‌ وت "گره‌نتی‌ نییه‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بڕیاری‌ ده‌ستبه‌كار بوون بۆ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر ده‌ربكات چونكه‌ یاسا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا بۆته‌ پاشكۆی‌ سیاسه‌ت".

 

هه‌رچۆنێك بێت ئێستا به‌ده‌نگی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگا، پارێزگاری‌ نوێ‌ هه‌ڵبژێردراوه‌، به‌ڵام ئه‌م پۆسته‌ بێ‌ به‌ربه‌ست‌و ئاسته‌نگ نابێت.

 

د. رێبوار كه‌ریم مامۆستای‌ زانسته‌ سیاسیه‌كانی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ پێشبنی ئه‌وه‌ ده‌كات كێشه‌ بۆ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر دروستبیكرێت له‌نێو یه‌كێتی‌‌و ته‌نانه‌ت خودی‌ گۆڕانیشدا، چونكه‌ له‌ناو هه‌ردوو هێزه‌كه‌دا كه‌سانێك هه‌ن له‌گه‌ڵ‌ ئه‌و ئاڵوگۆڕدا نین.

 

د رێبوار كه‌ریم به‌"نیقاش"ی‌ وت "سه‌ركه‌وتنی‌ پارێزگاری‌ نوێ له‌ئه‌ركه‌كانیدا په‌یوه‌سته‌ به‌رێكه‌وتنی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و گۆڕانه‌وه‌و هه‌ركات ئه‌و رێكه‌وتنه‌ كێشه‌ی‌ تێكه‌وت كاره‌كانی‌ ئه‌ویش كێشه‌ی‌ تێده‌كه‌وێت‌و كاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر ئه‌دای‌  ده‌بێت".

سه‌ربه‌ستن له‌دووباره‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بابه‌ته‌كانمان، به‌و مه‌رجه‌ی‌ ناوی‌ نیقاش بهێنن، تكایه‌ به‌ئیمه‌یل ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌